ئەگەر چاوەڕوانی ماربن مارتان بۆ بخوات؟ ئەوە ھەموو بەژەھری مار دەمرن…

akram_nadir ئەکرەم نادر

سەیری عەقڵی بۆرژوازی بودەڵەکەن چۆن خۆیان بەتەنافی ھێز و باڵای دارعەسای پاڵەوانە مرۆڤ کوژەکانەوە ھەڵدەواسن؟!ئەگەر یەک تۆزقاڵ کەرامەتیان ھەبێت سەدان جار ئەم کابرایە بوخچەی ھەڵگرت و بەجێی ھێشتن، ئیتر ئەم درۆو دەلەسەو خۆدزینەوەیە لە ڕاستیەکان پاشەڵی پیسی دەسەوەستانی بۆرژوازی لیبڕاڵی کوردی کە ھەموو ئۆپۆزسیۆنەکان بە عیلمانی ودینیشەوە کە لە سەنگەری دژە شۆڕشدا ھەموو ھەوڵێکیان خستۆتە گەڕ تێدەکۆشن ھەرچۆنێک بێت نەھێڵن نەعرەتەی شۆڕشی جەماوەری بەشمەینەت وزەحمەتکێش لە خەو ھەڵنەستێت و لە سوڕی متبوندا ڕایگرن وبەری پێبگرن،نەوشیروان و بارزانی و تاڵەبانی و ھاوشێوەکانیان بەتەنھا تاوانبار نین ئەوە ھەلپەرستە مشەخۆرەکانن کە بەشێک لە سەروەت و سامانیان لەگەڵ بەشکراوە و یان بەتەمان ئەوەی لە کیسەی دەسەڵاتی ئێستا دەکەوێتە خوار لەھەر ڕوداوێک ئەمانیش پشکێکی باشتر لەوەی ئێستا شیوەنی بۆدەکەن بەریانکەوێت.

کرێکاران وفەرمانبەران و لاوانی شۆڕشگێڕ بە ژنان پیاوانەوە ئەگەر خۆتان چەکدار نەکەن بە ھزری ھۆشیارانەی چینایەتی شۆڕشگێڕانە و ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی زانستی،ئەوە دڵنیابن ئەم سیناریۆیانە تەنھا بۆ دەسبەستنی ئێوەیەو ھیچی تر،نەوشیروان مستەفا و ھاوپەیمان و بزوتنەوە دژی گۆڕانە شۆڕشگێڕیەکەی ئەرکی پاراستنی بازاڕی سەرمایەداری لە ئەستۆ گرتووە پارێزەری بانک و کۆمپانیا دزەکانن کە پشکی کەمیان بەرکەوتووە وھێمنی بازاڕیان ناجێگیرە،دەنا بۆ خەمی ئێوە دروست نەبوون و نابن،ئێمە ئەرکی لەگۆڕنانی جەنگەڵمان لە ئەستۆیە نەک ڕازاندنەوەی جەنگەڵەکە بە فرەچەشنی دڕندەکان…. ئێمە ژیانی شایستە بەئینسانمان دەوێت نەک گۆڕینی دارعەسای دەستی زۆرداران…ئێمە گێڕانەوەی ڕاستەقینەی کەرامەتی ئینسانی دزراومان دەوێت نەک دروستکردنی ڕێکخراوێک بۆ عەدالەت لە وەشاندنی شەلاق بۆ ھەمووان لەژێر چەتری پارێزگاری لە مافی زەوتکراوی ئینسان کە واتاکەی نەبوونی زەمانەتی ئەو مافانەیە،ئێمە دەمانەوێت مرۆڤ سەروەربێت نەک بانک و کۆمپانیا و سەرکردە و تاڵانچیانی جەنگەڵی سەرمایەداری،ئەوەی ئێستا ئێوە دەیبینن سات و سەودایە لەسەر ھاتنەسەر شەقامی ڕۆژانەی ئێوە،ئەوان لەو مەشقە چینایەتیەتان دەترسن کە ڕۆژبەڕۆژ پەردەی سەر ڕووە تاریکەکانیان ھەڵدەماڵێت و ئێمەش وەک لەشکری کرێکاران فەرمانبەران بێکاران لاوانی خوێنگەرم مەشقەکانمان توندتر و ھێزەکەمان فراوانتر دەکەین بۆ جەنگێک کە کۆتاییەکەی تەنھا ڕاماڵین و سەرەو ژێرکردنی ئەو جەنگەڵەیە کە بۆ ئێمەیان دروستکردووە،شەمشەمە کوێرەکان لە تاریکی ئەم جەنگەڵەدا نەبێت باڵەفڕێیان پێناکرێت ھەربۆیە لە خەمی پاراستنیدان ھەمیشە، ھاوڕێیان ھەنگاوەکان ھەرچۆنێک بێت ووردبن یان گەورە مەشقەکانمان قورسبن یان ئاسان نابێت وەلابنرێن و دەبێت بیر لە ڕێڕەوی چونەپێشی ئامادەکاریەکانمان بکەینەوەو بەم بەیت وبالۆرانەی ئەمانە خۆمان سارد نەکەینەوەو تەونی کفنەکانیان باشتر بچنین و قەبرەکانیان تا بتوانین قوڵتر و دورتر لە ژیانمان ھەڵکۆڵین نەوەک بۆگەناوی لاشەی تۆپیوی سیستەمە گەندەڵەکەیان ژیانمان لێ ھەراسەنکاتەوە،با بیرلە خۆڕێکخستن بکەینەوە لە ناوەندەکانی کار و گەڕەک و قوتابخانە و شوێنە خزمەتگوزاریەکان کە ئێستا سەرقاڵی تاڵانکردنین بەناوی بەتایبەتیکردەنەوە بۆ کەرتی وەبەرھێنەرانی تاڵان و دزی ھاوبەشەکانیان…ئێمە تەنھا نین لەم خەباتە درەنگ بێت یان زوو ھەنگاوی ئێمە یان ھاوچینەکانمان لەدەوروبەرمان دەگاتەوە سەر دوڕیانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی جیھانی دژی نیزامی چینایەتی سەرمایەداری چاوچنۆک…وەرن با سەرەتا بەڕێوەبەرانێک کە ئەوان دایانناوە بەسەر سەرمانەوە لایانبەرین و نوێنەرانی خۆشەویستی دڵی خۆمانیان لە شوێن دانێین،

وەرن با ئەو کارگاو پرۆژانەی ئەوان تاڵانیانکردووە و داخراون بە توانای لاوانی بێکاری خوێنگەرم بیگرینە دەست وخۆمان بەڕێوەی بەرین،وەرن با ڕێگا تەنکەرەکان و بۆریە نەوتیەکانیان لێبگرین و بیخەینە ژێر دەسەڵاتی ڕێکخراو ئارەزومەندانەی خۆمان کە ھەر کەسێک گەندەڵی بکات لە قەڵا ڕزیوەکانی ئەواندا نەتوانێت خۆی حەشاربدات و بەر نەعرەتەی تۆڵەی دادواری ئێوە بکەوێت،وەرن با دادگاکانیان لێپاککەینەوەو،شوێنی شاردنەوەی سەروەت و سامانیان ئاشکرابکەین و ھێزی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو پارێزەرمان بێت نەک سۆپەرمانەکانی بۆرژوازی و ھێزە داگیرکەرەکانی ناوچەکە و ئیمپریالیزم،کۆبانێ و بەرگری جەماوەری ڕۆژئاوا نموونەی زیندون بۆ بەرگری و ڕاوەستانەوە، کەموو کورتیەکانیان بەشێکی ئەکەوێتە ئەستۆی ئێمە چونکە ئێمە تەماشاکەرین نەک ھاوکار و بزوێنەری بەھێزکردنی ڕەوتی چینایەتی کرۆکی ئەو بزوتنەوەیە کە عەقڵیەتی بچوکی ناوچەگەری و نەتەوەپەرستی دەستی گرتووە ناھێڵێت پەرەسەندووبێت….ژیانمان ناگۆڕێت ئەگەر چاوەڕوانبین ھیچ ھێرشێکیش سەرکەوتونابێت ئەگەر مەشقی سەرکەوتوانەی بزوتنەوەی شۆڕگێڕانەی بە ھزری ھۆشیاری بۆ خۆئامادەکاری بۆ نەکرابێت…بژێتەوە گیانی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی کرێکاری سۆشیالیستی زانستی و داھێنەرانە لە پێناو بنیاتنانی کۆمەڵگایەک کە شایستەبێت بۆ ئینسان.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، ...