كەوتنی دیواری بەرلین: دواى 20 ساڵ

7768282_orig نوسینی : ئالان ودز، وەرگێرانی : پێشڕەو محمد

ساڵی 2009 ساڵی زۆرێك لە ساڵیادەكان بوو وەك كوژرانی ڕۆزا لۆكسمبۆرگ و كاڕڵ لیبكنخت، دامەزرێنەری ئەنتەرناسیۆنال كۆمۆنیستیی و كۆمۆنی ئاستۆریا. هیچ یەكێك لەم ساڵیادانە لە چاپەمەنییەكانی سەرمایەدارییدا نابینیتەوە. بەڵام ساڵیادێك هەیە هەرگیز لەبیریان ناچێتەوە: لە 9ی تشرینی دووەمی 1989، سنووری نێوان ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی و خۆرئاوایی بەفیعلیی كرایەوە.

كەوتنی دیواری بەرلینیان لە مێژوودا وەك كەوتنی “كۆمۆنیزم” بەیەكسان لەقەڵەم داوە. لەو 20 ساڵەى بەسەر ئەم ڕووداوە گەورانەدا تێپەڕیوە، ئێمە گەلێك هێرشی ئایدیۆلۆژیانەى بێ پێشینەمان دژی ئایدیا ماركسیستییەكان لە ئاستی جیهانیدا بینیوە. ئەمە وەك سەلماندنی یەكلاییكەرەوەى مەرگی كۆمۆنیزم، سۆسیالیزم و ماركسیزم ڕادەگەیەنن. هەر ماوەیەك پێش ئێستا ناوی كۆتایی مێژوویان لێنابوو. بەڵام لەو ساتەوە تا ئێستا ڕەوڕەوەكانی مێژوو چەندین جار گەڕاونەتەوە.

ئەم بەڵگەیەى دەڵێت كەواتە سیستەمی سەرمایەداریی تەنها ڕێگای مرۆڤایەتییە، بەڵگاندن و قسەیەكی پڕوپووچ و بێ مانا بووە. حەقیقەت زۆر جیاوازە. لە بیستەم ساڵیادی كەوتنی ستالینیزمدا، سەرمایەداریی خۆی بینیوەتەوە لەنێو قوڵترین قەیراندا لە ڕۆژگاری بێ بازاڕیی گەورەوە تا ئێستا. ملیۆنان كەس ڕووبەڕووی داهاتوویەكی پڕ لە بێكاریی، هەژاریی، بڕینی خزمەتگوزارییە دەوڵەتییەكان و زگهەڵگوشین بوونەتەوە.

ئەم كەمپینە توندە دژەكۆمۆنیستییە لەم قۆناغەدا توندتر دەبێتەوە. زۆر قورس نییە دەركی ئەم واقیعە بكەین. قەیرانی جیهانیی سەرمایەداریی بووەتە هۆى چوونە ژێرپرسیاری گشتیی “ئابووریی بازاڕ”. گەڕانەوە بۆ ئایدیا ماركسیستییەكان زیندوو بووەتەوە و ئەمە هۆشدارییە بۆ بۆرژوازیی. كەمپینی نوێی تۆمەتەكان ڕەنگدانەوەی ترس و تۆقینە.

كاریكاتێری سۆسیالیزم

ئەوەى لە ڕووسیا و ئەوروپای شەرقیی هەرەسی هێنا كۆمۆنیزم نەبوو و نە سۆسیالیزمیش بوو (بەو مانایەى ماركس و لینین بۆ ئەمە هەیانبوو)، بەڵكو كاریكاتێری بیركۆراتییانە و تۆتالیتار بوو. لینین ئەوەى شیكردۆتەوە كە بزووتن بەرەو سۆسیالیزم پێویستیی بە كۆنتڕۆڵكردنی دیموكراتییانەى پیشەسازیی، كۆمەڵگا و دەوڵەت هەیە بە دەستی پرۆلیتاریا. سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و حەقیقی لەگەڵ حكومەتی نوخبە بیرۆكراتە خاوەن ئیمتیازەكاندا ناگونجێت كە بەناچار دەبێتە هۆى گەندەڵیی گەورە، خزمایەتیی(nepotism)، بەهەدەردان، بەڕێوەبردنی خراپ و ئاژاوە و فەوزا.

ئابوورییە پلانداڕێژراوە بەنەتەوەییكراوەكان لە یەكێتیی سۆڤێت و ئەوروپای خۆرهەڵاتیدا بە دەرەنجامگەلی سەرسوڕهێنەر لە بواری پیشەسازیی، زانست، تەندروستیی و خوێندندا گەیشتن. بەڵام هەروەك ترۆتسكی هەر لە ساڵی 1936دا پێشبینیی كردبوو، ڕژێمی بیرۆكراتیی دواجار بەڕەكەى لەژێرپێی ئابووریی پلانداڕێژراوی بەنەتەوەییكراو دەرهێنا و ڕێگای بۆ لەناوچوونی و گەڕانەوەى سەرمایەداریی خۆشكرد.

لە دەیەى 1980دا سۆڤێت بەتاقی تەنها زیاتر لە كۆى زانایانی ئەمریكا، بریتانیا و ئەڵمانیا زانای هەبوو و بەم حاڵەشەوە نەیدەتوانێت بگات بە هەمان دەرەنجامەكانی خۆرئاوا. یەكێتیی سۆڤێت لە بوارە گرنگەكانی بەرهەمهێنان و ئاستی ژیاندا لەدواوەى خۆرئاواوە بوو. هۆكارە سەرەكییەكەى ئەو بارە قورسە بوو كە بیرۆكراسیی بەسەر ئابووریی سۆڤێتیدا دەسەپاند – ملیۆنان كەسی دەسەڵاتداری چاوچنۆك و گەندەڵ یەكێتیی سۆڤێتییان بەڕێوە دەبرد كە هیچ جۆرە كۆنتڕۆڵێكی چینی كرێكار [لەم بەڕێوەبردنەدا بوونی نەبوو].

دواجار حوكمڕانیی خنكێنەری بیرۆكراسیی بەرەو دابەزینی بەهێزی ڕێژەى گەشە لە سۆڤێتدا ڕۆیشت. یەكێتیی سۆڤێت لە ئەنجامدا كەوتە دواوەی غەربەوە. تێچوونی پاراستنی ئاستی بەرزی خەرجییە سەربازییەكان و تێچوونی پاراستنی دەسەڵات و هەیمەنەى بەسەر ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیدا چەندین سنووردارێتیی زیاتری بەسەر ئابووریی سۆڤێتدا دەسەپاند. دەركەوتن و سەرهەڵدانی ڕێبەر و سەركردەى نوێی سۆڤێت، میخائیل گۆرباچۆڤ لە ساڵی 1985دا هەواڵی سوڕ و وەرچەرخانێكی تازەى بارودۆخەكەى پێبوو.

گۆرباچۆڤ نوێنەری ئەو بەشەى بیرۆكراسیی سۆڤێتیی بوو كە خوازیاری ڕیفۆرم بوو لەسەرەوە بۆ پاراستنی كۆى ڕژێمەكە. بەڵام بارودۆخەكە لە ڕۆژگاری گۆرباچۆڤدا خراپتر بوو. ئەمە بەزەرووری بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێك كە كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆى لەسەر ئەوروپای خۆرهەڵاتیی هەبوو و لەوێ پرسی نەتەوەیی، قەیرانی ستالینیزمی دووهێندە دەكردەوە.

تۆفان لە ئەوروپای خۆرهەڵاتیدا

لە ساڵی 1989دا شەپۆلێكی بەهێزی ڕاپەڕین لە پایتەختێكەوە بەرەو پایتەختێكی دیكە دەڕۆیشت و ڕژێمە ستالینیستییەكانی بەك بەدوای یەكدا دەخست. شۆڕشێك لە ڕۆمانیا، چائۆشیسكۆی خست و گوللەباران كرا. هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی ڕاپەڕینەكانی خەڵك، قەیران بوو لە ڕووسیادا. مۆسكۆ لە ڕابردوودا سوپای سوری بۆ سەركوتكردنی ڕاپەڕینەكان بۆ ئەڵمانیای شەرقیی (1953)، هەنگاریا (1956)، و چیكۆسلۆڤاكیا (1968) ناردبوو. بەڵام گۆرباچۆڤ لەوە تێدەگەیشت كە چیتر ئەم بژاردەیە مومكین نییە.

مانگرتنە جەماوەرییەكانی پۆڵەندا لە بەشی یەكەمی دەیەى 1980دا ئامرازی یەكەمی بنبەستی ڕژێم بوون. ئەگەر ئەم بزووتنەوە بێ وێنەیە لەلایەن ماركسیستە ڕاستەقینەكانەوە ڕێبەرایەتیی بكرابایە، دەیتوانی ڕێگا بۆ شۆڕشی سیاسی بكاتەوە، نەك تەنها لە پۆڵەندا، بەڵكو لە هەموو ئەوروپای خۆرهەڵاتیدا. بەڵام لە نەبوونی ئەم ڕێبەرایەتییەدا، بزووتنەوە لەلایەن ڕەگەزە دژەشۆڕشگێڕییەكانی وەك لیخ ڤالیساـەوە بەلاڕێدا برا.

ستالینیستەكانی پۆڵەندا لە سەرەتادا هەوڵیاندا بە سەركوتكردن بزووتنەوەكە بە نزمی بهێڵنەوە، بەڵام لەكۆتاییدا ناچار بوون ڕێكخراوی “هاوپشتی” (سۆڵیدارێتیی) بە یاسایی بكەن و لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان لە 4ی حوزەیرانی 1989دا ڕێگای بەشداریكردنی پێبدەن. پاشان بومەلەرزەیەكی سیاسیمان بینی. كاندیدەكانی “هاوپشتیی” هەموو ئەو كورسیانەیان بردەوە كە تایدا مافی بەشداریكردنیان هەبوو. ئەمە كاریگەرییەكی بنچینەیی لەسەر وڵاتەكانی دراوسێدا هەبوو.

لە هەنگاریا، ساڵی پێشتر (1988) یانوش كادار (لە چاوەڕوانیی ئەو ڕووداوانەى دەهاتن) لە سكرتێری گشتیی پارتی كۆمۆنیست كشابووەوە و ڕژێمی “پاكێجی دیموكراسیی” وەك هەڵبژاردنەكانی قبوڵكردبوو. چیكسلۆڤاكیاش زۆر زوو كەوتە ژێر كاریگەرییەوە و تا 20ی تشرینی دووەمی 1989 ژمارەى ناڕازییەكانی پراگ لە 200 هەزار كەسەوە لە ڕۆژی پێشتردا گەیشتە نیو ملیۆن كەس. مانگرتنی گشتیی دوو سەعاتی، لە 27ی تشرینی دووەم دەستیپێكرد.

ئەم ڕووداوە بەرچاوانە نیشانەى خاڵێكی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە مێژوودا. ستالینیستەكان بۆ نزیكەى نیو سەدە دواى جەنگی دووەمی جیهان، بە دەستی پۆڵایینەوە حوكمڕانیی ئەوروپای خۆرهەڵاتیان دەكرد. ئەمانە دەوڵەتگەلی تاكحزبیی وەحشیی بوون كە لەلایەن دەزگای بەهێزی سەركوتەوە پشتیوانیان لێدەكرت ئەویش بە سوپا و پۆلیس و پۆلیسی نهێنیی و ئەو سیخوڕانەى لە هەموو كۆڵان و قوتابخانە و زانكۆ و كارگە و مانیفاكتۆرێكدا هەبوون. سەركەوتنی ڕاپەڕینەكانی خەڵك دژی دەسەڵاتی دەوڵەتیی تۆتالیتار و پۆلیسە نهێنییەكەى بەڕادەیەك وەك مەحاڵ دەهاتە پێشچاو. بەڵام لەساتێكدا حەقیقەتی ئەم ڕژێمە بەڕواڵەت بێ زیانە دێوئاسایانە بوونە دووكەڵ و بەهەوادا چوون.

ئەڵمانیای خۆرهەڵات

لەنێوان هەموو ڕژێمەكانی ئەوروپای خۆرهەڵاتیدا، كۆماری دیموكراتیی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی) یەكێك بوو لە پێشكەوتووترینەكان لەبواری پیشەسازیی و تەكنەلۆژیادا. ستانداردی ژیان ئەگەرچی هاوتای بەرزی ئەڵمانیای خۆرئاوایی نەبوو، بەڵام زۆر باش بوو. كارپێدانی تەواوەتیی بوونی هەبوو و هەمووان دەستیان دەگەیشت بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەرزان، پزیشكی خۆڕایی و خوێندنی باڵا.

بەڵام حكومڕانیی دەوڵەتی تاكحزبیی تۆتالیتار بە پۆلیسە نهێنییە هەمیشە ئامادەكەیەوە (شتازیی بەدناو) لە سوپا سیخوڕەكەیەوە، گەندەڵیی بەرپرسان و ئیمتازەكانی نوخبەكانەوە، هۆكاری ناڕەزایەتییەكان بوو. بەر لە هەڵبەستنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1961دا، نزیكەى 2.5 دوو ملیۆن و نیو كەسی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی كۆچیان بۆ ئەڵمانیای خۆرئاوایی كردبوو و زۆرێكیان لە سنووری نێوان بەرلینی خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی تێپەڕیبوون. ڕژێم بۆ بەرگرتن لەم ڕژانە، دیواری بەرلینی دروستكردبوو.

دیوار و سەنگەربەندییەكانی دیكەی سەر سنووری 1380 كیلۆمەتریی ئەڵمانیای شەرقیی و غەربیی سەركەوتوو بوو لە بەرگرتن لە دەرچوون و ڕاكردنی خەڵك. ئەم كارە بەئەگەرێكەوە كۆمەكی بە پێشكەوتنی گەشەى ئابووریی كرد لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا. بەڵام بووە هۆى ڕەنج و ئازار و سەختییەك بۆ ئەو خێزانانە كە لەیەكتر جیابووبوونەوە و دیارییەكی پڕوپاگەندە بوو بۆ خۆرئاوا وەك نموونەیەكی دیكەى “ستەمكاریی كۆمۆنیستی” لەقەڵەمی بدەن.

بارودۆخی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی تا كۆتاییەكانی دەیەى 1980 لەبەردەم تەقینەوەدا بوو. ئەریش هونەكر، كۆنەستالینیست، بەتەواوی دژی ڕیفۆرم بوو. ڕژێمەكەى تەنانەت چاپكردنی بڵاوكراوە “وێرانكارەكان”ی یەكێتیی سۆڤێتیشی قەدەغەكرد. گۆرباچۆڤ لە 6 و 7ی تشرینی یەكەمدا لە چلەمین ساڵیادی كۆماری دیموكراتیی ئەڵمانیا سەردانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی كرد و فشاری بۆ سەر ڕێبەرانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی هێنا ڕیفۆرمەكان قبوڵ بكەن. وازانراوە كە ئەو گوتوویەتی: ” Wer zu spät kommt, den bestraft das Leben” (ژیان ئەو كەسە تەمێ دەكات كە درەنگ بگات).

تا ئەو ڕۆژگارە ئیتر خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بە ئاشكرا یاخی ببوون. بزووتنەوەى ئۆپۆزیسیۆن وەك قارچك لەزەوییەوە هەڵتۆقی. وەك “ئەنجوومەنی نوێ (Neues Forum)، “ڕابوونی دیموكراتیی” (Demokratischer Aufbruch) و “دیموكراسیی هەنوكەیی” (Demokratie Jetzt). گەورەترین بزووتنەوەى ئۆپۆزیسیۆن لەڕێگای مەراسیمی نزای پرۆتیستانتەكان لە كڵێسای سانت نیكلاوسەوە لە شاری لایپزیگ سەریهەڵدا. لێرەدا بوو هەر دوو شەممەیەك هاووڵاتیان دواى مەراسیمی نزاكردن لە دەرەوەى كڵێسادا كۆدەبوونەوە و داوای گۆڕانكارییان لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیدا دەكرد. بەڵام ئەم بزووتنەوانە سەرلێشێواو بوون و لەڕووی سیاسییەوە، خاو و سەرەتایی بوون.

شەپۆلێكی خۆپیشاندانی جەماوەریی شارەكانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی ژێرپێ خستبوو و لە لایپزیگدا گەیشتبوو بەدەسەڵاتێكی تایبەت. سەدان هەزار كەس چوونە ناو ئەم خۆپیشاندانانەوە. ڕژێم كەوتە نێو قەیرانێكەوە، كە بووە هۆى لادانی ئەریش هۆنەكر، ڕێبەری توندی ستالینیست و دەستلەكاركێشانەوەى هەموو كابینەكە. ڕێبەری نوێی حزب، ئیگۆن كێرنەر، لەژێر فشاری جوڵانەوەى جەماوەریدا بانگیی بۆ هەڵبژاردنی دیموكراتیی كرد. بەڵام ڕیفۆرمە پێشنیاركراوەكانی ڕژێم زۆر كەم و زۆریش درەنگ بوون.

ڕێبەرانی “كۆمۆنیست” بیریان لە بەكارهێنانی هێز دەكردەوە، بەڵام بیروبۆچوونیان گۆڕا (بە ئاماژەیەك لەلایەن گۆرباچۆڤەوە). ڕووداوەكان وردە وردە لەدەست دەردەچوون. لە ڕۆژەكانی دواتردا بەڕادەیەك دەكرا باسی ئاژاوە بكرێت: لە هەموو كاتەكەدا دوكانەكان كراوە بوون، پاسپۆرتی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بڕیاری بلیتی خۆڕایی گواستنەوەى گشتیی هەبوو. وەك چاودێرێك دەڵێت: “بەشێوەیەكی گشتیی لەو ڕۆژانەدا ئاوارتە زیاتر بوو لە ڕێسا”. دەسەڵات لە شەقام بوو، بەڵام كەسێك نەبوو دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.

دەوڵەتی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی كە بەڕواڵەت زۆر بەهێزبوو، لە بەرانبەر ڕاپەڕینی جەماوەردا وەك قەڵایەكی لمیی داڕوخا. لە 9ی تشرینی دووەمی 1989دا چەندین حەفتە دوای نائارامییە جەماوەرییەكان، دەوڵەتی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ڕایگەیاند هەموو هاووڵاتیانی وڵات دەتوانن سەردانی ئەڵمانیای خۆرئاوایی و بەرلینی خۆرئاوایی بكەن. ئەمە نیشانەیەك بوو بۆ تەقینەوەى جەماوەریی. خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بەشێوەیەكی خۆبەخۆ چوونە سەر دیوارەكە و پەیوەندییان بە ئەڵمانییە غەربییەكانی ئەو بەرەوە كرد.

دژەشۆڕش

دیواری بەرلین ڕەمز و خاڵی ئەساسیی هەموو شتە نەفرەتلێكراوەكانی ڕژێمی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بوو. ڕووخاندنی دیوار بەڕادەیەك بەشێوەیەكی خۆڕسك دەستیپێكرد. لە چەند حەفتەى داهاتوودا، چەندین بەشی دیوارەكە ڕووخێنران. پاشان ئامێرێكی زۆری پیشەسازیی بۆ لابردنی بەڕادەیەك هەموو دیوارەكە بەكارهێنرا. كەشێكی خۆشحاڵكەر بوو و هەست و جۆش و خرۆشێكی مەستبوون هەموو شوێنێكی گرتبووەوە. بارودۆخەكە زیاتر لە كەرنەڤاڵ دەچوو نەك شۆڕش. بەڵام ئەمە دەربارەى قۆناغە سەرەتاییەكانی هەر شۆڕشێك (لە ساڵی 1789ـەوە تا ئێستا) ڕاستە.

لە تشرینی دووەمی 1989دا دانیشتووانی ئەڵمانیای خۆرهەڵات پڕبوون لە هەست و سۆز – هەستكردن بە ئازادییەك كە بە هەستی گشتیی ڕزگاربوونەوە بەدەستهاتبوو. وادەردەكەوت هەموو نەتەوە كەوتووەتە نێو مەستییەكی گشتییەوە و بەمجۆرە ئامادەی پێشنیارەكان و بڕیارە لەناكاوەكان بوو. لەناوچوونی ڕژێمی كۆن زۆر ئاسانتر ببوو لەو شتەى كەسێك جورئەتی ئەوەى هەبێت بیریشی لێبكاتەوە. بەڵام ئێستا لەناوچووبوو، دەبوو چ شتێك شوێنی بگرێتەوە؟ جەمار ڕژێمی كۆنیان لەناوبردبوو، و باش دەیانزانی چ شتێكیان ناوێت، بەڵام زۆر بەڕوونی نەیاندەزانی چ شتێكیان دەوێت و كەسیش ڕێگای ڕزگاربوونی پیشان نەدەدا.

ئێستا هەموو هەلومەرجێكی بابەتیی (ئوبێكتیڤ یان دەرەكیی) ئامادەبوو بۆ شۆڕشی سیاسی. زۆرینەى گەورەى خەڵك داوای گەڕانەوەى سەرمایەدارییان نەدەكرد. ئەوان داوای سۆسیالیزمیان دەكرد، بەڵام بە مافە دیموكراتییەكانەوە، بەبێ شتازیی، بەبێ بیرۆكراتە گەندەڵەكان و دەوڵەتی تاكحزبیی دیكتاتۆر. ئەگەر ڕێبەرێكی ماركسیستیی ڕاستەقینە هەبووایە دەیتوانی ئەم بارودۆخە بگۆڕێت بۆ شۆڕشی سیاسیی و دامەزراندنی دیموكراسیی كرێكاریی.

بەڵام كەوتنی دیواری بەرلین نەبووە هۆى شۆڕشی سیاسیی، بەڵكو دژەشۆڕشی لەسەر فۆرمی یەكێتیی لەگەڵ ئەڵمانیای خۆرئاوای لێكەوتەوە. ئەم خواستە لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكاندا پێگە و شوێنێكی دیاریكراوی نەبوو. بەڵام بە وردبوونەوە لە نەبوونی بەرنامەیەكی ڕوون لەلایەن ڕێبەرێكەوە، خرایەڕوو و وردە وردە ڕۆڵێكی ئەساسیی گێڕا.

زۆرینەى ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن بەرنامە، سیاسەت یان ئاسۆیەكی ڕوونیان نەبوو جگە لە خواستی ناڕوونی دیموكراسی و مافە مەدەنییەكان. سیاسەت وەك سروشت نەفرەت لە بۆشایی دەكات. بەمجۆرە بوو ئامادەیی و حزووری دەوڵەتی سەرمایەداریی بەهێز و تێر لەتەنیشت و هاوسێیەتیدا ڕۆڵێكی دیاریكەر و یەكلاییەكەرەوەى لە پڕكردنەوەى ئەم بۆشاییەدا گێڕا.

هیلمۆت كوهل، سەرۆكوەزیرانی ئەڵمانیای خۆرئاوایی، نوێنەرێكی هێرشبەر بوو لەلایەن ئیمپریالیزمەوە. ئەو سوودی لە بێ شەرمانەترین ڕشوە بۆ قەناعەتپێكردنی خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بۆ ڕێككەوتن بە یەكگرتنێكی خێرا وەرگرت و پێشنیاری كرد ئۆستماركەكانی ئەوان دانە بەدانە بە دۆیچمارك بگۆڕێتەوە. بەڵام ئەو شتەى كۆهل بە خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی نەگوتبوو ئەوە بوو كە یەكگرتن بە مانای ئەوە نایەت ستانداردی ژیانی ئەوان دەگات بە ئاستی ژیانی خەڵكی ئەڵمانیای خۆرئاوایی.

لە تەمموزی 1990دا دوایین بەربەستی یەكێتیی ئەڵمانیا كاتێك لابرا كە گۆرباچۆڤ ئەوەى قبوڵكرد سۆڤێت لاری نابێت بەرانبەر بە ئەڵمانیای یەكگرتووی ئەندامی ڕێكخراوی ناتۆ لە بەرانبەر بە كۆمەكیی بەرچاوی ئابووریی ئەڵمانیا بۆ یەكێتیی سۆڤێت. یەكگرتنەكە بەڕەسمی لە ڕۆژی 3ی تشرینی یەكەمی 1990 ئیمزاكرا.

فریوی جەماوەر

خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی فریودران. پێیان نەگوتبوون دەستپێكی ئابووریی بازاڕ بەمانای بێكاریی جەماوەریی، داخستنی كارگەكان و وێرانكردنی پراكتیكیی كەرتە گەورەكانی بناغەى پیشەسازیی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی یان هەڵكشانی گشتیی نرخەكان و لاوازبوونی وزەى بەشێكی گەنجان و لاوان دێت یان لە وڵاتی خۆیاندا وەك هاووڵاتیانی دەرەجە دوو سەیر دەكرێن. ئەمانەیان بە خەڵك نەگوتبوو، بەڵام خەڵك بە ئەزموونی تاڵی خۆیان بەمە گەیشتن.

یەكگرتن دووبارە بووە هۆى لەناوچوونی كارەساتباری تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ڕاستەقینە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی و 15.6% لە ساڵی 1990 و 22.7% لە ساڵی 1991دا گەیشتە لەناوچوونی یەك لەسەر سێ. ملیۆنان كار بوونە دووكەڵ و بەهەوادا چوون. زۆرێك لە كارگەكانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی لەلایەن كێبڕكێخوازە خۆرئاواییەكانەوە كڕدران و پاشان داخران. ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی لە ساڵی 1992دا بۆ چوار ساڵ بووژانەوەى بەخۆوە بینی، بەڵام پاشان بێ بازاڕییەكی گەورەمان بینی.

پێش جەنگی دووەمی جیهان، تێكڕای داهاتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (نیشتمانیی) ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی كەمێك بەرزتر بوو لە ئەڵمانیای ناوەڕاست و هەم لەو ڕۆژگارە و هەم لە ڕۆژگاری كۆماریی دیموكراتیی ئەڵمانیادا، ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی لە هەموو وڵاتانی دیكەى ئەوروپای خۆرهەڵاتیی دەوڵەمەندتر بوو. بەڵام 20 ساڵ دواى یەكگرتنەكە، ئاستی ژیان لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا هێشتا لەدواوەى ئەڵمانیای خۆرئاوایە. بێكاریی دووبەرابەری ئاستی خۆرئاوایە و كرێكان بەشێوەیەكی بەرچاو نزمترن.

بەفیعلیی لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا هیچ نیشانەیەك لەسەر بێكاریی بوونی نەبوو. بەڵام لە ساڵەكانی 1989 تا 1992، 3.3 ملیۆن كەس بێكار بوون. تێكڕای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ڕاستەقینەى ئەڵمانیا زۆر بە زەحمەتی لە ساڵی 1989ـەوە بەرز بووەتەوە و كارپێدان ئێستا 60%ی ئاستی ساڵی 1989یە. لە ئێستادا بێكاریی لە ئەڵمانیا بەگشتیی نزیكەى 8%ـە بەڵام ئەم ژمارەیە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی 12.3%ـە. بەڵام هەندێك خەمڵاندنە ناڕەسمییەكان بە 20% و لەنێوان لاواندا تەنانەت بە 50% دەیخەمڵێنن.

ژنان كە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتدا وەك هەر وڵاتێكی دیكەى ئەوروپای خۆرهەڵاتیی بە ئاستێكی بەرزی یەكسانیی گەیشتن، لە هەمووان زیاتر زیانیان بەركەوت. داتاكانی ئەنجوومەنی ئابووریی كۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا بۆ ناوەڕاستەكانی دەیەى 1990 دەریدەخات كە 15%ی دانیشتوانی ژنانی خۆرهەڵاتیی و 10%ی دانیشتوانی پیاو بێكار بوون.

هێلموت كۆهل، “سەرۆك وەزیرانی یەكگرتوو” لە تەمموزی 1990دا بەڵێنی دا: “لە هەوڵێكی هاوبەشدا زۆر بەزوویی مەكلنبۆرگ-فۆرپومێرن و ساكسۆنی-ئانهالت، براندبۆرگ، ساكسۆنی و تورنیگیا (ناوچەكانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی) دەكەین بە چەندین خاكی بەپیت”. پانزە ساڵی ڕابردوو و ڕاپۆرتێك لە بی بی سیەوە دان بەوەدا دەنێت: “ئامارەكان بارودۆخێكی تاریك پیشان دەدەن”. وێڕای ڕژاندنی سەرمایەیەكی نزیك بە 1.25 ترلیۆن یۆرۆ (834 ملیارد پاوەن، 1550 ملیار دۆلار) ڕێژەى بێكاریی لە خۆرهەڵات لە ساڵی 2005دا (پێش قەیرانی هەنوكەیی) هێشتا 18.6% بوو و لە زۆربەى ناوچەكاندا زیاتر لە 25% بوو.

شاری هال لە ساكسۆنیی-ئانهالت، كە ڕۆژگارێك سەنتەرێكی گرنگ بوو بۆ پیشەسازیی كیمیایی و زیاتر لە 315 هەزار كەس دانیشتووانی هەبوو، بەڕادەیەك یەك لەسەر پێنجی هاووڵاتییەكانی لەدەستداوە. بەر لە كەوتنی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989دا، “سێگۆشەى كیمیایی” لۆنا-هال-بیتەرفیڵد كاری بە 100 هەزار كەس دەدا – ئەمڕۆ 10 هەزار كاركەری ماوەتەوە. شاری گیرا ڕۆژگارێك قوماشی گەورە و پیشەسازییە بەرگرییەكان و بڕێكی زۆری كانزانی یۆرانیۆمی هەبوو. هەموو ئەمانە ڕۆیشتوون و ئەم ڕووداوە لە ساڵێ 1988ـەوە تا ئێستا بەسەر زۆربەى پیشەسازییە دەوڵەتییەكانی دیكەدا هاتووە.

تێكڕای داهاتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خۆرهەڵات لە 49%ی ئاستی خۆرئاوا لە ساڵی 1991 بۆ 66% لە ساڵی 1995 گەیشتووە و لەوە بەدواوە چیتر گونجانی ئەم دووانە پێشنەكەوتووە. ئابووریی نزیكەى 5.5% گەشەى دەكرد، بەڵام كارێكی نوێ نەدەهاتە ئاراوە. لە ئەنجامدا خۆرهەڵات وردە وردە بەتاڵ دەبێتەوە. لە ڕۆژگاری یەكگرتنەوە نزیكەى 1.4 ملیۆن كەس شوێنی ژیانیان بۆ خۆرئاوا گواستۆتەوە و زۆرینەیان لاوان و خوێندەوارانن. كۆچ و كەمبوونەوەى بەرچاوی بەرهەمهێنان بووەتە هۆى ئەوەى دانیشتووانی خۆرهەڵات لە ڕۆژگاری یەكگرتنەوە هەموو ساڵێك كەمتر ببێتەوە.

ئەمە لوتكەى تەنز و گاڵتەجاڕیی مێژووە كە 20 ساڵ دواى یەكگرتن، خەڵك ئەمجارە نەك بۆ ڕاكردن لە شتازیی بەڵكو بۆ ڕاكردن لە بێكاریی، ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیی بەجێدەهێڵن. دیارە دۆخی هەندێك كەس باشترە. ڕاپۆرتەكەى بی بی سی دەڵێت: “ماڵەكانی بۆرژوازە گەورەكان كە زۆرێكیان تا ساڵی 1989 پڕ بوون لە شوێنی گوللەكانی جەنگی دووەمی جیهان، نۆژەن كراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە شكۆی پێشوویان”.

ڕابوونی ماركسیزم

ڕاڵف ڤۆڵف دەڵێت ئەو وەك زۆرێك لە ئەڵمانییە خۆرهەڵاتییەكانی دیكە خۆشحاڵبووە بە كەوتنی دیواری بەرلین و هاتنی سەرمایەداریی و نەمانی كۆمۆنیزم. بەڵام ئەم خۆشحاڵییە زۆر بەردەوام نەبوو. ڤۆڵف دەڵێت: “چەند حەفتە تێپەڕی تا لەوە تێبگەم ئابووریی بازاڕی ئازاد لەڕاستیدا چییە. ئەمە ماتریالیزم و چەوساندنەوەى بێ ئامانە. مرۆڤەكان بزر دەبن. ئێمە ئاسانكارییە ماتریالییەكانمان نەبوو، بەڵام وێڕای ئەمەش گەلێك كۆمۆنیزمی زۆر باش هەبوون” (ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز).

هانس یۆرگن شنایدەر، ئەندازیارێكی خوێندووی 49 ساڵەیە لە كانوونی دووەمی 2004ـەە بێكار بووە. ئەو لەو كاتەوە 286 جار داواكاریی بۆ كاركردن پێشكەشكردووە و سەركەوتوو نەبووە. ئەو دەڵێت: “ئابووریی بازاڕ ناتوانێت كێشەكانمان چارەسەر بكات. كۆمپانیا گەورەكان بەبێ قبوڵكردنی هیچجۆرە بەرپرسیارێتییەك هەموو قازانجەكان دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە”. ئەو تەنها نییە. هەڵسەنگاندنێكی گۆڤاری دێر شپیگڵ دەڵێت 73%ی ئەڵمانییەكانی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی دەڵێن هێشتاش ڕەخنەكانی كاڕڵ ماركس لەسەر سەرمایەداریی هەر ڕاست و دروستە.

هەڵسەنگاندنێكی دیكە كە لە تشیرینی یەكەمی 2008 لە گۆڤاری سۆپەر ئیلوس بڵاوكرایەوە دەڵێت 52%ی خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵات ئابووریی بازاڕی ئازاد بە “ناكارا” و “بێ كەڵك” لەقەڵەم دەدەن. 43% سیستەمی ئابووریی سۆسیالیستییان پێ باشترە چونكە “چینەكانی خوارەوە دەپارێزێت لە قەیرانە داراییەكان و ناعەدالەتییەكانی دیكە”. 55% دژی ڕزگاركردنی بانكەكان بوون لەلایەن دەوڵەتەوە.

لەنێوان لاواندا (18 بۆ 39 ساڵ) كە هەرگیز لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتیدا نەژیاون یان تەنها بۆ ماوەیەكی كورت لەوێدا ژیاون، 51% داوای سۆسیالیزم دەكەن. ئەم ژمارەیە بۆ تاكەكانی 30 بۆ 49 ساڵی 35%ـە. بەڵام تاكەكانی سەرووی 50 ساڵی، 46%ـە. چەندین چاوپێكەوتن لەگەڵ خەڵكی ئاسایی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ئەم داتایانە پشتڕاست دەكاتەوە. تۆماس پیڤیت، كرێكاری ئای تیی 46 ساڵە لە بەرلینی خۆرهەڵات، دەڵێت: “ئێمە لە قوتابخانەدا وانەى “مەترسییەكانی سەرمایەداریی”مان دەخوێند. لەمەدا ڕاست بوون. كاڕڵ ماركس بەدروستی دەركی ئەمەى كردبوو”. كتێبی دەس كەپیتال (سەرمایە) یەكێكە لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی بڵاوكراوەى كاڕڵ دیتز ڤێرلاگ (Karl-Deitz-Verlag) و تەنها لە ساڵی 2008دا، 1500ی فرۆشتووە و ئەمە سێ بەرابەری فرۆشی 2007 و 100 بەرابەری فرۆشی 1990 بووە تاكو ئێستا.

ژۆیرن شوتەرومپف، بەڕێوەبەری جێبەجێكاریی بڵاوكراوەكە، بە ڕۆیتەرز دەڵێت: “هەمووان وابیریان دەكردەوە چیتر خواست بۆ كتێبی دەس كەپیتال بوونی نییە. تەنانەت ئەمڕۆ خاوەن بانكەكان و بەڕێوەبەرانیش خەریكن “سەرمایە” دەخوێننەوە بۆ ئەوەى هەوڵبدەن لەوە تێبگەن چ كارێكمان لەگەڵدا دەكەن. گومان لەوەدا نییە ئێستا ماركس ‘لەسەرحەقە‘”.

قەیرانی سەرمایەداریی قەناعەتی بە زۆرێك لە ئەڵمانییەكانی هەم شەرق و هەم غەرب، كردووە كە ئەم سیستەمە شكستی هێناوە. هێرمان هەیبڵ، ئاسنگەری 76 ساڵەى خانەنشینكراو دەڵێت: “من وابیرم دەكردەوە كۆمۆنیزم بۆگەنە، بەڵام سەرمایەداریی تەنانەت زۆر خراپترە. بازاڕی ئازاد دڕندەیە. سەرمایەداریی دەیەوێت زیاتر و زیاتر و زیاتر دەست بنێتە بینەقاقای خەڵكەوە”. ئەو دەشڵێت: “من پێش كەوتنی دیواری بەرلین ژیانێكی بەڕادەیەك باشم هەبوو. هیچ كەس خەمی پارەى نەبوو، چونكە لەڕاستیدا پارە زۆر گرنگ نەبوو. هەمووان كاریان هەبوو، تەنانەت ئەگەر داوای كاریشیان نەكردبایە. بیركردنەوەى كۆمۆنیستیی هێندەش خراپ نەبوو”.

مۆنیكا ڤێبەر، كارمەندی 46 ساڵەی شارەوانیی دەڵێت: “پێموانییە سەرمایەداریی سیستەمێكی گونجاو بێت بۆ ئێمە. دابەشكردنی سامان نادادپەروەرانەیە. لەمڕۆدا ئەمە دەبینین. خەڵكانی چینی خوارەوەى وەك من دەبێت تێچوونی ئەم كارەساتە داراییە بە چەندین باجی بەرزتر بدەن و ئەمەش لەپێناوی بانكە چاوچنۆكەكاندایە”.

 هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییانەى ئەڵمانیا تەنانەت لە هەڵسەنگاندنەكانیش بەرچاوترە. پارتی چەپ بە پێشكەوتنێكی بەرچاو گەیشت و لە خۆرهەڵاتدا نزیكەى 30%ی دەنگەكانی هێنا. ئێستا لە خۆرهەڵاتدا پارتە بۆرژوازییەكان چیتر زۆرینە نین. ئەمە بەڕوونی دەریدەخات خەڵكی ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی نەك سەرمایەداریی، بەڵكو سۆسیالیزمیان دەوێت. نەك كاریكاتێری تۆتالیتاریی بیرۆكراتیانەى سۆسیالیزم، كە پێشتر هەیانبوو، بەڵكو سۆسیالیزمی دیموكرات و ڕاستەقینەیان دەوێت. سۆسیالیزمی ماركس، ئەنگڵس، لیبكنخت و لۆكسمبۆرگ.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ملیۆنان کرێکاری جلوبەرگ و ڕستن وچنین لەبەردەم هەڕەشەی بێکاری و برسێتیدا!

کامەران ئەحمەد شەقامەکانی ئەمستەردام ،لەندەن، بۆن و بروکسل کە تا درەنگانی شەو لە جووڵەی هاوڵاتی ...