کێشەی پیشەسازی کۆمپیوتەر لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا

نوسینی مارتن ڤانهەوڤەرسواین، وەرگێڕانی هاوپشتی – کامەران ئەحمەد

لەوانەیە وا بیر بکەیتەوە کە چەند کاری ساکار لەسەر کۆمپیوتەرەکەت هەروا بە بەردەوامیی ئەنجام بدەیت چونکە وا دێتە پێش چاو کە کڕیوتە و لە ژێر ڕکێفی خۆتدایە، بەڵام لە گۆشەنیگای کارگوزاری گەورە(big business) دا بەو شێوەیە نی‌یە!  بۆ نمونە ئەو مایکرۆسۆفت ۆردەی ، یان ڤیدیۆ لێدەرو mp3 ەی کە بەکاری دێنیت وا نین، لەوانەش سەمەرەتر هەموو ئەو نەرمەواڵە کۆمێرشیاڵانەی کە هیچ نرخێکیان پێنادەیت و بەخۆڕایی دەستەبەریان ئەکەیت هیچ مافی ئەوەت نی‌یە کە زانیاری‌یەکانیان بخوێنیتەوە.

بەڵام لەوانەیە بڵیت ” خۆ من کۆمپیوتەرەکەم هەیە و موڵکی منە، کەس ناتوانێت ڕێگریم لێ بکات لە گوێگرتنی مۆزیکەکانم” ، لەوانەیە وا بێت بەڵام هیچ پێداویستییەکیش نی‌یە، بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین وا دروستە سەرەتا قوڵ بینەوە لە جیهانی ڵێل و پشت پەردەی ڕێگەپێدانەکانی بەکارهێنانی نەرمەواڵە (software ).

ڕێگەپێدانی نەرمەواڵە(نەرمەکاڵا) ‘softwarelicentie’ جۆرێک لە گرێبەستە و هەر ئێستا زۆرترین فۆرمی بەکارهێنراوی بڵاوکردنەوەی نەرمەواڵەکانیشە لە جیهانی ئەمڕۆ. لەوانەیە هەر ئێستا ئەوەت بیر بکەوێتەوە کە لە کاتی دامەزراندنی بەرنامەیەکدا چاوت بە دوگمەی من ڕازیم ‘I agree’ یان من ڕازی ئەبم ‘Ik ga akkoord’ یان شتێکی لەو چەشنە کەوتبێت. ئەمە لە ڕاستیدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیە کە لەوانەیە بە هەموو درێژایی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و دامەزراندنی بەرنامەکانی کۆمپیوتەرەکەت بۆ جارێکیش بە تەواوی نەتخوێندبێتەوە ! بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەمە میتۆدێکی ساکار باس ئەکەین، هەموو ڕێگەپێدانەکانی نەرمەواڵە(گرێبەستەکان) لە دوو فۆرمدا دەرئەکەون یان کراوەن یان داخراو. سەرەتا لە فۆرمە داخراوەکانەوە دەستپێئەکەین کە زۆرترین فۆرمی گرێبەستەکانی بەکارهێنانی نەرمەواڵەیە.

ڕێگەپێدانی داخراو زۆر بە سادەیی بە ناوەکەیدا ڕوونە هەموو ئەو خاڵانە لە خۆ ئەگرێت کە مافی چیت هەیە و مافی چیت نی‌یە لە نەرمەواڵەکەدا.  کاتێک کە سیستمێکی وەک Windows XP یان Windows Vista ئەکڕیت، کە زۆربەی جار تەنها بۆ یەک کۆمپیوتەر بەکاردێت، ناتوانیت کۆپی بکەیت بۆ هاوڕێکەت، ناتوانیت کە بیفرۆشیتەوە، تەنانەت ناشتوانیت هیچ دەستکاری و گۆرانکاری‌یەک بەسەر نەرمەواڵەکدا بکەیت.

ڕێگەپێدان بۆ بەکارهێنان

ڕێگەبدەن پێکەوە لە نزیکەوە بڕوانینە ئەو لێدەری mp3 ەی کە هەمانە ، لە ڕاستیدا ئێمە خاوەنی بەرنامەکە نین هەرچەندە ئەوەی کە لەوانەیە بە پارەیەکی زۆر کڕیبێتمان ئەمە جگە لەوەی کە ئەلبومی موزیکەکەشمان بە پارە کڕیوە( هەرچەندە ئەوەی کە کڕینی ئەلبومێکی برتنی سپێرس چەندە گران بێت مەسەلەیەکی ترە). ئەی لەگەڵ ئایپۆد iPod خۆیدا چی بڵێین. لەوانەیە لێرەدا ببیتە خاوەنی ئامێرەکە بەلام دیسانەوە لێرەشدا وەڵام هەم بە ‘بەڵێ’ و هەم بە ‘نەخێرە’ یە. هەرچەندە ئەوەی کە بە شێوەی فیزیکی ئامێرەکەت کڕیوە و ڕێگەپێدانێکیشت  هەیە کە ئەتوانێت ئامێرەکە کارپێبکات. لێرەدا دیسان ڕوون ئەبێتەوە کە بڕێک پارەشمان داوە تاوەکو ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی بەرنامەکەش دەستەبەر بکەین.

ئەوەی لێرەدا گرنگە کە بیرمان نەچێتەوە ئەوەیە کە ڕێگاپێدانە داخراوەکان شتێک نافرۆشن کە ببێتە موڵکی تۆ بەڵکو ڕێگەت پێئەدەن کە بەرنامەکەیان لە ژێر چەند مەرج و ڕێکەوتنێکدا بەکاربهێنیت. بەرنامەسازێک (programmeur) ئەتوانێت بەرنامەیەکی یاریکردن لە کۆمپیوتەر ساز بکات. لە کاتی فرۆشتنیدا لە ڕێگەپێدانەکەدا کۆدێک دیاری بکات کە ” بەرنامەکە چەند جارێک بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نمونە تا ئەو کاتەی کە بەکارهێنەر بلوسێکی سوور و پانتۆڵێکی زەردی لە بەردایە ” لە ڕووی یاسایی‌یەوە ئەو کەسانەی کە بلوسی سوور و پانتۆڵی زەردیان لە بەردا نی‌یە مافی ئەوەیان نی‌یە کە درێژە بە یاری‌یەکە بدەن، هەرچەندە ئەوەی کە پارەشیان بە پرۆگرامسازەکە داوە. کەوایە لێرەدا جیاوازی‌یەکە بە ڕوونی لە نێوان ڕیگەپێدان ( دروستتر بڵێین بەکرێدان) و کڕینی بەرنامەکە لە بنەڕەتدا هەست پێ ئەکەین. لە ڕاستیدا کەسانێک کە ئەڵێن ” ئەچم فۆتۆشۆپ ئەکڕم ” لە بنەڕەتدا مەبەستیانە لە” ئەچم ڕێگەپێدانێک ئەکڕم بۆ بەکارهێنانی فۆتۆشۆپ و هیوادارم کە هەموو مەرجەکانی گرێبەستەکە بەجێ بهێنم ” ئەم فۆرمە لە گرێبەست لە ئینگلیزیدا مەبەست لێ‌ی ‘ ڕازیبوونی ڕێگەپێدانی بەکارهێنەری کۆتایی’ ‌یە ‘End User Licence Agreement’ یان EULA ی پێ ئەوترێت.

کڕینی شتێک بە مانای ئەوەیە کە ئەبیتە خاوەنی و تەواوی تواناییت بەسەریدا هەیە. هەموومان ئەزانین کە ئەو ئۆتۆمبیلەی کە کڕیوتە مافی ئەوەت هەیە کە هەر شتێکی لێ بکەیت کە خۆت ئەیخوازیت. بەڵام ئەمە بۆ ئۆتۆمبیلێکی بەکرێ وا نی‌یە ، بۆ نمونە ناتوانین بە ئارەزووی خۆمان تایەکانی بگۆرین یان جۆرێکی تر لە ماتۆڕی بۆ دابنێین، چونکە گرێبەستێکمان لەگەڵ نوسینگەی بەکرێدانی ئۆتۆمبیلەکەدا کردووە کە پارەمان داوە لە جیاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلەکە نەک شتی تر، نوسینگەکە مافی هەیە کە ڕێگەمان لێبگرێت لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلەکەیدا. هەمان پرنسیپ لە جیهانی کۆمپوتەریشدا بەڕێوە ئەچێت.

بە دڵنیایی لەوانەیە کەسێک پرسیار بکات ” ئەی دواتر؟ من مایکرۆسۆفت ۆردم Microsoft Word هەیە و ئەوی کە مەبەستمە ئەتوانم ئەنجامی بدەم ئیتر بۆچی دوو دڵ بم لە بارەیەوە؟ خۆ ناتوانن بێنە ماڵەکەم و لێم بسەنن . لێرەدا مەسەلەکە دێتە سەر شتێکی تر کە ئەویش کۆنترۆڵە. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوون بکەینەوە ئەچینەوە سەر نمونەکەی پێشو سەبارەت بە mp3 . فایلێکی mp3 لە بنەڕەتدا فایلێکی بچوککراوەی موزیکێکە لەسەر سی دی. ئەو تەکنەلۆژیایەی کە وەک سیحرێک دێتە بەرچاو کە ئەو هەموو موزیکە بۆ ئەو فایلە بچووکانە ئەگۆڕیت لە بنەڕەتدا لە لایەن ڕێکخراوێکی ئەڵمانی‌یەوە پەرەی پێدراوە کە ئەویش پەیمانگای فراونهۆفەرە Fraunhofer-instituut. بیرۆکەکە موڵکی ئەوانە. هەرچەندە کە ڕێنماییت ئەکەن لەوەی کە میتۆدەکەیان (شێوەی بەکارهێنان و کارکرن پێ‌ێ) بەکاربهێنیت بۆ پاشەکەوتکردنی موزیک بەلام پێت ناڵێن ( و ڕێگەت پێ نادەن ) کە هەموو کارێکی پێئەنجام بدەیت. بۆ نمونە هەر بەرهەمێک کە قازانجی پارەی تێدایە و بە mp3 بێت ئەوا ئەبێت بەشێک لە پارەکە بداتەوە پەیمانگای فراونهۆفەر. بەهۆی تۆمارکردنی مافی داهێنانەکەیەوە سالانە ئەم ڕێکخراوە ئەڵمانی‌یە ١٠٠ ملیۆن یورۆ لە گرێبەستەکانی ڕێگەپێداندا licentie بەدەست دێنێت.

لەوانەیە بڵییت “تا ئێرە باشە و هیچ کێشە نی‌یە ، خۆ من ئەو کەسە نیم کە ئەبێت پارە بە پەیمانگاکە بدەم” بەمەش شادمان بیت کە لەسەر کۆمپیوتەرەکەت میدیاسپەیڵەری تێدایە کە ڕێگەپێدانیشەوە کە گوێ لە mp3 بگریت. کێشە ئەوەیە کە زۆر بە باشی وچاکی ئەتوانن ڕێگەت لێبگرن کە ئەمە بکەیت. هەرچەندە ئەوەی کە ئەزانین چۆن mp3 کارپێبکەین بەلام ئەو کەسانەی کە خاوەن مافی بیرۆکەی mp3 ن ، هەمیشە کۆنترۆڵی تەواوەتی‌یان هەیە کە چیتر ڕێگەت پێ نەدەن . ئەکرێت ڕۆژێک ئەو بڕیارە بدەن کە هیچ کەس مافی نەبێت کە ئەمە بکات و بە ناچاری ئەبێت mp4 بەکاربهێنیت ، ڕۆژێکی تر ڕێ لەمەشت پێ بگرن و ناچار ڕووت لە mp5 پێبکەن. بەم شێوەیە پەیمانگای ناوبراو لە تازەکردنەوەی هەر وەشانێکدا(versie) هەمیشە کۆنترۆڵەکەی لەژێر چنگدایە.

بەدڵنیایی لەوانەشە وابڵێیت” دەی باشە گەر وا بکەن ئەوا منیش ئەچم بەرهەمێکی تر بەکار ئەهێنم ، خۆیان باش ئەزانن گەر وا بکەن خەڵک لێ‌یان دوور ئەکەوێتەوە بۆیە شتی وا هەرگیز ڕوو نادات ” کێشەکە لێرەدایە کە کۆمپانیاکانی نەرمەواڵە تاکتیکێکی نەرم بەکاردێنن بۆ بەستنەوەی بەکارهێنەرەکان بە خۆیانەوە و ئەتوانن پێکەوە ناچارت بکەن کە ڕوو لە وەشانە(ڤێرشن) نوێ‌یەکان بکەیت ( ئەمەش لە پێناوی قازانجی زیاتردا) . بۆ نمونە ئەگەر تێکستێک لە مایکرۆسۆفت ۆرد بنوسیت و پاشەکەوتی بکەیت ئەوا فایلەکە وەک دۆکیومینتێکی ۆرد ‘Microsoft Word-document’ پاشەکەوت ئەبێت. ببینە لێرەدا کێشەکە دەست پێئەکات. لە هەموو جیهاندا جگە لە مایکرۆسۆفت خۆی نەبێت ئایا کەسێکی تر هەیە بزانێت چۆن دۆکیومێنتێکی ۆرد ئەکرێتەوە، هیچ شتێکی تری نایاسایی نی‌یە بۆ کردنەوەی. ئەمە تەنها وەسیلەی مایکرۆسۆفتە بۆ کردنەوەی دۆکیومێنتەکانی ۆرد. هەربۆیە ناچار کەسێک کە بیەوێت دۆکیومێنتی ۆرد بە تەوایی و بێ هەڵە بکاتەوە ئەوەیە کە بەرنامەی ۆرد خۆی بەکاربهێنێتەوە بە کۆپی یان بە کڕین . کەوایە هەر لە ریگای مایکرۆسۆفت خۆیەوەیەتی. بە دڵنیایی کەسانێک هەن کە بە کاری جدی و باشیان کردووە بۆ کردنەوەی ۆرد ( بۆ نمونە لە ریگای OpenOffice.org ) بەڵام هێشتاش وەک خۆی 100% سەرکەوتوو نین. لێرەدا ڕوون ئەبێتەوە کە تەنانەت بۆ ئەوەی گوێ لە موزیکێک بگرین یان تەنانەت پەیوەندی‌یەکانمان لەگەڵ یەکتردا ڕیک بخەین ئەبێت پارە بە کەسانێک بدەین.

لە لای مایکرۆسۆفت بارەکە زۆرە لەوە خراپتریشە. مایکرۆسۆفت ڕەوشتێکی خراپی هەیە کە فۆرماتی(شێواز) فایلەکانی هەر چەند ساڵ جارێک ئەگۆڕیت. ئەگەر یەکێک لە وەشانە تازەکانت هەبێت بۆ نمونە ۆردی ٢٠٠٧ لە کاتی پاشەکەوتکردنی فایلەکاندا فۆرماتی docx-formaat وەرئەگرێت ، ئەگەر یەکێک لە هاوڕێکانت وەشانی کۆنی هەبێت ئەوا ناتوانێت دۆکیۆمێنتەکەت بکاتەوە. تەنانەت خۆشت ئەگەر هاوڵاتیەکی ئازا بیت و بڕیارت دابێت کە ڕێگەپێدانی ۆرد بە پارە بکڕیت! بەڵام هێشتاش گارانتی ئەوە ناکات کە بە بێ کێشە دۆکیومێنتەکان لەگەڵ هاوڕێ و هاوەڵەکانتدا بگۆڕیتەوە لەبەر ئەوەی هەر بەرنامەیەک چەندین وەشانی جیاوازی هەیە و لەوانەشە یەکێک لە وەشانەکانیش نەگونجاو بێت (niet compatibel) لەگەڵ ئەوی تردا. تەنها چارەیەک ئەوەیە کە بە فۆرماتێکی تری وەک RTF بەکاربهێنیت ، بەڵام هێشتاش ئەمە گارانتی ئەوە ناکات کە لە کاتی کردنەوەی دۆکیومێنتەکەدا بە هەمان ئەو شیوەیە ببینرێت کە لە سەر شاشەی کۆمپیوتەری هاوڕێکەتدا هەیە.

پێوانەکانی کراوە یان داخراو

سوودمەندە گەر لەم خاڵەدا کە دێتە سەر پێوانەکان تۆزێک بوەستین. پێوانە (standaard) واتە ئەو شێوازەی کە بەرنامەیەک کار بکات. Mp3 پێوانەیەکە (شێوازێکە) ، DVD ، PDF و HTML ( زمانی ئینتەرنێت ) یش بە هەمان شێوە. لە جیهانی دەرەوەی کۆمپیوتەریشدا بۆ نمونە ئەکرێت بڵێین کە برغوویەکی فلیپس پێوانەیەکە، پێوانە ئاگاداری ئەوە ئەکات کە شتەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێن، بۆ نمونە لە کاتی کڕینی تایەیەک بۆ ئۆتۆمبیلەکەت ، یان ئەو برغووانەی کە لەگەڵ دەڕنەفیزەکەتدا ئەگونجێن یان بە پێچەوانەوە. لە ژیانی ڕۆژانەماندا ئەڕوانینە ئەم پێوانانە، بۆ نمونە برغوویەکی فلیپس م هەیە” ئۆکەی کەوایە ئەتوانم دەرنەفیزێکی فلیپس دروست بکەم کە لەگەڵیدا بگونجێت” ، بەداخەوە ئەم پێوانەیە لە جیهانی کۆمپیوتەردا ناگونجێت.

ئەکرێت پێوانەیەکی داخراومان هەبێت، کە لە سایەیدا بڕوانین چۆن شتێک کار ئەکات و چۆن بەشەکانی پەیوەندی‌یان پێکەوە هەیە. ئەگەر ئەو کەسەی کە سیستمەکەی دروست کردووە بە ڕاشکاوانە پێت نەڵێت کە چۆن کار ئەکات ئەوا تۆش هەرگیز ناتوانیت لاسایی بکەیتەوە. بۆ نمونە ئەگەر بمانەوێت پرۆگرامێک دروست بکەین کە دۆکیومینتێکی ۆرد پاشەکەوت بکات ئەوا هەروەکو پێشتر بینیمان ، ئەبێت بزانین کە فۆرماتە جیاوازەکانی ۆرد چۆن کار ئەکەن. ئەمە کێشەیەکی سەختە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت ئەم فۆرماتە وەک پێوانەیەکی سەرەکی لای خۆیان بەکاری دێنن، هەربۆیە هیچ کۆمپانیایەکی تر جگە لە مایکرۆسۆفت خۆی نەبێت نازانێت کە چۆن دۆکیومێنتیک ئەکرێتەوە یان پاشەکەوت ئەکرێت.

ئەم پێوانە داخراوە دەرئەنجامی ئەوەی لێئەکەوێتەوە کە لە دنیای پیشەسازیدا ناسراوە بە وابەستەبوون بە فرۆرشیارەوە ‘Vendor Lock-In’ . بە مانای ئەوەی کە کڕیارەکان زۆر وابەستە ئەبن بە فرۆشیارەکانەوە لە کاتی کڕینی بەرهەمەکانیان یان لە کاتی بەکارهێنانی خزمەتگوزاری‌یەکانیاندا و ئیتر ئەستەمە بۆیان بچنە لای فرۆشیارێکی تر چونکە زۆر سەخت یان زۆر گرانتر ئەکەوێتەوە لەسەریان. ئەمە ستراتیژی‌یەکی گەورەی کۆمپانیاکانی نەرمەواڵەیە. ئەمە هۆکارێکە کە یەکێکی وەک بیل گەیتس بووە بە ملیاردێر. نەک لەبەر ئەوەی کەسێکی زۆر بلیمەتە(genie) ، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە چەند تاکتیکی شەڕەنگێزانەدا سەرکەتوو بووە کە چەندین ملیۆن بەکارهێنەری کۆمپیوتەر بە کۆمپانیاکەیەوە گرێ بدات. بەناچاری بۆ ئەوەی ئاگاداری تازەترین بەرهەمەکان بیت ناچاریت کە بەرهەمەکانی هەمان کۆمپانیا بکڕیتەوە. ئەگەر ئەو کۆمپانیایە بە شێوەیەکی کتوپڕ بریار بدات کە بێبەش بیت لە بەرنامەیەکی دیاریکراو، ئەوسا ئەکەویتە گەورەترین کێشەوە. هەندێک لە بانکەکان تاوەکو ئێستاش وەشانە کۆنەکانی سیستمی کارپێکردنی OS/2 بەکار دەهێنن، چونکە هێشتاش نەرمەواڵەکانی ئەم بانکانە لەسەر هیچ شتێکی تر کار ناکات. ئەو کۆمپانیایەی کە نەرمەواڵەکەی نوسی و لە تازەکردنەوەیدا دەوری هەبوو ئێستا مایەپوچ بووە(failliet). هەربۆیە بانکەکان تاوەکو ئێستاش ئەو سیستمە کۆنە بەکار ئەهێنن.

ئایا چۆن بتوانین کۆنترۆڵی تەواوەتیی ئەو فایلانە بکەین کە پاشەکەوتیان ئەکەین؟ هەروەکو پێشتر وتم زۆرێک لە کۆمپانیاکان ناسێنەرەی(specificatie) فۆرماتی فایلەکانیان بە تەواوی بڵاو ئەکەنەوە- بۆ نمونە وەک ئەدۆبە Adobe بە شێوازی PDF، یان پەیمانگای فرانهۆفەر بەmp3 – ئەتوانین ئەو پرۆگرامۆچکانە دروست بکەین بۆ گوێلێگرتنیان، یان کۆپی‌یان بکەین بۆسەر سی دی. هەرچەندە ئەم کۆمپانیایانە مافی بیرۆکەی فۆرماتەکانیان(شێوازەکانیان) هەیە، ئەبێت بیر لە بەکارهێنانی چەند فۆرماتێکی ناسراو بکەینەوە. ئەمە هەنگاوێکی باشە بە ڕێ‌ی ڕاستدا. بەڵام بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت لەو گروپانەی کە ئامانجیان تەنها قازانج بەدەستهێنانە ئەم ڕێوشوێنە بەس نی‌یە. لە نمونەکانی پێشوودا بە تایبەت سەبارەت بە mp3 ئەوەمان رون کردەوە ئەگەر میتۆدی کەسێکی بەکاربهێنیت بۆ پاشەکەوتکردنی زانیاری ( تێکست، وێنە یان موزیک) ئەوا هێستا مافی ئەوەی ئەمێنێت کە بڕیار بدات کە کێ میتۆدەکەیان بەکاربهێنێت و لەو ڕووەشەوە داوای پارە بکەن. ئەوەمان بیر نەچێت یەکەمین ئامانج لە کارگەکان لە ژێر سایەی دەسەلاتی سەرمایەداریدا بەدەستهێنانی پارە و قازانجە.

ئەی کەوایە لە ڕاستیدا ئەبێت نەرمەواڵە لە کێ بکڕم تا بە ئارەزووی خۆم ئەوەی لێم ویست دەستکاری بکەم. باشە، کەسانێک هەن کە هەروا ئەیبەخشن. نمونەی فایلەکانی PDF هەن نمونەیەکی زیندووی پێوانەی کراوەیە. هەر زانستوانێکی کۆمپیوتەر ئەزانێت کە چۆن کار ئەکات، لە بەر ئەوەی ئەدۆبە Adobe ، ئەو کۆمپانیایەی کە ئەم فۆرماتەی دروست کرد، زانیاری تەواوی بەخشیوە لە بەکارهێنانی فایلەکانی PDF دا ، هەروەها دروستکردن و پاشەکەوتکردن و چاپکردنیشی. بە بێ ئەوەی کە پارەی زیاتر بدەیت. ئەمە بۆ هەمیشە ئەمێنێت. تەنانەت ئەگەر ئەدۆبەش مایەپوچ بێت ئەوا فایلەکانی PDF هەر بەکاردەبرێن . ئەمە وەک ئەوە نی‌یە کە موزیکێک بکڕیت لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بۆ نمونە لە ڕێگای iTunes ، لەم بارەدا ئەم فۆرماتە لە پێوانەیەکی داخراودا یە کە هی ئاپڵ ە Apple و لەسەر iPod ئەتوانیت گوێبیستی بیت نەک لەسەر ئامێری تری mp3 .

جۆری دووەمی ڕێگەپێدانی نەرمەواڵە کە باسمان کرد بریتی‌یە لە نەرمەواڵەی کراوە. زۆرینەی ڕیگەپێدانە کراوەکان ( بەشێکی کەمیان نەبێت) ڕیگەت پێ ئەدەن ئەوەی ئەتەوێت دەستکاری بکەیت، شتی لێ فڕێ بدەیت یان بیگونجێنیت و زیادی بکەیت. نەرمەواڵەکان بە خۆرایی ئەبەخشن. لەوانەیە هەندێک جار لەسەرەتادا بیکڕیت، بەڵام هەرکاتێک کە کرتەت کرد لە دوگمەی من ڕازی ئەبم “ik ga akkoord” لەکاتی دامەزراندیدا ئیتر مافی ئەوەت هەیە کە دەستکاریشی بکەیت. ئەگەر بتەوێت شتی زیادەی بۆ زیاد بکەیت ئەوا ئەکرێت بەهاوکاری کەسێک کە شارەزا بێت ئەوە ئەنجام بدەیت، ئەتوانیت چەندین کاری پێ بکەیت و دواتر کارەکان بفرۆشیتەوە ئەوەش ئەبێت. بۆ نمونە ئەتوانیت هەمیشە OpenOffice بەکاربهێنیت کە بەرنامەیەکی تێکستی سەرچاو کراوەیە ، هەرچ شتێک ڕوو بدات هەمیشە دۆکیومێنتەکان ئەمێننەوە لە فۆرماتەکەی و ئەتوانیت بیانکەیتەوە. ئەمە گیانی(بیرۆکەی سەرەکی) سەرچاوە کراوەکانە کە هیچ کەسێک نابێت وابەستە بێت بە کەسانی سێ‌یەمەوە تا بتوانێت دۆکیومینتەکانی ( کە موڵکی خۆیەتی ) بەکاریان بهێنێت ( دواتر زیاتر سەبارەت بە سەرچاوە کراوەکان قسەو باس ئەکەین).

لە پاڵ پێوانە داخراوەکاندا پێوانە کراوەکانیش هەن. پێوانەیەکی کراوەیی پێت ئەڵێت کە چۆن شتێک کار ئەکات و لە ژێر موڵکایەتی کەسی تردا نی‌یە. تەنها لە هەندێک جاردا چەند ڕێکخراوی سەربەخۆو بێ قازانج هەن کە سەرچاوەکان یاداشت ئەکەن. بەمەدا بەهێزیی کۆکردنەوەی هەردوو نەرمەواڵەی کراوە و پێوانە کراوەکانمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە ، هەموو کەس ئەتوانێت لەگەڵ کەسانی تردا پەیوەندی بکات بە بێ ئەوەی وابەستە بێت بە کەسانی ترەوە. ئەم بیرۆکەیە هەر ئەمرۆ هەیە و کاری پێ ئەکرێت ،. لە ئینگلیزیدا پێی ئەڵێن سەرچاوە کراوە open source بەڵام زاراوەی دروستتر ئەوەیە بڵێین نەرمەواڵەی ئازاد ‘vrije software’ .

نەرمەواڵەی ئازاد لە بەرامبەر نەرمەواڵە داخراوەکاندا

نەرمەواڵەی ئازاد دابڕانێکی تەواوەتی و بنەڕەتی‌یانەیە لە مۆدیلە داخراوەکان. هێشتا ڕیگەپێدان لەگەڵ ئەم نەرمەواڵەیەشدا هەیە بەڵام بەو مەبەستەی کە هەموو توانا و کۆنترۆڵیک بدات بە کەسی بەکارهێنەر. بەڕاشکاوانەش پێتئەڵیت کە ئەتوانیت کۆپی بکەیت -٠ خۆت سەربەستی لەمەدا- لێرەدا نەرمەواڵەکە نەک وەک موڵکێکی تایبەتی خۆت بەڵکو وەک موڵکێکی گشتی دێتە بەرچاو.

زاراوەی نەرمەواڵەی ئازاد پێشنیاری شتێکی خۆڕایی ئەکات، لە زۆربەی کاتەکانیشدا هەروایە لەبەر ئەوەی ئازاد لێرەدا بەمانای خۆڕاییش دێت. لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ئازادی‌یەوە هەیە نەک نرخ. هەروەک چۆن لایەنگرانی نەرمەواڵەی ئازاد ئەمە ڕوون ئەکەنەوە ” ئازاد(خۆڕایی) وەک ئازادی ڕادەربڕین ” لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندی بە ئازادی بەکارهێنەرەوە هەیە لە بەرکاهێنان، دابەشکردن، خوێندن و لێکدانەوەی، و دواجاریش باشترکردنی نەرمەواڵە و خستنەوە بەردەستی هەمووان.

بێگومان ئازادی‌یەکی لەم چەشنە بە تەواوی ناکۆکە لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بەکارهێنان و دابەشکردنی نەرمەواڵە. لای ئەم کۆمپانیایانە کۆنترۆڵکردن بە مانای کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی کۆدەکەیە(broncode). بەرنامەکانی کۆمپیوتەر لە کۆدێکدا ئەنوسرێن(کەوایە سەرچاوەی کۆد) کە لە لایەن مرۆڤەوە توانای خوێندنەوەیان هەیە و لە فۆرماتی زمانەکانی ئامێردا وەرئەگێڕدرێن و دواجار ئەبن بەو بەرنامانەی کە لە کۆمپیوتەرەکانەوە ئەیانبینین. هەڵبەت تێگەیشتنی زمانی ئامێرەکان بۆ کەسانێکی سادە زۆر گرانە ، هەربۆیە زۆر گرانتریشە کە دەستکاری‌یان بکرێت. کۆمپانیاکانی نەرمەواڵە بە شاردنەوەی سەرچاوەی ئەم کۆدانە کۆنترۆڵی تەواوەتی‌یان هەیە بەسەر بەرنامەکاندا و ئەتوانن هەر کردارێک (functie) کە بیانەوێت تێیدا بیگونجێنن. تێڕوانین و بیرۆکەی باو لێرەدا تەنها شتێکە ئەویش ئەم توانایی کۆنترۆڵکردنەیان بەکاربهێنن بۆ پاراستنی موڵکدارێتی تایبەتی. نەرمەواڵەی ئازاد بە تەوایی پێچەوانەی ئەمەیە. ڕێگەپێدان لێرەدا بەکاردێت بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی بۆ بەکارهێنەری کۆتایی.

ئەم ئازادی‌یە قازانجی زۆر گەورەی هەیە لە پێکەوەژیانی کۆمەڵگاداا. ئازادی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی کۆدەکان بە مانای ئەوەیە کە تواناییمان ئەبێت لە سەیرکردنی کردارە(functie) شاراوەکانی نەرمەواڵە، توانایی دەستکاریکردن و باشترکردنیشمان ئەبێت. هەڵەکانی ناو بەرنامەکان ئەکرێت بە ئاسانی بدۆزرێنەوە و چارەسەر بکرێن. سەرچاوەی کۆدەکان ئەکرێت لە لایەن زانستوانانی کۆمپیوتەرەوە جارێکی تر بەکارببرێنەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی تر. ئەم پێکەوە کارکردنەی هەمووان هانی چوونەسەری توانا و زانینەکانی مرۆڤ ئەدات، ئەمە جگە لەوەی کە ئەکرێت چەند کاژێری کارکردنمان بۆ بگەڕێتەوە لە پێشخستنی خێرای نەرمەواڵەدا، هەڵەکان یەک جار ئەدۆزرێنەوە و ئەکرێت هەمووان چارەسەری بکەن. ئازادی لە بەکارهێنانی نەرمەواڵە و پێشخستنیدا لای هەمووان کە پێویستمان پێیەتی بەمانای ئەوەیە کە ژیانی پێکەوەیی ئێمە بەر ئەگرێت و بە خۆراییش.

بۆ ئەوەی ئەم ئازادی‌یانە بپارێزرێن چەندین ڕێگەپێدانی جۆراوجۆر هەن. ناسراوترینیان ڕێگەپێدانی (GPL-licentie )ە کە ڕێگەپێدانی گشتی هەمووانە( ‘GNU ’ algemene openbare licentie) ە . ڕێگەپێدانی گشتی GPL لە لایەن ڕیچارد ستاڵمان ەوە نوسراوە. لە ساڵی ١٩٨٩ دا بە مەبەستی داڕشتنی ڕێگەپێدانێک بە هەر پرۆژەیەکی نەرمەواڵەی ئازاد کە دەستی بە سەرچاوەی کۆد ڕابگات ڕاگەیەندرا. ڕێگەپێدانی گشتی GPL زۆر بە خێرایی بووە ناودارترین ڕیگەپێدانەکان بۆ نەرمەواڵەی ئازاد پاش ئەوەی کە لینوس تۆرڤاڵدس Linus Torvalds دامەزرێنەری سیستمی بەڕێوەبردنی لینوکس بەکاری هێنا لە ساڵی ١٩٩٢دا.

سوودمەندی GPL لەوەدایە لە ڕێگرە لەوەی هەر ڕێگەپێدانی نەرمەواڵەیەك بچێتە ژێر ڕکێفی مافی لەبەرگرتنەوە ( copyright)ەوە بەڵکو مافی لەبەرگرتنەوەیەکی تر (چەپانە!) ‘copyleft’ ئەهێنێتە ئاراوە. ئەمە بەمانای ئەوەیە کە هەر وەشانێکی دەستکاریکراو و نوێتری نەرمەواڵەکە ئەبێت پابەندی هەمان ڕێگەپێدانی گشتی‌ GPL بێت. لە باری پراکتیکی‌یەوە بە مانای ئەوەیە کە بەرنامە نوێ‌یە دروستکراوەکان لە هەمان کۆد ئەبێت جارێکی تر ئازاد بکرێت و بخرێتەوە بەردەستی هەمووان. بۆیە لەبەرگرتنەوەی چەپانە ‘copyleft’ یاساکانی لەبەرگرتنەوەی ‘copyright’ بەکاردێنێت بۆ ئەوەی لەبەرامبەریدا بوەستێتەوە: لە جیاتی داسەپاندنی چەندین مەرجی دیاریکراو ماف بە هەموو کەسانێک ئەدات کە نەرمەواڵەکە بەکاردێنن، و لەخەمی ئەوەشدا ئەبێت کە ئەو مافانە پێشێل نەکرێن.

ستیڤ بالمێر Steve Ballmer لە دەستەی بەڕێوەبەری مایکرۆسۆفت ڕێگەدانیGPL ی بەم شێوەیە ناساند” ئەو شیرپەنجەیەی کە بەر هەر موڵکداریەکی بیرۆکەیی بکەوێت توشی ئەکات”. بە دڵنیایی بالمێر لێرەدا مەبەستیەتی هەموو ناوبانگی بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە بەترس و دڵەڕاوکێ بشوبهێنێت. لێرەدا مەبەستی لە بڵاوبوونەوەی شیرپەنجەکە لەو بەرنامەنایە کە لە هەر نەرمەواڵەیەکی تری GPL دروستکرابن(لە هەمان سەرچاوەوە دروستکرابن)، چونکە بە ناچار لە کاتی بەکارهێنانی کۆدەکاندا ئەبێت جارێکی تر کراوە بن و بخرێنەوە بەردەستی هەمووان. ئێمە ئەڵێین کە GPL ئەو ڤایرۆسە ئازادکەرەیە کە هەوڵ ئەدات هەموو نەرمەواڵەکان بخاتە ژێر سایەی ڕێگەپێدانی GPL ەوە ، واتە بە کراوەیی و بە ئازادانە بۆ هەمووان دەستەبەری بکات و بەمشیوەیەش لە ژیانی پێکەوەیی مرۆڤەکاندا سوودبەخش ئەبێت.

بێگومان GPL زۆر گرنگ بوو لە سەرکەوتنی سیستمی بەڕێوەبردنی لینوکس GNU/Linux دا لەبەر ئەوەی بەرنامەسازەکان کە کاریان لەسەر کرد دڵنیا بوون لەوەی کە بەرهەمی کارەکانیان بە باشی و دروستی بە هەموو جیهان ئەگات و ناتوانرێت بخرێتە ژێر ڕکێفی کۆمپانیاکانی نەرمەواڵەوە و ئیستغلال بکرێن. ئەو کۆمپانیایانەی کە هیچ شتێک بە کۆمەڵگا نابەخشن. لە ڕاستیدا هەموو سیستمی نەرمەواڵە داخراوەکان زیندووهێشتنەوەی هەڵەکان و ناکاریگەری نەرمەواڵەکانە لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، چونکە ئامانجی سەرەکی لە سایەی ئەم سیستمەدا خزمەتکردن بە ژیانی گشتی و پێکەوەیی نی‌یە لە کۆمەڵگا، یان تەنانەت پێشخستنی توانایی‌ و داهێنانەکانی مرۆڤ ، چاککردنی هەڵەی نەرمەواڵەکان و ڕەخساندنیان بۆ خزمەتی خەڵک و وەڵامدانەوە بە پێداویستی‌یەکانیان نی‌یە ، بەلکو ئەمانە لە پلەی دوودا دێن و ئامانجی سەرەکی لێرەدا بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکردنی زیاتری سەرمایەیە.

لێرەدا پێشخستن و چاککردن و دابەشکردنی نەرمەواڵەکان لە کاتێکدا ڕوو ئەدەن کە قازانجی سەرمایەی زیاتر مسۆگەر بکەن. هەڵەکان لە سیستمی بەڕێوەبردنی مایکرۆسۆفت ویندۆز Microsoft Windows دەسەڵاتێکی زیاتر بە مایکرۆسۆفت ئەدات کە بەکارهێنانی نەرمەواڵەکانیان دیارکراو بکەنەوە چونکە بەکارهێنەر ناچار ئەکەن کە لە (تازەکردنەوەی) ئەپدەیتکردنی یەکە ئەمنییە گرنگەکانی سیستمەکەدا essentiële beveiligingsupdates لە ڕێگای خۆیانەوە تەنها بەو کەسانە بدەن کە ڕیگەپێدانێکی دروستیان هەیە ( ئەوانەی نەرمەواڵەکەیان کڕیوە).

نەرمەواڵە داخراوەکان ناتوانرێن بخوێندرێن (دراسە بکرێن ) یان دەستکاری بکرێن، کۆمپانیا گەورەکان لە هەوڵی ئەوەدان مۆنۆپۆلی (احتکار) هەموو شتێک بکەن و لە ژێر دەسەڵاتیاندا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە چونکە لە ڕکابەری نێوخۆیی سەرمایەدارانیشدا ئەتوانن نەرمەواڵەکەنیان زۆر قورستر بکەن. ئەمە ڕێگرە لە پێشخستنی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ: مایکرۆسۆفت چەندین جار مۆنۆپۆلیست بووەو زۆر بە دەگمەنیش داهێنەر. هەر کاتێک کە بەرهەمی کاری پێشخستنی نەرمەواڵە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە دیاریکراو بکرێتەوە سەرچاوەی کۆدەکان هەر بە شاراوەیی ئەمێننەوە بەمەش توانایی هێزی کار لە ژیانی کۆمەڵگادا بەهەدەر ئەچێت. ژمارەیەک لە خاوەن تواناکان ئەبێت لە سفرەوە دەست پێ بکەنەوە بۆ ئەوەی بچنە بازاڕی پڕ لە ڕکابەری نەرمەواڵەوە. لێرەدا پاراستنی سەرچاوەی کۆد و شاردنەوەکەشیان بووەنەتە پیشەسازی‌یەکی گەورە، بەلام ئەمە لە نەرمەواڵەی ئازاددا بە تەواوی پێچەوانەیە و ڕێگەپێنەدراوەچونکە لێرەدا هەم شارەزایی و توانایی مرۆڤ و هەم بەرهەمەکەش لە پێناوی خزمەتی گشتیدا ئەبن( ئەمە ڕێک بەرپەرچی ئەو کەسانە ئەداتەوە کە بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە گوایە ڕکابەری لە بازاڕدا ئەبێتە هۆکاری گەشەکردن و پێشخستنی بەرهەم، بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاستە ، بێگومان ئەم خۆشباوەڕی‌یە(وەهمە) لە لایەن سەرمایەوە هەمیشە ڕەواجی پێئەدرێت).

هەر ئێستا کاراکتەری سەرکەتووانەی نەرمەواڵەی ئازاد سەرکەوتوویی خۆی سەلماندووە بەوەی ملیۆنان خەڵک پێوەی پەیوەست بوون ، سەدان هەزار پرۆژەی سەرچاوە کراوە هەن کە ڕەگی خۆیان داکوتیوە. سەرکەتوویی هەندێکیان جێ‌ی ئاماژەیە لە نمونەی وێبسێرڤەری Apache ە کە زیاد لە ٥٠% ی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی هەیە ، هەروەها OpenOffice ، یان Mozilla Firefox کە سەدان ملیۆن بەکارهێنەریان لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە.

ناکۆکیەکان لە بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاددا

دوو بیرۆکەی فەلسەفی گەورە هەن لە پشت دروستکردن و دەستەبەرکردنی نەرمەواڵەی ئازادەوە کە ئەوانیش نەرمەواڵەی ئازاد ‘vrije software’ و مۆدێلی سەرچاوە کراوەیە ‘open source’ . زاراوەی نەرمەواڵەی ئازاد کە لە مۆدێلی سەرچاوە کراوە کۆنترە لە لایەن دامەزراوی نەرمەواڵەی ئازاد ‘Free Software Foundation’ ەوە بەکار هێنرا کە لە ساڵی ١٩٨٥ دا ڕیچارد ستاڵمان دروستی کرد. زاراوەی سەرچاوە کراوەش لە لایەن ئیریک رایمۆند و چەند کەسی ترەوە لە ساڵی ١٩٩٨ وەک دەستپێشکەری‌یەکی سەرچاوە کراوە بەکارهێنرا.

ئایا بۆ ئەم جیاوازی‌یە و بۆ گرنگە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ئەچینە سەر باسێک دەربارەی بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد. ئەم بزووتنەوەیە لە کۆتایی ساڵەکانی نەوەدا جیابوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بوو بە دوو کامپ. بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد و ئەوی تریشیان بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە. ئەم دوو کامپە کە بە درێژایی ماوەیەکی زۆرە هەن لە دوو تێڕوانینی فەلسەفی جیاوازەوە دابەشبوون. کامپی نەرمەواڵەی ئازاد بە ئارگیومینتی ئەخلاقی و زیانەکانی نەرمەواڵە داخراوەکان لە پێشخستنی کۆمەلگا دەستیان بە هەڵسوڕان کرد. ئەمە بەهۆی GPL ەوە کە وەک ڕیکخراویکی دۆستانە و ئەنتی کۆمێرشیاڵ ناسراوە بوونە دروستکردنی کامپی سەرچاوە کراوە. ئەمانەی دوایی(واتە سەرچاوە کراوەکان) بەدوای یارمەتی و کۆمەکی کۆمپانیا گەورەکانەوە بوون کە ئەیانسەلماند کە پێشڕەوی‌یەکانی چوونە پێشەوەی تەکنیکی نوێی نەرمەواڵە لە ریگای پرۆسە کراوەکانەوە ئەچن و چوونەتە پێش.

ئەم ناکۆکی‌یە هەر لەسەرەتاوە هەبوو. ڕیچارد ستاڵمان دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد، هەوڵی دا کە ئەو ڕیگەپێدانەی licentie کە ئازادی بەکارهێنەری کۆتایی دەستەبەر ئەکات لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بەکارنەهێنرێن بۆ مەبەستی کۆمێرشیاڵ. یەکێک لەو مافانەی کە GPL نایدات بە کۆمپانیاکان ئەوەیە کە لە بەرهەمە کۆمێرشیالەکاندا نابێت بەکار بهێنرێت. ئەگەر کۆمپانیایەک ئەمە بکات ئەبێت بە ناچاری بەرهەمەکەش ئازاد بکات ( واتە سەرچاوەی کۆدەکەش ئازاد بکات ) ئەمە ئەو شیرپەنجەیەیە کە ستیڤ بالمەر مەبەستی بوو.

لە ستراتیژی بزووتنەوەی سەرچاوە کراوەدا هاتووە کە کۆمەکی کۆمپانیا گەورەکان ئەتوانێت دەستەبەر بکات ، لەمەشدا سەرکەوتوو بوو بۆ نمونە لە بەدەستهێنانی کۆمەکی کۆمپانیا گەورەکانی وەک IBM . بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد ئەوەی سەلماند کە خۆبەخشەکان کە لە چەند گروپی بچوک و ناڕیکخراودا بوون لەسەرتاسەری جیهان چۆن ئەتوانن لە لەشکری ئەو هەموو فەرمانبەر و زانستوانانەی مایکرۆسۆفتیش بە تواناتر بن. بزووتنەوەی سەرچاوە کراوە هەوڵی دا کە ئەم سەرکەوتنە بقۆزێتەوە و لە هەمان کاتیشدا بیرۆکەی ئەنتی سەرمایەداری کە سەرچاوەی لەدایکبوونی نەرمەواڵەی ئازاد بوو لابدات. ئەمە بووە هۆکاری دروستکردنی چەند رێکخراوی تری جیاواز بۆ نمونە وەک ئەپاچە Apache کە پارە بدات بەو زانستوانانەی کە ئەتوانن پێشخستنی نەرمەواڵە دەستەبەر بکەن، بەمەش بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد خرایە لاوە ، هۆکارێکی تریش ئەوەبوو کە بزووتنەوەکەش نەیتوانی کەسانی تر بەخۆیەوە پەیوەست بکات.

گرنگیپێدانی یەکەمی مۆدێلی نەرمەواڵەی ئازاد سیاسیانە‌یە. هەزاران بەرنامەسازی جیهان لە پرۆژەیەکی گشتی و هەرەوەزدا کۆ ئەبنەوە و کار ئەکەن ، سەرچاوەی کۆدەکانیان ئەخەنە بەردەستی هەمووان بۆ ئەوەی بەرهەمی دروستکراو خزمەت بە هەمووان بکات. ئەوەی نیشاندا کەلە باری پراکتیکی‌یەوە لە جیهانی سەرمایەداریشدا ئەوە ئەکرێ کە هەموومان کاری هەرەوەز بکەین لە جیاتی ئەوەی ببینە ڕکابەری یەک. ئەوەی نیشاندا کە هەموو شتێک لە پێناوی قازانج و پارەدا نی‌یە.

لەوانەیە بوتریت کە زۆر هەڵەیە گەر بتەوێت نەرمەواڵەیەکی ئازاد یان سەرچاوە کراوە بکەیت بە شتێکی زۆر دەگمەن، بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئەیبینین تەنها بەشێکی کەمە لە تواناکانی مرۆڤ، بێگومان ئەوە نادروستە گەر بڵێین سەرچاوە کراوەکان هەروەک سۆسیالیزم وان. تەکنەلۆژیا بێلایەن نی‌یە. ئەوەی کە نەرمەواڵەی ئازاد هێشتا دیاردەیەکی بەربڵاو نی‌یە ئەمانخاتە بەردەم ڕاستی‌یەک(حەقیقەتێک) کە هێشتا رێگایەکی زۆرمان لە پێشە بۆ گەیشتن بە گۆڕینەوەی زانیاری‌یەکانمان لەگەڵ یەکتر بە ئازادانە و بە خۆرایی و بە بێ ئەوەی کە وابەستە بین بە کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکانی وەک مایکرۆسۆفتەوە.

نەرمەواڵە بەرهەمێکی بێیەندازە قازانجبەخش

پێشتر ئەوەمان روون کردەوە کە ئەوە نەرمەواڵە خۆی نی‌یە کە کڕین و فرۆشی‌ پێوە ئەکرێت بەڵکو ئەوە رێگەپێدانی بەکارهێنانیەتی. ڕیگەپێدانێکی لەو چەشنە کاتێک باشە کە بەهای پێکەوە ژیانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. لە پرۆژەی نەرمەواڵە گەورەکاندا بە سەدان هەزار کاتژمێر کار لەسەر بەرەوپێشخستنی سیستمێکی بەڕێوەبردنی مایکرۆسۆفت و بەرنامەکانی ئۆفیس سەرف ئەکرێت. بەو هۆیەوە کە بەرنامەکان سروشتێکی ناماددی‌یان (niet-materiële) هەیە بۆیە ئەکرێت کە چەند جار لەبەربگیرێنەوە بە بێ تێچوونی هیچ نرخێک و بەهای تێچوونی سەرەتاییش بە خێرایی پڕ بکاتەوە. لە چەندین باردا بۆ کۆمپانیایەکی وەک مایکرۆسۆفت ڕێگەپێدانەکانی بەکارهێنان بوونەتە کانەکانی ئاڵتوون و بە بەردەوامیش لێی قازانج ئەکەن ئەگەرچی سالانێکی زۆر لەوەپێشیش بەرنامەکان دروستکرابن. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی تری سەرمایە توانای ئەوەیان نی‌یە کە ڕکابەری مایکرۆسۆفت بکەن و سەرمایەگوزاریشیان بێ قازانج ئەبێت گەر بە بەرهەمێکی زۆرەوە نەچنە بازاڕی ململانێوە، یان ئەبێت بەهەمان شیوەی نەرمەواڵەی ئازاد و سەرچاوە کراوە لە سفرەوە دەستپێبکەن و ڕاستەوخۆش لە چونە بازاڕیاندا بکەونە ململانی‌ی مایکرۆسۆفتەوە کە بە کردەوە مۆنۆپۆل و ڕکابەری‌یەکانی‌یەوە لە بازاڕدا ناسراوە.

کارڵ مارکس ئاماژەی بە چوونەسەری ڕکابەرایەتی سەرمایە لە سیستمی سەرمایەداریدا کردووە . لە پیشەسازی نەرمەواڵەدا ئەمە بە مانای ئەوەیە – لە ڕاستیدا وەک هەر پیشەسازی‌یەکی تر – کە کۆمپانیا بچووکەکان جێ‌ی خۆیان ئەدەن بە کۆمپانیا گەورەکان و لەناودەچن” ئەوەی بەشێک لەسەرمایەکانیان لەناو ئەچیت ، بەشیکی تریشیان ئەچیتە سەر سەرمایەی کۆمپانیای کڕیارەوە” ئا لێرەدایە کە مایکرۆسۆفت هەمیشە قازانج ئەکات و بە تەواوی کۆنترۆڵی بنەڕەتی پیشەسازی‌یەکەی لە ژێر چنگدایە. مایکرۆسۆفت بۆ پارێزگاریکردن لە مۆنۆپۆلیەکەی لە بازاڕدا پێشوەخت سیستمی بەرێوەبردنی لەسەر کۆمپیوتەرەکان کە هیشتا نەمان کڕیون دامەزراندووە، هەروەها ئۆفیسی مایکرۆسۆفت کە نەرمەواڵەیەکی داخراوە ئەتوانیت بەکاربهێنیت ( هەڵبەت بۆ ماوەیەک و دواتر ئەبێت بیکڕیت)، هەروەها ئەوەشی ڕیکخستووە کە بەشەکانی کۆمپیوتەر( هاردوێر) گونجاو بن لەگەڵ سیستمە نوێیەکەدا، ئەگەرچی سیستمەکەش خراپ و پڕ لە هەڵەش بێت.

هەر لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەوە سەرمایەداری بەرەو مۆنۆپۆلکردن هەنگاو ئەنێت ، لینین لە نوسینەکەیدا ” ئیمپریالیزم وەک بەرزترین قۆناغی سەرمایەداری ” ئەمەی ڕوون کردۆتەوە. لە سیستمی سەرمایەداری ئەمرۆدا رکابەرایەتی وەک مەسەلەیەکی باش لە قەڵەم ئەدرێت کە گوایە دروستکردن، داهێنان و و توانایی لە پاراستنی ڕەسانەیەتی باشی بەرهەم هان ئەدات. ئەم لێکدانەوەیە سەرتاخوار نادروستە. ئەمە نەک تەنها لە مۆنۆپۆلی مایکرۆسۆفتدا کە تا دێت داهێنانی کەم و کەمتری هەیە بەڵکو پێشخستنی بەرهەمەکانیش دوا دەخات، و هەموو هەڵەی بەرنامەکانی دەمێننەوە و ڕێگەیان پێئەدرێت. مایکرۆسۆفت زیاتر لە خەمی پاراستنی کانە ئالتوونی‌یەکەیدایە وەک ئەوەی لە وەڵامدانەوە بە پێداویستی‌یەکانی کۆمەڵگا. زیاتر سەرمایەگوزاری ئەکات بۆ لەناوبردنی ڕکابەرەکانی لە بازاڕدا لە جیاتی ئەوەی کە بەرهەمێکی باشتر تەنانەت لەوەی ڕکابەرەکانیشی دروست بکات.

سۆشیالیزم و نەرمەواڵەی ئازاد

کۆمپانیا گەورەکان جێورێی مۆنۆپۆلیی خۆیان بەکاردێنن بۆ ئەوەی پێوانەکانی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن. هەڵبەت بەکارهێنانی هەمان پێوانە (standaard) بۆ خۆی مەسەلەیەکی ئەرێیانەیە. کاتێک کەسێک کۆمپیوتەرێکی نوێ ئەکڕێت ، ئەوە دروستە کە ئەو نەرمەواڵە پێویستەی هەبێت کە بە بێ هیچ تێچوونێکی زیاتر بتوانێت بەکاری بهێنێتەوە. هەربۆیە دروستیشە کە کۆمپیوتەر هەمان فۆرماتی فایلەکان بەکاربهێنێتەوە لە چەشنی موزیک و وێنە و … ئەوانی تر بە بێ هیچ کێشەیەک. بەڵام لایەنی خراپ لەم (هەمان پێوانەیی‌یەدا – Standaardisatie ) ئەوەیە کە ئەکرێت کۆمپانیاکان ئەم فۆرماتانە بەکاربهێنن تا مۆنۆپۆلی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و پارێزگاریشی لێ بکەن.

بەشێکی گەورەی ئابوری جیهان وابەستەیە بەم ( هەمان پێوانەیی)یەوە ( فایلەکانی مایکۆرسۆفت ۆرد نموونەیەکی بەرچاون لەمڕوەوە). بڕیاری گرنگ و گەورە لە لایەن ئەم کۆمپانیایانەوە ئەدرێن بە بێ ئەوەی کە بەرپرسیارێتیان لە بەرامبەر هیچ کەسدا ڕوون بکەنەوە. ئەمە بەیانی بە سیاسیکردنەوەی تەکنەلۆژیا ئەکات. لە ئێستادا تەنها هێزێک کە بتوانێت پێوانەکانی نەرمەواڵەی کراوە و ئازاد بەرێتە پێش هێزێکی سیاسی‌یە. لایەنێکی گرنگی تری کێشەکە ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژە کراوەکان لە لایەن ئارەزوومەندانەوە بەرەوپیش ئەبرێن و لەوانەیە لە بڕگەیەکدا بەهۆی کەمی ئیمکاناتی ماددی‌یەوە لەکار بکەون. زۆرینەی کات وایە(بەلام نەک هەمیشە) کە ژمارەیەک لە پرۆژەی ئارەزوومەندەکان لە بەرامبەر نەرمەواڵە داخراوە کۆمێرشیالەکاندا کە هەزاران کەسی زانستوانی کۆمپیوتەریان هەیە شکست دێنێت. بۆ نمونە بۆ زۆرێک لەو کەسانەی کە کاری وێنەسازی ئەکەن کە تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی کەمی نەرمەواڵەی سەرچاوە کراوە و ئازادی هەیە ئەستەمە کە بتوانن رووی تێبکەن بۆیە بە ناچاری ڕوو لە نەرمەواڵە داخراوەکان ئەکەن وەک ئەدۆبە یان ماکرۆمیدیا Macromedia.

لە جەرگەی ئەو گێژاوەی کە لە جیهانی کۆمپوتەردا هەیە ئەستەمە کەسانێک ڕازی بکەیت کە ڕوو لە لینوکس بکەن یان نەرمەواڵەیەکی سەرچاوە کراوە یان ئازاد بەکاربهێنن لە جیاتی داخراوەکان. ئەمە خراپ نی‌یە گەر بکرێت بەڵام ئەبێت سنوورە مۆرالەکانی ئەم ڕووتێکردنەشمان لەبەرچاو بێت. ئەوە خەرافەیە گەر وا بیر بکەیتەوە کە لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا وا بە ئاسانی بتوانیت ئەمە بکەیت ، سیستمەکە بۆ خۆی نایەکسان و نادادپەروەرانەیە و بەرهەمی ئەم نادادپەروەریەش ئەکاتەوە.

نەرمەواڵەی ئازاد تەنها یەکیک لە چەکەرەکانی پێکەوەژیانی نوێ‌یە لەبەر ئەوەی هێشتا هیچ توانایایەکی نی‌یە لە بەرهەمهێنانی ئابوریدا. ئەگەر بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد بە راستی مەبەستیەتی ئەم ڕۆڵە گرنگە ببینێت ئەوا ئەبێت هەوڵ بدات بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا، ئەبێت شێوازی بەرهەمهێنان لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا بگۆڕین و بە یەکێکی سۆسیالیستانە جێ‌ی بگرینەوە کە پشتبەستوو بێت بە پێکەوە ژیان و ئازادی لە دابەشکردنی زانیاریدا.

لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینەدا ( نەک ئەو مۆدێلە کاریکاتۆری‌یە ستالینی‌یانەی کە ولاتە بەناو سۆسیالسیتەکانی حوکم ئەکرد) هیچ جێیەک بۆ ئەو ڕکابەرێتیەی کە ئەمڕۆ ئەگوزەرێت نامێنێتەوە بەڵکو لە جێگایاندا چەند پرۆژەی پێکەوەیی و هەرەوەزی جێیان ئەگرنەوە. لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا شێوازی کارکردنی تر دەستەبەرە کە تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە خزمەتدایە بۆ بەرەوباشترکردن و بەرەوپێشخستنیان. نەرمەواڵەی ئازاد و کراوە تەنها تروسکایی‌یەکی ئەو پێکەوە ژیانەمان پیشان ئەدەن کە ئەکرێت چۆن دیموکراتی وکاریگەرانە کۆمەڵگا بەڕێوە ببردرێت و چۆن داهێنان باشتر ببێت کاتێک کە مرۆڤ ئازاد بکەین و کۆت و بەندەکانی بیرکردنەوەی تێکبشکێنین.

بۆ ئەوەی ئەو کۆت و بەندانەی بەردەم پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا تێکبشکێنین ئەبێت ڕادیکالانە لە بنەڕەتەوە شێوازەکانی بەرهەمهێنان بگۆڕین. وا بێنە پێش چاو کە سەرجەم سەرچاوەی کۆدەکانی مایکرۆسۆفت و کۆمپانیاکانی تر گشتی بکرێنەوە و بخرێنە بەردەستی هەمووان ، ئەو کاتە ئازادانە دابەش بکرێن و پێشبخرێن لە پێناوی خزمەتکردن بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بزووتنەوەی نەرمەواڵەی ئازاد تەنها نمونەیەکە کە پیشانمان ئەدات کە چۆن بەرهەم لە کۆمەڵگەدا – نەک تەنها لە بواری کۆمپیوتەر و نەرمەواڵەدا – ئەتوانرێت بە شیوەیەکی تر ڕێکبخرێت گەر لە کۆت و بەندی قازانجی تایبەت ڕزگاریان ببێت.

بۆ ئەوەی کۆتایی بە باسەکەمان بهێنین هەمان ئەو قسانە ئەکەینەوە کە دەربارەی بیل گەیتس کردمان ” ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە هەموو تەکنەلۆژیا لەبەردەستەکانی ئەمڕۆی کۆمپیوتەر ئەبێت بکرێن بە موڵکی گشتی، لە ژێر سایەی حکومەتێکی دیموکراتی سۆسیالیستیدا کە تەکنەلۆژیا و ماددە خاوەکان بۆ خەڵک دەستەبەر ئەکات و ئەمانەش بە دەوری خۆیان گۆرانکاری بەرەو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی دابین ئەکەن. گۆرانکاری‌یەک کە سیستمی بەرهەمهێنان لە پێناوی قازانجدا هەڵئەوەشێنێتەوە و لە جێگەیدا سیستمێکی ئابوری دادەمەزرینێت کە بەرهەمهێنان وابەستە ئەبێت بە خزمەتکردن بە پێداویستی‌یەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوە.

سەرچاوە : دە فۆنک

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

سەرمایەداری بەرپرسە لە کارەساتی تەندروستی!

بەشی دووەم ڕەوتی نێونەتەوەیی کۆمۆنیست، وەرگیرانی کامەران ئەحمەد ئایا ئەمە نابەرپرسیارێتی چەند کەسێکە یان کورتهێنانی ...