بۆچی دەبێت سۆسیالیست بیت”

“بۆچی دەبێت سۆسیالیست بیت”

ڕۆب سوێڵ /  وەرگێڕانی: هێمن خالید

ئێمە خاوەنی زیرەکی و عەقڵگەلێکین کە ڕۆکێت دەنێرێت بۆ دوورترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر لێمانەوە (پلۆتۆ) هەروەها ماشێنی بێ شۆفێر دادەهێنین، کەچی هێشتا لەبەرامبەر چارەسەری کێشەو گرفتە ڕۆژانەیەکانمان دەستەپاچە و کڵۆڵین”. ئەمە تا چەند ڕاست و ماقوڵە؟ سەیروسەمەرەکانی زانستی مۆدێرن سەرسوڕهێنەرن، بەڵام ناتوانین خانووی تەواو دابین بکەین تا خەڵک بوەستێنین ناچارنەبن لەسەر شەقامەکان بژین! یاخود کاری شایستە و گونجاو بۆ گەنجان دابین بکەین. ئەمە کێشەیەک نیە تەنها ڕووبەڕووی ئەو ووڵاتانە بووبێتەوە کە لەڕووی سەرچاوەی سروشتی هەژار و دواکەوتوون، بەڵکو ئەو خەڵکانەی لە گڵاسگۆ و لەندەن و ساوپاولۆ و قاهیرەش دەژین ڕووبەرووی هەمان کێشەن. لەلایەکی ترەوە، بلیۆنێرەکانی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و هاوڕێ بزنسمانە سوپەر دەوڵەمەندەکانی لە لەندەن و شوێنەکانی تر، خاوەنی کۆشک و ئەپارتمانی ڕازاوە و یەختی پلەیەکی مەلتی ملیۆن دۆلاری و کەلوپەلی هونەری کۆکراوەی بەنرخ و سوپایەک لە ماشێنی گرانبەهان و بەفڕۆکەی تایبەت بەدەوری جیهاندا دەخولێنەوە. هەروەها خاوەنی شۆفێری تایبەت و چەندەها خزمەتکارن کە لەهەموو کاتەکانی ڕۆژ و شەودا لەژێر فەرماندان. کۆبوونەوە و کەڵەکەبوونی سامانی زۆر و دەسەڵات لە چەند دەستێکی کەمدا، بەڕاستی ژیانکوژ و تاقەتپڕوکێنە. بەتەنها هەشتاوپێنج لەو بلیۆنێرانە سەروەت وسامانیان لە کۆی سامانی زۆرینەی دانیشتوانی هەسارەکە زیاترە. لە لەکاتێکدا دەوڵەمەندەکان لە ڕێستۆرانتە ڕاقیەکان شەراب و ژەمی گرانبەها دەخۆن،، دایک و باوکە کرێکارەکان ژەمی مناڵەکانیان پێدابین ناکرێت تا بەبرسیەتی نەچن بۆ قوتابخانە.زۆرینەی خەڵکی ئاسایی لە ئێستادا ناچارن لەکاتی ناوەخت و دوورودرێژدا کاربکەن تەنها تا لەبرسا نەمرن، ئەویش ئەگەر شانسی تەواویان هەبێت لە دەسکەوتنی کارێک. لەکاتێکدا سوپەر دەوڵەمەندەکان سەرگەرمی ڕابواردن و کەیفخۆشین، لەولاشەوە نەخۆشی ئێسکەنەرمە ( بەهۆی کەمی ڤیتامین D) و ئیفلیجی و سیل دووبارە لە شارە وێران و کاولەکانی پاشماوەی جەنگ دەردەکەونەوە. بەخێربێیت بۆ ناو کۆمەڵگای سەدەی بیست و یەک!!!!
. . بەبێ ڕیتم یاخود ژیری

لە کۆمەڵگاکەماندا( کۆمەڵگای گەشەی خێرای ئابوری و مایەپوچی ) مانیفاکتۆرەکان سات لەدوای سات دادەخرێن یاخود ” لەکاردەخرێن” و کرێکاران دەخرێنە سەر چارێتی ( خێر و سەدەقە) و چیتر کارامەیی و لێزانیان خوازراو نیە.کرێکارانی بێئیش چاودەبڕنە کارگە بەتاڵ و بێسوودەکان. ژمارەیەکی زۆری تریشیان بە مووچە و کرێی کەم خراونەتە سەر ئیشی پارت تایم، ئەمە وەک ئەوە وایە کە ووڵات بە چەشنێک لە کارەساتی سروشتی وێران بووبێت. خەڵکی موحتاج و زەروورن، بەڵام توانای کڕینی هیچیان نیە. ئەرێ عەقڵانیەت لە کوێی ئەمە دایە؟ سازشکەر و بەرگریکارانی سەرمایەداری دەڵێن هیچ ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئەم ” وێرانکاری داهێنەرانە” creative destruction نیە و ئەمە تاکە ڕێگای ئیشکردنی بازاڕە_ وەک ئەوەی داخستنی کارگەکان و دەرکردنی خەڵک لە کارەکانیان هاوشێوەی وەرینی چەند گەڵای درەختێک بێت. ئەوان دڕێژەی پێدەدەن و دەڵێن بەڵام ئەمە خەسڵەت و سروشتی مرۆڤە و هەروابووە ( کە ئەمە هیچ ڕاست نیە) و لەبەرئەمە لەداهاتووشدا هەمیشە هەروا دەبێت. ئایا ئەمە خەسڵەت و سروشتی مرۆڤە کە ببینی خەڵکی لە کەلاوەکاندا ژیان دەگوزەرێن یاخود لەسەر شۆستە و شەقامەکان ململانێی مەرگ دەکەن، لەکاتێکدا ئەپارتمان و شوقەکان بەخاتری سەرمایەگوزاری چاوچنۆکانە چۆڵ و خاڵین؟ ئایا ئەمە سروشتی مرۆڤە کە ببینی خەڵک برسین، لەکاتێکدا جوتیاران پارەیان پێدەدرێت تا واز لە زەویە کشتوکاڵیەکانیان بێنن؟ ئایا ئەمە سروشتی مرۆڤە کە ببینی خەڵک تەنها لە بەرنەبوونی قودرەتی کڕینی دەرمان دەمرن؟ ئایا دەبێت وەک هەمیشە بەشێوەیەکی بەردەوام پێمان دەوترێت بە بەشی خۆمان ڕازی بین؟ بۆچی ناتوانین ژیانمان وا ڕێکخەین تا هەموو کەس لەو سامانەی کە هەیە سودمەند بێت لەجیاتی کەمینەیەکی خاوەن ئیمتیاز؟ خەڵکی تەواو مەشقپێکراو بەکارامەیی و لێزانی پێویستەوە هەیە تا گرفت و کێشەکە چارەسەر کەن، کە توانای ناردنی ڕۆکێتەکانیان بۆ ئەودیوی پلۆتۆش هەیە و دەتوانن کاری سەرسوڕهێنەر ئەنجام بدەن. لە ئێستادا بەشێویەکی ڕوون و ئاشکرا سەرچاوەی مرۆیی تەواو هەیە بەوانەشەوە کە چاریتی وەردەگرن. دروستکردنی خانووی تەواو تا خەڵک تێدا بژین دەبێت پرسێکی سەرەتایی بێت. بەس خولەکێک بوەستە! کۆمپانیاکانی خانووبەرە و خاوەن زەویە تایبەتەکان (private landlord ) بزنسمانن. ئەوان تا قازانجێکی مەزن و چەوریان لە بیناسازی و دروستکردنی خانووبەرە دەست نەکەوێت، خانوو شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئەوانە دروست ناکەن کە پێویستیانە. هەموو ئەوەی ئەوان لایەن گرنگ و سەرنجڕاکێشە بریتیە لە پارە پەیداکردن. قازانج نەبێ خانووش نیە. فاکتەکە ئەمەیە، تا خانووبەرە کەمتربێت لیستی چاوەڕوانی زیاتر دەبێت و نرخ بەرزتر دەبێتەوە و پارەی زیاتر پەیدادەکەن. لەم جیهانە بێسەروبەر و فەوزەویەدا، تا سەختی و ئازار زیاتر بێت ئەوا پارەی زیاتری لێ بەرهەمدێنن. بەدڵنیایەوە ئەوان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەم شێوەیە دەریناخەن، لەجیاتی ئەوە هەوڵ دەدەن ئەو شتە بشارنەوە کە ئێستا دەگوزەرێت.
. قومارخانەی سەرمایەداری سەرمایەدارەکان …ئەوانەی بەنزیکی خاوەنی هەموو شتەکانن، تەنها دڵبەست و حەیرانی یەک شتن_ پارە پەیداکردن..واقیعەن ئەوان بەنزیکی هیچ کار ناکەن. زۆربەی سەرمایەگوزارە دەوڵەمەندەکان، بۆ سەرمایەگوزاری و چاودێری پارە کاشەکانیان، بەڕێوەبەر و ژمێریار بەکرێ دەگرن. بەڵام هەتا ئەگەر کۆششی جدیش بکەن، لەڕاستیدا هیچ شتێک لە بەهای کۆمەڵایەتیدا بەرهەم ناهێنن. سەروەت و سامانەکانیان لەکاری ئەوانیترەوە بەدەست دێنن. ئەوان بەهۆی کاری ئەوانی ترەوە خۆراک دەخۆن، پۆشاک دەپۆشن، لە مالەکاندا دەژین و لەبەرامبەریشدا هیچ نابەخشن. کرێکاران زۆر لەوە زیاتر بەرهەم دێنن کە لەبەرامبەردا وەک کرێ وەریدەگرنەوە، قازانجیش لەمەوە سەرچاوە دەگرێ .تەنها ئەوەندە وەردەگرن تا بگەنە کرێی داهاتوو. چەوسانەوەیەکی لەوچەشنە وەک سەدەکانی ناوەڕاست شەفاف و ئاشکرا نیە، کە سێرفەکان (ڕەعیەتەکان) بەزەبری هێز ناچاردەکران کاری خۆڕای بۆ خاوەن زەویەکان بکەن ، بەڵام لەجەوهەردا هەر یەک شتن. سەرمایەدارەکان بە هەموو ڕێگایەک پارە پەیدادەکەن، بەڵام ئەمە بە کاری کەمتر بەدەست دێنن. واقیعەن لەسەدەکانی پێشووتر سەرمایەدارەکان شتەکانیان بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئەمڕۆ بەبێ بەرهەمهێنانی هیچ شتێک تەنها شت دەیانەوێت بریتیە لە پارە پەیدابکەن. ئەگەر سەیرێکی لیستی دەوڵەمەندەکانی ڕۆژنامەی سەندەی تایمز( Sunday times ) بکەی دەبینی کە زۆربەی دەوڵەمەندەکان پارەکانیان لە میرات و مڵک و زەویوزار و بیمە و بانک و خزمەتگوزاری دارایی و شتی لەم بابەتە، دەستدەکەوێت. لەڕاستیدا ژمارەیەکی زۆر کەمیان شت بەرهەم دێنن. ئەوان دراوەکان یاخود بۆندەکان دەکڕن و دەفرۆشن، تەنانەت مامەڵە بە بۆندە ئێکسپایەر و کۆنەکانیشەوە دەکەن. نا نەخێر، ئەوان ئەو بۆندانە لە گەراجی کۆنی ماشێنەکان یاخود مەیدانی سکرابچیەکان هەڵناگرنەوە! بەڵکو بۆندی دارایین لەلایەن ئەو دامەزراوانەوە دروست کراون کە بە ڕیسکی گەورە حسابیان بۆ دەکرێت، لەبەرئەوەی بەشێکن لە قەرزە فێڵاویەکان (doggy debts). بازاڕی کاڵا و سەرمایە، هاوشێوەی قوماری قومارخانەیە، بەداخەوە ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بە هەڵدانی زاری ناودەستی ملیاردێرێکی شیکپۆشەوە پەیوەستە. ئەمە چ شێواوی و فەوزایەکە؟ لەڕاستیدا بۆ ملیاردێرەکان هەرگیز ناکرێت خەسارەت مەندبن، چونکە بۆ ئەوان مامەڵەکردن گرنگە نەک بەرهەمهێنان. ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە پارە پەیدادەکات. دەسکەوت و مڵکیەت و فرۆشتنی پشکەکان: تۆ ناوی بنێ، هەرشتێک بێت دەیکەن، هیچ بەلایانەوە گرنگ نیە چی دەفرۆشن و چی دەکڕن، هەتا چەکی کۆمەڵکوژ و وێرانکەریش بێت، ئەوان تەنانەت داپیرەکانیشیان بۆ پارە و قازانج دەفرۆشن. هەروەکو سەرمایەگوزارێکی بانکی دەڵێت ” هەموو شت لەلایەن چڵێسی و چاوچنۆکیەکی بێ ئەندازەوە کە بزنسەکەمان فراوان دەکات، یەکلای بۆتەوە و بڕیاری لێدراوە”

 

One comment

  1. ده‌ستی كاك هێمن خۆش بێت. بوێرییه‌ك به‌ تیۆرێكی شۆڕشگێڕانه‌یی سۆسیالیستییه‌وه‌ پێویسته‌ تا له‌ ده‌وری كۆببینه‌وه‌ و ده‌ست به‌ خه‌باتی سیاسه‌تێكی ڕوون و ڕاشكاوی سۆسیالیستی به‌ ته‌نیشت تێزه‌كانی ماركسه‌وه‌، بكه‌ین.

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*