له چاوه‌ڕوانی فیلمی “ماركسی لاودا”
لە ئامادەکردن بڕوا فه‌ره‌ج
سه‌رمایه‌داریی هه‌موو شتێك ده‌كاته قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی زیاتری سه‌رمایه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێت، خه‌باتی ڕاسته‌قینه‌ی چینایه‌تی نه‌بێت. ئه‌م كورته‌یه سه‌باره‌ت به فیلمی “ماركسی لاو” ڕیكلام نییه، به‌ڵكو چاوه‌ڕوانییه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا ماركس و ئه‌نگڵسی مه‌زن، هه‌ر ئه‌و هه‌مان ڕابه‌ر و تیۆریسته مه‌زنانه‌ی ئاگایی و خه‌باتی چینایه‌تی و دژه-سه‌رمایه‌داریی و داڕێژه‌ره یه‌كه‌مینه‌كانی تیۆری سۆسیالیزمن، یان فیگه‌ری كاڵایین.
ئه‌م فیلمه هه‌رچه‌نده به‌ناونیشانی “ماركسی لاو”ه‌وه‌یه، به‌ڵام هێنده‌ی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی و هاوڕێیه‌تیی توندی نێوان ماركس و ئه‌نگڵسه هێنده سه‌باره‌ت به ماركس نییه به ته‌نها. فیلمه‌كه هه‌وڵی پیشاندانی ده‌ستپێكی په‌یوه‌ندیی نێوان ماركس و ئه‌نگڵس، گه‌شه‌كردنی په‌یوه‌ندیی و هه‌ندێك له ئایدیا و ئهستانگهكانی به‌رده‌م خه‌باتیان ده‌دات. ماركس كه ڕۆڵی له‌لایه‌ن ئۆگه‌ست دهیهلهوه ده‌گێڕدرێت، لاوێكی شڕۆڵ و هه‌ژار و ئاڵوده‌یه به جگه‌ره‌ی هه‌رزان، هه‌روه‌ها ئه‌نگڵس كه له‌لایه‌ن ستیفن كۆنارسكییهوه ڕۆڵی ده‌گێڕدرێت، كوڕی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌نده كه خاوه‌نی ئاشێكه. كاتێك ماركس و ئه‌نگڵس یه‌كتر ده‌ناسن، ئه‌نگڵس وه‌كو داهێنه‌ری خه‌باتی چینایه‌تی ده‌ناسرێت، به‌ڵام كه دواتر توانا و زیره‌كیی ماركسی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئیتر موعجیبی ماركس ده‌بێت و ناتوانێت چیتر لێی دوور بكه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌وه‌دا كه ماركس ناوازه‌یه له بیركردنه‌وه‌ی ماتریالانهیدا سه‌باره‌ت به دونیا و دیارده‌كان. به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا، ماركس به‌هۆی ئاشنابوونی به ڕوانینه‌كانی ئه‌نگڵس سه‌باره‌ت به چینی كرێكاری به‌ریتانی، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌نگڵسه‌وه. ئا لێره‌وه‌یه، ئیتر ماركس و ئه‌نگڵس ژیانی هاوڕێیه‌تی و هاوفیكریبوونیان ده‌ست پێده‌كه‌ن.
له فیلمه‌كه‌دا چركه‌ساتێكی گرنگ دێته پێشه‌وه كه هه‌ردوو ماركس و ئه‌نگڵس به ڕێكه‌وت خاوه‌ن ئاشێكی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بینن كه هاوڕێی باوكی ئه‌نگڵسه: ماركس ساردوسڕانه ڕووبه‌ڕووی خاوه‌ن ئاشه‌كه ده‌بێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵێك له كاره‌كه‌یدا ده‌چه‌وسێنێته‌وه و پێی ده‌ڵێت ئه‌و هێز و فشاره‌ی بازاڕ كه ئه‌م چهوساندهوهیهت لێده‌خوازێت به‌رامبه‌ر به‌و منداڵه یاسای ئاسمانیی نییه، به‌ڵكو بریتییه له ناچاریی و كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان. به‌ڵام خاوه‌ن ئاشه‌كه به مۆڕهكردن و مۆنییه‌كه‌وه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێت ئه‌م ڕسته‌یه بۆنی “عیبری” لێدێت.
ئه‌م فیلمه له ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری هایتی “ڕاوڵ پێكه Raoul Peck” كه له هه‌مانكاتیشدا پاڵێورای خه‌ڵاتی ئۆسكاره بۆ دۆكۆمێنتاری به‌ناونیشانی (من نیگرۆ “ڕه‌ش پێست”ی تۆ نیم).