ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و گوزەرێکی کوورت

ساڵی ١٩٩١ هێرشی ئەمریکا وهاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق دەستی پیکرد ، حکۆمەتی بەعس کەوتبوە بەرامبەر جەنگێکی گەورەوە ، خۆخەمڵاندنی ئەمریکا بە دژایەتیکردنی دیکتاتۆریەت و ڕزگارکردنی خەڵکی عێراق !! و بونی بیانوی هێرشکردنە سەر کوەیت لە لایەن عێراقەوە سیناریۆکەی تەواو نەخشاندبو ،  هەموو ڕای دەوڵەتانی عەرەبیان خستە ژێر هەژمونی خۆیانەوە ، هەموو باڵەکانی بۆرژوازی جیهانی کەوتنە ژێر هەژمونی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ، سەرەڕای هاتنەمەیدانی خەڵکی ئازادی خوازی ئەوروپا و ئەمریکا و جیهان دژی جەنگك، جەنگ ڕویدا.

بوونی حکومەتی بەعسی بۆرژوازی و تەمەنی پڕ لە تاوان و دوژمنکارانەی دژی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان و شکستی لەبەرامبەر هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و لاواز بوونی هێزە سەرکوتگەرەکانی، فرسەتی ئەوەیدا بە خەڵکی عێراق کەبێنە مەیدان و هەڕەشە دروست بکەن لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی عێراق، و لە یەکەم هەنگاودا لە خواروی عێراق ڕاپەڕین دروست ببێت و پەلاماری هێزەکانی دەوڵەت بدەن …و لە چەند شاری خواروی عێراق . هەموو هێزەکانی حکومەت پەلاماری ڕاپەڕینەکەیان دا و هەر زووش سەرکوتی خوێناوی کرا .

هەمان فرسەت لە کوردوستان دروست بوو، هێزە کوردییە ناسیونالیستییەکان بەرەیەکیان لەودیو سنورەکانەوە بەناوی بەرەی کوردستانییەوە دروست کردبو، بزوتنەوەی کۆمۆنیستی ئەو کاتانە کەوتبونە خۆڕێکخستن و ئەو ڕێکخراوانەی کە هەبوون ئامادەکارییان کردبوو بۆ ڕاپەڕین لەناو جەرگەی شارەکانی کوردستان ….

ئەوەی ( ڕوویدا ) دەستپیکی ڕاپەڕین بە هاتنە مەیدانی کرێکاران و زەحمەتکیشانی کوردستان بوو بۆ بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتدارێتی حکومەتی بۆرژوازی بەعس کە بەتەمەنی حکومڕانێتییان دەستیان سووربوو بە خوێنی تەواوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق بە کوردو عەرەب و ….، وە دەورو نەخشی ڕەوتی کۆمۆنیستیش بایەخی بناغەیی خۆی هەبوو کە ئەوکات لە چەند ڕێکخراو و گرروپدا بوونیان هەبوو و ڕابەرایەتیکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق دژ بە دەوڵەتی سەرمایەداری بەعس و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتدارێتییەکەی ڕێک ئەخست .

ڕاپەڕین ڕویدا ، شوراکان بە بانگەشەی کۆمۆنیستەکان و هێزە سۆشیالیستییەکان بەدەر لە هەر لێکدانەوەیەک بۆ نەبونی سیاسەتێکی ڕۆشنی کۆمۆنیستی و لێکدانەوەیەکی دروستی مارکسیستی لە سەر هەل و مەرجی چینایەتی و ئامەدەیی چینی کرێکار بۆ شۆڕش و …تاد و هەژموونی ناسیونالیستی کورد ، و دەور و نەخشیان لە بەناکام هێشتنەوەی شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و….تاد  بووەخاڵێکی بەهێزو درەوشاوەی ڕاپەڕینەکە .

یادکردنەوە !!!

هەموو ساڵێک کە بەرەو سەرەتای مانگی ئازار ئەڕۆین باسی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان دێتە پێشەوە، و هەموو هێزە سیاسییەکان لەو پەڕی ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپ قسەی لەسەر ئەکەن . گەر باسی ڕۆژەکانی ڕاپەڕین و ئەو هێزانەی کە ڕۆڵ و کاریگەرییان هەبوو، یا ڕاپەڕین لە سایەی چ هەل و مەرجێکی سیاسی و جیهانی ڕویدا وهۆکارە بنچینەییەکانی چی بوو ڕەنگە نەتوانین  قسەی زۆری لەسەر بکەین  لێرەدا و لەوەیە کاتی نەبێت  .

یادکردنەوەی ڕوداوە گرنگە سەرەکییەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بۆ ئێمە وەک کۆمۆنیست و چینی کرێکار، مانای پییاچوونەوەیە بە ناوەڕۆکی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سایەی ئەو ڕوداوو ئاڵوگۆڕانەوە هاتونەتە ئاراوە و کارکرد و کارلێکی هەبووە لە سەر ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و چینایەتی . ئەو ئاڵ و گۆڕانەی کە بەسەر ئایندە و ئایدەی سیاسی کۆمەڵگای کوردستان هاتووە ، بەهیچ جۆرێک بەدەر نیە لە مێژوو و کارلێکی هێزە جیهانی و ناوخۆکان و ڕۆڵ و کارکردیان و گەشەو نەشونمایان و دواتریش خۆسەپاندنیان و قۆستنەوەی هەل و مەرجەکە بە قازانجی چینایەتی خۆیان لە جەرگەی ڕوداوەکانی  کە ئەوکات ڕوییدا.

 

ئەم هەلومەرجەی کە ئێستا کوردوستانی پیا تێئەپەڕێت زادەی هەمان کارکردی ئەو هەلومەرجە سیاسییەیە کە ٢٥ ساڵ لەمەوبەر گوزەری کرد کە بەشێکی سەرەکیشی فریودانی چینی کرێکار و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بوو بە بانگەشەی دروستکردنی بەهەشتی کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆو هێنانەدی خەونی لەمێژینەی نەتەوەپەرستە کوردەکان !!…،و خۆڕێکخستنی هێزە ناسیونالیستەکانیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و بردنی پشکی خۆیان لەو بارودۆخەی کە هاتبووە ئاراوە و بەدوای سات و سەودای خۆیاندا ئەسوڕانەوە و زۆر جاریش ئەبونە مەقاشی دەستی ووڵاتانی دراوسێ و هەر دەوڵەت و دەستەو تاقمێک کە کۆمەکیان بکات بۆ هێنانەدی خەونەکانیان.

دوای تێپەڕینی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە حوکمڕانی بۆرژوازی کورد و هەل و مەرجێک کە بەسەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانیان هێناوە ، و لای هەموانیش ئاشکرایە ، لەم ڕۆژانەدا هەڵاو زەنای شانازییان بە ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەست پێئەکەنەوە و خاوەندارێتی خۆیان بۆ یەخسیرکردنی چینی کرێکاری کوردستان و تەواوی باشمەینەتانی کوردستان دووپات ئەکەنەوە و بۆ ئێمەش یادکردنەوەی ڕاپەڕین و شوراکان خەبات و تێکۆشانی بەردەواممانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نیزامی سەرمایەداری و خۆڕێکخستن و ئامادەکاریمانە بۆ شۆڕشی کۆمەڵانەتی و کۆتایی هێنان بە نیزامی کاری کرێگرتە بە سودوەرگرتن لە هەڵەو کەموو کورتییەکانمان لە ڕابردودا.

شوراکان لە کوردستان

تەنیا بزوتنەوەیەکی جەماوەری کەلە جەرگەی ڕاپەڕیندا سەری هەڵدا ( بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە چین و ڕەوتەکانی خواروی کۆمەڵگا ) و بووەتە ئەزموونێکی گەورە کە هەموو کات بزوتنەوەی جەماوەری ستەملێکراوانی خواروی کۆمەڵگە ئەتوانێت سودی لێ ببینێت، بزوتنەوەی شوورایی بوو لە شوێنی کار و ژیاندا ، ئەو بزووتنەوەیەی کە هەم لە ڕیزی پێشەوەی ڕاپەڕین و دەستپێشخەری هێرشکردنە سەر دەوڵەتی بۆرژوازی بەعس بوو، هەم پارێزەری دابینکردنی خواست و ئاواتە پەنگ خواردوەکانی چینی کرێکارو ستەم لێکراوانی کۆمەڵگە بوو، سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی دەست بەسەراگرتنی کۆمەڵگەو چەسپاندنی شێوازی خۆبەڕیوەبردن و دواتریش هێرشی بەرەی کووردستانی قەوم پەرست و خۆسەپاندنیان بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا .

لە یادی ڕاپەڕین و شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا ئەبی ئەو ئەزمونە بکەینە کاری پایەییمان بۆ خەبات و تێکۆشانی سٶشیالیستیی ئایندەمان و بیکەینە بەشێک لە سیستەمی خۆبەڕیوەبردنی کۆمەڵگا ، و ئەوەش ڕونە بۆ خەڵکی کوردستان کە تەنها پشت بەستن بە هێزی یەکگرتوو و هۆشیارانەی خۆیان ئەتوانن کۆتایی بە هەلومەرجی نالەباری ژیانیان بێنن، و ئەگەر لەساڵی ١٩٩١ خۆشخەیاڵ بوون بەم بۆرژوازییە کوردیانە و حیزبەکانیان و بانگەشە فریووکارانەکانیان ، و ئەو درۆو دەلەسانەی کە بۆ کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی و شوراکان ئەیانکرد ، بەتەواوەتی دەرکەوتووە و ڕوونبوەتەوە کە ئەوان هیچ نین جگە لە هۆکارەکانی مانەوەی ستەم و چەوساندنەوە بە زمانی کووردی .

لەیادی ڕاپەڕین و شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا با تێکۆشانمان بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی چینایەتیمان بێت بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیزامی کاری بەکرێ و خۆڕێکخستنی چینایەتیمان بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسێنەرانی سەرمایەدار و بۆرژوازی گەندەڵی دژی ئینسانی .

 

ئیبراهیم عومەر

سەرەتای ئازاری ٢٠١٧

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ملیۆنان کرێکاری جلوبەرگ و ڕستن وچنین لەبەردەم هەڕەشەی بێکاری و برسێتیدا!

کامەران ئەحمەد شەقامەکانی ئەمستەردام ،لەندەن، بۆن و بروکسل کە تا درەنگانی شەو لە جووڵەی هاوڵاتی ...