کاسترۆ ڕۆشت!!!!……سۆشیالیزمی مەکتەبی مایەوە…..                 فواد محمد

‌قسە زۆر ئەکرێت لەسەر مردنى ڤیدل کاسترۆ ، بە پێویستم زانى ئەم چەند دێڕە بنووسم. ڕاستە ئێمە ئێستا لەمیانەى هەڵسەنگاندنى ئەزموونى کوبا نین یا ئەژمارکردنى سەرکردەکەى وەک  کۆمۆنیستێکى نەمر، بەڵکو لەکاتى باسکردن لە مردنى کاسترۆ بەزەروورى ئەزانم ئەو پرسیارە بکەین،  ئایا ئێمەبانگهێشتکراوین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دەزگا ڕاگەیاندنەکانى ڕۆژئاوا کە دووبارە هەوڵ ئەدات ئاگاهانەلە ناشتنى تەرمى کاسترۆدا تووند بزمارى تابووتى ئەخیر سەرکردەی “شیوعى” داکوتێت  !!.. یا چیتر ؟ ئەگەر  ڕووبەڕووبوونەوە ئەخوازرێت !! چۆن دەبێت ڕووبەڕوو ببینەوە ؟ دۆزى مافەکانى مرۆڤ !.. دیموکراسییەت ! دیکتاتۆرییەت و تێگەیشتنەکانى..!!…

سیاسەتمەدارانى ئۆردووگاى ڕۆژهەڵات و ڕۆشنفکرانیان دەیان ساڵ تێکۆشاون لە دژى ئەم تێگەیشتن و کەمپینە ڕۆژئاواییە، لەسێبەرى ململانێى نێوان ئۆردووگاکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ….وگومانیشى تێدانییە ئەگەر سەرمایەدارى جیهانى بیویستایە ( کە بەڕاستى ئەشیەوێت ) ئەم ڕووداوانە بقۆزێتەوە لە پێناو دەستپێکردنى کەمپینێکى دووژمنکارانە بۆ سەر مرۆڤایەتى، ئەمجارە کەمپینەکەیان و هێرشەکەیان  لە سێبەر ى بازنە و دۆسییە کۆن و لەناوچووەکاندا دەستپێناکەتەوە .ئەوەى کە لاى هەموو کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ئاشکرایە کە ئیمپریالیزم و سەرمایەدارى لە نووکى پێیەوە تا تەوقى سەرى نووقمە لە پێشێلکارى مافەکانى مرۆڤ!.. لە مافى نیشتەجێبوون و کۆچکردن و فیربوون و کارکردن…..و تاد، و ئەم دەیەى دوایش سەلمێنەرى بەدترین کردەوە و پێشێلکارى ماف و حورمەتى مرۆڤ  و بوونى مرۆڤ بووە بەشێوەیەکى وەحشەتناک و قێزەون کە مێژووى لەمەوپێش بەخۆیەوە نەیبینیوە بەم دڕندەییە.

ئەوەى کە سەرمایەدارى و نیزامەکۆمەڵایەتییەکەى لە تراژیدیا و کاولکارى و  داماوى هێناویەتى بەسەر کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیدا ، وایکردووە کە بەدەستهێنانى هەندێ خزمەتگوزارى تەندرووستى و کۆمەڵایەتى و فێربوونى خۆڕایی و هەندێ چاکسازى کۆمەڵایەتى …و تاد، ببێتە خەونێک کەنەتوانرێت  وازی لێبهێنرێت و لە دەستى بچێت.

بێبەریبوون لەسادەتایترین خزمەتگوزارى تەندرووستى و کۆمەڵایەتى،هەژارى ونەدارى وجەنگ و کاولکارى،پەراوێزخستنى مرۆڤ و مۆرکردنى بەهاو سوونەت و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان (چەند زیاتر بۆى کرابێت )بەلێدانى مۆرى نیزامى بەکاڵاکردنى سەرمایەداری و چەوسانەوەى ڕەگەزى وجیاکارى لەسەر بنچینەى ڕەنگ و نەتەوە و بیروباوەڕ و تیرە….. ئەمە ئەو نیزامە وەحشى وزۆر قێزەونەیە..

ڕاستە بەدەستهێنانى ئازادى سیاسى ومافە مەدەنى و دیموکراتییەکان و فراوانترین  چاکسازى ئابوورى و کۆمەڵایەتى لەژێر سایەى کۆمەڵگاى سەرمایەداریدا نەک تەنها داخوازییەکى ئینسانى ڕەوایە، بەڵکو پێوویستیشە بۆ تیکۆشانى خەبات لەپێناو هەڵوەشانەوەى نیزامى کارى بەکرێ و خاوەندارێتى تایبەتى بۆرژوازى..

ئەگەر کۆمۆنیزم هەڵگرى ئەو ئاسۆ و ئامانجەیە کە کۆمەڵگاى بەشەرى لەهەزاران ساڵ پێش ئیستا وە هەوڵ ئەدات بۆ بەدیهێنانى، و ڕەنگدانەوەى خەونى مرۆڤە بۆ ڕزگاربوون و دەرچونى تواناکانى مرۆڤ لە دێر زەمانەوە و کۆتایهێنانە بەوەى کە مرۆڤ گیرۆدەى بووە لە زەوتکردن و نامۆکردنى کۆمەڵایەتى لە بەرزترین شێوەیدا … وە ئەگەر نیزامەکۆمەڵایەتییەکەى کۆتایی دەهێنێ بە فریودان و چەوساندنەوەى مرۆڤ، و هەڵوەشاندنەوەى کۆمەڵگاى چینایەتى ، ڕەوانییە بچووککردنەوەى هەموو ئەم ئاوات و ئاسۆیەو بەراوردکردنى بە بەدەستهێنانى خزمەتگوزاری تەندرووستى و خوێندنى بەخۆڕایی …

ئاسۆى سۆسیالیستى زۆر دوورترە لەم بەراوردکردنانە، کە ئەکرێت لەنێوانى سیستەمێکى ئاسایشى  خزمەتگوزارى و سیستەمێکى تر کە ئاسایشى دابین نەکردووە، بەراوردکردنى دیموکراتییەتى شێخەکانى خەلیج و بینوشە بە دیکتاتۆریەتى کاسترۆ ، یا ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستیانەى کە کاسترۆ دابینى کردبوو بە دەرزى شەلەلى مناڵان کە ێدام حسین دابینى کردبوو، لە نێوان شۆرشگێڕێتى کاسترۆ و سەنگەرلێدانى لە ئۆردوگاى سۆشیالیستیى و بەرەنگاربوونەوەى ئیمپریالیزمى ئەمریکى و کۆنەپەرستێتى شا حوسەینى سەرکردەى کۆمەڵکوژییەکانى ئەیلول .

سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم وەک ئەڵتەرناتیڤێک و ڕەخنەیەکى کۆمەڵایەتى بەهیچ جۆرێک پەیوەندی نییە بە باش یا خراپى ئەم نیزام یا ئەو نیزامى سەرمایەدارییەوە، پێوویستییەکى مرۆڤایەتى ڕیشەییە لە بزووتنەوەى مێژوویی کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەرەو ئازادى و ڕزگارى یەکجارى .

من لەو بڕوایەدانیم ئەگەر  ئیستا نیزامێکى سۆشیالیستى هەبوایەو کۆمەڵگایەکى سۆشیالیستى بەڕێوە ببردایە، دەروازەکانى سنوری  کێلون نەئەدا بۆ راِنەکردنى دانیشتوانەکەى  بۆ دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانى ( پارێزەرى دیموکراتییەت و مافى مرۆڤ  ) و داواکردنى پەناهەندەییى سیاسى، بەڵکو وێنەکە بە پێچەوانەوە ئەبوو، بە ملیۆنەها سنوورەکانیان ئەبڕى بۆ ئەو دەوڵەتە بۆهەستکردن ئەگەر بۆ جارێکیش بووە بە بوونى مرۆڤایتییان ، ئەمە گێڕانەوەى چیرۆکێکى خەیاڵیى نییە … ئەوە ڕاستییەکە …ئەوە سۆشیالیزمە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*