ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوەی خاکی پیرۆز! : ئیبراهیم عومەر

باسی  ڕیفراندۆم بۆ مانەوە یان جیابوونەوەی کوردستان، پاش چارەکە سەدەیەک لە دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوورد بە سەر زۆربەی زۆری “خاکی کووردستانی عێراق ” و ئەزمونی داسەپێنراوی ڕابردویان کە جۆرێک بووە لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی ئەم ئەحزابە بۆرژوازیانە و سەربەخۆیی نەتەوایەتییان ، سەربەخۆیی بەتاڵانبردن و ساتوسەوداپێکردنی هەموو (خاک و نیشتیمانی پیرۆز !)، بەتاڵان بردنی نەوتی دڵ و قودسی کوردستان( بەهەشتی سەرمایەداران و دۆزەخی کرێکاران و تەواوی خەڵکی نەدار) ، کوردستانێک کە بێکاری، بێخانەولانەیی، نەبوونی و هەژاری، ونەبونی سەرەتاییترین خزمەتگووزاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و نەدانی موچە و دەستبەسەراگرتنی مووچەی کردووەتە دیاری…..و سەدان موسیبەتی تر کەژیانی تاڵ کردووەو ( خاکی پیرۆزی ) کردووە بەخاکی کەڵەکەکردنی سەرمایەو سەروەت و سامان بۆ سەرمایەداران و بۆرژواکان و ئێستاش ئەیانەوێت بە ڕیفراندۆم بۆ جیاکردنەوەی لە عێراق بە شێوەی ڕابردوو پیرۆزتری بکەن !
 ڕیفراندۆم بۆ بۆرژواکانی هەرێمی کوردستان فەرمیکردنەوەی چەوساندنەوەی زیاتر و چاوچنۆکی و مسۆگەرکردنی گرێبەستە نێودەوڵەتیەکان و دەستکەوتی ئابوری زیاترە ، کە بۆ چینی کرێکار ژیانێکی پڕ لە تراژیدیای زیاترە، ژیانێکی خراپتر لەوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوو کە هیچی لێ ناچنرێتەوە، و جارێکی تر فەرمییەتدانە بە بۆرژوازی کورد بۆ هەڵبژاردنی ئایندە و بەلاڕێدابردنی زەین و ئاگایی تەواوی خەڵکی کوردستان بەچینی کرێکار و کارمەندان و مامۆستایان و قوتابییان و…بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە و فشارخستنە سەر حکومەتە بۆرژوازییەکەی عێراق.
 ئەوەی چەند ساڵی ڕابردودا لە کوردستانی عیراق گووزەراوە، ژیانی خەڵکی بەرەو لێواری مەرگێکی شێنەیی بردوە، و تەواوەی پایەکانی بەڕێوەبردنی ژیانی لێکهەڵوەشاندووەتەوە و قابیلی قبووڵکردن نەماوە، بۆرژواکان و حکومەتە کووردییەکەی بەناوی ڕیفراندۆم و جیاکردنەوەی کوردستان خەریکی هەڵخڕاندنی هەستی نەتەوەییەو بۆ دەربازبوون لە تووڕەیی و هاتنە مەیدانی چینی کرێکار و نەدارانی کۆمەڵگە، بەم جۆرە ئەیانەوێت خۆیان و گرێبەستە نەوتییە ٥٠ ساڵەو ٧٠ ساڵەکانیان لەگەڵ بۆرژوازی جیهانی و ووڵاتانی ناوچەکە ڕزگار بکەن.
 تەنها ڕێگاچارە بۆ ڕزگاربوون لەم ژیانە ناهەموار و مەرگ هێنەرە، هەڵوەشاندنەوەو ژێرەوژوورکردنی تەواوی نیزامی کاری کرێگرتەیە، نیزامێکی نابەرابەر کە لەسەر چەوساندنەوە و دزینی هێزی کاری کرێکاران دامەزراوە، نیزامێک کە قەیرانی ئابوری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، نیزامێک کە دەوڵەت و پۆلیس و ئاسایش و دەزگا و میدیای ڕاگەیاندنی بۆ پاراستنی سەرمایە و سەرمایەدارانە، جا ئەو دەوڵەتە کە خۆڵی پێ ئەکەنە چاوی ئێمە ( نەتەوەییە ، سکۆلار،و لیبراڵ ود.یکتاتۆرە…) هەمان هەلومەرج ئەپارێزێت کە خاوەندارێتی بۆرژوازییە. تەنها ڕێگە دامەزراندنی نیزامێکی تری تەواو جیاوازە کە مرۆڤ خۆی خۆی بەڕێوە ببات و دادوەری کۆمەڵایەتی تیا مسۆگەر بکات و چارەنوسێکی پرشنگدار بۆ خۆی دابین بکات و کاری هاوبەش و دابەشکردنی هاوبەش بکاتە پرۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتیی  سٶشیالیزم و سیستەمی سۆشیالیستییە. 
 تەنها ڕێگە چارە و ڕێگەی یەکجاری یەکگرتن و یەکڕیزیمانە و لە جیاتی چوونە پای سندوقی دەنگدان، بەم بۆرژوازیانەی کوردستان بڵێین ئێوە نەک مافتان نییە ڕیفراندۆم بکەن ئەبێت خۆتان و حکوومەت  پەرلەمان و دەسەڵاتەکەتان بڕۆن و دەستکۆتایان بکەین لە مژینی گیانمان و دزینی ژیانمان.

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*