هەندێک جار لەوەیە لێکدانەوەیەکی سیاسی لەسەر بابەتێکی سیاسی دیاریکراو بخەیتە بەرباس و ڕەخنەی لێبگریت لە ڕوانگەیەکی چینایەتییەوە و بتەوێت دەرئەنجامەکەی چوونەپێشی ئاگایی چینایەتی لێبچنییتەوە ، و خەباتی چینی کرێکار و نەدار و بێبەشانی کۆمەڵگەی پێبچێتە ئاستێکی تر بۆ بەرژەوەندی چینایەتی خۆی ! هەندێک زهنی و دوور لە بنەمایەکی زانستی ( سیاسی و کۆمەڵایەتی ) لێ دەرچێت ، یان تەنها ببێتە لێکدانەوەیەکی ئەکادیمیکی دابڕاو، لە مێژوودا !!
ئەوەی مەبەستمە لەم بابەتەدا باسی بکەم لێکدانەوەیەکی “مەنسوورحیکمەت ” ( لەسەر کوردى عيراقى” هاوولاتيى كوێيه؟) کە ڕابەر و خاوەنی خەتی ( کۆمۆنیزمی کرێکارییە ) و لەم چەند مانگەی دواییدا پرۆژەی ڕیفراندۆم ( بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عیراق ) بڕیاری لەسەردراوە لەلایەن پارتی بۆرژوازیی کوردی فەرمانڕەوا، پارتی دیموکراتی کوردستان، وخراوەتە ڕوو و ژاوەژاوێکی ڕاگەیاندنی بۆ بەڕێخراوە و کۆمەڵگای کوردستانی دەرگیری کێشمەکێشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە و هەموو هێزە سیاسییە بۆرژوازییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان قسەی لەسەر ئەکەن، لەم نێوەشدا کۆمۆنیزمی کرێکاری بە هەموو ڕا جیاوازەکانییەوە و کەوتوونەتە تەبلیغات بۆ ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوەی کووردستان لە عێراق و پێکهێنانی ( دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و غەیرە مەزهەبی و سکۆلار ) بەو هیوایەی ببنە بەشێک لەدامەزراوەکانی ئەو دەوڵەتە بۆرژوازییە.
ئەم باسە ئەوەنییە، کەچینی کرێکارو خەڵکی بێبەش و نەداری کۆمەڵگای کوردستان، لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوودا لە سایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازیی نەتەوە پەرستی کوردستاندا، ژیانی لەباری ئابووری و سیاسیی و تەنانەت کەلتووریی و….تاد چی بەسەر هاتووە ! کە هەمووی بەستراوەتەوە بە بوونی نیزامی کاری کرێگرتە، بەڵکوو باسەکە لێکدانەوە و هەڵپەو پێشبڕکێی کۆمۆنیزمی بۆرژوازییە( کۆمۆنیزمی کرێکاریی) بۆ پاراستنی دەسەڵاتی چینایەتی ئێستای کوردستان. ئەوەی بەلای منەوە گرنگە پەردە هەڵماڵینە لەسەر ئەم( کۆمۆنیزمە سکۆلار و بورژوازییە ) بۆ چینی کرێکار و کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان . میتۆدێک کە ئەم ڕەوتە هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە هەی بووە و ئاماجێک کە خسوویەتییە بەردەمی خۆی تەواو جیاوازە لە بەرژەوەندی چینی کرێکار و تێکۆشان بۆ سۆشیالیزم . ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە، ئەم ڕەووتە بۆرژوازییە خەریکە بە ناوی کۆمۆنیزم، و بەرژەوندی چینی کرێکار و سۆشیالیزمەوە، قسە و بانگەواز ئەکات ویەکێک لەو دڕکە ژەهراویانەی کە هەمیشە کاریگەری هەبووە لەسەر چوونە پێشی خەبات و تێکۆشان بۆ گۆڕینی سەراپای نیزامی سەرمایەداری و ژێرەوژوورکردنی ، سۆشیالیزمی بۆرژوازی وئەو بەناو کۆمۆنیستانە بوون، کەلەئێستادا لە عیراق و کوردستان کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەو ئەرکەی خستووەتە سەرشانی خۆی و بۆ پرۆژەکانی بۆرژوازی کورد جوانکاری ئەکات و بانگەشەکانیان بۆ ڕیفراندۆم و ( جیابوونەوەی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەتێکی غەیرە قەومی و غیرە دینیی وپێکهێنانی حکوومەتێکی سکۆلار و پێکهێنانی کۆمیتەکانی ڕیفراندۆم ….تاد بە هەندێ گلەیی لەهاوچینەکانی (بۆرژوازی کوورد ) ، ژەهراوی چینەباڵادەستەکان بڵاودەکاتەوە و دەهۆڵە ژەنگاوییەکانی خستووەتە کار کردن .ئەگەر تەماشای باسەکە بکەین:
مەنسووری حیکمەت ئەڵێت :{هيچ تهبهعييهتيكى وولاتييان نييه. كوردستانى عيراق بى قانوونە(ههر قانوونيك ) و بێ دهوڵهته (ههردهولهتيك ) } ، ئەگەر لە ڕوانگەی مارکسەوە سەبارەت بە ووڵات و دەوڵەت و قانوون بڕوانیینە بەرژەوەندی چینی کرێکار و جێگاو ڕێگای چینی کرێکار لە ( هاووڵاتی بوون ) و نەبوونی ، و ( دەوڵەت ) جا (هەر دەوڵەتێک بێت ) و دانانی قانوون، جا ( هەر قانوونێک بێت ) زۆر هەوڵی ناوێ بۆ دیاریکردنی جێگاو ڕێگای کۆمەڵایەتی و چینایەتی ئەم ڕەوتە سیاسییە بە ڕابەرایەتی مەنسور حیکمەت . ئایا ئەوە ڕوون نییە کە خەریکی داڕشتنی چ میتۆدێکە لەسەر دەوڵەت و قانون؟ دەوڵەت و قانوونێک کە پارێزگاری سیستەم و نیزامی خاوەندارییەتی بۆرژوازییە ، دەوڵەت و قانوونێک کە هاووڵاتی بوون بۆی چەوساندنەوە و نامۆکردنی مرۆڤە، کە بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگە، بەرهەمهێنەرن و بەشەکەی تری ( کەمتریین بەشی ) دەستییان گرتووە بەسەر هەموو بەرهەمهێناندا و بە هۆی ئەو دەوڵەت و یاسایەوە ( هەر قانوونێک بێت و هەر دەوڵەتێک بێت ) جا کۆماری بێت یان پاشایەتی بێت یان سۆشیال دیموکرات و……یان سکۆلار، کوردی بێت یان عەرەبی و فارسی و ئئینگلیزستانی،خەریکی پارێزگاریکردنن لەهەمان سیستەمی سەرمایەداری .ئایا ئاغای حیکمەت هۆشداری نادات بە پارتە کوردییە بۆرژوازییەکانی کووردستانی عیراق، کە با فریا کەوین ئەو دەڵەتە دامەزرێنین و ئەو قانوون و دەستورە داڕێژین کە هاووڵاتی بوون بپارێزن بە دەوڵەتێکی سەرمایەداری، و هاوڕێبازەکانی ئاغای حیکمەتیش داواکارن کە با ئەو دەوڵەتە ( ئەگەر بکرێت با سکۆلار بێت ) .
مەنسور حیکمەت دواتر ئەڵێت : { پهرلهمان، بهبى حهقى حوكمرانيى مانايهكى نييه. ههروهك چون كه بهرنامهريژيى ئابوورى، بهرههمهينان، ريكخستنى خزمهتگوزارييه كومهلايهتييهكان، صحه، فيركردنو بارهينان، نهزمو ئاسايشو بهرقهراركردنى قانوون بهبى يهكلاكردنهوهى مهسهلهى دهولهتو حوكمرانى مانايهكى نييه }. لێرەدا زۆر ڕۆشنتر هۆشداری ئەدات بە هاوچینەکانی لە بۆرژوازی کورد ، کە ئیتر ئەم فرسەتە لەدەست مەدەن ( پەرلەمان ) کە داتان مەزراندووە (حهقى حوكمرانيى ) بۆ بەدەست بهێنن ، چونکە ئەگەر (بهرنامهريژيى ئابوورى، بهرههمهينان، ريكخستنى……. و بهرقهراركردنى قانوون ……) ئەکەن، بەبێ ئەم مافی حوکمڕانییە هیچ مانایەکی نییە . دیارە خۆ مەبەستی لە بەرنامە ڕێژی ئابووری ( سۆشیالیستی ) نییە ! واتە بەبێ یەکلاییکردنەوەی دەوڵەت ( ئامرازە سەرەکییەکەی دەستی بۆرژوازی ) ناکرێت چینی کرێکار وەباربهێنرێتەوە بۆ وەبەرهێنانەوەی ئابوری کە ئەو دەوڵەتە ( هەر دەوڵەتێک بێت ) ئەبێ هەبێت بۆ شەرعییەت پێدانی پەرلەمان .
دواتریش ئەکەوێتە گلەییکردن لە هاوچینە بۆرژواکانی و پێداگری ئەکات وخۆشخەیاڵی بانگەواز ئەکات کە بەبێ (ئەم حوکمڕانییە) ، { نەک تەنها قسهيهك له باشبوونى ژيانى خهلكى بکەین، بهلكو ناكرى تهنانهت قسه له گيرانهوهى لانى كهمى ستاندارده نورماله كومهلايهتييهكانيش بكريت } و کەمێک دواتریش { تائهوكاتهى كه چارهنووسى كوردستان لهرووى ناسنامهى ولاتييو مهسهلهى حوكمرانييهوه موشهخهس نهبووهتهوه } . ئەمەش دیسانەوە شیکارێکی سەروو چینایەتی وبۆرژوازییانەیە بۆ هەلومەرجی ئەوکات و ئێستای کوردستانیش، و ئیتر گرفتەکە نە چینی کرێکار و نەبەرژەوەندییە چینایەتییەکەیەتی و نە ئاسۆو ئامانجە چینایەتییەکەی بۆ ژێرەوژوورکردنی سیستەمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریی بایەخێکی نییە لەناو قامووسی سیاسی ئەم ئاغایە و ئیدیعاکردنی کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم و تێکۆشان لەم ڕێگایەدا هیچ بایەخی نییە ! و ئێمەش نابێ نیگەرانی بیین.
دواتر درێژە بە باسەکە دەدات و دەڵێت { لهم نيوهدا رهوتى پاشهوپاش گهرانهوهى فهرههنگيى شتيكى حهتمييه } وەک تەنها بەرەوپێشچوونی فەرههەنگی و پاشەوپاش نەگەڕانەوەی ڕەوتی فەرهەنگی بە شەرعییەت پێدانی پەرلەمان و حوکمڕانی و دەوڵەتەوە بەسترابێتەوە، وادیارە بە ووتەکانی، ئەوهاووڵاتییانەی دەوڵەتیان هەیە لە چەشنی تورکیا و پاکستان و ئێرانی جمهوری ئیسلامی…..تاد { ڕەوتی فەرهەنگی } پاشەوپاش نەگەراوەتەوە و لە حەتمییەت دەرچووە و تەنها بەبوونی دەوڵەتی سکۆلار یا هەر دەولەتێکی تر، ئەو ڕەوتە فەرهەنگییە پاشەوپاش ناگەڕێتەوە !.
لە کۆتایشدا دەنوسێت { بهلام ئهگهر تهنانهت نوينهرانى راستهقينهو راستهوخوى خهلكيش لهسهر كاربووايهن، بهبى يهكلاكردنهوهى چارهنووسى مهسهلهى جيوشوينى حقوقيو ولاتيى كوردستانى عيراق ئيمكانى مانوريكى زوريان له قهلهمرهوهكانى ئابوورى، بهرههم هينان، ريفاهى كومهلايهتى، بهرقهرار كردنى قانوون، دابين كردنى ئهمنييهتى هاوولاتيان وتاد نهدهبوو. } ئیتر ئەنجامگیرییەکە زۆر فراوانتر ئەخاتە ڕوو و یەکلاکردنەوەی بابەتی قەڵەمڕەوی ئابووری ئەخاتە گرەوی دەوڵەتداری و کردوویەتییە بەستەری هەموو ئەو هەل و مەرجە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵاییەتییە، کە لەئارادایە و ئەبێت ئەم دانپیانانەش بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێتەوە ،کە ئێستا مووریدەکانی خەریکی تێکۆشانن و لە ئەوروپا و ئەمریکا پانێل و سیمنار و کۆبوونەوەی بۆ بەڕێ ئەخەن و یووتوب و فەیسبووکەکانیان پڕکردووە و تێزی کۆمۆنیستی بۆ دائەتاشن و دواتریش ئەکەوونە گلەییکردن و پرتەوبۆڵە کە ئەمان زۆر دەمێکە بانگەوازکەری ڕیفراندۆم بوون و شەرتەکەشیان ئەوەیە کە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ڕاگەیەنرێت و خێرا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕاگەیەنن ، کە دیارە ئەو دەوڵەتەیە کە ئاغاکەیان لە و نووسینەدا باسی کردووە . بەڵام بەشەرتی سکۆلار !.
ئەگەر لەم تێڕوانینانەوە تەماشای پرسی ڕیفراندۆم و پرۆژەکەی بۆرژوازی کورد بکەین، لەماوەی ئەم چەند مانگەی دواییدا ئەگەینە ئەم دەرەنجامەی کە: کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەر ئەم بنەمایە کەوتوونەتە گەڕ، و زۆر ڕۆشن وسادەش ئەوە ڕوون ئەبێتەوە کە پارێزگاری لەبەرژەوەندی چینایەتی چ چینێک ئەکەن و دەوڵەت و کەلتور و سازدانەوەی کۆمەڵگا و دەرکردنی لە ئۆردووگایەکی ئاوارەیی لە چ میتۆد و بەرنامە و نەهجێکی فیکریی و سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو خەتە سیاسییە لەسەر گشت بابەتەکانی ترێش هەمان جێگاوڕێگایان هەیە .
كوردى عيراقى" هاوولاتيى كوييه؟نوسينى منسور حیکمەتكاتيك دوابهدواى جهنگى كهنداو باسى پيكهينانى ناوچهيهكى ئهمنيى…
Posted by Aso Kamal on Friday, July 28, 2017
بابەتەکەی ئاغای حیکمەت ئەتوانن لەم لینکە بخوێننەوە