کۆمۆنیزمی بۆرژوازی، و ریفراندۆم : رزگار عوسمان / وەرگیراو

مارکس لە پەرەگرافێکی لە هەژدەی برۆمیردا ، وا باس لە ئەکتەرەکانی دوو شێوە لە شۆرش دەکات؛ 

شۆڕشەکانى پێشووتر پێویستیان بەگێڕانەوەى بیرەوەرى بەسەرچووى ڕووداوەکانى مێژووى جیهان هەبوو بۆ ئەوەى خۆیان هەڵبخەڵەتێنن دەربارەى ناوەرۆکى کارکردنیان. بەڵام شۆرشی سەدەى نۆزدە پێویستى بەوە بوو کە ناوەڕۆکێکى ڕوون و تایبەت بەخۆی هەبێت ڕێگە بدات مردووەکان مردووەکانیان بەخاک بسپێرن، واتە لەوێ ڕستەکە ناوەڕۆکى تێپەراند، لێرەش ناوەڕۆک ڕستەى تێپەڕاند. (کارل مارکس)

لێرەی کوردستان هەتا ئیستا ڕستە ناوەرۆک تێدەپەرێنیت و ئەوانەی کە زۆرتر پێداگری دەکەن کە مردوەکان نەنێژرین، ئەو مردوە کۆمۆنیزمە بۆرژوازیانەن کە هەرگیز ناتوانن لە ئایندەیەکی زۆر دوریشدا رستە تێپەڕێنن.
“کۆمۆنیزمی بۆرژوازی” لە هاوکێشە سیاسیەکانی ئەمرۆی کوردستاندا، هەموو مەوداکانی چەپی نەریتیان تێپەراند و راست گەراونەتەوە بۆ چەپێکی بۆرژوازی بێ نەریت.
لانی کەم “چەپی نەریتی” کۆمەلێک لێکدانەوە و باوەریان بۆ خۆیان دیاری کردوە. بروایان وایە کە ریگایەک بۆ شۆرشی سۆشیاڵیستی ئەگەر دووریش بێت، لە خەباتی تیوری و پراکتیکی چینایەتیەوە نەبێت سەرەنجامی نابیت. هەرچەندە زۆر جار بە ناڕوونی و دابڕاو لە خەباتی چینایەتی و خوارەوەی کۆمەڵگا، باس لەو شۆرشە دەکەن. بەلام ” کۆمۆنیزمی بۆرژوازی” لێکدانەوە و بنەما بیرەباوەریەکانیان بۆتە ڕێگایەک بۆ دواین ئامانج کە بەدامەزراوەیی کردنی حکومەتی بۆرژوازیە، کە فۆرمەکەی بگونجێنن لەگەل خواست و سیاسەتەکانی خۆیاندا.
لە ئیستادا حکومەتی “ناقەومی و سیکۆلار” لە رێگای وەهمەکانی ریفراندۆمەوە، سەرەکی ترین ئامانجە و لەپێشتریشە لە سۆشیاڵیزم بۆیان، تەنانەت لە “چەشنی ئەو سۆشیاڵیزمەی” کە دوێنێ بانگەوزیان بۆدەکرد بۆ باشترکردنی دنیای ئەمرۆ .
جیاوازی نێوان چەپی نەریتی و چەپی بۆرژوازی؛ خۆشباوەری و بێباوەریە بە سۆشیاڵیزم. نەریتیەکان سەرباری هەر خۆشباوەڕیەک لێکدانەوەیان وایە کە شۆرشی سۆشیاڵیستی رێگایەکە و جێگایکە، کە دەبێت کۆمەڵگا لەوانەوە تێیپەرینیت و چینی کرێکار لەوانەوەی وانەی شۆرش فێربێت. ئەگەرچی دەورانی پێشووتر دوو رێگا و یەک ئامانج بوو.
بەڵام کارەکتەر و سیاسەتی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی و بەرەی چەپی بۆرژوا، لە ریفۆرم و سیکێۆلارەوە پرۆسەی جیاوازیەکانیان دەسپێکرد، ئێستاش بە چوونە پشتی ریفراندۆم بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازی کوردستان بۆ نەتەوەی بێ دەوڵەت ، ئیتر ئەو پرۆسەیان بە کۆتایی گەیاند. لێرەوە لەگەڵ نەریتیەکاندا دوو ڕێگا و دوو ئامانجن.
کۆمۆنیزمی بۆرژوازی بەدەستبردن بۆ ئەو کارانەی نەریتیەکان لە دەیەیەک پێش سەرهەڵدانی ئەمان دەیانکرد ، توانیان دەورانێکی زۆر هەژموونی خۆیان لەسەر بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان دانێن. بەڵام سەرنجامی تێکچوونی هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەو و تایبەت کوردستان لە لایەک و سەرهەلدانەوەی بزووتنەوەی چەپی رادیکال لەپاڵ نەریتیەکاندا، و دەرکەوتنی ڕەوتێکی پاییەیی لە بزووتنەوەی سۆشیاڵیزمی خوارەوە لە دەروەی هەردوو ئەو بەرەیەدا. کۆمۆنیزمی بۆرژوازی ئەو هەژموونەی لەدەستدا بۆیە ناچاربوو بگەرێتەوە ناو خێزانی بۆرژوازی خۆی.
خیرایی پرۆسەی کۆتایی هەژموونی “کۆمۆنیزمی بۆرژوازی” ئەو بەرەیەی تووشی شکستێکی واکرد کە تەنانەت سنوورە دژوارەکانی نیوان موراڵ و بێموراڵی زۆر بە سانایی تێپەرێن، و خۆیان هاوسەنگ بکەن لەگەڵ سیاسەتی بۆرژوازی دەسەڵاتدار. هەر لە گۆڕینی یاساکانی حکومەت بە سیکێۆلار، و هیوابەستن بە پۆستاڵی میلیتاریزمی نیوئیمپریالیزم بۆ بەرگری لە ‘کۆمەلگای سیکۆلار”. و شەڕی تیرۆریزمی ئیسلامی، هەتا ریفراندۆم و دامەزراندنی “دەوڵەتی بۆرژوازی” لە کوردستاندا. هەرچەندە باڵەکان و حیزبەکانی “کۆمۆنیزمی کریکاری و حیکمەتیستی” کۆمۆنیزمی بۆرژوازی، دورانێکی زۆر لەسەر هاوسەنگی لەگەل بۆرژوازی دەسەڵاتداری کوردستاندا جیاوازی سیاسی و بەهانەی دژ بەیەکیان هەبوو. بەڵام لە ئیستای ریفراندۆم بە ئاراستەی دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازی لە کوردستاندا هەموویان هاوڕای یەکترن. بۆیە دەکرێت ئەم سیاسەتە نوییەی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی بە خاڵی کۆتایی هەژموونی ئەوان لەسەر چەپ، دابنریت.
بەرەی راستی بۆرژوازی و حیزبە دەسەلاتدارەکانی کوردستان هەتا ئێستا توانای ئەوەیان نییە کە بە ئاشکرا لە بەرامبەر چینی کرێکار و خەڵکی خوارەوەی کۆمەلگەی کوردستان سەرکوتی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ئەنجام بەن لەڕێگەی هێزی میلیتاریزم و “پاژنە ئاسنین”ەکانیانەوە. هەربۆیە نزیکەی ٣ دەیەیە خەریکی بەرتەسکردنەوەی ماف و گوزەرانی ژیانی کرێکاران و خەڵکن. بۆرژوازی کورد تەنها لەو خاڵەدا لەپێش هەموو سەرمایەداریی جیهانیەوەن. دامەزراندنی دەوڵەتی بۆرژوازی کورد پرۆسەی سەرکوتی ناڕاستەوخۆ بە راستەوخۆ، و نا ئاشکرا بە ئاشکرا تەواودەکات لەو دوەرانەدا کە سەرمایەداری بۆ سەقامگیری دەوڵەت و چەسپاندنی دەسەلاتی تەواویی خۆی لە کۆمەڵگەدا پێوویستی پێیەتی.
ئەمڕۆ کە بۆرژوازی دەسەلاتدار ئەوکارەی پێناکریت کە بەهێزی سەرکوتی ڕاشکاو و راستەوخۆ خەلک ناچار بە نمایشی ریفراندۆم بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بکات، بۆیە ئەو ئەرکە پیرۆزە لە ئێستادا باڵی چەپی بۆرژوازی نمونەی بالەکانی “کۆمۆنیزمی کریکاری” ئەنجامی ئەدەن لەریگای باسە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکانیانەوە. و لە ژیر ناوی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان و خۆشکردنی ڕێگا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو.
ئەمە خاڵی وەرچەرخاندنێکی نوێیە بۆ بزووتنەوەی سۆشیاڵیزمی خوارەوە و کریکاریی. لەلایەک میکانیزمەکانی خەباتی سۆشیاڵیستی گونجاوتر و ئاشکرا تر دەبن، کە ئەمە خۆی پۆتەنشیاڵ و باهۆزیکە بۆ ئاگایی چینایەتی بەرەوو شۆرشی سۆشیاڵیستی. وە لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردستان بەرەی جەنگێکی تر لە دژی کرێکاران و خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگە بەرێوە دەبەن کە سەربازە “مردوەکانی” کۆمۆنیزمی بۆرژوازیین. بۆیە مێژووی تازەی ململانێی چینایەتی کوردستان دەچێتە بواریکی تر کە هەتائێستا شیوەی نەبووە.
٣/٨/٢٠١٧

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*