لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەمانکاتدا سەرۆکی ” هەڵبژێردراوی ” هەرێمی کوردستانیشە، بۆ جێبەجێکردنی ڕیفراندۆمی جەماوەریی لەپێناو دیاریکردنی چارەنوسی کوردستانی عێراق، تەواوی هێزە سیاسییە بۆرژوازییەکان بە ناسیونالیست و دینی و لیبرالەکانەوە، و تەنانەت هێزە چەپە بۆرژوازییەکان و ئەوانەی کە ئیدیعای کۆمۆنیستییان ئەکرد، بەپەلە ڕایانکرد بەپیری بانگەوازەکەوە تا دەرفەتەکە بقۆزنەوە، لەلایەکەوە بۆ دەرهێنانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد و نیزامەکەی لەو قهیرانه سیاسی و ئابورییەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی بۆتەوە، وە لەلایەکی دیکەشەوە بۆ بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشتر لە سایەی گۆڕانی هاوسەنگیی سیاسی و ئاڵوگۆڕە چاوەڕوانکراو و پێشبینیکراوەکانەوە، و دواتریش چوونە ناو دوو بەرەوە، بەرەی ” بەڵێ ” و بەرەی ” نەخێر “ی دژبە بەرژەوەندییەکانی جەماوەری ڕزگاریخواز.
مەسەلەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، و ئەو هۆکارانەی کەلە پشت ئەم پرۆژەیەوە وەستاون، سەرەڕای هەموو پاساوە لاوازەکان بۆ بۆرژوازیی ناسیونالیستیی کورد، لەپێناو بەدیهێنانی خەونی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمیی کورد، بە دامەزراندن و بەدیهێنانی کیانێکی کوردی و دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنور دیاریکراو کە ” دەیپارێزێت لە کارەساتە سرووشتییەکان “…، یان ئەوەی کە دەگونجێت ئەنجامدانی ڕاپرسی و سەربەخۆیی کوردستان، ببێتە هۆی ئەوەی بەڕە لە ژێر پێی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کوردی دەرئەهێنێت و ڕێگاخۆش ئەکات لەبەردەم گەشەسەندنی ” ململانێی چینایەتی و سیاسی “، و بەدوایشیدا گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری لا ئەبات و پاک و بێگەردی ئەکاتەوە،هەروە ک چۆن هەندێ لە حزب و هێزی چەپی بۆرژوازی بانگەشەی بۆ دەکەن، هێشتا پاڵنەرە ڕاستەقینەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەک خۆی ماوەتەوە، و ئەو هەڕەشە و تۆمەتبارکردن و ناشرینکردننانەی هەڵمەتی سیاسیی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت بۆ هەربەرهەڵستکارێک، یان خاوەن ڕایەکی جیاواز لەوەی هێزە لایەنگرەکانی ڕیفراندۆم ئەیخەنە ڕوو ،. وەک یەک ڕوون و ئاشکرایە بۆ جەماوەری کرێکاران و بێبەشان لە “کوردستان و عێراق ” و ناتوانن ئەم قسە بەتاڵ و هەڵخەڵەتێنهره ئاشکرا و درۆزنانە بشارنەوە .
نەمان و کۆتایهاتنی چەوساندنەوەی نهتهوهیی لە کوردستانی عێراق لەماوەی ئەم چارەکە سەدەیەی ڕابردودا، و کۆتایهاتنی تەواوی دیاردەکانی جیاکاری نهتهوهیی و چەوساندنەوە لە لایەکەوە و بوونی حزبە کوردییەکان لە میانەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی بۆرژوازیی کوردییەوە لەلایەکی ترەوە، بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی جەماوەری نەدار و چینی کرێکار، لە ماوەی بیست و شەش ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی حزبە نهتهوهیی و دینییە کوردییەکاندا، وای لە پرسی ڕووبەڕوبوونەوەی نیزامی کۆمەڵایەتی زاڵ کردووە، کەئەویش ڕابووەستێت لە ڕووبەڕوونەوەی سیاسەتی برسیکردن و چەوساندنەوە و گەندەڵی و گوێنەدانە دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوانی هەرێم، و گەشەکردنی دیاردەی دواکەوتوویی و کۆنەپەرستی دینی و ڕوشنگەری…..و هتد، کە حکومەتە کوردییەکان بەڕێوەیان بردووە،
جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ڕزگاریخواز لە چەند ساڵی ڕابردودا لاپەڕەی پرشنگداری پاڵەوانێتی و لێبووردەییان چرکردۆتەوە ( سەراڕای پەرش و بڵاوی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و کامڵنەبوونی بە شێوەیەی خوازراو، و سەرەڕای هەیمەنەی سیاسی و بیروڕای بۆرژوازی کوردی بەسەریاندا، و نائامادهیی پێشڕەوایەتی کۆمۆنیستی، و کەموکوڕی زۆری ڕێكخراوبوون…) لە ڕوبەڕوبونەوەی حزبە بۆرژوازییە کوردییە دەسەڵاتدارەکان و حکومەتە دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەکەیاندا، و مۆرکردنی هەموو چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بە مۆری خەبات و ڕوبەڕووبوونەوەی چینایەتی لەگەڵ دەسەڵاتداران و دەوڵەتدا، کە لەسەر هەموو ئاستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕەنگیداوەتەوە.. و لەسەر کارلێکی ئەوانە کۆمەڵگای کوردستان چووەتە قۆناغێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێوە لە قۆناغەکانی ڕوبەڕوبونەوە و ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ،کە ئیتر ناتوانێت بگەڕێتە دواوە یان چاوپۆشی بکات لە ئەرک و فەرمانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە پێویست و زەرورییەکانی، لە پێناو گەشە سەندنی بزووتنەوەکە و پێگەیشتنیدا..
ئێمە، لە سەرەتای تێکۆشانداین لە پێناو وەڵامدانەوە بە ئەرک و فەرمانەکانمان بۆ گەشەپێدانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و بێدەرەتانان. لە سایەی کەش و هەوای ڕیفراندۆمدا خۆمان بە بەرپرسیار دەبینینەوە، کە پشتببەستن بە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاریی نێونەتەوەیی و ئەزموونەکانی، و وانەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. بەرپرسیارین لە بەردەوامیدان و گەشە پێدانی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە و بەهێزکردنی لە ڕووی سیاسیی و ڕێکخراوەیی و فیکرییەوە ، ههروهها لەسەرمانە کار بکەین بە ئاراستەی گواستنەوەی بۆ قۆناغێکی گونجاوتر و باشتر، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی کۆتایی، کە ئازادیی و بەدیهێنانی دادپهروهریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی سۆشیالیزمە.
ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی