فلاح علوان : دەربارەی ڕیفراندۆم، لە وەڵام بە ڕێبوار احمد

 (ئەم بابەتەی هاوڕێ لە ماڵپەڕی  ( الحوار المتمدن ) بڵاو بووەتەوە بە زمانی عەرەبی و لەبەر گرنگی بابەتەکە ئەم بەشەیمان کردوە بە کوردی)

ڕێبوار احمد بابەتێکی دەربارەی ڕیفراندۆم بڵاوکردوەتەوە لە ماڵپەڕی ( الحوار المتمدن ) بە ناونیشانی: ڕاپرسی مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیونالیزم خاڵی لاوازین!

سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە من لێرەدا لەبەرامبەر هەڵسەنگاندنی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی هەڵوێستی خۆم نیم، وە ڕکابەری مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش نیم، بەڵام ئەمەوێ هەڵوێستی خۆم دەرببڕم لەبارەی خستنەڕویەک کە  بە مارکسی و کۆمۆنیست خۆی دەر ئەخات، لەکاتێکدا کە ئەو خستنە ڕووە هیچ نیشانەیەکی تیا نابینم لە زانستی بوون و مارکسی بوونی خستنە ڕووەکە.

ڕێبوار احمد ئەڵێت ” لە کاتێکدا کە ڕیفراندۆمێکی واقعی کە گوزارشت لە لە ئیرادە و بڕیاری هۆشیارانەی خەڵکی کوردستان بکات، دەشتوانێ سەرەتای ڕەوەندێک بێت بۆ هەڵگێڕانەوەی دۆخی کارەساتباری ئێستا و چونەپێش لەڕێگای لەکارخستنی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی ئەم حزبانە ” .

دواتر ئەڵێت ” ریفراندۆم جگه ‌له‌وه‌ی وه‌ڵامێکی گونجاوە بۆ ئەو کێشەیە،‌ هاوکات هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەرهێنانی کوردستان لە گێژوای فیدراڵیزمی شکستخواردووی ئێستا و هەڵتەکاندنی کۆسپێک لە بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکاران و رەوتی شۆڕشی کرێکاری.” دوای ڕوبارێک لە لۆمەو وەسف دژ بە بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەو ئیعتیبارەی کە عەشایەریی، و گەندەڵە و چەوسێنەرە و میلیشیاییە، ئەگات بەو ئەنجامە”ریفرامدۆم پێویستە بۆ ئەوەی بەهانەی مەسەلەی قەومی لە دەستی ناسیۆنالیزم دەربێت کە دەیان ساڵە حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ فریودانی خەڵک و هەڵخڕاندنیان لە دەوری ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان و بەکارهێنانیان وەکو لەشکری پیادەی کێشمەکێشەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن.”

بەڵام، بەرژەوەندی بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتدار چییە، کە هەڵئەسێت بەم کارە و رێگا خۆشئەکات بۆ لاواز کردنی دەسەڵاتەکەی؟ بۆچی دەسەڵاتدارانی میلیشیایی چەوسێنەر هەڵئەسن بەم دەسپێشکەرییە کە هەڕەشە ئەکات لە بوونی سیاسیی خۆیان و ڕێگا خۆشئەکەن لەبەردەم شۆڕشی کرێکاریی؟ ئەو پرسیارە ئاسانەی کە دێتە بەر گوێیەکان ئەوەیە کە، بەپێێ چ لۆجیکێک ڕێبوار احمد توانیوییەتی بگات بە دەرەنجامی کە دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر و کۆنەپەرست و چەندەها پێناسەی تریش کە پێیان ئەڵێت،هەڵئەسن بە ئامادەکاریی بۆ لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم خەباتی چینایەتیی و بەردەم شۆڕشی کرێکاریی؟ و چۆن ئەبێت حکومەتێک کە خۆی دەسەڵاتدارە، خۆی لەبەین ببات و دەست ببات بۆ دەسپێشکەرییەک بۆ ڕیفراندۆم کە ئەبێتە ” سەرەتای ڕێڕەوێک بۆ هەڵگێڕانەوەی هەلومەرجی نالەباری ئێستا ” مەگەر بیەوێت خۆی لەباری سیاسییەوە لەناوبەرێت؟ ئایا دەسەڵات ئەیەوێت ڕووەو ئەو بژاردەیە بڕوات، یا دەرەنجامەکەی ڕێبوار احمد بە تەواوی بناغەی نییە و دوای ئەوەش کۆمەڵێک ڕستە و وشە ڕیز ئەکات لە لای خۆیەوە و پاساو ئەهێنێتەوە بۆ هاندان  پرۆژەکەی بەرزانی بگرنە ئەستۆ؟ بەڵگەی ڕێبوار آحمد چییە کە ” ریفرامدۆم پێویستە بۆ ئەوەی بەهانەی مەسەلەی قەومی لە دەستی ناسیۆنالیزم دەربێت ” و نەبێتە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی ناسیونالیستی؟

نووسەری بابەتەکە بۆی هەبوو کە ئەم پێشنیارە بخاتە ڕوو و بەرگریشی لێبکات و بڵاویشی بکاتەوە و بەرگریشی لێ بکات، وەک چۆن مافی هەرکەسێکی تریشە، نووسەر ئەتوانی لەهەر سەنگەرێک بوەستێت کە بژاردەیەتی، بەڵام نەک پێشنیاریك بکات و هەڵاو زەنایەک بنێتەوە، کە تێکەڵەیەکیشە لە ناسیونالیزم و ڕیفۆرمییزم و بە سۆشیالیزم و مارکسیزمیشی بداتە قەڵەم.

نووسەر ئەڵێت ” زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە چارەنوسی چەند ملیۆن خەڵکیان کردوەتە پاشکۆی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و……ڕێگایەک بوو بۆ نقومکردنی هەردوو بنەماڵە و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان لە سەروەت و سامانی بێسنور و لە حیساب نەهاتوو. “

کۆمەڵگەیەک بۆ چارەکە سەدەیەک کەوتبێتە بەر هێرشی دزی و ڕووتانەوە کۆمەڵگەیەکە پێویستی بە شۆڕشە نەک ڕیفراندۆم. چونکە جەماوەر لە کاتی قەیراندا تەماشای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ئەکات بۆ هەلومەرجەکە واتە شۆڕش، لە کاتێکدا کە بەرژەوەند و ئامرازی بۆرژوازیی لە کاتی قەیراندا، جەنگ و تووندکردنەوەی سەرکوت و سک هەڵگوشینە، و ڕاپرسی ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە نییە کە جەماوەر بڕیاری لەسەر دابێت بۆ ئەوەی کە پەلە بکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵگە، دواتریش ڕۆشتن بەدوای سیاسەتەکانی بۆرژوازیدا مانای ڕۆشتنە بەدوای سیاسەتی جەنگ و ڕێخۆشکردن بۆی.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*