پەیامی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی لەبارەی بایکۆتی ڕاپرسی هەرێمی کوردستانی عێراق

بەو پێیەی کە:

١/ بابەتی مافی نەتەوەکان لە دیاریکردنی چارەنووسیاندا، و لەنێویشیدا مافی نەتەوەکان بۆ پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ مافێکی ڕەوا و بێ ئەملاو ئەولا و بێ کۆت و مەرجە کە کۆمۆنیستەکان و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕزگاریبەخش لە دەیان ساڵ لەمەوبەرەوە پارێزگارییان لێکردووە.

٢/ هێنانە پێشی پرۆژەی ڕیفراندۆم لەلایەن بۆرژوازی کوردیی قەیرانگرتووەوە لەم قۆناغەدا هیچ پەیوەندییەکی نییە و بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان نەبەستراوەتەوە بە بابەتی مافی گەلی کوردستانەوە لە دیاریکردنی چارەنوسیدا و مومارەسەی مافی ڕاپرسی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵکو بۆرژوازی کوردی بە گشت مەیلەکانیەوە ئەمکارەی کرد لەسەر بێبەریکردنی گەلی کورد لە سەرەتایترین مافی مەدەنی و شارستانی لەماوەی بیست و شەش ساڵی  حوکمڕانی و دەسەڵاتی حیزبە قەومی و دینیەکان و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی لە ڕێی برسیکردن و بێبەریکردنی جەماوەری بێبەشکراو وپەخشکردنی کەشی جەنگ و کوشتاری ناوخۆ و ژیانی ملیۆنەها هاووڵاتی هەرێمی خستە ژێر ئاستی هەژاریی…..

٣/ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی حزبە کوردیەکان نەک تەنها هەڵنەساون بەدابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی شارستانی هاوچەرخ بۆ جەماوەری کوردستان، بەڵکوقورساییەکی زۆریشیان خستووەتە سەرشانی خەڵک، بەبیانوی ئەم قەیرانە ئابوریەوە کە بورژوازی کورد دەرگیری بووە، لەڕێی داسەپاندنی باجی زیاتر، و بەتایبەتی کردنی دامەزراوە حکومیەکان، و بڕین و دەسبەسەرداگرتنی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەران، کەزیاتر دەرکەوت لە دەستپێکردنی  ناڕەزایەتییەکان و خۆنیشاندانەکانی کرێکاران و فەرمانبەران لەم ساڵانەی دوایدا، و وەک دەرکەوتەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی داپۆشی سەرەڕای پەرژووبڵاویی و پچڕ پچڕبوونیان.

٤/ ئەم ڕیفراندۆمەی ئێستا کە پلانی بۆ داڕێژراوە لە ٢٥/٩ بکرێت هیچ پەیوەندییەکی نییە بە بەرژەوەندی و مافەکانی جەماوەری بێبەشی کوردستانەوە و بەشێکە لە هەوڵەکانی بۆرژوازی کوردی بۆ ڕزگاربوون لەو ئەزمە سیاسی و ئابورییەی کە گیرۆدەی بووە و خۆدزینەوەیە لە داخوازییەکانی جەماوەر کە دابینکردنی سەرەتاییترین ماف و پێداویستییەکانی ژیانە ، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە هەوڵدانیانە بۆ دۆزینەوەی جێگاو ڕێگایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سایەی ئەو ئاڵوگۆڕاە نێودەوڵەتی و ناوچەییانەی کە چاوەڕوان ئەکرێت بێتە ئاراوە.

٥/ لەسەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی کە باسمانکرد ، ئێمە وەک گروپێکی کڕێکاری و کۆمۆنیستی ڕادیکال بانگەوازی جەماوەری کرێکاران و بێبەشان و تەواوی فەرمانبەران و ئازادیخوازانخوازان و یەکسانیخوازان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەکەین کە بایکۆتی ئەم ڕیفراندۆمە کۆنەپەرستانەیە بکەن، کە تەنها ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیەکان و قازانجی بۆرژواکانە بە هەردو بەرەی بەڵێ و نەخێریەوە .. ئێمە بە بایکۆتکردنمان لە ڕیفراندۆم بەتەنها بایکۆتکردن نییە لەو سیاسەتە دوژمنکارانەیە کە لەبەرامبەر ڕزگاریدا وەستاوە ، بەڵکو وێنایەکە لە ڕەتکردنەوی چینی کرێکار بۆ ئەم نیزامە و زەرورەتی تێکشکاندنی و هەڵوەشاندنەوەی و لەجێگای ئەمدا دامەزراندنی نیزامێکی کۆمەڵایەتی کە خاڵی بێت لە چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*