لەوەڵام بە ڕیفراندۆم لە پێناو جیابوونەوە، کە لەم دواییانەدا لە کوردستانی عێراق ڕویدا، حکومەتی ناوەندی لە بەغداد وەک نوێنەری بۆرژوا ناسیونالیستی و شیعەی شۆڤێنیی، بە پەلە زنجیرەیەک ئیجرائاتی سزادەرانەی ناڕەوای گرتووەتە بەر دەرهەق بە جەماوەری بێبەشکراوی کوردستان، وە لەهەمانکاتدا حکومەتەکانی نیزامی ئیسلامی فاشیستی تورکیا، و ڕژێمی مەلا بۆگەنەکان لە ئێران، هەستاون بە سەپاندنی سزای هەمان شێوەی هاو جووت لەگەڵ هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی عێراق، کە داخستنی دەروازە سنورییەکان و وەستاندنی هەناردەکردنی کەلوپەل و مەوادی خۆراکی و سوتەمەنییە بۆ ناو کوردستانی عێراق . جەماوەری کرێکاران و بێبەشان لە کوردستان، کە زیاتر لە چوار ساڵە ئەناڵێنن بەدەست کارلێکی ئەو قەیرانە ئابورییەوە کە داویەتی بەسەریانا، و قوربانی ئەوەڵ و ئاخیری ئەنجامی ئەم ئیجرائاتە نا مرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانەیەیە.
هێزە بۆرژوازییەکان هەوڵیانداوە، هەمیشە و بەدرێژایەتی مێژوو لە ڕێگای حکومەتەکانیان و دەسەڵاتەکانیایەوە برسیکردنی جەماوەری بێبەش بکەنە ڕێگەیەکی وێرانکەر لە کێشمەکێشیەکانی نێوانیان لەپێناو دەسەڵات و بەرژەوەند و سایەکردنیان…
لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردودا، جەماوەری کرێکاران و ڕەنجدەران ناڵاندویانە بەدەست هەموو جۆرێک لە برسیکردن و ملکەچ پێکردن، تا ئەم ساتەش جێگای کاولکارانەی گەمارۆی ” نەتەوە یەکگرتووەکان ” و دەوڵەتە زلهێزەکان بەسەر خەڵکی عێراق، و گەمارۆی ڕژێمی لەناوچووی قەومی بەعس لەسەرکوردستان، و هەروەها گەمارۆی حزبەکان و هێزە کوردییەکان لەسەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکتری، ئاشکرایە و تائێستاش ئاسەوارەکانی ماوەتەوە لەسەر نەوەکانی دانیشتوانی عێراق.
لە جیهانێکدا کە دادپەروەری تیادا وونە، و بەها مرۆڤایەتییەکان بەشێوەیەکی گەورە پاشەکشە ئەکات، گشت قورسایی ململانێ سیاسییەکانی نێوان هێزە زۆرانبازیکەرەکان ، یا بەدیهێنانی چاوچنۆکییە شەخسییەکانی ئەو سەرکردانەی کە ئەدوێن بەناوی ماف و ئاواتی قەومی ئەوانەی تر کە ملکەچی دەسەڵاتەکانیانن خراوەتە سەرشانی جەماوەری بێبەش و نەدار.
توندبوونەوەی ململانێی نێوان بۆرژوا ناسیونالیستی عەرەبی و کوردیی کە هەڕەشە لە ژیان و ئاسایش و گوزەرانی جەماوەری کوردستان ئەکات و ئەیانخاتە تراژیدیایەکی تازەوە، ڕەتئەکەینەوە و شەرمەزاری ئەکەین بە شێوەیەکی لێبڕاوانە….ئێمە بەتوندی ئیدانەی گرتنەبەری هەر شێوەیەکی سزادەرانەی ئابوری و سیاسی یا هەرشتێکی تری هەر لایەنێک ئەکەین، کە بەرامبەر جەماوری کرێکاران و بێبەشان و ڕزگاریخوازان لە کوردستان ئەیگرنەبەر ….فەرمانبەران و کرێکاران و هەموو هێزە ڕزگاریبەخشەکان، لە عێراق و شارەکانی کوردستان ، ئەرکی سەرشانیانە ناڕەزایەتی فراوان ڕێکبخەن بەهەر شێوەیەک کە ئەگونجێت،بۆ وەستانەوە بە ڕووی سیاسەتی برسیککردنی جەماوەری کوردستان .
ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی
کۆتایی ئەیکولی ٢٠١٧