بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی شورا کرێکارییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە شۆڕشگێڕیەکان: ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

 

 

 

دوێنێ لە سلێمانی و هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری، شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان  سەریهەڵدا، کە کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە کرێکاران و فەرمانبەران و کاسبکاران و مامۆستایان و گەنجان و بێکارانی، لەخۆگرتبوو.

ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کرد، سەرەڕای ناڵاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و  حزبە قەومی و دینییەکانی دەوروبەری، شکستی پڕۆژەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ئەیلولی ڕابردوودا بوو …

لەو کاتانەدا هەندێک سەرمایەدار  و جیابووەوە لە حزبە حوکمڕانانە قێزەونەکان هەوڵیاندا بە بەڵێنی زۆر  و درۆ و هیواپێدان و فریودان، سیستمی باڵادەست ڕزگار بکەن لە توڕەیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕاپەڕیو، لەڕێی هیوابەستنیان بە دەوڵەتانی دەرەوە بۆ چاکسازیی لەو سیستەمە گەنیوەی ئێستادا.

دورکەوتنەوەی تەواوەتی نێوان جەماوەر و دانێشتوانی هەرێم و دەسەڵاتی حوکمڕان؛ لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا، دروشمەکانی ” ڕوخانی سیستەم” و ” لێپرسینەوەی گەندەڵکاران و دزەکان”ی کردە دروشمی سەرەکی یەکەمینی خۆپیشاندەران و خه‌ڵكی ناڕازی و خۆپیشاندەر . بۆشایی و کەلێنی نێوان جەماوەری کرێکار و باقی  توێژە زەحمەتکێشەکان و سیستەمی حوکمڕان لەکوردوستان، دەرکەوتووە و ڕۆژ بەڕۆژ فراوانتر دەبێت، و ئەمەش وایکردووە کە فرسەتی بڕوابوون بە چاکسازی و پینەکردنی ئەم نیزامە ببێتە کارێکی ئەستەم و نامومکین دوای ئەوەی هیوابوون بە بچوکترین چاکسازیی ئابووری و سیاسیی لە چوارچێوەی سیستەمی حوکمڕاندا بووەتە خەونێک و هیچی تر.

دەسەڵاتی حزبە قەومی و ئیسلامییە حوکمڕانەکان درەنگ بێت یان زوو دەبێت بڕۆن.

گەشەكردن و پەرەسەندنی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئەگوزەرێت بەستراوەتەوە بە ئاستی ھەوڵدانی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە و بەخۆڕێكخستنیان لە ڕێكخراوە کاریگەر و بەتواناکانیاندا، کە دەتوانرێت لە ڕێیانەوە توانای خۆیان و ووزە شاراوەکانیان بخەنەگەڕ نەک بەتەنیا بۆ سەرخستنی ناڕەزایەتییەکان و  گەیاندنیان بە ئامانجەکانی، بەڵكو گەیاندنێشێتی بە پێگەیەكی گونجاو بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا و ڕاماڵینی ئەم پاتاڵ و لۆمپنە گەندەڵبوانە لە دەسەڵات و دامەزراوەی سەركوتگەر و داپڵۆسێنەر…

ڕێكخستنی جەماوەری كرێكار و گەنجان و كاسبكاران و ڕۆڵەکانی چینی كرێكار لە ناو ڕیزەكانی ھێزی پێشمەرگە و پۆلیس…و ئەوانیتریش، لەشورا شۆڕشگێڕەكان و ڕێکخراوە جەماوەرییە کاریگەر و بەتواناکانیاندا لە شوێنی كار و گەڕەکی نیشتەجێبونیاندا ئەركێكی زەروریی و دەسبەجێ و نكوڵی لێنەكراوە. ئەم شورا و ڕێكخراوە جەماوەرییانە نەک هەر ئەتوانێت كۆمەڵگا دەرباز بکات لەو زەلكاوە و هەژاری، و نەبونییەی کە ئێستا ‌ پێیدا تێدەپەڕین، بەڵكو پێویستێشە خەبات بکات لە پێناو پاراستنی ئەو دەسكەوتانەی بەدەستیان ھێناوە و ڕوبەڕوی سەرمایەداران و حزبەكانیان و مافیاكانیان ببێتەوە  لە دوبارە گەڕانەوەیان.

ئەی جەماوەری كرێكار

ئەی جەماوەری بەشمەینەت و نەدار… ئەی ئەوانەی داكۆكیكاری ئازادی و دادپەروەری و یەكسانی كۆمەڵایەتین، ئەی ڕۆڵەكانی چینی كرێكار لە ڕیزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس…

ئێستا كاتی تەقینەوەی تواناكانمان و دەستپێشخەریمانە بۆ ڕزگاركردنی كۆمەڵگاكەمان و داھاتووی منداڵەكانمان. خۆتان ڕێكبخەن لە شوراو ڕێكخراوە جەماوەرییە شۆرشگێڕانەكانتاندا.. ئەو شورایانە ئامڕازمانە بۆ خەباتی ئەمڕۆمان و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگا لە سبەینێشدا. پێویستیشە ھەموو ڕێگا و ئامڕازێكی تێكۆشەرانە بگرینە بەر لە پێناو پاراستنی ئەو شوراو رێكخراوە شۆڕشگێڕانەدا و نەهێڵین بورژوازیەت و حزبەكانیان بوێریمان پێبکه‌ن.

بۆ پێشەوە لە پێناو دامەزراندنی شورا کرێکاریییەکان و ڕێكخراوە جەماوەرییە شۆڕشگێڕانەكاندا.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

٢٠/١٢/٢٠١٧

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*