تێبینییە سەرەتاییەکان دەربارەی خەباتی جەماوەری کرێکاریی : فؤاد محمد

 

کرێکارانی کرێگرتە ئامادەن لەناو چالاکی کۆمەڵایەتیدا لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا وەک چینێکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو لە پەیوەندی بەرهەمهێناندا لە ناو پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیدا بەپێی جێگا و شوێنیان لەناو بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی سەرمایەداریدا،

مارکس ئەڵێت ” لەنێو مرۆڤەکاندا، لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی ژیانیاندا، هەڵئەستن بە پەیوەندیگرتنی تایبەت و پێویست و سەربەخۆ لە ئیرادەیان، ئەویش پەیوەندی بەرهەمهێنانە کە بە پلەیەکی دیاریکراو لە پلەکانی گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرە مادییەکانیان ئاڵوگۆڕیان بەسەر دێت، و گشت ئەم پەیوەندییە بەرهەمهێنەرانە ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگە پێکئەهێنن، کە ئەویش ئەو بناغە تایبەتمەندەیە کەسەرخانی یاسایی و سیاسی لەسەر پێکهێنراوە، کە ئەویش ڕوبوڕوی شێوەیەکی دیاریکراو لە ئاگایی کۆمەڵایەتی ئەبێتەوە ” ئەم ئامادەبوونە تایبەتمەندی دیاریکراو ئەداتە چینی کرێکار وەک چینێکی کۆمەڵایەتی کە جیاوازە لە هەموو چینە کۆمەڵایەتییە وەبەرهێنەرەکانی تر لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێشووتر و تەنانەت لەگەڵ خودی چینی بۆرژوازیش…

ئەم دەرکەوتە کۆمەڵایەتییە، مەبەستەکە چینی کرێکارە، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی لە سایەی ڕێکخراوبونێکی کۆمەڵایەتی مێژوویی دیاریکراودا، خاوەنی تایبەتمەندێتی مێژوویی، و سوونەتی خەباتکارانە، ئەزمونی کۆمەڵایەتی، و ئالییەتی گەشە و پێگەشتنی  تایبەت بە خۆیەتی… کەواتە ناتوانی خوێندنەوەی تایبەتمەندییەکانی ئەم چینە بکەی بەبێ تێگەیشتن لە پێگە کۆمەڵایەتیە مێژووییەکەی لە میانەی گەشەی مێژووییدا…

چینی کرێکار لەکاتی دەرکەوتنیەوە خۆی بینیوەتەوە لە ڕوبونەوەیدا گەڵ نیزامی کۆمەڵایەتی ئێستا و هەر بە خێرایی دەستیکردووە بە بەرەنگاریی ئەم نیزامە چەوسێنەرە کە دامەزراوە لەسەر وەبەرهێنانی مرۆڤی (کرێکار) . لەو کاتەوەی تاکەکانی ئەم چینە دەستیان کردووە بەڕوبەڕوبوونەوەی ئەو نیزامە کۆمەڵایەتیەی کە پارێزەری خاوەنکار و سەرمایەدارەکانن، ئیتر ئەم چینە وەک تاکتاکێکی پەرتەوازە و پەرش وبڵاو نەمایەوە لە بەرەنگاریی سەرمایە بەتەنها، بەڵکو ئەوەی لەخۆی نیشانداوە کە ئامادەکاری  ڕووبەڕووبونەوەی کردووە وەک چینێکی کۆمەڵایەتی خەباتکاری چینایەتی زیندو و ئامانجدار…

وە بەدرێژایی گەشەی مێژوویی خەباتی چینایەتی، چینی کرێکار تێکۆشاوە لە مەیدانی خەباتکارانەی جۆراوجۆر و لە شکڵ و شێوەیەکانی  خەباتی بەدەستهاتو و پێویست،  ئامرازی  گوونجاوی دەستخستووە کە شکڵ و شێوەی ڕێکخراوەیی دیاریکراو و گونجاوی بەدەست خستووە کە خەباتی چینایەتی پێ بەرپا بکات…لەوانە دامەزراندنی حزبە سیاسییەکان و دروستکردنی نەقابە و یەکێتیە کرێکارییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران وەک ئامرازی خەبات و بەتوانا بۆ هەنگاوێک بەرەو پێشچون….

 

ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکان

خەباتی سیاسی و ئابووری نیشاندەری ڕووی ڕاستەقینەی هەبوونی چینی کرێکارە، کەواتە چینی کرێکار ناتوانێت ئامادەیی چالاکیی کۆمەڵایەتی بێت بەبێ تیکۆشانی بۆ خەباتی ئابوری( لە قۆناغی پێگەیشتنیدا ) وە خەباتی سیاسیی و  ئابووری فراوان لە پلە بەرزەکانیدا لەگەشەی خەباتی کۆمەڵایەتی بۆ چینەکە . ئەم خەباتەش پیویستی بە ڕێکخراوبوونی ئەو چینەیە لە ڕێکخراو و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا کە قۆناغی کۆمەڵایەتی و مێژوویی دیاری ئەکات….لە کاتێکیشدا ناتوانێت ئەم خەباتە بەرپا بکات بەبێ دەستگەیشتنی بە شکڵ و شێوەیەک لە ڕێکخراوبوون و ئامادەیی پێشوەخت…

کۆبوونەوەی گشتی وەک ئامرازێک بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتیی و بەرەنگاریی ئامرازێکی سروشتیی و ڕۆژانەیەتی لەبەرامبەر سەرمایەداران و سیستەمە کۆمەڵایەتیەکەیان…..

کەواتە  چینی  کرێکار خۆی ڕێک ئەخات لە شکڵ و شێوەی ڕێکخراوەیی دیاریکراودا بە پێێ ئەوخەباتە ئابووریی وسیاسیەی کە چینەکە بەڕێی خستووە لە بەرامبەر سەرمایەداریدا… کەواتە ناتوانیین باس لە ڕێکخراوبونی چینایەتی بکەین بەبێ باسکردن لە بوونی بناغە ماددییەکانی کە خۆی ئەبینێتەوە لە خەباتی سیاسی و ئابوری ڕێکخراو، بەبێ باسکردن لەسەر بوونی خەبات لە پێناو داواکاریە ئابووریە سیاسیە دیاریکراوەکان، کە پێویستە بۆ ڕێکخراوبوونی چئنەکە بۆ خەبات ….

لەگەڵ گەشەی خەباتی سیاسیی و ئابووری چینی کرێکار، بەڕوونی بوونی شکڵی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیش دەرئەکەوێت وەک بەشێکی بابەتیانەی بزووتنەوەی خەباتکارانەی چینی کرێکار و پێویستی هەبوونی کۆمەڵایەتیشی. سەرەڕای ئەمەش چینی کڕێکار هێزی خۆی لە یەکگرتنیدا دەبینێتەوە لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیدا، کە نەک هەر تەنها ئامرازێکی خەباتە،  بەڵکو ئیتر ئەو هێزە کۆمەڵایەتیەشە کە کڕێکاران پشتی پێئەبەستن بۆ ئەو ڕووبەڕوبونەوانەی کەمپینە دڕندانەکانی بۆرژوازییەکان لە شەڕ و روبەڕوبونەوە چینایەتییە توندەکاندا.

لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان خەباتی یاسایی و خەباتی ئاشکراو عەلەنی چینی کرێکاردا، خەباتی یاسایی خەباتێکی خوازراوە لە هەموو کاتێکدا بەڵام خەباتی ئاشکرا( عەلەنی ) پەیوەستە بە هاوسەنگی هێز لەنێوان چینە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا.

هەرچۆن لە ناوەندە پیشەسازییەکاندا کرێکاران ڕێکخراون، لەو گەڕەکانەشدا کە کرێکار نشینن بەهرەمەندن لە ڕێکخراوەی کرێکاریی لەدەوری داواکاریی و مافەکانیان، کە پەیوەندی بە گەڕەکە کرێکارییەکانەوە هەیە…

هەر لەبەر ئەوەشە کرێکاران کۆ نابنەوە لە دەوری داخوازیی خەیاڵی یا بابەتی ناواقعی کە پەیوەندی بەوانەوە نییە… بەڵکو ئەوان ڕێکخراو ئەبن لەدەوری بابەت و داواکاریی کۆمەڵایەتی کە پەیوەندارە  بەخودی خۆیانەوە وەک چینێکی کۆمەڵایەتی  ( جا ئابوری بێت یا سیاسی و..).

 

هەندێ تێبینی دەرباری ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکان لە کوردستانی عێراق:

١- وا دائەنرێت کەڕێکخراوەجەماوەرییەکان لە کوردستانی عێراق تازەپێگەشتوە و سەردەمەکەی نوێیە. مێژووی خەباتی جەماوەریی کرێکاریی، و هەوڵدانی کرێکاران بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی، ماوەیەکی درێژی بەسەردا تێپەڕ نەبووە  . لە ماوەی دەسەڵاتی نیزامی بەعسی  قەومی بۆرژوازیدا، چینی کرێکارناڵاندویەتی( بۆ زیاتر لە چل ساڵ )  بەدەست نەبوونی و هەژارییەوە، لەو کاتانەدا بزووتنەوەی کرێکاری لەژێر هەلومەرجێکی سەکوتگەرانەو داپڵۆسێنەرانەی کەم وێنەدا ئەیگوزەراند کە لە پێکهێنان و دامەزراندنی ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکانی بێبەشی کردبوو. .  .

٢- لەگەڵ داڕمانی نیزامی بەعس و نەمانی دەسەڵات وسایەی بەسەر ناوچەکانی کوردستانی عێراقدا، بزووتنەوەی کرێکاریی پێی نایە قۆناغێکی تازەوە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە بە دەرکەوتن و دۆزینەوەی زۆرێک لە ڕێکخراوە جەماوەرییە کرێکارییەکان ئەناسرایەوە .

٣- دەرکەوتن و هاتنەبوونی بزووتنەوەی شورایی لە سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی پێشوو لە کوردستانی عێراق، کە یەکێک بوو لە ناسراوترین و فراوانترین شکڵەکانی ڕێکخراوبوون کە ڕەنگدانەوەی هێز و سایەی مەیلی ڕادیکالی ناو ڕیزەکانی چینی کرێکار بوو، وە هێزی کۆمۆنیستیش  لە ناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا وەک گرۆپێکی زۆر ڕادیکاڵ و دەربڕ و پارێزەری گشت بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی دەرکەوت.

٤- سەرەڕای تەمەنی کورتی بزووتنەوەی شورایی و ناڵاندنی بەدەست کەموکورتی و لاوازییەکانی ( کە لەوانەیە هاوڕا یا جیاوازیمان بێت لەسەری )، سوونەت و کەڵچەری خەباتکارانەی ئەم بزووتنەوە شوراییە ئامادەییەکی گەورەی پەیدا کردبوو لە ناو ناوەندەکانی کرێکاران وکاریگەرییەکانی باڵیکێشابوو بەسەر هەر دەستپێشخەرییەکدا بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوەی کرێکاریی و جەماوەریی. ئەزموونی یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی کرێکاران و کارمەندانی تەندرووستی و ڕێکخراوەی کرێکارانی کارگەکانی جل وبەرگ و چیمەنتۆ و گەچ و کارەبا و ….و فیدراسیۆنی گشتی ڕێکخراوە جەماوەریی و کرێکارییەکان تێکەڵەیەک بوون لە سوونەتی خەباتکارانەی شورایی و سەندیکایی، سوونەتە شوراییەکان قورساییەکی گەورەی هەبوو لە ژیانی ئەم ڕێکخراوانەدا.

٥- دوای پاشەکشێی ئەم ڕێکخراوانە لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی پێشوو و ئەو دابڕانەی کە زیاتر لە دە ساڵی خایاند، کە ئەویش هۆکاری هەلومەرجی بابەتی جۆراوجۆرو تایبەتی خۆی هەبوو کە ئێستا لێرەدا لە بابەتەکەماندا جێگای باسکردن نییە ( بەڵکوو ئێمە هەوڵ ئەدەین لە فرسەتێکی ترداڕۆشناییان بخەینە سەر)، هەندێ هەوڵ و تێکۆشانی ڕادیکاڵ و نوێ ئەبینینەوە بۆ بەدیهێنان و دامەزراندنی ڕێکخراوەی جەماوەری کرێکاری ( پەرژو بڵاو و پارچە پارچە ) ی بچوک کەلە پێکهاتەیدا پشت ئەبەستێت بە تێکەڵەیەک لە کەڵچەری شورایی و کەڵچەری نەقابی ..

٦- هەوڵدان بۆ دروستکردن یا دامەزراندنی هەر ڕێکخراوەیەکی جەماوەریی لەدەرەوەی ناوەند یا ژینگەی ناڕەزایەتی کرێکاریی، حوکمی ئاسۆتەسکی و لاکەوتەیی  و ونکردنی ئامرازی گەشەکردن و گەشەسەندنی خۆی ئەدات… و ڕێکخراوەی کرێکاریی پێویستە و ئەبێت ( ئەگەر بییەوێت تەمەنێکی درێژ بۆ خۆی تۆمار بکات ) چالاکی و بەردەوامێتی هەڵقوڵاوی ژینگە و ناوەندی خەباتکارانەی کرێکاری بێت، و هەر ئەویشە کە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕابەران و چالاکوانانییەتی ، و ئەو ژینگەیەشە کە ئەبێتە خۆراکی هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتییە کرێکارییەکان لە ڕێی تواناییەکانی و ئەزموونەکانی و شارەزاییەتییە پێویستکانی ، گەشەی پێئەدات و بەرەوپێشەوەی ئەبات .

٧- پێشکەوتن و گەشەکردنی ڕێکخراوەی جەماوەریی کرێکاریی بەستراوەتەوە بەو شادەمارە خەباتکارانەیەی کە گرێی خواردووە بەهەناوی تیکۆشانی بەردەوامی کرێکاریی. بەو پلەیەی کە ڕێکخراوەی کرێکاریی گەشە ئەکات لە ڕابەرایەتیکردنی خەبات و داواکارییە کرێکارییەکان بە هەمان پلەش ڕێکخراوەی کرێکاریی نەک بەتەنها ئەبێتە نوێنەری جەماوەری کرێکاران بەتەنها، بەڵکو لە کۆمەڵگەدا دەرئەکەوێت وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر لەسەر ڕێڕەوی ژیانی سیاسی کۆمەڵگە. (ئەزمونی  یەکێتی گشتی کاری تونس و ڕێکخراوی بۆنتان دەرچوو  ” طلعت ریحتكم ” ی لوبنانی و IGM....تورک ئیش ی تورکی و…تاد ) نموونە گەلێکی ئەم ڕێکخراوانەن.

٨- وێنە کێشانی( ئستراتیژیەت ) بۆ بەرەوپێشەوەچونی خەباتی جەماوەری کرێکاریی خۆی حەشاردراوە  بتەوکردنی ڕیشەکانی ڕێکخراوەکە لەناو فراوانترین بەشەکانی جەماوەریی کرێکاریی ، و ئەمە لە لایەک و یەک جەستەبوونی داواکارییە ڕەواکانی جەماوەریی کرێکاریی و نوێنەرایەتیکردنی هەموو بەشەکانی کرێکارانی ناڕازی لە لایەکی ترەوە . ئەو ستراتیژیەتانەی کە نوێنەرە (دەرکەوتووە لەسەر شانۆی سیاسی ) لە ڕێکخراوەیەکدا و پێکهاتووە لە دەستەیەک چالاکوانی دابڕاو لە بنەمای کۆمەڵایەتی و مادیی چینی کرێکار و تێکۆشانەکانی، زەرەر ئەدات لە  چالاکی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار لە ڕێی دەرخستنی لاوازیی و کەموکوڕییەکانی و  گۆشەگیرییەکانی دەستەی هەوڵدەر بۆ دەرکەوتن وەک ڕێکخراوەیەکی کرێکاریی، و زیاتر ئەیخاتە بەردەم هێرش و تێکشکاندنی، و بۆرژوازیش تۆماری ئەکات بە سەرکەوتن بەسەر( بزووتنەوەی کرێکاریی ) ڕاگەیەنراوەکە.. لەلایەکی تریشەوە ئەم ستراتیژیەتانە هیچ دەرنابڕن جگە لە ئاواتێکی ڕەوتی بلانکی دابڕاو ( کە زیاتر ناسیونالیستییە وەک ئەوی کرێکاریی بێت) لەناو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا . ئەم ستراتیژیەتانە هیچ نین جگە لە دیدگایەکی سۆشیالیزمی بۆرژوازیی کە لە چینی کرێکار ناگات وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆیی ئۆرگانیک کە میکانیزمی ماددی تایبەت و تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی مێژوویی خۆی هەیە، و لەبەر ڕۆشناییان گەشە ئەکات و پێشئەکەوێت و ڕابەرانی خۆی  بەرهەم دێنێت و ئەزموون وانەکانی خۆیشیان ئەداتێ … ئەم ڕەوتە نەک لە چۆنیەتی گەشەو بەرەوپێشچونی خەباتی جەماوەری کرێکاریی و ڕێکخراوەکانی تێنگات بەڵکوو لە چۆنیەتی بەدیهێنانی حزبی کرێکاری مارکسیش تێناگات.

 

فؤاد محمد

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*