ئێرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان، سەرلەنوێ ڕاپەڕی : ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی

لە پێنج ڕۆژی پێشوەوە، ئێران ناڕەزایەتی جەماوەری فراوان بەخۆیەوە دەبینێ و زۆربەی شارەکانی گرتۆتەوە، و سەرەتا لە شاری ” مەشهەد “ەوە دەستیپێکرد، و دژ بە هەلومەرجی ئابوری نالەبار و بەرزبوونەوەی بێشوماری نرخی شتومەکی ڕۆژانەیە… و لە دوای ئاستەنگەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەریی فراوان و بەهێز ئەژمێردرێت…

نیزامی ئاخوندی دەسەڵاتداری ئێران لە شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩٧٩بەدواوە، بەیەکێک لە دڕندەترین ڕژێمە چەوسێنەر و سەرکوتگەرەکانی جیهان ، و لە ڕیزی پێشەوەی دەوڵەتانی جێبەجێکەری سزای لەسێدارەدان لەدژی ئۆپۆزیسیۆن و چالاکوانە سیاسییەکانی ناسراوە.

ماوەی ٤٠ ساڵ لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتی ئەم ڕژێمە بۆگەن وداڕزیوە بەسەر جەماوەری بێبەشی ئێراندا، پڕ بووە لە ئەنجامدانی کوشتن و سەنگەسارکردنی سەدان هەزار ژن، و سزای شەلاق لێدان و بەردبارانکردن و بڕینی دەست و چەندەها جۆری تر لە سزای دڕندانەی ئیسلامی ڕۆژانە و بەردەوام… و زیندانەکان بەسەدان هەزار زیندانی سیاسی و چالاکوانی کرێکاریی و ئازادیخواز پڕکراون، و هەمیشەش هێرشی سەربازی کردووەتە سەر دانیشتوانی ئەو هەرێم و ناوچانەی کە نەتەوەی جیاواز لە فارس زمانی تێدا بووە.

  لە سایەی ئەم ڕژێمە گەندەڵە، زیاتر لە ٤٠% ی دانیشتوان لە ژێر هێڵی هەژارییەوە ژیان بەسەر ئەبەن، و زیاد لە بیست ملیۆن کەس بێکارن، و زۆرێک لە ئێرانییەکان سەرقەبرانەکانیان کردووە بەشوێنی ژیان و گوزەرانیان!

ئەوەی کە ئەم خۆپیشاندانە جەماوەریانەی ئێستا لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو جیائەکاتەوە، ئەوەیە کە تەنها بە داخوازییە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانەوە گیری نەخواردووە، بەڵکو شکڵ و شێوەیەکی سیاسی فراوان و گشتگیری بەخۆیداوە و بانگەواز ئەکات بۆ ڕوخانی ڕژێم و مەرگی مۆرەکانی و “مەرگ بۆ خامنەئی” و ” مەرگ بۆ ڕۆحانی ” و ” مەرگ بۆ دیکتاتۆر “، درووشمی جەماوەری ڕاپەڕیوە و بە دەنگێکی بڵند ئەیڵێنەوە، و تەنانەت گەشتۆتە ئاستی بەشداریکردنی فراوانترین توێژە کۆمەڵایەتییەکان و چینە هەژارەکان، و ئەمەش ئێمە هان ئەدات، بە شایستەیی و دروستی وێنای بکەین بە ڕاپەڕینی جەماوەری شوباتی ١٩٧٩…

    

ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە فراوانە کۆڵەکەکانی یەکێک لە نیزامە ناسیونالیست و ئیسلامییەکانی ناوچەکەو جیهان ئەکوتێت و ئەلەرزێنێت، و بەوەش جیائەکرێتەوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشوتر، کە ئامانجەکەی ڕوی لە سەراپای نیزامە کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتیەکەی ویلایەتی ئاخوندەکانە بە هەموو باڵە ڕکابەرەکانیەوە “ڕیفۆرمخوازەکان” و”محافەزەکارەکان”و وەک ئامرازێکی هەڵخەڵەتێنەرانەی دەستی ڕژێم و موریدەکانی بە باشی ناسیونی !

 

هێز وحزب و بزووتنەوە بۆرژوازیە ناسیونالیستەکان، و سەڵتەنەتخوازەکان، و لیبرالییەکان، و پاشماوەی ڕیفۆرمخوازەکان و هەموو ئەوانی تریش، زۆر دەمێکە ئاسۆی سیاسی و کۆمەڵایەتیان وونکردووە لە پێناو ڕزگارکردنی کۆمەڵگەی ئێران، و ناتوانن و بۆیان ناکرێت سایە بکێشن بەسەر ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان و بەپێی ئەجیندای سیاسی و ئاسۆی تاریکی خۆیان لەقاڵبی بدەن.

جەماوەری کرێکارانی ئێران، خاوەنی یەکێک لە گەورەترین ئەزموونە خەباتکارانە گرنگەکانە، نەک هەر لە ناوچەکە، بەڵکو لە هەمو جیهان، ئەویش ئەزمونی بزوتنەوەی شورایی و خۆبەڕێوەبردنی جەماوەریی کرێکاران و زەحمەتکێشانە لە سەردەمی شۆڕشی ( بەهمەن ) شوباتی ١٩٧٩دا. هەموو ئەم ئەزمون و وانانەش کە بەدەستیان هێناوە لە ساڵانی ڕبردودا ئەگۆڕدرێن بە جوڵانەوەیەکی جەماوەری گەورەتر و خاراوتر، ئەگەر هێزی خۆیان لە سوپایەکی چینایەتیدا ڕێکبخەن، نەک تەنها بۆ ڕابەرایەتیکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێستا، بەڵکو بۆ گۆڕینی گشت نیزامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکە و کۆتایهێنان بە کۆمەڵگەی جیاکاریی و چەوساندنەوە و ستەمکاریش.

هەستانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئێران، بەتەنها ئایندەی سیاسی ئێران نا نەخشێنێ، بەڵکو کار ئەکاتە سەر گشت نەخشەی سیاسی ناوچەکە و جیهان بە شێوەیەکی دیاریکراو، و پاڵئەنێت بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسییەوە بەرەو دواوە و پاشەکشەی پێئەکات و جەماوەری کرێکاران لە ناوچەکەدا ئەخاتە پێگەیەکی شیاو لە خەباتی ئایندەیدا….

 ئەرکە نێونەتەوەییەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، لە ئێمە و گشت کۆمۆنیستەکان و خەباتکارانی بزووتنەوەی کرێکاری ئەخوازێت کە پاڵپشت و پشتیوانی چینی کرێکاری ئێران و ئەنجامدەری هاوپشتی نێونەتەوەیی بین لەگەڵ کرێکارانی ئێران و جەماوەری تێکۆشەری دادپەروەری کۆمەڵایەتیخواز و ڕزگاریخواز و یەکسانیخواز  .

 

 بژی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕاپەڕیوی ئێران

 

ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی

٢٠١٨ كانونی دووەمی الثاني

 

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*