170 ” مانيفيستى كومونيست “رابورتاجيك له سه ر ياد كردنه وه ى

 

به‌رواری 21-02-1848 هاوكاته‌ به‌ به‌رواری بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو هاوڕێ (كارڵ ماركس و فره‌دریك ئه‌نگڵس)ه‌وه‌ نوسراوه‌. هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ پرشنگدارترین ڕۆژه‌كانی مرۆڤایه‌تی و پڕۆلیتاریا و خه‌بات له‌پێناو ڕزگاریدا. چونكه‌ دواپه‌یامی ڕزگاری مرۆڤایه‌تی و ڕاسته‌قینه‌ترین په‌یامی ڕزگاری مرۆڤ له‌ كۆت و به‌ند و زینجیر و تاریكیی چینایه‌تی، له‌م ده‌قه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون و ڕاشكاو خراوه‌ته‌ڕوو.

له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا 170 ساڵ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ په‌یام و پێشبینییه‌كانی نێو ئه‌و ده‌قه‌ له‌ ئێستادا ڕوونتر و كاریگه‌رترن له‌وه‌ی له‌و كاتدا بۆرژوازی له‌ناو ته‌پوتۆزی ململانێكانی سه‌ركه‌وتنی سه‌رمایه‌داریی مۆدێرنه‌دا بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ په‌یام و پڕه‌نسیپ و پێشبینییه‌كانی نێو ئه‌م ده‌قه‌ و ڕۆڵی بۆرژوازی و پرۆلیتاریامان باشتر له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌ناو ئه‌و ڕۆڵه‌ خودائاساییه‌ی سه‌رمایه‌ و كاڵادا بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چی جه‌هه‌نه‌مێكی خوڵقاندووه‌.

هه‌ر به‌و هۆیه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك له‌ شاری سلێمانی و له‌ به‌رواری 21-02-2018 پێكڕا هه‌ستان به‌ سازكردنی پانێڵێك بۆ یادكردنه‌وه‌ی 170 ساڵه‌ی نوسین و بڵاوبوونه‌وه‌ی مانیفێستی كۆمۆنیست به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ دێت. سه‌ره‌تا، دوو گۆرانی سرودی ئینته‌رناسیۆنال به‌ ڤیدیۆ پێشكه‌شكرا و پاشان ڤیدیۆیه‌كی فێركاری 10 خوله‌كی ده‌رباره‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان سه‌رمایه‌داری و ماركسیزم پپێشكه‌شكرا. دواتر، هه‌ردوو هاوڕێ (ناجی ئه‌فراسیا و كارزان عه‌زیز) پێكه‌وه‌ وه‌كو قسه‌كه‌رانی پانێڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی 45 ده‌قه‌یه‌ك قسه‌وباسه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌قه‌كه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندیی به‌ ئێستامانه‌وه‌ خسته‌ڕوو. له‌ كۆتایشدا، ئاماده‌بووان و به‌شداربووانی یاده‌كه‌ به‌ سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانیان بۆنه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتركرد و كۆتاییان به‌ چالاكییه‌كه‌ هێنا. كاتی یاده‌كه‌ دوو سه‌عاتی خایاند و زیاد له‌ 30 كه‌س ئاماده‌ی بۆنه‌كه‌ بوون.

 

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ری ئه‌ڵته‌رناتیڤی سۆسیالیستی

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*