فلاح علوان : دەربارەی ڕیفراندۆم، لە وەڵام بە ڕێبوار احمد/بەشی ١ و ٢

ئەم بابەتەی هاوڕێ فەلاح عەلوان لە بەرواری ٧/٩/٢٠١٧ بڵاوی کردبووەوە و ئەوکات بەشێکی کەمیمان کرد بە کوردی لە ٢٠١٧/٩/١٨ لەبەر کەم فرسەتی نەم توانی هەموی لەکاتی خۆیدا بکەمە کوردی بەڵام لەبەر گرنگی بابەتەکە و ئەو هەلومەرجەی کە لە ئێستادا هاتونەتە پێش و ڕەخنەیەکی سۆشیالیستی لە ڕێبوار ئەحمەد کە سەر  بەڕەوتی کۆمۆنیزمی بۆرژوازییە، بە پێویستم زانی  پاشماوەی بابەتەکە بکەمە کوردی .

وەرگێرانی / ئیبراهیم عومەر

 (ئەم بابەتەی هاوڕێ لە ماڵپەڕی  ( الحوار المتمدن ) بڵاو بووەتەوە بە زمانی عەرەبی و لەبەر گرنگی بابەتەکە ئەم بەشەیمان کردوە بە کوردی)

ڕێبوار احمد بابەتێکی دەربارەی ڕیفراندۆم بڵاوکردوەتەوە لە ماڵپەڕی ( الحوار المتمدن ) بە ناونیشانی: ڕاپرسی مافی خەڵکە، بەڵام بارزانی و ناسیونالیزم خاڵی لاوازین!

سەرەتا ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە من لێرەدا لەبەرامبەر هەڵسەنگاندنی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی هەڵوێستی خۆم نیم، وە ڕکابەری مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستانیش نیم، بەڵام ئەمەوێ هەڵوێستی خۆم دەرببڕم لەبارەی خستنەڕویەک کە  بە مارکسی و کۆمۆنیست خۆی دەر ئەخات، لەکاتێکدا کە ئەو خستنە ڕووە هیچ نیشانەیەکی تیا نابینم لە زانستی بوون و مارکسی بوونی خستنە ڕووەکە.

ڕێبوار احمد ئەڵێت ” لە کاتێکدا کە ڕیفراندۆمێکی واقعی کە گوزارشت لە لە ئیرادە و بڕیاری هۆشیارانەی خەڵکی کوردستان بکات، دەشتوانێ سەرەتای ڕەوەندێک بێت بۆ هەڵگێڕانەوەی دۆخی کارەساتباری ئێستا و چونەپێش لەڕێگای لەکارخستنی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی ئەم حزبانە ” .

دواتر ئەڵێت ” ریفراندۆم جگه ‌له‌وه‌ی وه‌ڵامێکی گونجاوە بۆ ئەو کێشەیە،‌ هاوکات هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەرهێنانی کوردستان لە گێژوای فیدراڵیزمی شکستخواردووی ئێستا و هەڵتەکاندنی کۆسپێک لە بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکاران و رەوتی شۆڕشی کرێکاری.” دوای ڕوبارێک لە لۆمەو وەسف دژ بە بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد بەو ئیعتیبارەی کە عەشایەریی، و گەندەڵە و چەوسێنەرە و میلیشیاییە، ئەگات بەو ئەنجامە”ریفرامدۆم پێویستە بۆ ئەوەی بەهانەی مەسەلەی قەومی لە دەستی ناسیۆنالیزم دەربێت کە دەیان ساڵە حزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ فریودانی خەڵک و هەڵخڕاندنیان لە دەوری ئامانجە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان و بەکارهێنانیان وەکو لەشکری پیادەی کێشمەکێشەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن.”

بەڵام، بەرژەوەندی بۆرژوا ناسیونالیستی دەسەڵاتدار چییە، کە هەڵئەسێت بەم کارە و رێگا خۆشئەکات بۆ لاواز کردنی دەسەڵاتەکەی؟ بۆچی دەسەڵاتدارانی میلیشیایی چەوسێنەر هەڵئەسن بەم دەسپێشکەرییە کە هەڕەشە ئەکات لە بوونی سیاسیی خۆیان و ڕێگا خۆشئەکەن لەبەردەم شۆڕشی کرێکاریی؟ ئەو پرسیارە ئاسانەی کە دێتە بەر گوێیەکان ئەوەیە کە، بەپێێ چ لۆجیکێک ڕێبوار احمد توانیوییەتی بگات بە دەرەنجامی کە دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر و کۆنەپەرست و چەندەها پێناسەی تریش کە پێیان ئەڵێت،هەڵئەسن بە ئامادەکاریی بۆ لابردنی ڕێگرییەکانی بەردەم خەباتی چینایەتیی و بەردەم شۆڕشی کرێکاریی؟ و چۆن ئەبێت حکومەتێک کە خۆی دەسەڵاتدارە، خۆی لەبەین ببات و دەست ببات بۆ دەسپێشکەرییەک بۆ ڕیفراندۆم کە ئەبێتە ” سەرەتای ڕێڕەوێک بۆ هەڵگێڕانەوەی هەلومەرجی نالەباری ئێستا ” مەگەر بیەوێت خۆی لەباری سیاسییەوە لەناوبەرێت؟ ئایا دەسەڵات ئەیەوێت ڕووەو ئەو بژاردەیە بڕوات، یا دەرەنجامەکەی ڕێبوار احمد بە تەواوی بناغەی نییە و دوای ئەوەش کۆمەڵێک ڕستە و وشە ڕیز ئەکات لە لای خۆیەوە و پاساو ئەهێنێتەوە بۆ هاندان  پرۆژەکەی بەرزانی بگرنە ئەستۆ؟ بەڵگەی ڕێبوار آحمد چییە کە ” ریفرامدۆم پێویستە بۆ ئەوەی بەهانەی مەسەلەی قەومی لە دەستی ناسیۆنالیزم دەربێت ” و نەبێتە سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ بزووتنەوەی ناسیونالیستی؟

نووسەری بابەتەکە بۆی هەبوو کە ئەم پێشنیارە بخاتە ڕوو و بەرگریشی لێبکات و بڵاویشی بکاتەوە و بەرگریشی لێ بکات، وەک چۆن مافی هەرکەسێکی تریشە، نووسەر ئەتوانی لەهەر سەنگەرێک بوەستێت کە بژاردەیەتی، بەڵام نەک پێشنیاریك بکات و هەڵاو زەنایەک بنێتەوە، کە تێکەڵەیەکیشە لە ناسیونالیزم و ڕیفۆرمییزم و بە سۆشیالیزم و مارکسیزمیشی بداتە قەڵەم.

نووسەر ئەڵێت ” زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە چارەنوسی چەند ملیۆن خەڵکیان کردوەتە پاشکۆی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و……ڕێگایەک بوو بۆ نقومکردنی هەردوو بنەماڵە و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان لە سەروەت و سامانی بێسنور و لە حیساب نەهاتوو. “

کۆمەڵگەیەک بۆ چارەکە سەدەیەک کەوتبێتە بەر هێرشی دزی و ڕووتانەوە کۆمەڵگەیەکە پێویستی بە شۆڕشە نەک ڕیفراندۆم. چونکە جەماوەر لە کاتی قەیراندا تەماشای ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە ئەکات بۆ هەلومەرجەکە واتە شۆڕش، لە کاتێکدا کە بەرژەوەند و ئامرازی بۆرژوازیی لە کاتی قەیراندا، جەنگ و تووندکردنەوەی سەرکوت و سک هەڵگوشینە، و ڕاپرسی ئامرازێکی شۆڕشگێڕانە نییە کە جەماوەر بڕیاری لەسەر دابێت بۆ ئەوەی کە پەلە بکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی

کۆمەڵگە، دواتریش ڕۆشتن بەدوای سیاسەتەکانی بۆرژوازیدا مانای ڕۆشتنە بەدوای سیاسەتی جەنگ و ڕێخۆشکردن بۆی.

بەشی دووەم

beجەنگی ناسیونالیستی لەعێراق نەک هەر لەوانەیە هەڵگیرسێت، بەڵکو دیاردەکانی پێکاهەڵپژان و ڕوبەڕوبونەوە دەستیپێکردووە، و هەندێ  لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان پڕوپاگەندە و هاندان و گۆڕینی بەو ئاراستەیەدا ئەکەن، ئەمانەش بریتین لە پێشەکی و زەمینەکانی جەنگ، و ئەوکاتیش بیرکردنەوە لە ئەوەی کە کێ دەستپێشکەر بووە و کێ هێرشکەر بووە کەڵک ناگرێت، و ئیتر بیرکردنەوەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی ئەبێتە ڕابردوو . ئەرکی مارکسیەکان وەستانەوەی دەسبەجێیانە بەڕوی بەرپابوونی جەنگ و بانگەشەکەرانی بەرپاکردنی جەنگ لە سەرکردەکانی میلیشیاکان و بازرگانانی جەنگەکان، و ئەمەش خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەکی چینایەتی توندوتۆڵ و هەڵوێستی چینایەتی ئەنتەرناسیونالیستیە، کە لە زەمینەی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەیەک بەرامبەر نەتەوەیەکی ترەوە دەرنەچووە و  هەڵوێستی بۆرژوازی نەتەوەی خۆی وەرنەگرتووە، هەر وەک چۆن لە نێونەتەوەیی دووەمدا ڕویدا، بەڵکو پێویستە هەڵوێستێکی بەلشەفیانە بگرینەبەر کە پرۆژەی بانگەشەکەرانی جەنگ و ئەوانەی فوو ئەکەن بە بووقی جەنگدا توشی پشێوی بکات، و بانگەشەی ئەوەش بکات کە لوولەی چەکەکان بکەینە دوژمنانی چینایەتیمان.

( ڕێبوار احمد ) ئەڵێت:

” بڕیاردەری ئەوەڵ و ئاخیری چارەنوسی خەڵکی کوردستان، جەماوەری کوردستان خۆیانن ” ، ئەگەر نووسەر پێی وایە ئەم دانپیانانە ئستانداردە بۆ ڕاست و دروستی هەر جۆرە تەرحێک لەم بارەیەوە، ئەوا بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردستان  لە ڕێی چالاکوانان و بیرمەندانیەوە ڕای پێچەوانەی پرۆژەکەی بارزانی و بیرۆکەکەی ( ڕێبوار ئەحمەد ) و ئەو تەرحانەی لەدەوری ئەو چەرخە ئەسوڕێنەوە خستووەتە ڕوو . ئەگەر بمانەوێ بگەڕێینەوە بۆ ڕای جەماوەری کوردستان ناتوانین بیخەینە چوارچێوەی پرۆژەکەی بارزانی یا ڕەزامەندبوون و پەیوەستبوون بە سەنگەری بۆرژوازی کوردەوە. 

هەڵوێستگیری جەماوەری ئێستا لە کوردستان پێکهێنەری زۆرێک لە فۆرمی چاوەروان نەکراوە، و پێکهێنەری پیشینە و دەسپێشکەرییەکی جەماوەریش بووە بۆ ڕوبوڕوبونەوەی پرۆژەیەکی خاوەن دورنمای جیهانی، ئەوە یەکەمین ڕەتکردنەوەی جەماوەرییە لە پێگەی چەپەوە لە ناوچەکەدا بۆ سیاسەتە گشتییەکان و نەخشاندنی چارەنوسی کۆمەڵگە. وە لەوانەیە ئەم ڕەوتە جەماوەرییە ڕۆڵێک بگێڕێت لە وەرچەرخانی ناوچەکە ڕووەو چەپ ئەگەر گەشەی سەند و درەوشایەوە و توانایی پەیداکرد لە خڕکردنەوەی جەماوەر لە دەوری خۆی، وە لەوانەیە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و کاریگەریەکانی کەمتر نەبێت لە شۆڕشی تونس و شۆڕشی میسر.

لە ناو دوکەڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاریک و دارو پەردوی ماڵە وێرانکراوەکان بەسەر دانیشتوانەکەیدا، و ئاگری قەناسە و پێکاپژانی میلیشیاکان و باڵکێشانی ئەمیرەکانی جەنگ و بازرگانانی خوێن و چەک، و فرۆشتنی مرۆڤ لە بازاڕەکانی کۆیلایەتی، و دانیشتنەکانی فەرمانبەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەرپرسە ڕێکپۆش و بێخەمەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان، بۆ ئاراستەکردنی جەنگ بە ڕێچکەی گونجاو لەگەڵ سیاسەتەکانیان، بێبەریی ئەم دەنگە جەماوەرییە ناڕازیەتیە لە ناو خەڵکی کوردستان ، تا ئەوە بڵێت کە جەماوەر  ئەیەوێت و ئەوەی ئەیبینێت وەڵامە بە سیاسەتەکانی بۆرژوازیی . ئەوە سەرەتایەکە بۆ جیاکردنەوەی ڕیزەکانی جەماوەر لە کاریگەریەکانی ئایدیۆلۆجیای بۆرژوازی، ئەوە هەڵوێستێکە ئەگەری گەشەی هەیە ڕوەو ڕەوتێکی سۆشیالیستی نێونەتەوەیی .

ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە بە خێرایی نووسەر و بیرمەندانی پێشکەوتنخواز و مارکسی خۆی بەرجەستەکردووە، و تەرحی مارکسی جۆراوجۆر هەیە سەرەڕای  نایەکگرتوویی لەباری ڕێکخراوەیی و لۆجستیکییەوە، بەڵام هەنگاو ئەنێت ڕووەو ئاراستەی خستنەڕوی ڕوانگەیەکی زانستی پتەو. ئەمەش پێویستی هەیە بە ڕێکخراوێکی خەباتکارانە، کە ئەم ڕێکخراوە لە بزوووتنەوەکەدا لە کوردستان وونە. من پێم وایە کە بەڕێخستنی ئەم ڕەوتە و پایەدارکردنی و گرێخواردنی لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان و داخوازییە ڕۆژانەکانی، و ڕوبەڕوبوونەوەی بۆرژوازی قەیرانگرتوو بە ئەڵتەرناتیڤێک، هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە و زنجیرەیەک کاریگەری یەک لە دوای یەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جۆشخواردودا بەدوای خۆیدا دێنێ، و پێشم وایە پێویستە لەسەر ئازادیخوازان و پێشکەوتنخوازان ئەم ڕەوتە بەهێز بکەن کە تائێستا تەنها تروسکاییەکی هیوابەخشە وسەرەڕای ئەوەی لەسەرەتاشدایە، وە هەڵگری  توانایی سەرکەوتنیشە لەتەنیشت ئەگەری گەڕانەوەی . لەسەر ئەم بنەمایەش ( ڕێبوار احمد ) نەک هێچ پاڵپشتیەک بۆ تەرحەکەی نادۆزێتەوە لە هەڵوێستی جەماوەر، بەڵکو لەپاڵ هێزەکانی خاوەن پرۆژەکە و لەگەڵ نوێنەرەکانی و لایەنگرەکانیدا وەستاوە.

نووسەر لە بابەتێکی تردا ئەڵێت :

” لەبەر ئەوە، مەرجی پێشکەوتنی ئەم کارە دەستکۆتاکردنی بارزانی و پارتەکەی و بەتاڵکردنەوەی ڕۆڵیانە..” . بەڵام چۆن ئەتوانرێت بارزانی دەستکۆتا بکرێت لە پاڵ بانگەشەکردن بۆ دواکەوتنی پرۆژەکەی ؟ مانای چییە ” بەتاڵکردنەوەی ڕۆڵیان ” ؟  بەتاڵکردنەوەی ڕۆڵی سیاسی کۆتایهێنانە بە دەسەڵات و سایەی بزووتنەوەکەی، نەک ڕیزبەستن لە دوای خۆی و پرۆژەکەی .

نووسەر لە کاتی باسکردنیدا لە بارەی بەرهەڵستکارانی ڕیفراندۆم دەڵێ :

” هەڵوێستگیری ئەوانە هەرگیز پەیوەندی نەبووە بە دڵ فراوانیان بۆ سبەینێیەکی باشتر بۆ ئەم جەماوەرە، بەڵکو کەوتونەتە ڕیاکاریی…”  ناکرێت لۆمەکردنی کەسانی تر ببێتە ڕاست و دروستی لایەنەکەی بەرامبەر ئەویتر، بۆهەر لایەنێکی وەسفکراو بە ڕیاکار ئەتوانرێت بوترێت کە ئەم نوسینە پڕییەتی لە ڕیاکاریی زیاتر، بەم شێوەیەش هیچ پاساو و سەلماندنێکمان نابێت.

نووسەر بابەتەکە دیاری ئەکات لە چوارچێوەی جیاوازی یا کێشەی عەرەبی و کوردی و ئەڵێت:

“هەڵوێستی ناسیۆنالیزمی عەرەب کە خۆی لە لێدوانەکانی حکومەتی عەبادی و لایەنە ئیسلامی و ناسیۆنالیستە عەرەبەکاندا دەبینێتەوە، بە دەر لەوەی کە بەهانە و پاساوەکانیان چیە، لەو روانگە شۆڤێنیستیە عەرەبیەوە سەرچاوەی گرتووە کە عێراق بە وڵاتێکی عەرەبی و بەشیک لە دنیای عەرەب دەزانن …” ڕوانگەی ( ڕیبوار احمد ) بۆ بابەتەکە کە دەرەنجامی کێشەی نێوان کورد و عەرەبە، کارێکی هەڵە و نازانستی و هاندەرانەیە، ئەو ڕوانگەیەکی ناوچەگەری بەرتەسک و نا مێژوویی وێنا ئەکات، و ناواخنی بابەتەکەی دانپیانەنانە بە بوونی گەلانی تر لە عێراقدا کەبوون و مێژوی هەبووە لە ململانێ سیاسیی و قەومییەکان لە عێراقدا، وەک گەلی ئاشوری و کلدانەکان و تورکمانەکان و یەزیدییەکان کە هەبونێکی ملیۆنییان هەیە، وە دان نەنانی نووسەرەکەیە بە بابەتە سیاسی و چینایەتی و ڕۆشنبیری و قەومییەکانیان، وە ئەندێشەیان و ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان، چ لەگەڵ دەسەڵاتی عروبە بێت، یا لەگەڵ هێزە ناسیونالیستییەکانی تر.

چواردەوردانی بابەتەکە بەمجۆرە، ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرستانەیە بۆ مەسەلەی نەتەوایەتی، بەڕێژەیەکیش برەو نادات بە تێگەیشتن و ئامادیی خودی نەتەویەتی، و باسی هیچ دورنمایەکی بابەتیانەی بزوتنەوەی نەتەوایەتیش ناکات، بەڵکو باسێکی خاوەن سروشتێکی هاندانە ڕووە و نەفرەتکردن لەنێوان نەتەوەکان و بە بناغەی ململانێکانیشی ئەداتە قەڵەم، کە ئەم باسەش نزیکترە لە فاشیزم .

ئەبوایە نووسەر هەستی بە باسەکەی بکردایە پێش کەوتنە ناو بابەتەکە، لەسەر مێژوی کێشمەکێشی قەومی لە عێراقی تازە لە دوای کۆتایهاتنی ئینتیداب زانیاری هەبوایە، و ئاسانکاری نەکردایە و ڕستەی خاوەن خاسیەتی هاندانی دەرنەپەڕاندایە . نامەوێ لێرەدا بچمە ناو مێژوی کێشمەکێشی قەومی لە عێراقدا و ڕەگەکانی، کە ئەمەش بابەتێکی ترە پێویستی بە باسێکی ترە، بەڵام ئەمەوێت لێرەدا ئەوە بسەلمێنم کە من ڕەزامەند نیم بەم باسە لەم خاڵەشدا .

دواتر نووسەر بەردەوام دەبێت و دەڵێت:

ئێستا کاتی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان جگە لە هەڵوێست و بانگیشەی ناسیۆنال-شۆڤێنیستی عەرەب، دەنگێکی تر لە روانگەیەکی ئازادیخوازانە و سۆسیالیستی و ئەنتەرناسیۆنالیستیەوە ببینن و ببیستن بۆ بەرگری لە مافێکی رەوای خەڵکی کوردستان. “

ئەگەر ( ڕێبوار احمد ) ئەو گیانبازیەی کە هەزەرەها کەس لە دانیشتوانی هەمو عێراق کردویانە ، لە ماوەی چەندەها دەیەدا، لە ئیعدامکران یا کوژران یا ئەشکەنجەدران و زیندانیکران لە ڕوبوڕوبونەوەی حوکمدارێتی قەومی عروبییەتدا، دانانێ بە ” هەڵوێستی جگە لە هەڵوێستی شۆڤێنی – قەومی عەرەبی”، ئەوا ئێمە ئەکەوینە بەردەم هەڵوێستێکی تەواوەتی لە شۆڤێنییەت و نابابەتیانە و لایەنگیری و درۆوە  .

  دواتر ئەڵێت :

” تەنها و بەتەنها ئەم هەڵوێستەیە کە دەتوانێ بە ئاراستەیەکی پێچەوانەی ئەو ئاراستانەی قڵشت و دووبەرەکیان لە نێوان کرێکاران و خەڵکی کوردزمان و عەرەبزماندا سازکردوە …” و ” ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کرێکار و کۆمۆنیستی عێراق، له‌دژی ناسیۆنالیزمی عەرەب و حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بادی بێنه‌ده‌نگ…” ئایا  ڕێبوار آحمد ئەتوانێت بۆمان بسەلمێنێت کە چ ” قڵشتێک ” هەیە لە نێوان کرێکاران و جەماوەردا کەسەرچاوەکەی ڕقە بە هۆێ زمان و ڕەگەز و شتی تر، وە بەبێ ئەوەی لێرەدا بەرژەوەندی سیاسی بۆرژوازی و ڕاکێشان و چاندنی دوژمنایەتی و تێکەڵکردنی جەماوەر لە جەنگدا بۆ بەرژەوەندی چینایەتی سیاسی هەبێت  ؟ . ئەم قسانە زۆر ترسناک و خەتەرناکن، ئەمە لێدانی تەپڵی جەنگی قەومی و هەڵگیرسانی ئاگرە، لەبەرئەوە ڕوبەڕوبونەوە ئەگەر ڕویدا لەسەر بناغەی زمان و بەوهۆیەوە، ئیتر چارەسەری نییە جگە لە گۆڕینی زمانەکان یا تەفروتوناکردنی هەردوو لایەن یا ڕاماڵینی هەموان. ئەو (واتە ڕێبوار احمد ) بەتەواوی ناکۆکە لەگەڵ ئەلف و بای مارکسیستی کە پێی وایە بەرژەوندی چینایەتی پاڵنەری پشت سیاسەتە .لانی کەم پارتی ئەڵێت ئەبینە دوو هاوسێی باش، کە نووسەری ئەم بابەتە تەنانەت ئەوەشی ناوێت.

لە شوێنێکی تری بابەتەکە نووسەر ئەڵێت:

” لە کاتێکدا هیچ شتێک لەوە ئاشکراتر نیە کە ئەو سامانەی بە تاڵان بردویانە بەشی دامەزراندنی چەند دەوڵەت دەکات نەک یەک دەوڵەت.” دەوڵەت مۆڵ و باڵەخانە نییە تا بە پارە دابمەزرێنرێت، دواتر جۆری ئەو دەوڵەتە چییە کە لە توانادایە دابمەزرێنرێت لەگەڵ دزەکانی پارەی گشتی کە ” بەشی دامەزراندنی چەند دەوڵەت دەکات نەک یەک دەوڵەت ” ؟ دزینی سامان کارێک نییە کۆمەڵێک گیرفانبڕ پێی هەستابن، تێگەیشتنی کرداری بەرهەمهێنان و کەڵەکەبوونی سەرمایە هەر چۆن کارل مارکس باسی ئەکات، بەرەو ئەوەمان ئەبات کە زانیاریمان هەبێت لەسەر ئەو دزیەی بەردەوامە بە شێکە لە پێویستیەکانی سوڕی سەرمایەی جیهانی، ئەمەش چۆن؟

دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردنی زێدەبایی ئەگەرچی سەرچاوەکەی کاری هەرزان بێت یان سەرچاوە سروشتییەکان بێت بەشێوەیەکی سەرەکی، هەر وەک هەلومەرجی عێراق، لەڕێی توانایی دەسەڵات و پشتیوانیکردنی سیاسیەوە ڕووئەدات لەلایەن هێزی ڕابەر لە بازاڕەکانی جیهاندا، و دابینکردنی دڵنیایی پارە ڕژاندنە ناو بانکە جیهانیەکان، واتە چونە ناو خولی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری جیهانی، و گوێزانەوەی پارە بۆ سەرمایە، ئەمەش ڕونادات لە ڕێی گەندەڵی و تاڵانی قایمکارانەوە نەبێت، کە لەپشتیەوە مافیا ترسناکە لە تاوان نقومبووەکان وەستاوە، و پێویستیشیان بە وێرانکردنی بینای دەوڵەت و دامەزراوەکانێتی نەک دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخی مەدەنی دیموکراتی، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی هەڵبژاردن و چالاککردنی ئەم تاقمە لە حوکمڕان و بەردەومی دەسەڵاتیان.

مالیکی یا نەجەفی یا بارزانی و ئەوەکانی تریشیان ناتوانن سەدان ملیار بخەنە گیرفانیان یا ماڵەکانیان، هەرچەندەش لە ڕێککەوتنیاندا زیادەڕۆییان کردبێت، ئەوە یەکسانە بە بڕێکی زۆر فەرامۆشکراو لە چاو ئەو بڕە لە سەروەت و سامان کە ئەچنە بانکەکان، واتە بۆ ناو خولی سەرمایە. ئەوە شێوەی هاوچەرخە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کەڵەکەبووی یەکەمەکە کە دامەزراوە لەسەر تاڵانکردن و دەستبەسەراگرتن، کە لەگەڵ هەموو قیرانێکی ئابووری بە ڕوونی دەرئەکەوێت.

ئەم ملیارانە شێوەی دەسبەسەرداگرتنی سەر زیادەکانە و ئەرکەکانی دابینکردنەی ڕژاندنی پارەیە نەک دامەزراندنی دەوڵەت، ئەم پارانە نرخی مانەوەی ئەم دەسەڵاتەیە، پیرۆزکردنی دەسەڵات بۆ نیشتیمان و گریان بەسەریدا لە ناوەرۆکدا پیرۆزیی پارە و سەرچاوەی پارەیە.

بۆرژوازی پیرۆزییەک ناناسێت جگە لە یەک پیرۆز، ئەویش پارەیە، لەبەرئەوی پێگەکەیەتی، و هێزیەتی و ئابڕویەتی، و دەستی نەگرتووە بەسەر پارەدا تا  دەوڵەتی هاوچەرخ و مەدەنی دامەزرێنێت تا لە سایەیدا ململانێی چینایەتی گەشە بکات بەخێرایی بۆ ئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی بەرپا ببێت، کە وایە ئەرکی سۆشیالیستەکانیش نییە کە بۆرژوازیی فێری ئەرکەکانی بکەن، ئەو لەم هەوڵانەدا بەرژەوەندی خۆی باش ئەزانێت.

بەو ڕادەیەی بۆرژوازی دەولەمەند ئەبێت و تاڵان ودەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامان و بردنی کاری کەسانی تری ئەنجام ئەدات، پێویستە تەرحی ڕەوتە مارکسیەکان گەشە بکات و دەوڵەمەند بێت، ئەم تەرحەی لەبەردەستماندایە ( تەرحەکەی ڕێبوار احمد ) مایەپوچە لەبەردەم دەوڵەمەندی بۆرژوازیدا، لەوەیە لەبەر ئەوەبێت کەئەم هاوبەشی بکات لە ڕوانگەکەیدا تا بەشی خۆی بەدەست بهێنێت.

نووسەر کۆتایی بە بابەتەکەی دێنێت بە:

” …پێویستە بارزانی و پارتی بخرێنە ژێر گوشاری توند و پەشیمان بکرێنەوە لەم خەتا گەورەیە” .

هەڵەی گەورە ! لەوە ئەچێت نووسەر دڵی خۆی فراون بکات بۆ پاکژکردنەوەی هەڵوێستی بۆرژوازی لە هەڵەکردن، و ناساندنی بە پاکژی. من ئەبینم کە هەڵوێستی نووسەر بەرزتر نییە، تەنانەت لە هەڵوێستی پارتی یا یەکێتیش، لانی کەم پارتی و یەکێتی چاوەڕێی هەڵوێست و ڕای گەل ئەکەن، لە کاتێکدا نووسەری بابەتەکەمان بڕاوەتەوە لەگەڵ پرۆژەکەدا و لە  داڕێژەری پرۆژەکەن دورتر ئەڕوات، و چواردەوری خۆی گرتووە بە ڕستە و درووشم و پێیوایە کۆمۆنیستی و مارکسییە.

ئەم بابەتە بە ڕای من چۆڕاوەی بیروڕایەکی ڕەوتێکی سیاسی تەواوە و بابەتێک نییە بە دابڕاوی، و ئەم ڕەوتە بوونی هەیە لە ناو هێز و پارتە سیاسییەکان، بەڵام لێرەدا دێن پێشکەشی ئەکەن گوایە دەرئەنجامێکی مارکسیستیە، ئەوەش پێویستە بسەلمێنرێت نەک بەکارهێنانی شێوازی ڕاگەیاندن و هاندانی و دروشمکاری بۆ تێپەڕاندنی ئەوە کە تەرحێکی مارکسیستیە. ئەم ڕەوتە لە ڕوی سیاسی و چینایەتیەوە سەربە بۆرژوازییە و سەربە چینی کرێکار و مارکسیەت نییە، وە پێم وایە ڕەتدانەوەی ئەم بابەتە بەشێکە لە ڕوبەڕوبونەوەی نوێنەرانی ڕەوتە بۆرژوازییەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری

فەلاح عەلوان

٧/٩/٢٠١٧  

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*