بەرەو ئاسۆیەکی نوێی ناڕەزایەتییە جەماەوریەکان ….! / فؤاد محمد

دوای تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ بەسەر مانگرتنی مامۆستایان و کارمەندانی حکومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی، نوێنەرانی مامۆستایان و دەزگاکانی خوێندن کۆتایهێنانی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنەکەیان لە بەردەم دادگای سلێمانیدا ڕاگەیاند، وە یەکێک لە نوێنەرانی ناڕەزایەتییەکە ئاماژەی دا کە دەست ئەبەن بۆ “شێوازێکی نوێ بۆ بەیانکردنی ناڕەزایەتییەکانیان و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی سکهەڵگوشینی حکومەتی هەرێم کە خۆی بینیوەتەوە لە بڕین و دەسبەسەراگرتنی مووچە بۆ زیاتر لە سێ ساڵ ” . ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتییەکان لە ناواخنی زنجیرەیەک لە ناڕەزایەتی پەرژ و بڵاو و بچڕ بچڕەوە لە  سێ ساڵی ڕابردودا دەستی پێکردوە.

ئەوەی کە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە جیائەکاتەوە لەوانەی پێشوو، فراوانبوونی پێگەی ناڕەزایەتییەکان بوو کە پایتەختی هەرێم (هەولێر) و شارەکانی دهۆک و زاخۆ و ئەو شار و شارۆچکانەی تریشی گرتەوە کە ئەکەونە ژێر دەسەڵات و حوکمدارێتی پارتی دیموکراتی کوردستان ! جەختی لەوەش کردەوە کە جەماوەری تووڕە و بەشمەینەت ئەتوانێت ئەو کەشی تۆقاندن و ترساندنە فاشیزمانە تێک بشکێنێت کە سەپێنراوە بەسەریاندا لەلایەن پارتەکەی بارزانییەوە، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە جیاوازی ئەوەبو کە توێژێکی فراوانتر لە کارمەندان و کرێکارانی یەکەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری وەک ( کارەبا و تەندروستی و شارەوانی و پۆلیس و … هەندێ شوێنی) تریشی گرتەوە و بەشداری زۆر فراوان و بەرچاوی ژنان لەم جوڵانەوە ناڕەزایەتیانەدا، ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی و جەماوەری قوڵ و فراوانی بوو لە ڕوبەڕوبوونەوەی دەسەڵاتدارانی گەندەڵی هەرێم.

ڕەوایی ئەو داخوازییانەی کە بەرزکرابوونەوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا، هەوڵدانی هێزە بۆرژوازییە لیبرالی و ناسیونالیستکانی زیاد کرد بۆ قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکان و سواربوونی حاڵەتی نەفرەت و توڕەبوون و بێزاریی گشتی لە دژی دەسەڵات و هێزەکانیان، و گۆڕینی بۆ ئامرازێک لە ململانێکانیان لە سەر دەسەڵات و ڕوبەڕوبوونەوەی هێزە تەقلیدییە دەسەڵاتدارەکان، و هێزە ئیسلامییە نغرۆبووەکان لە کۆنەپەرستیدا، وە ئەو هەوڵانەی ئەدران بۆ پەرتکردنی هێزی جوڵانەوەکەی ئەم دواییە و چاندنی وەهم لەبارەی چاکسازیی، و ئەو هەڵبژاردنانەی کە بەڕێوەن و چاککردنی هەلومەرجی نالەبار، و ئەوەی کە  ئەو هەوڵدانانە کە هەندێ لە هێزەکان خەریکی بوون بۆ نموونە جەماعەتی بەرهەم ساڵح، کە نەیانتوانی خەڵکی فریوبدەن، و ئەوەشیان بۆ ڕوون بووەتەوە کە ئەوانە تەنها بەڵێنی بەتاڵن و ناتوانێت هیچ هیوایەک بۆ گۆڕینی هەلومەرج ببەخشێتە خەڵکی کوردستان .

ئەکرێت دانبنێین بەوەی کە جەماوەری بێبەش لە گەڵ دەسەڵاتدارێتی هەرێم لە حاڵەتی دابڕانێکی نیمچە تەواوەتیدایە، و بڕوای قوڵیشی بە بێکەڵکی ئەم دەسەڵاتەیە، و هەر ئەوەش پاڵی پێوەنا کە هیواکانی ببەستێتەوە بە حکومەتی ناوەندی لە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی قەیران و ڕزگاربوونی لەم جەهەنمی برسێتی و هەژاریەی کە تیایدا ئەژی، و بەڵێن و فریودانە درۆینەکانی حکومەتی ناوەندیش زۆر درێژەی نەکێشا  لە بەلاڕێدابردنی جەماوەر .هەموو ئەو بابەتانەی کە دواتر دەرکەوتن، پەردەی هەڵماڵی لەسەر ئەو گرێبەستە شەرمهێنەرانەی نێوان حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.

جێگای سەرسوڕمان نییە بۆ هێزە بۆرژوازییە کوردییەکان و حکومەتەکەیان کە متمانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێبەشەکانیان لەدەستدابێت، و بوبێتنە دوژمنی تەواوەتی بەرژەوەندیی و هیوای جەماوەر بۆ ژیانکردنێکی ئازاد و ئینسانی. ئەوەی کە نێچیرەڤان بارزانی هێرش ئەکاتە سەر جەماوەری ناڕازی و تۆمەتباریان ئەکات بە توندوتیژی و هەڵگرتنی چەک دژی هێزەکانی ئاسایش، و خۆ  ئامادکردن لە ڕەتدانەوەی خۆپیشاندەران بەهەمان شێوەیە، کە بەبێ پێچ و پەنا و بەڕۆشنی ئەوەی پشت ڕاستکردەوە کە هێزەکانی دەسەڵات دورکەوتونەتەوە لە ژیانی خەڵک و داواکارییە ڕەواکانیان لە مافەکانیان و مووچەکانیان و ئارەزویان بۆ ژیانێکی ئینسانیانە. لەگەڵ بەردەوامی گەردەلولی قەیرانی سیاسی و ئابوری خنکێنەر کە ڕوی کردووەتە بۆرژوازیی کورد و حکومەتەکەی، بزووتنەوە ناڕەزایەتیە ڕەواکانیش ئەمێننەوە و بەردەوامیش ئەبن و جارجارەش ئەتەقنەوە لە حاڵەتی پەرژوبڵاوی و ناڕۆشنی لە دورنما و ئاسۆکانیدا کە ئەگەری هەیە پێی بگەن و  ئیمکانی هەڵلوشین و بەلاڕێدابردنی هەیە لە لایەن ئەو هێزە سیاسیانەوە کە ململانێ ئەکەن لەسەر دەسەڵات و هەژمونکردن و دابەشکردنی دەستکەوتەکانی گەندەڵی، ئەگەر جەماوەری کرێکاران هەوڵنەدەن بۆ ڕێکخستن و ڕێکخراوکردنی ریزەکانی و یەکخستنی داواکارییەکانی و گۆڕان بۆ هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەسڵی و کارا لە پێناو ڕابەرایەتیکردنی کۆمەڵگە بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی و شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینە.

ڕێکخراوکردنی جەماوەری کرێکاران لە ڕێکخراو و کۆبوونەوە شٶڕشگێڕانەکاندا، تێکۆشان بۆ ڕابەرایەتیکردنی جوڵانەوە ناڕەزایەتیەکان بۆ ڕوبوڕوبونەوەی دەسەڵات، تەنها ڕێگەی ڕزگاربوونە لە وەهمی ناسیونالیستی و باڵادەستی بیروباوەڕی بۆرژوازی بەسەر زەین و پراکتیکەکانی توێژگەلێکی فراوان، نەک تەنها لە پێناو بەدیهێنانی داواکارییە ئابورییەکان و چاکسازییە سیاسییەکان بەڵکو ئەوە بەکاربردنێکی زەروری و لێبڕاوانەیە لە ڕاستای دانانی سنورێک بۆ هەژمونکردنی هێزە گەندەڵکارەکان و پرۆژە داڕزیوەکەیان .

فواد محمد

٣/٤/٢٠١٧

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، ...