یەکی ئایار نەریت و هیوا/فؤاد محمد

ئەگەر  نەتەوەکان و تایەفەکان ، تەنانەت تایەفە دینی وقەومییەکان نەریت و ڕێسای تایبەت بەخۆیان هەیە، پیرۆزی ئەکەن و مەراسیمی بۆ ئەگێڕن و مەیلە قەومی و دینییەکانیانی خۆیانی پێ ئەژیەننەوە، چینی کرێکاریش وەک چینێکی کۆمەڵایەتی کە بەرهەمهێنەری هەموو سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی هاوچەرخە، خاوەنی کەڵچەر و نەریتی خەباتکارانە و ڕێکخراوەیی تایبەت بە خۆیەتی، کە جیای ئەکاتەوە لە گشت چینە کۆمەڵایەتییەکانی تر کە بوونی کۆمەڵایەتی و چینایەتی خۆیانی  پێ دەرئەخەن لەسایەی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتییە دامەزراوەکانی کۆمەڵگە.

یەکی ئایار لەخۆگری گرنگترین تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چینی کرێکارە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریداریدا و بووەتە ڕەمزی ڕوبوەڕوبونەوەیەکی چینایەتی گەورە بەدرێژایەتی زیاتر لە سەدە و نیوێک . ژیاندنەوەی ئەم ڕوداوە ساڵانە و لەڕێی کۆبونەوە کرێکاری و جەماوەرییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا و یاد هێنانەوەی ئەم بیرەوەرییە، نەک تەنها نەریتێکی کۆمەڵایەتی ڕۆتینی نییە، بەو ڕادەیەی کە خۆوێنا کردنی حاڵەتی بەیەکا کێشانە لە گەڵ سەرمایەداران و خاوەنکارەکان و حکومەتەکانیان لە پێناو دووبارە پێناسەکردنەوەی هاوسەنگییە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان … 

لە باری مێژوییەوە، یەکی ئایار، ڕۆژی داواکاریی زیادکردنی کڕی و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن یا باشکردنی مەرجەکانی کارکردن و زیادکردنی دەستەبەرکردنە کۆمەڵایەتیەکان و هەندێکی تر لەوانە بوو، یا مۆڵدانی تا ئاستی نیمچە تەواوەتی لە دەوری داواکارییە ئابورییەکان، و لە هەندێ کاتیشدا داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە لایەنێکی تر لە داخوازییەکانی کرێکاران نەک داخوازیی سەرەکی….  

باسی ئەمڕۆ لە بارەی یەکی ئایارەوە قسەکردن نییە لەسەر گرتنی مەراسیمی ئاهەنگ گێڕان و کۆبوونەوەکان لە گۆڕەپانە گەورە و بەناوبانگەکان لە جیهاندا، وەک ترافەرلکار سکۆیەر(Trafalgar Square ) و گۆڕەپانی سور لە ڕوسیا یا هیلالی سەرکەوتن لە پاریس و نیۆرک و شارەکانی تری جیهان و بەرزکردنەوەی لافیتە ” سورەکان ” ی نەقابەکان و پارتە کرێکارییەکان بە شێوە نۆرماڵەکانیەوە. بۆ ئەوەش نییە باسی چەوساندنەوەی زیاتر لە ٢٦٨ ملیۆن مناڵی تیا بکرێت کە کار ئەکەن لە ناو سۆپای کاردا لە ئاستی جیهاندا، کە هەموو پێکهێنەرەکانی ئەم ژمارانە شەرمەزاریین بۆ مرۆڤایەتی… باسی ئەم ساڵ بۆ خۆی قوڵترین و هەمەلایەنە ترینە، باسکردنە لەبارەی ئایار و جیهانی ئەمڕۆ…

٣٠ ساڵە و نیزامی سەرمایەداری لە جیهاندا ئەناڵێنێ بە دەست یەکێک لە توندترین قەیرانەکانیەوە کە بەربینی گرتووە لەو کاتەوەی کە سەرهەڵدانی یەکەمی بووە. هەموو نەریتەکان و سونەتە جێگیربووەکان( سەوابتەکان ) گۆڕاون . جەنگەکان قەتیس نەکراون لە تێک و پێکدانی ئەم باڵەخانە یا ئەوەکەی تریان، وە داگیرکردنی ئەم زەوی، یا دەستبەداربوونی ئەوی تریان. نمایشکردنی جەستەی کوژراوەکان و سەربڕین بوونەتە باشترین جێگرەوەی فیشەک بۆ کۆتایهێنان بە دوژمنەکان، سەرکەوتوەکان ئۆتۆبووسەکان دێنن بۆ گواستنەوەی جەنگاوەرەکانی هێزە دۆڕاوەکانی دوژمن بۆ ئەو شوێنانەی کە پارێزراو و ئەمینن بۆ دەستەبەرکردنی بەشداری پێکردنیان لە خولی داهاتوی جەنگدا!.

لەباری ئابورییەوە، کارکردنی پەلەکانی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە کارتێلە زەبەلاحەکانی ئیمپریالیزم نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن، وە دزین و تاڵانیکردنی سەرچاوە سروشتیەکانی  ووڵاتە قەرزدارەکان و خستنە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتدارێتی سودی قەرزەکان و دەخاڵەتکردن لە کێشانی نەخشەی سیاسەتی ئابوری ناوخۆییان و دانانی مەرجی کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیەکانی دەوڵەت و دەستبەرداربونیان لە پشتیوانیکردنی کەرتە خزمەتگوزاریەکان و پەروەردە وخوێندن و تەندروستیدا.

کێشانی نەخشەی کڵێشەی جەمسەرگیرییەکانی سەردەمی جەنگە جیهانیەکانی سەدەی ڕابردوو، کە چەند ساڵێکی نەخایاند، وە هێنانەبوونی هاوکێشە تازەکانی هێزە سەرمایەدارییە جیهانیەکانی ( ناوەند ودەوروبەر- المحيط والمركز –) کە دابینکەری گەشە و ئارامی سیاسی و ئابوری دەیان ساڵەیانی هێنایەدی، تا قەیرانێکی ئابوری نوێ دەستپێبکاتەوە و لەو ڕێگایەوە جەمسەرە تینووەکانی تاڵانی و وێرانکاری و سەپێنەرانی هێز بچنە ناو دابەشکردنەوەی سەرلرنوێی جیهان و داگیرساندنی فتیلەی شەڕێکی نوێ.

٣٠ ساڵە و ئۆپەراسیۆنی جەمسەرگیریە نێودەوڵەتی و هاوسەنگییە تازەکان لە جیهاندا، هیچ دەریچەیەکیان نەدۆزیوەتەوە بۆ دەرکردنی جیهان لە قەیرانەکانی، و ئەم ژانە باجەکەی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەدان هەزار قوربانی، و وێرانکاری جەندەها ووڵات و دەیان شار، و دەربەدەری ملیۆنەها کەس لە دانیشتوانەکانیان بووە، و دەیان هەزار کەس لە دەریاکاندا نوقوم بوون لە دەریاکاندا  لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی شارە ئارامەکان.

لەوانەیە ئەم دەرگیریانە دەیان ساڵ بخایەنێت، کە لە هەناویدا هەڵگری زۆرێک لە برسێتی و نەهامەتی جەنگ و وێرانکاریی و دەربەدەریە، بەڵام، ئایا جیهان بەئاگا دێت لە ئایاری ئەمساڵدا و لە ڕۆژێکی نوێدا لە پێناو دەستپێکردنی هەنگاوێکی تازەی هەڵگری ڕوخساری گۆڕانی خوازراو، نەک لە پێناوی ئاهەنگ گێڕان وتەنها وەیادهێنانەوەی یەکی ئایار…

26/4/2018 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*