وەهم و ساخته‌یی دیموكراسی بۆرژوازی له‌ ڕه‌هه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ /کاوە فەرەج

زمانحاڵ و زمانلوسه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ كۆنه‌پارێزه‌كان وا پێناسه‌ی دیموكراسی ده‌كه‌ن كه‌ بریتی بێت له‌ هه‌ل و به‌شداری یه‌كسان و ئازادی. ئه‌وه‌ حوكمی ده‌ستكه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و تاكه‌كه‌سی و بێ ئابڕویی ئایدۆلۆژییه‌ وا ده‌كات له‌ چه‌پڵه‌لێده‌رانی ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌و هه‌موو ناكۆكی و نه‌هامییانه‌ی له‌ سایه‌ی دیموكراسیدا دروست ده‌بن هێشتا هه‌ر بانگه‌شه‌ و داكۆكی له‌ دیموكراسی بكه‌ن. ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ به‌ كورتی سه‌رنجێكی خێرایه‌ ده‌رباره‌ی وه‌همی یه‌كسانی و هه‌لی یه‌كسانی نێو سیسته‌می دیموكراسی بۆرژوازی له‌ ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌. هه‌موومان ده‌بینین كه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ كوێدایه‌ و خه‌ڵك له‌ كوێدایه‌. خه‌ڵك له‌ خواری خواره‌وه‌ و ده‌وڵه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و پیاوان و ژنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌. كۆی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئه‌مڕۆ داكۆكی له‌ دیموكراسی ده‌كه‌ن له‌ فۆرمی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتیشیان له‌ خواره‌وه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌. باشه‌ ئه‌ی ئه‌وه‌ دیموكراسی نییه‌ شه‌و و ڕۆژ هاوار ده‌كات و ده‌قیڕینێت و جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێنێت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م و ئه‌و وڵات دیموكراتیك نییه‌ و ده‌بێت خۆی بگۆڕێت یان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر نه‌فره‌تی تیرۆر و هێرشی ئه‌وان! هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ بانگه‌شه‌ی دیموكراسی ناكه‌ن بێ به‌رین له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ و قات و قڕی و چینایه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕییه‌ ئه‌و نایه‌كسانی و نه‌ئازادییه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای دیموكراسی بۆرژوازییدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان و توندوتیژ و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی داوه‌ته‌ ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ره‌وه‌ و له‌ خواره‌وه‌ش خه‌ڵكی له‌ ده‌سه‌ڵات داماڵیوه‌ و كردوونی به‌ كرێكاری ڕووتی ناو كۆمپانیا و كارگه‌ و فه‌رمانگه‌كانی خۆی. زۆرن ئه‌وانه‌ی ئاگایان له‌وه‌ نییه‌ كێشه‌كانی ده‌وڵه‌تی گریكی و ڕۆمانی و هاوشێوه‌كانیشیان له‌ ماوه‌ی سێ هه‌زاره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌ بوون كه‌ هه‌مان ئه‌م فۆرمه وه‌حشییه‌ی له‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ و بێده‌سه‌ڵاتییش بۆ خواره‌وه. ده‌وڵه‌تی گریكی هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كێشه‌كه‌ی و كۆماره‌ ئایدیاڵه‌كه‌ی ئه‌فڵاتۆنیش هه‌رچه‌ند خۆی وه‌كو ڕه‌خنه‌كه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ گریكییه‌ پیشان ده‌دات هه‌ر هه‌مان كێشه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ردوو ده‌یانه‌وێت كێبڕكێی ئه‌وه‌ بكه‌ن كامیان زۆرترین ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ سه‌ره‌وه‌. به‌م پێیه‌یه‌ كه‌ به‌ جه‌خته‌وه‌ ده‌ڵێین، دیموكراسی سێ هه‌زار ساڵه‌ی بۆرژوازی یه‌كێكه‌ له‌ قێزه‌ونترین ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ به‌رده‌وامێتی و شه‌رعیه‌تی به‌ سه‌دان هه‌زار چیرۆكی چه‌وساندنه‌وه‌ و برسێتی و جه‌نگ و كاولكاریی داوه‌. ده‌وڵه‌ت وه‌ك لینین باسی ده‌كات، بریتییه‌ له‌ جه‌سته‌یه‌ك كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌ وه‌ستاوه‌، وه‌ك ماركسیش ده‌ڵێت و لینینیش جارێكیتر جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌، ده‌وڵه‌ت بریتییه‌ له‌و ئامڕازه‌ی كه‌ بۆرژوازی بۆ نه‌هێشتنی ململانێی چینایه‌تی خوڵقاندویه‌تی تاكو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بۆرژوازی یان چینی سه‌رمایه‌دار به‌ ده‌زگا زه‌به‌لاح و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌ت، داواكاری و داخوازی و ڕاپه‌ڕینه‌كانی چینی پرۆلیتاریا یان كرێكار دامركێننه‌وه‌ و سه‌ركوت بكه‌ن. ئا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و یه‌كسانی و یاسا سه‌روه‌ری و ئازادییه‌ی كه‌ دیموكراتخوازه‌كان و چه‌پڵه‌لێده‌رانی ده‌وڵه‌تی دیموكراتیكی بۆرژوازی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی پێبده‌نه‌وه‌ و دوایش به‌ خه‌ڵك بلێن ئه‌ی ئه‌وه‌ خۆتان نه‌بوون بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ ده‌نگتان پێداین

کاوە فەرەج

٨/٨/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، ...