ماركس له به‌رواری ٥-٥-١٨١٨دا له ترایهری ئه‌ڵمانیا له‌دایك ده‌بێت كه دواتر ده‌بێته پروسیا. له ماوه‌ی ژیانیدا و به‌هۆی پراكتیكه سیاسی و فیكرییه‌كانییه‌وه وه‌كو زۆر شت ده‌ناسرێت له‌وانه فه‌یله‌سوف، ئابوریناس، مێژوونووس، تیۆریزانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له سه‌رو ههموشییهوه به سۆسیالیستێكی شۆڕشگێڕیی ده‌ناسرێت.
ئه‌و سه‌ر به خێزانێكی چینی ناوه‌ڕاستبوو. یاسا و فه‌لسه‌فه‌ی هێگڵی له زانكۆ خوێندووه. به‌هۆی شۆڕشگێڕیبوون و ڕادیكاڵبوونیهوه له كار و به‌رهه‌مه سیاسییه‌كانیدا، ده‌بێته شۆڕشگێڕێكی بێ وڵات و په‌نا ده‌باته هه‌ر بسته خاكێك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت تێیدا بژی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌بات بكات، ده‌ر ده‌كرێت و مه‌نفای وڵاتێكی دیكه ده‌كرێت كه دواجار ده‌بێته په‌نابه‌ر له له‌نده‌ن. له به‌رواری ١٤-٣-١٨٨٨دا و هه‌ر له له‌نده‌ن گیانی به خاك ده‌سپێرێت.
كاڕڵ ماركس بۆ سۆسیالیزم و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و وه‌ك داكۆكیكار له به‌هاكانی ژیان له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، به گه‌وره‌ترین تیۆریزان و بیرمه‌ندی دوو سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌شی كه سه‌ر له‌به‌ری ژیانی خۆی ته‌رخانكردبوو بۆ چالاكیی سیاسیی ڕادیكاڵ و ڕه‌خنه‌ی ئابوریی سیاسی. ماركس فه‌یله‌سوف بوو، به‌ڵام فه‌یله‌سوفێكی ناوازه و تاقانه له‌ناو مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا، فه‌یله‌سوفێك كه دكتۆرای له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌بوو و ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فیی دونیابینی و نوسینهكانییشی له هه‌موو جێگه‌یه‌كدا ده‌بینرێت و هه‌ست پێده‌كرێت. به‌ڵام فه‌یله‌سوفی ناو زانكۆ و ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كان نه‌بوو، فه‌یله‌سوفێك نه‌بوو له سه‌روی كۆمه‌ڵگاوه په‌یامه‌كانی بۆ خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا بنێرێت و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بێت ئه‌وانیتر پراكتیكی بۆ ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵكو فه‌یله‌سوفێكی ڕادیكاڵی سیاسی له‌و شێوه بوو كه هه‌میشه له‌پێناو گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌ت و ڕیشه‌ی كێشه‌كاندا خۆی له‌ناو گفتوگۆ واقیعییهكانی كۆمه‌ڵگادا ده‌بینییه‌وه. ئه‌و تاقیگه‌یانه‌ی ئه‌و تاقیكردنه‌وه و كاری تێدا ده‌كردن بریتی بوون له كۆمه‌ڵگا، بازاڕ، كاڵا، كارگه‌كان، ژیانی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ژیانی هه‌ژاران نه‌بوونی داد و یه‌كسانی و برسێتی و چه‌وساندنه‌وه. تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌و به ته‌نیا بۆ ئه‌وه نه‌بوون تاكو ته‌نیا شڕۆڤه و شیكاری كۆمه‌ڵه دیارده‌یه‌ك بكات (analyses of phenomena)و ئیتر كێشه و نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌كان بكات به ئه‌ركی ئه‌وانیتر تاكو كاریان بۆ بكه‌ن و چاره‌سه‌ریان بكه‌ن، به‌ڵكو دوای ئه‌وه‌ی شڕۆڤه و تحلیل و ڕه‌خنه‌ی ئابوری-سیاسی واقیعی بۆ ڕیشه و بونیاده ماتریالییه‌كانی كێشه‌كان ده‌كرد، یه‌كسه‌ر بیری له ڕێگاچاره و هه‌نگاوه پراكتیكییه‌كانی گه‌شتنی به ڕێگاچاره و ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌كرده‌وه. به دهربڕینێكیتر، بۆ ماركس شیكار (تحلیل) و ڕه‌خنه دابڕاو نه‌بوون له چالاكی و پراكتیكی سیاسی؛ یان تیۆر و پراكتیك بریتی نه‌بوون له سوبێكت و ئۆبێكت یان گوزاره و نیهاد و سه‌ر به دوو كاتیگۆری و پۆلێنبه‌ندیی جیاواز بن و ڕه‌خنه و شیكاریش بۆ ئه‌و هه‌رگیز به‌بێ چالاكی و پراكتیكهكانیان بوونیان نه‌بوو. ئه‌مه یه‌كێكه له‌و ده‌رده‌ی به‌شێك له ماركسیسته‌كان به مڕۆشهوه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن و وایكردووه بزووتنه‌وه‌كه‌ش ماركسیزمی خه‌یاڵپڵاوی لێنه‌بڕێت.
زۆر بۆچوون هه‌ن بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ماركس له كوێوه ده‌ست به شیكار و ڕه‌خنه‌ی سیاسی ده‌كات. به نموونه، هه‌ندێ پێیانوایه كاتێك ماركس د‌رك به دۆخی په‌شیمانی و لێبووردنی هێگڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر بهههڵهداچوونیدا له خوێندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی پروسیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هێگڵ پێشتر به ڕیاڵیزهبوونی عه‌قڵی موتڵه‌ق و گه‌شتن به زانینی موتڵه‌ق ناوزه‌دی ده‌كات، هه‌روا چه‌ند خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ كه ده‌چینه سه‌ریان، وا له ماركس ده‌كات په‌یوه‌ست بێت به هێگڵییه لاوه‌كانه‌وه كه ئه‌و كات ناوێك و چه‌ترێكی گه‌وره بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی ڕۆمانتیكی و خوێندنه‌وه‌كانی نێو ئه‌و كایه له‌مه‌ڕ هه‌ڵچوون و داچوونه‌كانی سوبێكت و تاك و شه‌ڕی له‌پێناو ده‌ستخستنی ئازادییدا به پاڵنه‌رێكی دیكه ده‌بینرێت كه هانی ماركسی دابێت.
ئه‌وه‌ی واده‌كات كه هه‌میشه هێگڵ وه‌ك فه‌یله‌سوفێكی گرنگ بمێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت ببێته جێگه بایه‌خی سه‌ره‌كی هێگڵییه لاوه‌كان، هیچیتر نه‌بوو جگه له‌و بایه‌خه‌ی كه هێگڵ به ڕۆڵی عه‌قڵ ده‌یدات. به‌ڵام به نیسبه‌ت هێگڵییه لاوه‌كان و به‌تایبه‌ت ماركسه‌وه ئه‌مه به‌س نه‌بوو، چونكه عه‌قڵیش وه‌ك هه‌ر شتێكیتری وه‌كو بازاڕ و كاڵا و كارگه‌كان، بۆ ماركس شایسته‌ی لێتێگه‌شتنی زیاتر و ڕه‌خنه و نه‌فی كردنه‌وه‌ی زیاتریان بوو. ماركس عه‌قڵی وه‌كو شتێكی میتافیزیكی و سه‌ربه جیهانێكی تر نه‌ده‌بینی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هێگڵ و هێگڵییه لاوه‌كانیش وایان ده‌بینی. هه‌روه‌ها پێشیوابوو ئه‌و حه‌ره‌كه‌ت و جوڵه‌یه‌ی له‌نێو عه‌قڵدا بوونی هه‌یه (بیركرنه‌وه و تێڕامان و تیۆر) په‌یوه‌ندیی به هیچ جێگه‌یه‌كی دیكه‌وه نییه، كۆمه‌ڵگا و بونیاده‌كانی نه‌بێت. بۆیه ئیتر لێره‌وه دابڕانیكی قوڵ ده‌رده‌كه‌وێت. دابڕانه‌كه له بوون و نه‌بوونی عه‌قڵدا نییه چونكه ئه‌وه بوونی عه‌قڵه له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی هێگڵدا واده‌كات ماركس هه‌میشه به چاوێكی پڕ له رێزه‌وه له هێگڵ بڕوانێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی دابڕانه‌كه دروست ده‌كات ئه‌وه‌یه كه هێگڵ عه‌قڵ ده‌داته‌وه ده‌ستی قه‌ده‌رێكی نادیار و وه‌كو جه‌وهه‌رێكی هه‌میشه-ئاماده‌ی ده‌بینێت و ده‌یكاته‌وه به ماڵی ئایدیا و ئایدیاش به ماڵی خودا. ماركسیش هه‌روه‌كو هێگڵ بڕوای به بوونی عه‌قڵ هه‌بوو، به‌ڵام عه‌قڵێك كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و ڕیشانهوه نییه كه هێگڵ په‌لكێشی ده‌كات بۆیان، به‌ڵكو عه‌قڵ بۆ ماركس وابه‌سته‌یه به بوونیادهكانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و مۆدێلی به‌رهه‌مهێنانه‌وه. كه‌واته، بۆ هێگڵ عه‌قڵ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بوونی هه‌یه، بۆ ماركس، عه‌قڵ له‌ناو جیهان و كۆمه‌ڵگادا بوونی هه‌یه و دووچاره به وه‌رگرتنی فۆرمه بونیادییه ئابورییه بهكۆمهڵایهتیبووهكان، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه جیهانی عه‌قڵ و ئایدیاكانه كه حوكم به‌سه‌ر جیهاندا ده‌كه‌ن، وه‌ك هێگڵ وای ده‌بینی؛ هه‌روه‌ها هێڵگییه لاوهكانیتریش نه‌یانتوانیبوو له‌و دونیابینییه ئایدیالیستییه‌ی هێگڵ بێنه ده‌ره‌وه.
یهكێكیتر له بهرپهرچدانهوهكانی هێگڵ له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌ك له هێگڵییه لاوه‌كان و جارێكی‌تریش به تایبه‌ت به ڕابه‌رایه‌تی ماركسه‌وه ئه‌وه بوو كه هێگڵ گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوونی ئاین و فه‌لسه‌فه و ئامانجه‌كانیان وه‌كو یه‌ك ده‌بینێت. هێگڵ پێیوایه كه ئه‌ركی ئایین و فه‌لسه‌فه دوو ئه‌ركی جیاواز نین. ئه‌وه‌ی كه ده‌یگوت ئه‌ركی ئایین بریتییه له گه‌یشتن به هه‌مان حه‌قیقه‌ته فه‌لسه‌فییه‌كان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك كه ئایین پێویستی به هیچ نێوه‌ندگیری و میدیۆمێك نییه تاكو پێیان بگات له كاتێكدا فه‌لسه‌فه پێویستی پێیه‌تی. به‌ڵام بۆ هێگڵییه لاوه‌كان به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ركی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فه بریتی‌بوو له ڕه‌خنه‌ی ئایین نه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه و نواندنه‌وه‌ی.
بۆ نموونه، ماركس له تێزی دكتۆراكه‌یدا ئه‌وه به‌یان ده‌كات كه ئه‌وه‌ی باڵاترین ئاسمانیبوونه چیتر بریتی نییه له خودا ئاسمانی و زه‌مینییه‌كان، به‌ڵكو خودئاگایی مرۆڤ خۆیه‌تی. ماركس له‌و تێزه‌یدا به‌ناوی “جیاوازیی نێوان فه‌لسه‌فه‌ی سروشتی دیموكراتیسی و ئیپیكوری” به‌هۆی تێڕوانینه ورد و جیاوازه‌كانی ئیپیكورهوه زیاتر ئاره‌زووی چوونه نێو فه‌لسه‌فه‌ی سروشت و سروشتی ئه‌زموونیی و هه‌سته‌كی مرۆڤ ده‌كات. ماركس پێیوایه كه ئیپیكور له شیكاركردنی ئه‌تۆمدا زۆر سهركوتوتره به‌به‌راورد به دیمۆكریتهس، چونكه ئیپیكور ژیانی زیندوو و نازیندوو ده‌گه‌ڕێنێته‌وه ناو ئه‌تۆمه‌كان و هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی بونیاده ماتریالییه‌كانی زیندوێتی و نازیندوێتی، ژیان و بوون، سروشت و كۆمه‌ڵگا پێكڕا له‌ناو ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌تۆمه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه. به‌ڕای زۆرێك ماركس یه‌كه‌م كه‌س بوو ئه‌و بایه‌خه گرنگه ماتریالییه به هه‌ردوو فه‌یله‌سوف و به‌تایبه‌تیش ئیپیكور بدات و تێیدا ئه‌وه بدۆزێته‌وه كه ئیپیكور توانی ترس و خودا له بوونی زینده‌وه‌ران و بڕیاره‌كانیاندا بسڕێته‌وه تاكو بتوانن ده‌رگای ئه‌گه‌ر و ئازادیی له‌به‌رده‌م خۆیاندا بكه‌ن بۆ گه‌شه‌سه‌ندن. خاڵه سه‌رنجڕاكێشه‌كه‌ی ئیپیكور كه‌شفكردنی لادان و خێچبوون (swerve) ێكه له‌ناو ئه‌تۆمدا كه ده‌رگای ئه‌گه‌ر و شیمانه و ئازادیی له‌به‌رده‌م مرۆڤ و سروشتی مرۆیی و ژیاندا به‌گشتی ده‌خاته سه‌ر پشت تاكو له هێڵه حهتمیگهراییهكانی ژیان و زینده‌وه‌ران ڕزگامان بێت و بتوانین به ڕزگار بوونمان له ده‌ستی قه‌ده‌ر و ئامانجه ئاسمانییه سه‌پێنراوه‌كان، ئازادی و ڕۆڵ و نه‌خشی بوونه‌وه‌ران بكه‌ین به ئه‌ركی زه‌مینی و مرۆڤ.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕوانینه نوێ و شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی ئیپیكوردا، زۆرێك به گاڵته‌جاڕییه‌وه كۆمێنت و ڕه‌خنه‌یان ئاڕاسته‌ی ئه‌و بۆچوونه ده‌كرد. له‌وانه به نموونه، سیزیرۆ ده‌ڵێت ئه‌و ڕوانینه بێڕێزانه و بێ بایه‌خه و هه‌رگیز گه‌ردوون له‌ڕێگه‌ی بهیهكگهیهشتن و ئاڵۆزیی و مه‌یلی ئهتۆمهكانهوه بۆ یه‌كتر نه‌هاتووه‌ته بوون. هێگڵیش به ئیپیكور ده‌ڵێت ئه‌و هیچ نه‌بوو بۆ وتن. له كاتێكدا ماركس پێیوایه ئه‌وه‌ی توانی هێڵی حهتمیگهرایی و قه‌ده‌رگه‌رایی بپچڕێنێت، ئیپیكور بوو، نه‌ك هه‌ر توانی هێز و بوون بگه‌ڕێنێته‌وه ناو ئه‌تۆمه‌وه، به‌ڵكو توانی یه‌كه‌م جووڵه بخاته‌وه هه‌ناوی ئه‌تۆمه‌وه و له‌وێشه‌وه چه‌مكی فه‌ردگه‌رایی به شێوه‌ی ئهبستركت هه‌ر له‌وێدا كه‌شف ده‌كرێت.
ماركس له كۆمه‌ڵێك خاڵدا به ته‌واوی هێگڵ پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌توانین به ڕوونی و ساده‌یی بیڵێین ئه‌وه‌یه كه یه‌ك ماركس پێیوایه عه‌قڵ باڵا نییه و بڕیارده‌ر و حاكمی زه‌مین و جیهان نییه و ته‌نانه‌ت ژێرده‌سته‌یه و ئه‌و خۆی حاكمی زه‌مینیی هه‌یه كه بونیادی یان ئابوری و ماتریالیی هه‌یه. هه‌رروه‌ها ماركس بڕوای به‌و ده‌وڵه‌ته ئایدیاڵ و موتڵه‌قه‌ی هێگڵ نییه وه‌كو نواندنه‌وه و وێنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگا و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان، به‌ڵكو به ته‌واوی پێیوایه ئه‌مه‌ی هێگڵ ده‌یبینێت و بڕوای پێیه‌تی نه‌ك وێنه‌ی نوانراوهی ڕاسته‌قینه نییه، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی. یان ئه‌وه وێنه‌ی ڕاسته‌قینه نییه، به‌ڵكو وێنه‌ی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی كۆمه‌ڵگا و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییهكانێتی. كه‌واته، ماركس به تایبه‌ت له‌و دوو خاڵه‌دایه كه پێیوایه هێگڵ له‌سه‌ر سه‌رێتی و پێویستی به‌وه‌یه بخرێته‌وه سه‌ر پێكانی. یه‌ك، ئه‌وه عه‌قڵ نییه كه حاكم و بڕیارده‌ی مرۆڤه‌كان و كۆمه‌ڵگاكانه، به‌ڵكو مرۆڤ و بونیادی ئابوری و هه‌لومه‌رجی ماتریالییه. دوو، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانی نییه كه به‌ها ده‌به‌خشن به ژیان و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه‌كان ده‌پارێزن و سه‌لامه‌تی دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌وڵه‌ت و دامودهزگاكانێتی كه به‌هاكانی ژیان ده‌كوژن و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان له‌ڕێگای هێز و كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ستیانه‌وه ده‌پارێزن و ده‌هێڵنه‌وه و جه‌نگی گه‌وره و جیهانی و قه‌یرانی سه‌راپاگیر دروست ده‌كه‌ن.
هه‌رچییه‌كیش په‌یوه‌ندیی به كاره‌وه هه‌یه، ماركس پێیوایه كه كار ده‌بێته جه‌وهه‌ر و سروشتی مرۆڤ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و به‌تایبه‌تیش سه‌رمایه‌داری مرۆڤی له‌ڕێگه‌ی كاره‌وه نامۆكردووه و مرۆڤی كردووه به كۆیله‌ی پاره و وایلێكردووه ڕۆژانه هێز و تواناكانی خۆی به چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار بفرۆشێت تاكو بژێوی ژیانی په‌یدا بكات، بۆیه سروشت و جه‌وهه‌ری مرۆڤ، به شێوه‌یه‌كی ته‌واو پێچه‌وانه، ده‌ستكاریی كراوه و خراوه‌ته‌گه‌ڕ. به دهربڕینێكیتر، له جیاتی ئه‌وه‌ی كار سروشت و جه‌وهه‌ری مرۆڤ بێت، كه‌چی له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و سهرمادارییهوه مرۆڤ له‌و جه‌وهه‌ره داماڵراوه و جه‌وهه‌رێكی مه‌ترسیدار و وه‌همییان خستووه‌ته جێگه‌كه‌ی كه پاره‌یه. ئه‌مه یه‌كێكیتره له‌و خاڵه جه‌وهه‌رییانه‌ی كه ماركس له هه‌موو ئه‌وانیتر له قۆناغێكی تری ته‌مه‌نیدا جیاده‌كاته‌وه و پێگه‌ی زۆر به‌رزتر له فه‌یله‌سووف بوونی پێدهبهخشتێت، به‌ڵام به‌رزییه‌ك كه له‌ناو دڵی كۆمه‌ڵگاوه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و هه‌ر له‌وێشدا ده‌ژی.
فه‌لسه‌فه‌ی هێگڵ هه‌رچه‌ند وه‌ك پێشتریش جه‌ختمان لێكرده‌وه گیرۆده‌ی بونیای میتافیزیكییه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، توانیویه‌تی له‌ڕێگه‌ی جۆرێكی تایبه‌ت له قۆناغبه‌ندیی ئاگایی و خود ئاگاییه‌وه ڕوودانی مێژوویه‌كمان بۆ بگێڕێته‌وه. ئه‌م قۆناغبهندییانهی هێگڵ شێوه‌یه‌ك له جووڵه و گۆڕان ده‌خاته نێو فه‌لسه‌فه‌كه‌یه‌وه، به ڕاده‌یه‌ك كه سه‌رنجی زۆرێك به‌لای خۆیدا ڕادهكیشێت. بۆ ماركسیش یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی كه فه‌لسه‌فه‌ی دواتری ئه‌وی پێده‌ناسرێته‌وه و به قۆناغی دۆزینه‌وه زانستییه‌كه‌ی مێژوو ده‌بینرێت، میژوو به‌سه‌ر دوو جۆر له دابه‌شكردندا دابه‌ش ده‌كات. به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه مێژوو له‌ڕێگه‌ی ئه‌و قۆناغانه‌وه ده‌جووڵێت و ده‌ڕواته پێشه‌وه. وه هه‌ر قۆناغێكیش فۆرمێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه كه ئه‌و فۆرمه پێدراو و ده‌رئه‌نجامێكی كۆمه‌ڵگایه و له‌ڕێگه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنه‌رێتی و هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه شكڵ و فۆرمێكی دیاریكراوی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت. ئه‌مه یه‌كێكه له دابه‌شبوونه‌كانی قۆنهغه جیاوازه‌كانی مێژوو. دابه‌شبوونێكی دیكه بریتییه له دابه‌شبوونی چینایه‌تی كۆی كۆمه‌ڵگاكانی مێژوو به كۆمه‌ڵگاكانی ئێستاشه‌وه. دابه‌شكاریی یه‌كه‌م ڕێك وه‌ك ئه‌وه وایه كه په‌تێك یان شه‌قامێكی درێژ له چه‌ند شوێنێكدا بڕا بێت یان ڕه‌نگه‌كه‌ی گۆڕا بێت. به‌ڵام دابه‌شبوونی دووه‌م كه چینایه‌تییه وه‌ك ئه‌وه وایه كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تاكو ئه‌و شوێنه‌ی شه‌قامه‌كه كۆتایی دێت و له‌چاو ون ده‌بێت، خه‌ت یان درزێك كه‌وتبێته‌وه ڕێك ناوه‌ڕاستی سه‌ره‌تای شه‌قامه‌كه‌وه و به درێژایی شه‌قامه‌كه تاكو كۆتاییه‌كه‌ی درێژ بووبێته‌وه. ئه‌وه‌ی له پشتی هه‌موو ئه‌و دابه‌شكاریی و پچڕان و به‌یه‌كگه‌یشتنه‌وه بوونی هه‌یه بریتییه له جووڵه. هه‌م هێگڵ و هه‌م ماركسیش بڕوایان به‌و جوڵه و دابه‌شبوونه‌ی مێژوو هه‌یه (dialectic)، به‌ڵام له گۆشه‌نیگا و ڕه‌هه‌ندی ته‌واو جیاوازه‌وه كه جیاوازیی ته‌واو پێچه‌وانه‌ش به‌رهه‌مدێنن كه ئه‌م جیازییه له‌وه‌دایه هێگڵ دیالهكتیكهكهی یان جووڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر میتافیزیك وه‌ستاوه، به‌ڵام میتافیزیكێك كه دیدی هه‌م ماركس و هه‌م لینینیش دواخاڵ و گه‌شه‌سه‌ندنی دیاله‌كتیكه و ئیتر به شێوه‌یه‌كی زه‌روری ته‌نیا یه‌ك جۆر له دیاله‌كتیك هه‌یه بتوانێت ئه‌م خاڵی كۆتاییه جارێكی‌تر ده‌ست پێ بكاته‌وه ئه‌ویش، ماتریالیزمی دیاله‌كتیكه. جارێكتر، هێگڵ دیاله‌كتیك و جووڵه‌كه به جووڵه‌ی ئه‌زموونی ئاگایی ده‌بینێت، له‌كاتێكدا ماركس ئه‌و دیاله‌كتیك و جووڵه‌یه له‌ناو ماده و كۆنكرێت و كۆمه‌ڵگا و مۆدێلی به‌رهه‌مهێناندا ده‌یبینێت و پێشیوایه كه ته‌نانه‌ت ئاگایی و چه‌مكه‌كانیش به‌شێكن له لێكه‌وته‌كانی مۆدێلی به‌رهه‌مهێنان – یان ئاگایی سه‌رخانه نه‌ك ژێرخان.
بۆ هێگڵ نه‌ك ئه‌و دابه‌شبوونانه ده‌كه‌ونه ناو مێژووه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر خودی مێژوو خۆشی به ده‌رئه‌نجام ده‌بینێت. پێیوایه كه مێژوو هیچ نییه جگه له ڕیالیزه‌بوون و به‌دیهاتنی ئایدیا كه له‌ڕێگه‌ی قۆناغه‌كانی تێز و ئه‌نتی تێز و كۆتێزهوه یان دیاله‌كتیكی ئاگاییه‌وه ڕوو ده‌دات. له‌كاتێكدا بۆ ماركس، مێژوو به‌رهه‌می مرۆڤ و كاری مرۆڤه له په‌یوه‌ندییدا به سروشته‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وه مێژوو و كۆمه‌ڵگایه كه مرۆڤه‌كان و شێوازی كاركردنیان به‌رهه‌مدێنن. هێگڵ له ده‌رئه‌نجامی دراسه‌ی مێژوودا، ده‌گات به قۆناغه‌كانی تێز و ئه‌نتی تێز و كۆتێز كه هه‌میشه بوونیان هه‌یه و به پاڵنه‌ری گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگا و ڕوودانی مێژوو و به‌دیهێنانی مێژووی ده‌بینێت. له كاتێكدا بۆ ماركس مێژووی كۆمه‌ڵگای مرۆیی تا ئێستا كه‌لێن و درزێكی تێكه‌وتووه به ناوی ناكۆكی و ململانێ چینایه‌تییه‌كان. به دهربڕینێكیتر، كۆمه‌ڵگا دابه‌شبووه بۆ دوو چینی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كدا وه‌ستاو كه چینی ئاغا و كۆیله و ده‌ره‌به‌گ و خزمه‌تكار و سه‌رمایه‌دار و كرێكار یان به كورتی چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه. ئه‌م دوو جۆره له دابه‌شبوون به‌وه‌دا جیاوازن له‌یه‌كتر كه هێگڵ پێیوایه فۆرمی دابه‌شبوونی گه‌شه‌كردنی ئاگایی به‌سه‌ر هه‌ر سێ تێز و دژه‌تێز و كۆتێزدا په‌یوه‌سته به نێگهتیڤیتهوه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جووڵه و هاتنهبوونهكانه و ناونشین و جه‌وهه‌رییه (نێگه‌تیڤیته هێزێكه له‌خۆیدا و به شێوه‌یه‌كی جه‌وهه‌ریی بوونی هه‌یه و ئێمه نایخوڵقێنین و له مێژووشه‌وه نایه‌ته بوون، به‌ڵكو بوونه‌كان و مێژووش به‌رئه‌نجامی هاتنهبووی ئه‌ون له شێوه‌ی جۆرێك له ههڵقووڵاندا). به‌ڵام بۆ ماركس دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا به‌سه‌ر دوو چین (چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه) و هه‌روه‌ها قۆناغی جۆراوجۆری وه‌كو كۆیلایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و سه‌رمایه‌دارییدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێل و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی، نه‌ك په‌یوه‌ست به جه‌وهه‌رێكی ناڕوونی هه‌میشه ئاماده‌ی وه‌كو نێگه‌تیڤیته كه به ته‌واوی له ناوهوهدایه و بۆ ماركس پرسه‌كه په‌یوه‌ندیی به‌و هێزانه‌وه هه‌یه كه به چاوی ڕووت ده‌یانبینین و بڕیار له په‌یوه‌ندییه‌كان و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ژیانكردنمان ده‌ده‌ن.
ئه‌و قۆناغه‌ی كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد ئه‌و قۆناغه‌یه كه تێیدا ماركس له هێگڵییه لاوه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه و خۆی به ته‌واوی له‌ناو میتۆد و ڕێبازه زانستییه نوێیه‌كه‌ی خۆیدا دۆزیوه‌ته‌وه و ڕوانینه‌كانی خۆی گه‌ڵاڵه كردووه و جیاوازییه‌كانی خۆی و تیۆره‌كه‌ی و ئه‌و بزووتنه‌وه‌شی كه خۆی به شێكه لێی، به باشی تێدا دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی كه ماركس سه‌باره‌ت به مێژوو پێیگهشتبوو ئه‌و جۆرانه بوون له دابه‌شبوونی مێژوو كه دابڕانێكی ته‌واوی له‌گه‌ڵ هه‌موو پێشینه و هاوچهرخیهكانییدا دروستكردبوو له‌وانه كه مێژوو پاڵنه‌ر و دانهرێكی ده‌ره مێژوویی نییه، عه‌قڵ له‌ناو مێژوودا بهرههمهێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ك عه‌قڵ و ئایدیاكان حوكمی جیهان بكه‌ن، كۆمه‌ڵگاكان به‌رده‌وامێتیی مێژووییان له دابه‌شبوون به‌سه‌ر قۆناغی جیاوازدا وه‌رگرتووه و له‌گه‌ڵیشیدا به درێژایی مێژووی خاوه‌ندارێتی كۆمه‌ڵگاكان دوو چین بوونیان هه‌بووه و له ململانێی به‌رده‌وامدا بوون.
ماركس له‌م قۆناغه‌ی ژیانیدا به چاوتێبڕینی ورد له هه‌لومه‌رجی ماتریالی و په‌یوه‌ندیی كار و سه‌رمایه گه‌شت به كۆمه‌لێك دۆزینه‌وه‌ی گرنگی دیكه. ئه‌و دۆزینه‌وه و سهربارخستنه گرنگانه‌ی كه ماركس بۆ بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی و ئابوری سیاسی زیادی كردن بریتیبوون له جیاوازیی نێوان به‌ها و نرخ، كاڵا و سیحر و نهێنییه‌كانی كاڵا، زیاده به‌ها و نامۆبوون و سه‌رمایه و په‌یوه‌ندیی كار و سه‌رمایه و ململانێی چینایه‌تی و خه‌باتی چینایه‌تی و شۆڕشی سۆسیالیستی و زۆرێكی تریش كه ئه‌م بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه نه‌یده‌توانی به‌بێ ئه‌م دۆزینه‌وانه بگات به‌وه‌ی كه ئه‌مڕۆ پێیگه‌شتووه.
ماركس به كورتی، كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی دابه‌شكرد بۆ دوو چینی دژ به‌یه‌ك كه چینێكیان خۆی به خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامان و سه‌رمایه و خاك و ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ندارێتی ده‌زانێت و چینه‌كه‌ی تریش له خاوه‌ندارێتی و سه‌رمایه داده‌ماڵرێت و له بوونه‌وه‌رێكی داهێنه‌ره‌وه ده‌كرێت به بوونه‌وه‌رێكی نامۆی ناو كاری نامۆكراو یان ده‌كرێت به بوونه‌وه‌رێكی ڕه‌نجده‌ر كه له‌سه‌ر فرۆشتنی وزه و توانای جه‌سته‌یی و زیهنیی خۆی ده‌ژی كه ئه‌نگڵس ئه‌م چینه به كۆیله‌ی ئازادی مۆدێرن ناوده‌بات كه خۆیان ئه‌م ژیانه‌یان هه‌ڵنه‌بژاردووه، به‌ڵكو ژیان و ههلهمهرجگهلێكه بێ ئیراده‌ی خۆیان له‌لایه‌ن چینی سه‌رمایه‌داره‌وه به‌سه‌ریاندا سه‌پێنراوه.
ئه‌وه‌شی ده‌بێته هۆی مانه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه و درێژه‌دان به‌م مۆدێله به‌ربه‌ری و چاوچنۆكهی به‌رهه‌مهێنان كه ناوی سه‌رمایه‌دارییه، ده‌وڵه‌ت و سه‌ركوت و كۆمه‌ڵێك میكانیزمی ساخته‌ی دیكه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ته‌مه‌نی شه‌رعیه‌تی چه‌وساندنه‌وه و قه‌یران و نه‌هامه‌تییه‌كانی سیستمه‌كه و سوبێكته‌كانی سیستمه‌كه درێژتر ده‌كاته‌وه. له ده‌رئه‌نجامیشدا، كۆمه‌ڵگایه‌كی له‌م شێوه‌یه ته‌نیا ده‌توانێت له كۆمه‌ڵگایه‌كی نادادپه‌روه‌ره‌وه ببێت به كۆمه‌ڵگایه‌كی نادادپهروهرتر، له ههژرارهوه ده‌بێت به هه‌ژارتر، ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندتر كه ئیتر كۆمه‌ڵگا بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌به‌رده‌م دوو هه‌ڵبژارندا ده‌مێنێته‌وه: یان به‌ربه‌ریزم یان سۆسیالیزم كه به‌ربه‌ریزم هه‌ڵبژارده‌ی بۆرژوازی و كۆمه‌ڵگای چینایه‌تییه و سۆسیالیزمیش هه‌ڵبژارده‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییه. له كاتێكدا هه‌رچی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كرێكاری و پرۆلیتاری به ئاڕاسته‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تیدا سه‌ریهه‌ڵداوه و سه‌رهه‌ڵده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی كه ته‌نیا بۆنی ئه‌مه‌ی لێهاتبێت، ، كتوپڕ ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داران به هه‌موو توانای خۆیان كه‌وتونه‌ته وێزه‌ی و پلانگێڕیی و سه‌ركوتیان له‌به‌رامبه‌ریاندا ده‌ست پێكردووه. هیچ هێزێك هێنده‌ی كۆمۆنیزم و كۆمۆنیسته‌كان به درێژایی مێژوو دژه چه‌وساندنه‌وه و دژه چینایه‌تی نه‌بوون و هیچ هێزێكیش هێنده‌ی ئه‌مان سیستمه‌كه و پایه‌كانی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و كاری به‌كرێ نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌وه‌شی ئه‌مڕۆ تیرۆریزم كراوه به هێزێكی تۆقێنه‌ر نییه بۆ سیسته‌م، به كورتی له‌به‌ر دوو هۆكار: یه‌ك، ئه‌وه‌ی كه به‌شی زۆری تیرۆر له هه‌ناوی سیسته‌م خۆیه‌وه فیچقه ده‌كاته ده‌ره‌وه و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت خۆی تۆقێنه‌رترین هێزه و تیرۆر ناتوانێت خۆی له‌به‌رامبه‌ر سهركوتیدا ڕابگرێت، دوو، هه‌میشه تیرۆر یه‌كێك بووه له‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و دامودهزگاكانییهوه له‌به‌رامبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی شؤرشگێڕیی كرێكارییدا بوونی هه‌بووه و هه‌یه.
ماركس له‌م نێوه‌ندادا پێیوایه ئه‌وه سۆسیالیزمه حه‌تمییه‌تی هه‌ڵبژاردنی هه‌یه نه‌ك به‌ربه‌ریزم. ئه‌و هه‌ر له خۆوه پێشبینییه‌كی زانستی له‌و شێوه‌یه ناكات تاكو كاڕڵ پۆپه‌ر و پۆپهرییهكان هه‌روا به ئاسانی بیانه‌وێت له‌ڕێگای میتۆدی زانسته بۆرژوازییه‌كانه‌وه ڕه‌خنه‌ی بكه‌ن به‌وه‌ی كه مێژوو له پێشبینی به‌ده‌ره و پێشبینیش پرسێكی زانستیی نییه، گوایه ماركس پێشبینی كردووه! بۆ ماركس ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌و پێشبینییه‌وه هه‌یه چه‌ندین هۆكاری بونیادی و ماتریالیی زانستیین كه هه‌ڵهێنجراوی هه‌ناوی سیستمه‌كه خۆین. گرنگترینیان له په‌یوه‌ندییدایه به كار و سروشتی كار و مرۆڤه‌وه. ماركس پێیوایه كار ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به داهێنان و خۆبهدیهێنانهوه هه‌یه وه‌ك بوونه‌وه‌ری مرۆیی و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان. به‌رهه‌مهێنانیش په‌یوه‌ندیی به پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه زه‌رورییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هه‌یه. مرۆڤیش وه‌كو بونێكی جۆریی تایبه‌ت، به گشتیی له‌نێو ئه‌و كاتیگۆرییهدایه هه‌رچه‌نده ئاژه‌ڵان و ڕووه‌ك و بوونه‌وه‌رانی دیكه‌ش زۆر نزیكایه‌تییان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هه‌یه به ته‌نیشتی جیاوازییه جۆرییهكانی خۆشیانه‌وه.
به‌ڵام ده‌بینین ئه‌م سیستمه به ته‌واوی دژ به‌م شێوه‌یه له بوون و بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگا، ده‌وه‌ستێته‌وه. مرۆڤ له‌ناو ئه‌م سیستمه چینایه‌تییه‌دا په‌رت په‌رت و دابه‌شكراوه، چینێك ڕه‌نج و هێزی كاری ده‌فرۆشێت و چینێكی دیكه‌ش لێی ده‌كڕێت، چینێك ته‌نیا ده‌یه‌وێت به فرۆشتنی ڕه‌نج و ماندوبوون و عاره‌قه‌ی ناوچه‌وانی بژێوی و قوتی ڕۆژانه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكات، چینه‌كه‌ی تریش له‌سه‌ر ئه‌و قازانج و زیادهبههایهی چینه‌كه‌ی دیكه به‌رهه‌می دێنن و ده‌ژین. چینی چه‌وساوه كار ده‌كات، چینه‌كه‌ی دیكه كار ناكات، چینی یه‌كه‌م به‌رهه‌مده‌هێنێت به‌ڵام بۆ خۆی به‌رهه‌م ناهێنێت. چینی دووه‌م ئه‌و به‌رهه‌مانه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن و به زۆر به‌سه‌ر چینی یه‌كه‌مدا ده‌یسه‌پێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌میان بهێنن. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی چینی یه‌كه‌م به‌رهه‌می ده‌هێنێت ڕزگاری ناكات و بێ دهسهڵاتتری ده‌كات وه‌ك ماركس ده‌ڵێت كرێكار تاكو زیاتر به‌رهه‌م بهێنیت لاوازتر و بێهێزتری ده‌كات. چینی دووه‌م كه به‌رهه‌مه‌كه‌ش به‌رهه‌م ناهێنێت، كه‌چی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێ و ده‌یكاته موڵكی خۆی و هه‌موو قازانجه‌كه‌ی ده‌بات و له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا ساردترین و بێڕۆحترین شتی پێ ده‌به‌خشێت كه پاره‌یه و بۆ كرێكاره‌كه ئه‌و پاره‌یه ته‌نیا بۆ په‌یداكردنی بژێویی ژیانه، له كاتێكدا بۆ چینی چه‌وسێنه‌ر و قۆرخكهر قازانجی زیاتر و سه‌رمایه‌ی تا دێت زهبهلاحتری بۆ كه‌ڵه‌كه ده‌كات و بههێزتریشی ده‌كات.
ئه‌م چینه‌ی كه هێنده برسی و ماندوو و ده‌رده‌دار كراوه چیتر ته‌حه‌مولی هیچ شتێكی نه‌ماوه و هاتنه دونیا و ژیانكردنی به ژیانێكی ناشایسته‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌موو ڕۆژێك ده‌یانجار به‌ر نه‌فره‌ت ده‌دات و تفی تێده‌كات. چینه‌كه‌ی دیكه‌ش بۆ كڕینی جانتا و سه‌عات و هه‌ڵامه‌ت له كوردستانه‌وه به نموونه ده‌ڕۆنه بازاڕه‌كانی دوبه‌ی و له‌نده‌ن و واشنتۆن و نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكا و ئوسترالیا. ئه‌وانی تریش ئه‌و په‌ڕی ده‌توانن به هه‌موو ژیانیان و به‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌رییه‌ی تووشی ده‌بن، بگه‌ن به‌وه‌ی فریای كڕینی پارچه زه‌وییه‌ك و سه‌یاره‌یه‌ك بكه‌ون و نانی ڕۆژانه‌ی خۆیان په‌یدا بكه‌ن و له برساندا نه‌مرن، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و ده‌یان هه‌زار كه‌سه‌ی كه له ڕۆژێكێدا له‌به‌ر نه‌بوونی ئاو و خۆراك و حهنگهكان ده‌بنه قوربانی ده‌ستی ئه‌م سیستمه، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژماره زۆره‌ی تریش كه هه‌موو ته‌مه‌نیان له كرێ نشینی و چینكۆنشینی و هه‌ژاری
ونەخۆشیدا بەسەر دەبەن.
ئه‌وه به‌شێكی كێشه‌كانه په‌یوه‌ندیی به دۆخی ژیانی ڕۆژانه‌وه. له‌كاتێكدا گه‌وره‌تر ته‌ماشاكردنی كێشه‌كان ناچارمان ده‌كه‌ن كێشه‌كانی ده‌وڵه‌ت و جه‌نگه‌كان و قه‌یرانه گه‌وره جیهانییه‌كان و وێرانكردنی ژینگه و هتد، باشتر له دۆخی مرۆڤ و ژیانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ش تێبگه‌ین و داهاتوو ڕوونتر ببینین و شۆڕشێكی جیهانیی كرێكاریی له‌و شێوه‌یه‌ش دژ به كۆی سیستمه‌كه ته‌نیا ڕێگاچاره‌یه.
مرۆڤ به شێوه‌یه‌ك گیرۆده‌ی قه‌یران و نامۆبوون و چه‌وساندنه‌وه بووه له سایه‌ی ئه‌م سیستمه‌دا كه چیتر چاره‌یه‌كی تری نه‌ماوه‌ته‌وه سۆسیالیزم نه‌بێت. ئه‌ی خۆ ماركس باس له بهربهریهتێك ناكات كه تا ئێستا نه‌هاتبێت و له‌ناو تاقیگه‌كانی كۆمه‌ڵگا و كارگه‌كان و دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگا بۆ دوو چیندا، نه‌یبینیبێت. ئه‌و به باشی له كۆمه‌ڵگا و بونیاده‌كانی كۆمه‌ڵگا تێگه‌یشتبوو بۆیه توانی بگات به‌و ده‌رئه‌نجامه. پۆپه‌ر تێگه‌یشتنی میتۆدیی خۆی بۆ جێگایه‌ك كورتده‌كاته‌وه كه كۆمه‌ڵگا و كارگه و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و چه‌وساندنه‌وه و جه‌نگه سه‌راپاگیره‌كان جێگه‌یان نابێته‌وه تێیاندا. ئه‌وه‌شی بۆ سه‌رده‌می ماركس خۆی وه‌كو پێشبینی ده‌بینران ئه‌ی خۆ ئێستا چیتر پێشبینی نین و دابه‌شبوونی چینایه‌تی كۆمه‌ڵگا و زیاده‌به‌ها و چه‌وساندنه‌وه و چڕبوونه‌وه‌ی سه‌رمایه و به‌ربه‌ریه‌تی ده‌وڵه‌ت و بۆرژوازی و هتد له ئێستادا زۆر به ڕوونی دیارن و بێ په‌رده به چاوی ڕووتمان ده‌یانبینین و له‌تاو ئازاره‌كانیاندا جێگه به خۆمان ناگرین و له هیچ كوێیه‌ك و هیچ شتێكیشدا ئومێدێك نابینین.
قۆناغی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای ژیانی ماركس كه پهیوهندییگرتنی بوو له‌گه‌ڵ هێگڵییه لاوه‌كاندا، له هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێنێی هاوژینیدا و ڕۆشتنی بۆ پاریس و جارێكی‌تر بینینه‌وه‌ی ئه‌نگلسدا، كۆتایی دێت. ماركس و ئه‌نگڵس دژ به برونۆ باویه‌ر كتێبی خێزانی پیرۆز له ساڵی 1844دا ده‌نوسن، تێیدا ڕه‌خنه‌ی ئاشكرا له باویه‌ر و براكانی و هێگڵییه لاوه‌كان ده‌گرن وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناونیشانه لاقرتێكهرئاساكهدا هاتووه. هه‌روه‌ها له ساڵی 1843شدا، ماركس وتاری ده‌رباره‌ی پرسی جوله‌كه ده‌نوسێت كه به هه‌مان شێوه ڕه‌خنه‌ی توندی هێگڵییه لاوه‌كان و جارێكی‌تریش باویه‌ر ده‌كاته‌وه. باویه‌ر پێیوایه كه جوله‌كه بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری و ئازادی به‌ده‌ست بهێنن پێویستیان به ده‌ستبه‌رداربوونیان هه‌یه له ئاگایی و تێگه‌یشتنی ئایینیانه بۆ سیاسهتكرن چونكه ڕزگاری و ئازادی سیاسی پێویستی به ده‌وڵه‌تێكی سێكیولار و عه‌لمانی هه‌یه له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سێكیولار ڕێگا به شوناسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له شێوه‌ی ئایین نادات. به كورتی، له دیدی باویهرهوه ڕزگاریی سیاسیی جوله‌كه‌كان پێویستی به‌وه هه‌بوو له ئاگایی ئایینیانه‌ی خۆیان ڕزگاریان بێت. له‌به‌رامبه‌ردا، ماركس پێیوایه كه باویه‌ر به هه‌ڵه‌دا چووه كه پێیوایه خه‌باتی جوله‌كه له‌ڕێگه‌ی وازهێنان له ئایینه‌وه دێته‌دی، چونكه ئایین له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا زۆر بڵاوه، هه‌رچه‌نده ده‌وڵه‌تیش عه‌لمانییه.
بۆیه به بۆچوونی ماركس ئایین و ده‌وڵه‌تی سێكیولار دژ به یه‌ك نین، به‌ڵكو ئایین ده‌بێته پاڵپشتێكی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌ت خۆی. ماركس له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕوات و ده‌ڵێت به‌و پێیه‌ی كه ده‌وڵه‌تی سێكیولار ئایین له كۆمه‌ڵگا وه‌رناگرێته‌وه و ناتوانێت تاكه‌كانی لێ دابماڵێت، ئه‌وا هێشتا ئایین ده‌توانێت به ڕۆڵێكی زۆره‌وه له كۆمه‌ڵگادا بمێنێته‌وه و تانوپۆی كاریگه‌رییه‌كانی به كۆمه‌ڵگادا چێ بكات. به‌و شێوه‌یه، ماركس ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه مه‌حاڵه ئازادیی سیاسی له‌رێگه‌ی داماڵینی ده‌وڵه‌ته‌وه بێت له دین، چونكه ده‌كرێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه تاكه‌كان ئیتر ئازاد بن له هه‌ڵبژاردنی ئایین و بیروڕای ئایینیاندا، به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز ناكاته ئه‌وه‌ی بڵێین تاكه‌كان ئازادن له‌و كۆت و به‌ند و بونیاده ماتریالییه ئابوری و سیاسییانه‌ی كه سه‌رمایه‌داری كردوونیهتێ ملی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگاكان. ده‌رئه‌نجام، ماركس به ڕوونی و قوڵتر له باویه‌ر كێشه و پرسی ئازادییه‌كانی جوله‌كه و سه‌رجه‌م كه‌مایه‌تییه‌كانی دیكه‌ش ده‌بینێت، بۆیه‌شه ئه‌و به‌رچاو ڕوونییه ده‌دات كه ئه‌وه ده‌وڵه‌تی سێكیولاری بۆرژوازی نییه كه كۆمه‌ڵگا له كهمایهتییهكان و چینه‌كان ڕزگار ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه خه‌باتێكی سیاسییه دژ به سه‌رمایه‌داریی و بونیاده ماتریالییه جێگیره‌كانی كه هه‌میشه مشه‌خۆرانه له‌سه‌ر كاری كهمایهتییهكان و ته‌نانه‌ت زۆرینهكانیش ده‌ژی. هه‌روه‌ك پیشتریش ئاماژه‌مان به ڕه‌خنه‌ی ماركس دا له باره‌ی ئایینه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له كتێبی ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی مافی هێگڵدا هاتووه. له‌وێدا ده‌ربڕینه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ماركس هاتووه كه ده‌ڵێت:
“ئازارچه‌شتنی ئایینی بریتییه له ده‌ربڕین و گوزارشت له چه‌رمه‌سه‌ری و نه‌هامه‌تییه‌ك كه دژ به ئازار و نه‌هامه‌تی ڕاسته‌قینه‌یه. ئایین ئاه و ناڵه‌ی چاوساوهیه، دڵی جیهانێكی بێ دڵه، هه‌روه‌ها ڕۆحی بارودۆخی بێ ڕۆحه. ئایین ئه‌فیونی گه‌لانه”.
له‌وێدا ماركس سوكایه‌تی به ئایین ناكات و ته‌نانه‌ت وه‌كو هیوركهرهوهی مرۆڤی چه‌وساوه‌ی ده‌بینێت له‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و قه‌یرانه‌ی كه تووشی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ڕه‌خنه‌كه‌ی له‌وێدایه كه كێشه‌ی چه‌وساندنه‌وه و نه‌هامه‌تییه‌كانی مرۆڤ له‌ناو ئاییندا نییه و له ده‌ره‌وه و له‌ناو جیهاندایه، وه بۆ چاره‌سه‌ركردنیان پێویستمان به‌وه نییه ئایین كێشه‌كانمان بیر ببه‌نه‌وه یان له‌مه‌ڕیان بێ ئاگامان بكه‌ن. بۆیه بۆ ئازادبوون له خاوه‌ندارێتی و چه‌وساندنه‌وه، پێویستمان به جۆره خه‌باتیكی سیاسیی ڕزگارییه كه پایه ماتریالییه‌كانی خاوه‌ندارێتی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و سه‌رمایه‌داری له‌ناو به‌رێت. دواتریش ده‌ڵێت:
“له‌ناوبردنی ئایین وه‌كو به‌خته‌وه‌ریی وههمئاسای خه‌ڵك، پێویستییه بۆ گه‌شتن به به‌خته‌وه‌ریی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك. بانگهێشتكردنی مرۆڤ بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌و وه‌همانه‌ی ده‌رباره‌ی بارودۆخی ماتریالییانه بریتییه له بانگهێشتكردنیان بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له بارودۆخێك كه وههم و ئاگایی ساخته ده‌خوازێت”.
هه‌ر ئه‌و ڕه‌خنانه بوو ماركسی گه‌یاند به‌و جێگه‌یه‌ی كه ئیتر بڵێت ڕه‌خنه‌ی ئایین كۆتایی پێهاتووه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌روا ڕسته‌یه‌كی سانا و تێپه‌ڕ نییه. به‌كۆتایی گه‌شتنی یان ته‌واو بوونی ڕه‌خنه له ئایین، له دوو حاڵی سهرهكییدایه. یه‌ك، ئه‌وه‌ی كه ئایین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌نیا فۆرمێكی دیاریكراوه له كۆمه‌ڵگا و مێژوو. ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له كۆمه‌ڵگای چینایه‌تییدا پێویستی به ده‌رچه و خاڵیبوونهوهیهك هه‌بووه و بۆ هه‌ڵهاتن له كێشه و سته‌مه زه‌مینییه‌كان، ڕوویان له ئاسمانه‌كان كردووه. ئه‌وه‌ی كه جیهانی سه‌رمایه‌داریی نوێ جارێكی‌تر ئایین له‌ڕێگه‌ی سێكیولاریزم یان عه‌لمانییه‌ته‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه، بریتییه له وێنه‌یه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی جیهان و كۆمه‌ڵگایه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه: ئاگاییه‌كی ساخته‌یه یان ئایدۆلۆژیایه. هه‌ردوو ئه‌وانه هۆكارن له مانه‌وه و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌ست و سه‌رده‌سته‌یی سه‌رمایه‌دا كه بۆرژوازییش چی دیكه‌ی ناوێت و ئایینیش هه‌رگیز به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره نابینێت و ده‌توانین ته‌نیا یه‌ك كات شه‌ڕی ئایین بۆ بۆرژوازی زه‌حمه‌ت و قورس بوو، ئه‌ویش سه‌رده‌می هه‌یمه‌نه‌ی كه‌نیسه و ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوو، كه به‌سه‌رچوون و ئێستا كه‌نیسه و ئایینیش ئه‌و پانتاییانه‌ن كه سه‌رمایه‌داریی چۆنی بوێت به‌و شێوه‌یه ته‌راتێنی خۆی تێدا ده‌كات.
خاڵی دووه‌م و گرنگتر له‌وه بۆ ماركس، ده‌رچوونه له ئایین و جێگرتنه‌وه‌ی به‌وه‌ی كه ده‌بێت ئاه و ناڵه‌ی ڕاسته‌قینه و هه‌روه‌ها ڕزگاركه‌ری پڕۆلیتار بێت. لێره‌وه‌یه، ماركس بانگه‌شه‌ی ده‌ستبه‌ردار بوون ده‌كات له وه‌همه‌كان، بۆ گه‌شتن به ڕاستییه‌كان چونكه وه‌همه‌كان نه ڕێگای گه‌شتنن به ڕاستی و نه به ڕزگارییش. هه‌ر كه چیتر ڕه‌خنه‌ی ئایین كۆتایی دێت، ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه ده‌مامكی نامۆبوون له‌ناو سیستمه‌كه‌دا هه‌ڵدرێته‌وه. بۆ ماركس ئایین كه بونیادێكی ڕاسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه ناتوانێت مرۆڤ بكات به‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه بتوانێت به ڕاستی ئه‌و بونیادانه بگات كه له‌نێو كۆمه‌ڵگادا ڕیشه‌یان داكوتاوه.
مرۆڤی ئایینی كه ڕیشه‌كه‌ی خۆی له‌ناو وه‌همی ئاسمانییبووندا توند و تۆڵ كردووه، ناتوانێت خۆی له‌ناو ڕیشه و بونیاده‌كانی كۆمه‌ڵگادا به باشی ده‌ستنیشان بكات و بدۆزێته‌وه. هه‌ر له‌وێشه‌وه‌یه بۆ مرۆڤێكی دیندار زه‌حمه‌ته بتوانێت په‌ی ببات به كێشه و قه‌یرانه به ڕیشه كۆمه‌ڵایه‌تی و ماتریالییه‌كان. بۆیه بۆ ماركس خۆڕزگاركردن له ئایین، ڕێگاخۆشكردنه بۆ گه‌یشتن به ئه‌ڵته‌رناتیڤی دیكه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جارێكی‌تر ده‌بێته ڕزگاركه‌ری ئایین و ناهێڵێت ئایین بمرێت تاكو ڕێگا بۆ به‌دیلی ڕادیكاڵ خۆش ببێت، وه‌ك وتمان سێكیولاریزمه كه ئایین له ده‌وڵه‌ت داده‌ماڵێت، به‌ڵام ده‌یكاته خه‌ڵاتی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا و له‌و ڕێگه‌یه‌وه مانا به ئایین ده‌داته‌وه. كه‌واته، به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه به ده‌قیقی واده‌كات ماركس بێز له سێكیولاریزمی بۆرژوازی بكاته‌وه.
تێبینی: خوێنه‌ر ده‌توانێت بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌م بۆچوونانه بگه‌ڕێته‌وه بۆ كتێبی “ ڕه‌خنه له فه‌لسه‌فه‌ی مافی هێگڵ، وتاره‌كانی سه‌رنجه‌كان ده‌رباره‌ی دوا ڕێنمایی سانسۆری پروسی، ده‌رباره‌ی پرسی جووله‌كه”.
دوای ئه‌وه‌شی له ساڵی 1845 له فه‌ڕه‌نسا وه‌ده‌رده‌نرێت و مه‌نفای برهسلی پایته‌ختی به‌لجیكا ده‌كرێت، ده‌ست به نوسینه‌وه‌ی تێزه‌كانی ده‌كات ده‌رباره‌ی فیورباخ. ئه‌م تێزانه‌ی كه یانزه تێبینی كورتی فه‌لسه‌فین ده‌رباره‌ی فیورباخ كه به نزیكه‌ی یه‌كه‌مین كاری ماركس داده‌نرێت سه‌باره‌ت به ماتریالیزمه مێژووییه‌كه‌ی. سه‌رنجڕاكێشترین و باوترین ڕسته‌ی ماركس دوا تێزێتی كه ده‌ڵێت “فیله‌سووفان تا ئێستا به شێوازی جۆراوجۆر هه‌ستاون به ته‌فسیركردنی دونیا، به‌ڵام ئامانج گۆڕینیه‌تی”. دواتر ئه‌م تێزانه ده‌بنه پێشه‌كی و ده‌ستپێك بۆ كتێبی ئایدۆلۆژیای ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی خۆی و ئه‌نگڵس كه جارێكی‌تر ڕه‌خنه‌ی هێگڵییه لاوه‌كان و باویه‌ر و زۆرێكی تریش ده‌كه‌نه‌وه له‌وانه ماكس شتێرنه‌ر و فیورباخ. ئه‌وان پێیانوایه هۆكاری سه‌ره‌كی جیابوونه‌وه‌ی مرۆڤ له ئاژه‌ڵانی دیكه كار و به‌رهه‌مهێنان بووه چونكه چیتر مرۆڤ وه‌كو ئاژه‌ڵانیتر ته‌نیا مشه‌خۆری ناو سروشت و سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی سروشت نییه، به‌ڵكو به‌هۆی چییه‌تی و چۆنێتی كار كردن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه توانی شۆڕش به‌سه‌ر سروشتدا بكات. دواتریش هه‌ر ئه‌و شۆڕشه ماتریالییهیه له كار و به‌رهه‌مهێناندا بڕیار له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ ده‌دات. ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر سروشتی مرۆڤ ده‌دات میتافیزیكا و سروشتێك نییه كه ڕۆڵی كار و به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤ خۆی وه‌ده‌ر ده‌نات، به‌ڵكو ئه‌وه هۆكاره ماتریالییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه سروشتی تایبه‌ت به تاكه‌كان ده‌به‌خشێت.
دواتر له ساڵی 1846دا و هه‌ندێكیش ده‌لێن 1845دا و به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئینگڵسدا ئایدۆلۆژیای ئه‌ڵمانی ده‌نوسنه‌وه و ڕه‌خنه‌ی توندی برۆنۆ باویه‌ر و ماكس شتێرنه‌ر و لۆدڤیگ فیورباخ ده‌كه‌ن. هه‌ر له‌و به‌رهه‌مه گه‌وره‌یاندا، كه‌مه‌ڵێك چه‌مكی گرنگ له‌به‌ر ڕۆشنایی جیهانبینییه‌كی نوێی سیاسییه‌وه وه‌كو چه‌مكه‌كانی ماتریالیزم و كار و به‌رهه‌مهینان و نامۆبوون و چه‌وساندنه‌وه و ململانێی چینایه‌تی و گه‌وره‌تربوونی سه‌رمایه‌داری و له كۆتاییشدا كۆمۆنیزم، تاوتوێ و به‌رباس ده‌خه‌ن. كه “تێزه‌كانی ده‌رباره‌ی فیورباخ“ی ماركسیش هه‌ر به شێكه له‌م به‌رهه‌مه و ئایدیا و ڕه‌خنه‌كانی. له‌و تێزانه‌دا ماركس ماتریالیزمهكهی خۆی به ڕوونی ده‌خاته ڕوو و هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌كانیشی دژ به ماتریالیزمهكهی فیورباخ به‌یان ده‌كات.
له كتێبی “ئایدۆلۆژیای ئه‌ڵمانی“دا، ماركس و ئه‌نگڵس پێیانوایه مرۆڤ ئه‌و كات له ئاژه‌ڵانی دیكه جیا ده‌بێته‌وه كه ده‌ست به به‌رهه‌مهێنان ده‌كات و چیتر له‌سه‌ر سروشته‌كه‌ی به شیوه‌ی مشه‌خۆرانه ناژی، به‌ڵكو داهێنان ده‌كات له‌ڕێگه‌ی كاره‌وه كه له خاڵی یه‌كه‌مدا بوونی مرۆیی خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت، یان خۆی له ئاژه‌ڵانی دیكه جیا ده‌كاته‌وه. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌یه كه ده‌گه‌ن به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه ئه‌وه تاكه‌كان له‌ڕێگه‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه ماتریالییانهوه شكڵ وه‌رده‌گرن كه بڕیار له شێوازی به‌رهه‌مهێنان ده‌ده‌ن. هه‌ندێك له‌و دهرئهنجامگیرییانهی دیكه كه ئه‌و دوو نووسه‌ره له‌و به‌رهه‌مه‌یاندا پێی ده‌گه‌ن ئه‌وانه‌ن.
چینی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و چینه‌یه كه هێزی ماتریالیی كۆمه‌ڵگای به‌ده‌سته‌وه‌یه، هه‌ر ئه‌و چینهشه كه ده‌بێته هێزی باوی بیركردنه‌وه، به مانایه‌كیتر، ئه‌وه ڕۆشنبیران و ئایدیاكانی ده‌ره‌وه‌ی هێزی باڵاده‌ست نین، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتن كه ده‌بن به بیركردنه‌وه و ئایدیای باو و ئایدیاڵی كۆمه‌ڵگا. گۆڕانی ده‌سه‌ڵات و گۆڕانی ئه‌و هێزانه‌ی به‌رهه‌مهێنانیان ڕكێف كردووه، ئایدیاكان ده‌گۆڕن و ئایدیا نوێكانی هێزی نوێ ده‌هێننه سه‌ر سه‌حنه. ئه‌وه‌ش وه‌همه كه پێیوایه ئایدیا باوه‌كان ئایدیای به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیین، چونكه تا ئه‌و ساته‌ی چینی باڵاده‌ست ده‌مێنێته‌وه شه‌ڕی باو كردن و مانه‌وه‌ی ئایدیاكانی خۆیه‌تی وه‌كو ئایدیای باو و له‌ڕێگه‌ی دهزگاكانیشییهوه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات كه هه‌میشه وه‌كو ئایدیای به‌رژه‌وه‌ندییه گشتییه كۆمه‌ڵگاییه‌كان بمێننه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌رخان و ژێرخان به‌رباس ده‌خه‌ن و پێیانوایه كه ئه‌وه ژێرخانه بڕیار له سه‌رخان ده‌دات و بۆ هه‌ر گۆڕانێكی شۆڕشگێڕیی پێویسته گۆڕان له ژێرخاندا ڕوو بدات كه بریتییه له گۆڕینی بونیاد و مۆدێلی ئابوری و هه‌لومه‌رجه ماتریالییه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه. وه به پێچه‌وانه‌شه‌وه، هه‌ر گۆڕانێك كه ناتوانێت یان نایه‌وێت ده‌ستكاری ژێرخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له سه‌رخاندا ده‌رده‌كه‌ون بنه‌بڕ بكرێن، ده‌بنه ته‌نیا ماكیاژكردن و جێگۆڕكێی شتێك به شتێكی دیكه یان دیارده و ده‌موچاوێك به یه‌كێكی تر. لێره‌وه‌یه چاكسازی، سێكیولاریزم، لیبڕالیزم و نیۆلیبراڵیزم هه‌موو دیوی ئه‌و دیوی پلرێزگاری كردنن له مانه‌وه‌ی سیستمه‌كه و به‌رده‌وامیدان به چه‌وساندنه‌وه و كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی به هه‌ڵنه‌وه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت. كۆتا خاڵیش به‌رهه‌مهێنانی ئایدۆلۆژیایه كه پایه‌یه‌كی به‌هێزی پارێزگاریكردنه له سیستمه‌كه كه ماركس و ئه‌نگڵس به ئاگایی ساخته‌ی ناو ده‌به‌ن. ئه‌وان پێیانوایه كه ئایدۆلۆژیا بریتییه له ماشێنی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات كه له‌ڕێگه‌یه‌وه خه‌ریكی چه‌واشه‌كردنی كرێكارانه بۆ ئه‌وه‌ی به ڕه‌زامه‌ندییه‌وه دۆخی ماتریالی و نایه‌كسانی و چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆیان قبوڵ بكه‌ن و په‌نا نه‌به‌نه به‌ر شۆڕشی كرێكاری بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ژێرخانی كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریی.
یهكێكیتر له به‌رهه‌مه گرنگه‌كانی ماركس و ئه‌نگڵس نوسینی “مانیفێستی كۆمۆنیست”ه له ساڵی 1848دا. به شێك له‌و ڕوانینه ماركسیستییانهی كه له سه‌روه‌دا ئاماژه‌مان پێكردووهن، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م به‌رهه‌مه پێكده‌هێنن. ئه‌وه‌ی له‌م به‌رهه‌مدا جیاوازه ئه‌و ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری لۆكاڵی و جیهانییه كه پێویستیان به‌وه‌یه له ده‌وری ئایدیا و ڕوانینه ڕوونهكانیان ئیتر خۆیان ڕیكخراو بكه‌ن. تارماییه‌ك به‌ناو ئه‌وروپادا دێت و ده‌چێت، تارمایی بزووتنه‌وه‌ی كرێكارییه به‌ناو ڕۆحی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییدا له ئه‌وروپا. به‌ڵام ئه‌وان بانگه‌وزای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م تارماییه ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی كۆنكرێتی و پراكتیكی خۆی كۆبكاته‌وه و ڕێبخات بۆ خه‌باتی لۆكاڵی و جیهانیی دژ به خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی. یه‌ك مێژوو هه‌یه، مێژووی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی و چه‌ساندنه‌وه، به‌ڵام ئه‌ركی سۆسیالیسته‌كان و كۆمۆنیسته‌كان ئه‌وه‌یه ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له ڕه‌گ و ڕیشه و ژێرخانه‌وه قڵپ بكه‌نه‌وه به‌سه‌ر چینی سه‌رمایه‌داری چه‌وسێنه‌ردا و مێژوویه‌كی نوێ دروست بكه‌ن: مێژووی كۆمه‌ڵگای بێ چین و خاوه‌ندارێتی تایبه‌تی كۆمه‌ڵگای هاوبه‌ش. سه‌رمایه‌داران كه چینی باڵاده‌ست و چه‌وسێنه‌رن، كه‌مینه‌ن و كرێكاران كه چینی چه‌وساوه‌ن، چینی زۆرینه‌ن. له‌مڕۆدا به‌هۆی چڕبوونه‌وه‌ی زیاتری سه‌رمایه‌وه له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا، چینهكهشیان زۆر بچووك بووه‌ته‌وه. به‌هێزیی و هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌م چینه له خاوه‌ندارێتی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و كه‌ره‌سته‌كانی به‌رهه‌مهێنانه و هێشتنه‌وه‌ی خۆی له‌ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و سه‌ركوتی ده‌وڵه‌تی و بته‌وی بیرۆكراسی و داموده‌زگا ئایدۆلۆژیاكانیهوه، گه‌ره‌نتی ده‌كات. بۆیه ماركس هه‌میشه ململانێی چینایه‌تی به ململانێیه‌كی ته‌نیا ئابوری ڕووت نابینێت و به‌ڵكو به‌وه‌ی ده‌بینێت كه ده‌بێت پڕۆلیتاریا بچێته ململانێ و جه‌نگێكی سیاسییه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگاكانی و ئایدۆلۆژیاكانی بۆرژوازییدا. به‌هۆی جیهانییبوونی سیستمی سه‌رمایه‌داریی و باڵاده‌ستبوونی بۆرژوازیی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، پڕۆلیتاریا پێویستی به هه‌ردوو ململانێی ئابوری و سیاسییه له ئاسته‌كانی لۆكاڵ و جیهاندا. پڕۆلیتاریا پێویستی به خۆڕێكخراوكردن هه‌یه هه‌م له ئاستی لۆكاڵ و هه‌م جیهاندا تاكو بتوانێت خه‌باتی لۆكاڵهكان ببه‌ستێته‌وه به خه‌باتێكی نێونه‌ته‌وه‌یی یان ئینتهرناسیۆنالییهوه. مێژوو سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه كه كۆمۆنه‌ی پاریس و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر پێویستیان به‌وه هه‌بوو له‌وه فراوانتر بن به‌تایبه‌ت به ئه‌وروپادا بۆ تۆماركردن و بهدهوامیدان به سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان. بۆیه دوا ڕسته‌ی ماركس و ئه‌نگڵس له مانیفێستادا به‌م ئایدیایه كۆتایی پێ دێت: “كرێكارانی جیهان، یه‌كگرن”.