کاریزما / ئیبراهیم عمر

گەر گوزەرێکی کورت بکەین بە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراق بەگشتی و کوردستانیش بە تایبەتی و دەرگیرییەکانی بۆرژوازی لەگەڵ قەیرانی ئابوری و سیاسی و هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا، ئەوە ئەبینین کە بۆرژوازی و هێزە بۆرژوازییەکان پشتبەستووبوون بە هێنانە ناوەوەی ڕەمزە چینایەتییەکانیان، ناوە ناوە  کاریزما، ڕابەر، فریادڕەسەکانیان.. ئەهێننە کایەوە و هەرجارەی ئەلگۆ و ئەڵتەرناتیڤی خۆیان بۆ بەلاڕێدابردن و پەردەدان بەسەر ئەو ناکۆکیانەی کە لە خودی سیستەمە چینایەتییەکەیان( سیستەمی سەرمایەداری) سەرچاوەی گرتووە، ئەم کاریزمایانە ئەخەنە ڕوو بۆ پەردەدان بەسەر زەینی کۆمەڵگەدا، و وادەرئەخەن کە لە ڕێگەی ئەم کاریزمایانەوە دونیا بەرەو ئاڵوگۆڕ ئەبەن و خۆشگوزەرانی بەدیدێت و ڕزگارکەرەکانیان دێننە ئاراوە و ئەحزاب و تایەفە جیاوازە بۆرژوازییەکان هەریەکەو بە جۆرێک ئەزمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان ئەبەستنەوە بە بوونی خودی کاریزماکانیانەوە.

لە سەروبەندی بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی کوردستان و بۆ دەربازکردنی بۆرژوازی لە قەیرانە سیاسی و ئابووریەکەی کە لە ٤ساڵی ڕابردووەوە دەرگیریەتی و پەڕینەوە لە قوڕاو لیتەی و دەربازکردنی سیستەمی سەرمایەداری وەک بەشێکی خۆ بە بەرپرسزان لە گشتییەتی بۆرژوازی عێراقی قسە ئەکەن لە سەر کاریزما لەکارکەوتووەکانیان و لە زۆرێک لە گفتوگۆی سەر تیڤییەکانیان ئاماژەیەکی جدی ئەدەن بە پێویستی قەومپەرستی بۆرژوازی کورد بە کاریزما لاکەوتوەکانیان یا هێنانە پێشەوەی ئەو بەچکە کاریزمایانەی کە خۆیان نەماون یان پەکیان کەوتووە. دیارە لە ٢٠بۆ ٣٠ ساڵی ڕابردودا کۆمۆنیستە بۆرژوازییەکانیش بێبەش نەبوون لە  هەمان پرۆسەی کاریزما سازی و ناو داتاشین و کەسایەتی قوتکردنەوە ، بە هەمان دەزگای فیکری و سیاسییەوە و لە پراکتیکیشیاندا ڕەنگی داوەتەوە و جگە لە کاریزماکانیان ئەوانیتر بە خواروی خۆیان ئەدەنە قەڵەم  .

بۆ بۆرژواکان و نیزامی سەرمایاەداری کاریزما گرنگی خۆی هەیە و زەینی مرۆڤەکانی پێ ئەبەستنەوە بە جیهانێکی سەروو چینایەتییەوە، و ململانێی چینەکانی لە زەینی مرۆڤایەتیدا پێئەسڕنەوە و جێگا و ڕێگای چینەکان ئەسپێرن بە خەیاڵاتێکی زەینی بۆ چاوەڕوانکردنی ئەم فریاد ڕەسانە، و دواتریش بەتاڵکردنەوە و مایەپوچکردنی دەوری مرۆڤەکان لە ململانێی چینایەتی و هەوڵدانیان بۆ گۆڕینی ژیان و تەواوی هەلومەرجەکانی کە ئەم سیستەمە چینایەتییە هێناویەتە بوون و داڕشتنی مێژوی مرۆڤایەتی بەدور لە خەباتی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا، و نموونەش: لە زۆرێک لە فلیمەکانی هۆڵیود و بۆڵیود و باقی فلیمسازانی جیهان سەرنجی تەواوی کۆمەڵگە ئەخەنە سەر ئەم جۆرە لە کەسایەتییەکان لە چەشنی : سۆپەرمان و پیاوی جاڵجاڵۆکە و سپارتاکۆس و …چەندان فلیمی سینەمایی تریش کە هەریەکەیان سەدان ملیۆن دۆلاری تیا خەرج کراوە و بوونەتە بەشێک لە داگیرکردنی زەینی مرۆڤ و دابڕانیان لە ژیانی ڕاستەقینە . ئەم کەسایەتییە کاریزمایانە و ڕۆڵی تاک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریدا هیچ نییە جگە لە بەرگرتن بە توانایەکانی جەماوەری بەرینی پرۆلیتاریا و چینی کرێکار و دەرکێشانی ناڕەزایەتی بەرفراوانی ئەم چینە لە گۆڕانی بە ناڕەزایەتییەکی بنەڕەتی دژ بە گشت پایە و کۆڵەکەکانی شارستانیەتی سەرتاپا چەوسێنەری سەرمایەداری و بەباڵاکردنی نامۆیی .

کاریزما : ووشەکە بە زمانی ئینگلیزی (Charisma)  واتای تونایی کارتێکردن لە کەسانی تر لە ڕێی ڕاکێشانی سەرنجیان بە هۆی دروستکردنی کەسایەتیەکەوە کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی جیاکەرەوەی هەیە و لەگەل مرۆڤەکانی تر جیایان ئەکاتەوە، و توانایی کۆنترۆڵکردنی چەندان کەسی تریان هەیە لە ڕێی پەنابردن بۆشێوازێکی تایبەت لە قسەکردن، و کرداری کارتێکردن بە شێوەیەکی گشتی، ( خاوەنی بەهرەیەکی مەعنەوی یا توانستێک )ە کە لەلایەن خواوەندەوە پێی بەخشراوە و ئەنجامدەری کاری جیاوازە لە کەسانیتر، و بەهۆی ئەم توانا تایبەتیانەوە لە( ڕێبەرایەتیکردنی جەماوەر لە پشتیوانییەکی  پڕسۆز بەهرەمەند ئەبێت ).

کارێزما لە بنەڕەتدا ووشەیەکی یۆنانییە و لە ووشەی بەخشندەیی ( نیعمەت ، فەزڵ ) وەرگیراوە و بەستراوەتەوە بە بیرو باوەڕێکی ئاینیی، و فەلسەفی کۆنەوە، لە ڕێی باوەڕ بەخۆبوونی قەشە و پەیامبەرەکان یا پیاوانی ئاینییەوە کە لە پەرستگاکاندا هەندێک شێوازیان بەکارهێناوە بۆ کارکردنە سەر خەڵکی، تا وایان لێبکەن پەیڕەوی بیروباوەڕە دینیەکانیان بکەن، لەسەر بناغەی فکر و ئەو ئەفسانانەی کە بڵاوبوبونەوە بەهۆی پەرستنە کوێرانەکانەوە، و بە شێوەیەکی ئەوتۆ کەشیشەکان تواناییان پەیداکرد بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێی کارتێکردنی ئاینییەوە . فەیلەسوفەکانیش گرنگیانداوە بە کاریزما،و وایان داناوە بەشێکە لە کەسایەتییان، و وەک ئامرازێک  لەو ئامرازانە بەکاریان هێناوە کە بیرو باوەڕەکان و بیرو بۆچونە فەلسەفیەکانیانی پێبگوێزنەوە بۆ کەسانی تر .ئەم ووشەیە بەزۆری لە بەرەبەیانی سەرهەڵدانی مەسیحیەتەوە هاتە ئاراوە لە بنەچەوە بۆ ئاماژەکردن بوو بە ڕۆحی پیرۆز. فریدریک لوبون بەم شێوەیە ئەیبینێ کە ( ” کاریزما هێزی وەسوەسەن ” فریودانن”  و دەسەڵات سەپاندنی تاکە بە هەموو شێوەکانیەوە بەسەر کۆمەڵێکی دیاریکراودا، و ئەبێتە سەرچاوەیەکی بنچینەیی ڕەوابوونی”  قاموس السوسيولوجيا ، فريديريك لوبون ، ترجمة زكريا الإبراهيمي ، ص٥٩) .

هەمیشە چینەداراکان ئەو چینانەی کە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییان لەژێردەستدا بووە، نوێنەرەکانی خواوەند سەر بەمان بوون لەسەر زەوی . پاشاکان و مەلیک و سوڵتان و ئاغا و بەگ و سەرۆکەکان  و لیدەرەکان ئەم ئاوی پیرۆزەیان پێبەخشراوە، و ئاخوند و قەشە و دەلایلاما و شێخ و مەڵاکان….و تاد ڕاگەیەنەری پیرۆزییەکان بوون و کارابوون بۆ دەسەڵات پێبەخشینی  ئەم کاریزمایانە . بۆ ئەم مەبەستەش ڕایانگەیاندووە کە کاریزماکان نوێنەری خواوەندەکانن لەسەر زەوی و خاوەنی هەموو جیهانن، خاوەنداریەتی تایبەتی مافێکی ئیلاهیە، دابەشکردنی خێر و شەڕە، و دابەشکردنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی شانس و ناوچەوانی مرۆڤەکان خۆیانن، و خواوەند لە ئەزمووندا دایناون، مرۆڤ بۆ بەرگەگرتنی قورسییەکانی ژیانی لە لایەن خواوەندەوە تاقی ئەکرێتەوە و خواوەندەکان پیرۆزییان پێئەبەخشن، و لە جیهانی دوای مردن زیندووبوونەوە هەیە و لاپەڕەی خراپە و چاکەکان هەڵئەدرێنە وە و هەرکەسە بە پێی پەیڕەویکردنی لە کتێبە پیرۆزەکان بەشی خۆی وەرئەگرێت، کتێبە پیرۆزەکانیش لە لایەن خواوەندەکانەوە لە ڕێی پەیامبەرەکانەوە ” کاریزما ” گەیەنراوە بە هەموو مرۆڤەکانی سەرزەوی  بە بێ جیاوازیی، پەیامبەرەکان هەڵبژێردراوی خواوەندن و خواوەند پیرۆزیکردوون و پێویستە ڕێنمایی خوداوەندی لەوان وەربگرن و لە ژێر فەرمان و فەرمایشتەکانیان دەرنەچن، ئەگەر هەر کەسێکیش هەوڵبدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و دەست ببات بۆ سێوێک ئەوا نەک دەستی ئەبڕن بەڵکو لە سەر ڕووی زەوی ئەیسڕنەوە بەو بەڵگەیەی کە سابیر و شوکرانە بژێر نەبووە و لە فەرمان دەرچووە!!! و نیعمەتی ڕەتکردووەتەوە و ئەبێت لەسەر زەوی سزاکەی وەربگرێت، نابێت لە ژیان مرۆڤەکان لە فەرمانی گەورەکانیان دەرچن کە پیرۆزکراوە لە لایەن خواوەندەوە ……تاد.

دواتریش پەڕتوکە دینیەکان، ئەبنە پشتیوانەیەکی تەواوی ئەم پرۆسەیە و  لە بەر ئەوەی پەیامی خواوەندە بۆ کۆیلەکانی و ئەو ناردونی، ئەبێت سوژدەیان بۆ ببرێت، ئەم ووتانەی خواوەندیش ئەبێت ڕۆژانە بەرهەم بهێنێرنەوە و بکرێنەوە نەریت، و تێکەڵی گەلێ نەریتی کۆمەڵایەتی تریش بکرێن کە هەموو ڕۆژ بەرهەمی هەمان نەریتی ئەحکامەکانی پەرتوکە پیرۆزەکان پیرۆزتر ئەکەنەوە.

کە کۆمەڵگەی سەرمایەداری سەری هەڵدا و نیزامی کۆمەڵایەتی خۆی دامەزراند، هیچ بەهایەکی بۆ کەنیسە و قەشە و پلەو پایە ئاسمانییەکان و کاریزماکانیشیان نە‌هێشتەوە، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بۆرژوازییەوە پارە بووە پێوانەی هەموو پیرۆزییەکان، پیرۆزترین ‌پیرۆزییەکان داڕوخان و هەموو دەسەڵاتێک لە کەنیسەکان سەنرانەوە و دەوڵەت و نوێنەرە تازەکانی سەرمایەداران پیرۆزکران و جارێکی تر و بە شکڵ و شێوەی تر کۆمەڵگا وادار کرا بە پیرۆزیی سەرمایەدار و بۆرژواکان  و هیچ پیرۆزییەک خۆی نەئەگرت لەبەردەم بازاڕ و کەڵەکە و گەشە و دواتر قەیرانی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا و تا ئێستاش مرۆڤ لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیدا زۆر کات کە ویستبێتی دەست ببات بۆ گۆڕانکاری لە ژیانیدا، چینە داراکان و بورژواکان پەنایان بردووە بۆ دروستکردنی ( مەرجەعیەت )، و  فریاد ڕەسێکی سەر زەویان دروستکردووە تا بتوانێت بە هۆی ئەم فریاد ڕەسەوە، بە پیرۆزییەک پیرۆزی زاڵ لەناوبەرێت، واتە ئەڵتەرناتیڤێکی پیرۆزی دۆزیوەتەوە بۆ تێکشکاندنی پیرۆزی پێشووتر، بۆ ئەوەی ڕەوایەتیش بدات بە پیرۆزییەکانی خۆی کاریزمایەکی بۆ مەرجەعیەتەکەی دروستکردووە و لە ئاوی پیرۆزی خواوەندیان هەڵکێشاوە.

فریدریک لوبون وای ئەبینێ ( کاریزما لە هێزی وروژاندن یا ( دەستەمۆکردن ) و دەسەڵات بە هەموو شێوەکانیەوە کە تاک پراکتیکی ئەکات بەسەر کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە، ئەبێتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ ڕەوابوون ) و ماکس فیبر یەکەمین کەس بووە کە شوناسێکی سیاسی داوە بە بە زاراوەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ توانایی و لێهاتوویی کەسانێک کەکاریگەری دائەنێ لەسەر کۆمەڵێکی زۆر لە کەسەنیتر و وایان لێئەکات خۆی ببێتە ناوەندی هێزی ئەوان و ئەوهۆکارانەشی ڕونکردۆتەوە کە خەڵکی چۆن ملکەچی ئەو فەرمانانە ئەبێت کە لە دەسەڵاتی باڵاوە دەرئەچن.

ئەم باسەی تا ئێرە کردمان ئەوە ڕوون ئەکاتەوە کە لە کوردستان ئەم کاریزمایانە و حزبە کاریزمایاکانیان چەندە ڕۆڵیان هەبووە لە بەلاڕێدابردنی خەبات و تێکۆشانی پرۆلیتاریا و تەواوی بێبەشان بۆ ڕزگاربوون لە نیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداری و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە زادەی هەمان ئەم سیستەمەو کاریزماکانیان کە لە ئاستێکی بەرین و فراواندا دەربڕی ئەم ڕۆڵەی بۆرژوازیی بووە و بەشێک بووە لە دەسکۆتاکردنی مرۆڤ لە پشتبەستن بە ئیرادەی ڕاستەوخۆ و بەکۆمەڵ و پشت نەبەستن بە تەنها تاکێک کە دەرەنجامەکەی گەیاندنی ژیانیانە بە دۆزەخی ڕاستەقینەی سەرزەوی .

ئیبراهیم عمر

٢٢/٨/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، ...