دیموکراتی وەهمە / ئیبراهیم عمر

کایەکانی دیموکراتی لە ژیانی مرۆڤدا هەمیشە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە و کاریکردۆتە سەر ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە ژیاندا، و تەپوتۆزی ئەم سەرخانە سیاسییە بۆرژوازییە لەسەر زەین و بیرکردنەوەی چینی پرۆلیتاریا کارلێکی ئەوتۆی هەبووە کە دەستی گرتووە لە گۆڕینی ژیانی خۆی و تەواوی کۆمەڵگا لە باری ئابورییەوە   .

چینە چەوسێنەر و دەوڵەمەندەکان هەردەم هەوڵیانداوە لە بڵاوکردنەوەی وەهمەوە پایەکانی دەسەڵاتیان  قایم بکەن و کۆمەڵگە وادار بکەن بەوەی کە ئەم دەسەڵاتە مۆڵەت وەرگری تەواوی کۆمەڵگەیە و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی نەتەوە و ووڵاتن و مافی حوکمڕانیان لە گەلەوە وەرگرتووە و گەلیش ئەبێت ملکەچی دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی خۆی بێت . کە لە ناوەرۆکدا، پەردەدانە بەسەر هەموو ناکۆکی و ململانێ چینایەتییەکاندا.

چینی بۆرژوازی دەوڵەت و داومودەزگا و دەستەکانی کە دروستی ئەکات تەنها و تەنها بۆ قایمکردنی سیستەمە چینایەتییەکەیەتی و دەستبەسەراگرتنی هەموو ژیانی مرۆڤەکانە، لە ڕێی دیموکراتی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەلەوە، واتە ئەو چینەی کە هەموو سەروەت و سامانێکی لە بندەستە شەرعیەت ئەدات بەم دەسەڵاتەی کە کەمینەیەکی کەمن، بەدەنگی “گەل” ئەو چینەی کە زۆرینەن، واتا پرۆلیتاریا، و بەو وەهمەی کە حوکمڕانیەتی هی “گەل”ە واتە پرۆلیتاریا.

  مۆدێلی پەرلەمانی و دیموکراسی وەک ئەڵتەرناتیڤی بۆرژوازیی لیبراڵ بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لە گشت جیهاندا تووشی  شکستی مێژوویی و بنەڕەتی بووە و ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان ساڵ بەساڵ ڕوو لە کەمبوون بووەتەوە و ئاماژەش بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق کە بەشداربووانی هەڵبژاردنەکان لە ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە دابەزی بۆ ئاستی ١٦%. دامەزراندنی دەوڵەت و وەهمی هەڵبژاردنی گەل- دەزگا پەرلەمانی و حکومییەکان – ئەتوانین چەند نموونەیان هەر لە پاڵ دەستماندا ئاماژە پێبدەین وچەندەها هەڵوێستەشیان لەسەر بکەین و دواتر نموونەی ئەمریکا وەک نوێنەر و یەکێک لە زلهێزە بەرجەستەکراوەکانی دیموکراسی و بۆرژوازی جیهانی بهێنینەوە، سەرە ڕای نەبوونی گومانم لەوەی کەزۆرێک لە چەپ و کۆمۆنیزمی بۆرژوازی زۆر شانازی ئەکەن بەم دیموکراسی و هەڵاو زەنای بۆرژوازییەوە و لە زۆر کاتدا پێیان وایە سۆشیالی ئەوروپا سۆسیالیزمە، و باڵی چەپی بۆرژوازی ئەوروپا و ڕەمزەکانیان لێبووە بە سۆسیالیزم و مارکس و شایولۆغان بۆ دیموکراسی ئەکەن و خەریکی بانگەوازن بۆ سۆشیال دیموکراتی و چەپی بۆرژوازی.

 لێرەدا چەند دیاردەیەک ئەتوانین بێنینەوە و قسەی لەسەر بکەین وەک: نموونە بەرجەستەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان ، و گلەییەکانی زۆرینەی جەماوەر لە شکڵ و شێوەی نادیموکراتیانەی دەسەڵات و حوکمڕانی و تەزویر و گەندەڵیکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و دواتر هەراوهوریای باڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو هۆڵەکانی پەرلەمان و تاکڕەوی لەدەسەڵاتدا و پێدرێژکردنی مالکی و عەبادی و بارزانی….تاد، ئەوە نیشان ئەدەن کە دیموکراسی چ جێگایەکی هەیە لە هەلومەرجی ژیانی جەماوەر لە دیاریکردنی چارەنوسیان ! و ملهوڕیەکان و عەسکەرتاریەت جەنگی بۆرژوازاکان بووەتە بەشێکی بنەڕەتی لە نیزامی سەرمایەداری…،و بوونی دیموکراسی و پەرلەمان وەهمێک لە عێراق و کوردستان و وەک ئاماژەمان پێدا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق نموونەی بەرجەستەن.

زۆرجار گلەییەکان ڕوی لەوەیە کە دیموکراتی ” حوکمی گەل ” لە ئەوروپا و ئەمریکا بەرقەرارە و چاوەڕوانی لەوە ئەکرێت کە ئەوروپا و ئەمریکا و بۆرژواکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تەدەخول ئەکەن و نوێنەرانی ئەوان دێن و ئەبنە ڕزگارکەری دیموکراتییەت، و هیوایەک ئەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە حوکمی گەل، هەندێ جاری تریش نۆکەرێکی وەک سەدر و شاسوار و بەرهەم دێننە ئاراوە وەک فریاد ڕەسی نوێی بۆرژوازی بۆ ڕزگارکردنی دیموکراسی، و شانازی بەوەوە ئەکەن کە نزیکن لە ئەمریکا و پەیوەندی باشیان هەیە لەگەڵ ئەمریکا و ووڵاتانی زلهێزی بۆرژوازی جیهانی و بەڵێنی هەڵخەڵەتێنانەی وا ئەدەن کە ئەمان ئەتوانن ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خەڵک و سەرخانی سیاسیدا بکەن و دیموکراسی فەراهەم بکەن.

 ئایا ئەم واقعیەتەنا و ئەم خەیاڵاتانە بۆ جەماوەری کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگا هیچ پەیوەندییەکی هەیە بە بناغەکانی دیموکراتییەوە؟ ئایا ئەم واقعیەتانەی دیموکراتی بەشێکنین لە خودی سەرخانی سیستەمێک کە درووستکەری وەهم و نوێکردنەوەی وەهم و بەردەوامبونی وەهمە؟ یان ئەگەر دیموکراسی ژیان ئاوا ئاراستە ئەکات ڕێگا چارە چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە خوێنەر ئەگەیەنێتە وەڵامدانەوەی جیاواز و لەوەیە لە هەندێ شوێندا سەرزەنشتی نادیموکراسی بوونی ئەم ئەحزاب و پارتانەی حوکمڕانی ئێستای عێراق و کوردستانی پێبکەن، و لۆمە لەسەر خودی سەرخانی سیستەمە چینایەتییەکە هەڵئەگرن کە خودی دیموکراتییەتە و گوناهەکە ئەخەینە سەر دەسەڵاتداران و حوکمڕانانی عێراق و کوردستان.دوا سەرنجتان ڕائەکێشمە سەر خودی ئەمریکا ی ڕابەر و نوێنەری دیموکراتی وەک نموونە کە چۆن پەیوەندی دەوڵەت و شکڵی حوکمڕانی بۆرژوازی وەهمە و ماهیەتی چینایەتی ئەم وەهمە داپۆشینی ململانێ چینایەتییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی چینی بۆرژوازییە   :

نویڵ مامیر و پاتریک فاریباز دوو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیندکاری فەرەنسین ساڵی ٢٠٠٣ کتێبێکیان نووسی بە ناوی ( خطورة أمريكا وملفات حربها المفتوحة في العراق ) و لە دوتوێی ٢٧٠ لاپەڕەدا. لە سەرەتادا باس لە بۆنابردییەتی هاتنە سەرکاری بوشی کوڕ ئەکات و لە شوێنێکدا ئەڵێن ” ڕۆژی ٧ تشرینی دووەمی ٢٠٠٠ براکانی بوش لە تەلەفۆنەکە نەئەبوونەوە. جیب حاکمی هەرێمی فلۆریدایە، نازانێت کە ئەم سندوقە مەلعونانەی دەنگدان ڕێگای پێئەدات کە چەند سەد دەنگێکی زیاتر دەست بخات، کە پێویستی پێیەتی بۆ دابینکردنی سەرخستنی براکەی. سەرەڕای ئەوەی چەندە لە تونایدا بووە هانی غەشی داوە.پاڵێوراوەکانی پارتی کۆماری لەبەردەم نووسینگەکانی دەنگداندا کۆبوبونەوە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ئاشکرا پرسیار لەبارەی پاکی ئیجرائاتەکان ئەکەن. ئەم بابەتە ٣٦ ڕۆژی پڕ لە سوپرایزی سیاسی- دادوەری خایاند تا بگاتە چارەسەری ئەم کێشە پڕ لە ئاڵۆزییە بە قازانجی عەشیرەتەکەی بوش بڕیاریدا . چوار جار دەنگەکان بژێردرانەوە، لە دادگای باڵاوە سێ بڕیار دەرکرا، و دادگای باڵای هەڵبژاردنەکان دوو بڕیار دەرکرا، جۆرج بوش لە دەستەی هەڵبژاردنەکان بە یەک دەنگ پێش ڕکابەرەکەی کەوت. سەرەڕای ئەوەی ئەلگۆڕ، جێگری پێشوی سەرۆک، نیوملیۆن دەنگی زیاتری لە ڕکابەرەکەی بەدەستهێنابوو، ڕایانگەیاند کە بوش بە ١٣٧ هەزار دەنگی زیادە سەرکەوتوو بووە. ئەم ئەنجامە دەرئەنجامی کەتیبەیەک لە پارێزەر و دادوەر بوون کە ڕیگن و بوشی باوک دایانمەزراندبوون تادرێژایەتی ژیانیان…. ” “بووش بە نەشتەرگەرییەکی قەیسەری گەشتە دەسەڵات” ، “یەک هەوڵاتی ئەمریکا ئەوە لەبیر ناکات کە ئیدارەی بووشی کوڕ بە هێرشێکی بێوێنە بۆ سەر سەرەتایترین جۆرەکانی ئازادی و دیموکراتی گەشتە دەسيڵات: مافی دەنگدان ” .

لە هەڵبژاردنی ترامپ هەمان تەزویر و ساختەکاری ئەنجامدرایەوە کە زەرورەتی بۆرژواکانە بۆ هاتنە سەرکاری ترامپ بۆ چارەسەری کێشەکانی جیهانی سەرمایەداری. لە مێژووی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدافۆرمی ئەم تەپاوەتلانە زۆرە. هەموانیش ئەو دەمەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکامان لە بیر ماوە.

بۆیە بۆ کرێکاران و بێبەشان و ڕەوتی سۆسیالیستی بە تایبەتی، ئەوە گرنگە کە وون نەبن لە تەپوتۆز و هەڵاو زەنای دیموکراتییەت و پەرلەمانتارییەتی بۆرژوازیدا، و ئەرکی ڕەوتی کۆمۆنیستیشە کە ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە قوڵکردنەوەی قەیرانی دیموکراسی و وەک بەشی پێشرەوی پرۆلیتاریا ئەڵتەرناتیڤی خۆی ڕۆشنبکاتەوە، و وەهمی دیموکراسی ڕوون بکاتەوە

ئیبراهیم عمر

٢٨/٨/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، ...