هەڵبژاردنەکانی پە رلەمانی کوردستان بەرەو کوێ ! ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

دوای ناکۆکییەکی توندی نێوان هێزە بۆرژوازییە قەومی و دینییەکان لەبارەی دواخستن یا ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی کوردستانی عێراق، سەرەنجام پاش کێشمەکێشێکی زۆر ڕێکەوتن لەسەر ٣٠ی ئەیلول  .

ئەگەر هەوڵەکانی هێزە بۆرژوازییەکان لە ڕێی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانیان لە خولەکانی پێشودا، توانی ڕوکەشی “مەدەنیی” و یاسایی و دەستوری بدات لە توانایی و دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیان و هەوڵیان ئەدا بۆ تێپەڕاندنی ئەو ململانێیانەی کە هەیان بوو لەناو خێزانی کوردایەتیدا، ئەوا هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەنجام ئەدرێت کە توندترین و قوڵترین ڕووبەڕوبونەوەی هێزە کلاسیکیەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کوردی و پارتە دینیەکان و تەنانەت لەگەڵ پارتە نیمچە لیبرالی و مەدەنییە تازەکانیش بوونی هەیە. ئەم بەربەرەکانێ و ڕوبەڕوبوونەوانەی نێوماڵی کوردی ” پیرۆز ” تەنانەت یەکدەستی ڕووکەشانەیان لە بەغداد کۆتایی پێهێنا، و وێنای ئەم ململانێیانەیان لە کاندیدکردنی سەرۆک کۆمار بە زەقی دەرکەوت، و تەنانەت کەوتنە ڕێکەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ هێز و ڕەوتە شیعی و قەومییەکان.

مەودای کۆمەڵایەتی نێوان جەماوەری کرێکاران و زەحماتکێشان و تەواوی بێبەشان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەم پارتانە و حکومەتی هەرێم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر ئەبێتەوە، کە بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییە جەماورییەکان و داخوازی دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە ئەوە بە ڕونی دەرکەوتووە. گەندەڵی ئیداری و مالی و دزینی قوتی خەڵکی بە شێوەیەکی بێشەرمانە و ئاشکرا لە لایەن ئەم پارتانەوە وایکردووە کە دروشمی- بڕوخێ دز و بڕۆن دزەکان ببێتە دروشمی جەماوەری تووڕە .

خەڵکی کوردستان بەشدارییان بە ڕێژەیەکی زۆر کەم کرد لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە ڕێژەی١٩% ی تێنەپەڕاند، سەرەڕای تەزویرە قێزەونەکانی هێزە بۆرژوازییەکان . کرێکاران و بێبەشانی کوردستان ئەم گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەش ئەکەنە شانۆیەکی تر بۆ ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ حکومەتی دزەکانی بۆرژوازی و پارتەکانیان، و هەرئەمەش بابەتی بایکۆت و بەشدارینەکردنی کردووەتە واقعیەتێکی سیاسی کۆمەڵگەی کوردستان، سەرەڕای بانگەشەکانی پارتە قەومی و دینیەکان بۆ سەرکەوتنیان، و خەرجکردنی ملیۆنەها دۆلار لە قوتی خەڵک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان و بەگەڕخستنی سەدان کەناڵی میدیایی هەڵخەڵتێنەرانە.

حکومەتی هەرێم زۆر دەمێکە شەرعیەتی لەدەستداوە لەلای کرێکاران و بێبەشانی کوردستان. بە بوونی قەیرانێکی توند کە  بەدەستییەوە ئەناڵێنێ  و بە بوونی هێزە سیاسییەکانی و بوونی دەزگای پەرلەمانی بە بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی سەرکوت و تۆقاندن و هەژاری و گەندەڵکاری، و مەودایەکی زۆر دوری خستۆتە نێوان چوون بۆ هەڵبژاردن و ” بایکۆتکردن ” ، بۆیە پێویستە کاربکرێت لەسەر فراوانکردنی مەودای ململانێی نێوان خەڵکی کوردستانی بێبەش لەگەڵ حکومەت و پارتە کۆنەپەرستەکان و بردنە سەری ئامادەیی جەماوەری ناڕازی بە ئاراستەی بەرپاکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاران و بەشمەینەتی شۆڕشگێڕلە هەر ئۆرگانێکی جەماوەری خەباتکارانە و لە شوراکانیاندا…..

ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی

٢٩/٩/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*