نەوت و ئابوری پشتبەستوو بە نەوت/ ئیبراهیم عمر

نەوت و ئابوری پشتبەستوو بە نەوت

کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، ئەگەر وردتر بڵێێن لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٢ عێراق خۆماڵیکردنی نەوتی ڕاگەیاند، کە بە تەئمیمی نەوت دەناسرێت. دەستبەسەراگرتنی نەوت و لە ژێر دەست دەرهێنانی پیشەسازی نەوت لە دەستی کۆمپانیا جیهانیاکانی نەوت لەلایەن عێراقەوە، سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وردەوردە دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٧٥ ی خایاند، و تەواوی کۆمپانیا نەوتییەکانی عێراق تەئمیم کرا، لەگەڵ تەواوی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق.

ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بە ڕابەرایەتی عبالکریم قاسم بە یاسای ژمارە ٨٠ کۆمپانیا بێیانیەکانی سەربە کۆمپانیای نەوتی عێراقی دەستکۆتاکرد لە مافی دۆزینەوەی نەوت بە ڕێژەی ٩٩،٥% لە تەووی خاکی عێراقدا و خۆی دەستیکرد بە دامەزراندنی پیشەسازی نەوت کە خاوەندارێتی و کارپێکردنی ” نیشتیمانی ” بوو . عێراق لە ساڵی ١٩٦٤دەستیکرد بە دامەزراندنی “کۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراق” . بەرهەمهێنانی نەوت لە ڕۆژێکدا ئەگەشتە یەک ملیۆن بەرمیل لە شەستەکانی سەدەی ڕابردودا. ئەویش لە ئەنجامی بەستنی کۆمەڵێک گرێبەستبوو بە تایبەتی لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیا بێیانییەکان بۆ دۆزینەوەی نەوت لە ناوچە ئاویەکانی خواروی عێراق، و بەتایبەتی بەستنی گرێبەست لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە ساڵی ١٩٦٧ کە بووە هۆی گەشەپێدانی کێڵگەی نەوتی ڕومێلە.

بە گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن حزبی بەعس، ئەویش هەوڵیدا بۆ بەردەوامیدان بە گەشەپێدانی تواناییەکانی خۆی وەک دامەزراندنی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، کە ئەویش گەڕاندنەوەی توانایی گواستنەوەی نەوتیی تایبەت بەخۆی بوو. کە هەموو ئەمانە سەرەتای کێشمەکێشەکانی نێوان دەوڵەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە بێیانییەکان و دەوڵەتەکانیان بوو.

ئەگەر چاوێک بخشێنیینەوە بە لاپەڕەکانی مێژوی ئەو دوو دەیەیە لە ململانێکانی نێوان دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەوکات و کۆمپانیا بێیانیەکانی سەربە کۆمپانیای نەوتی عێراق ( IPC )  بە چەندەها ساڵ لە ڕکابەری توند لە وەستانی پرۆژەی خۆماڵیکردن و سەرهەڵدانەوەدا تێپەڕیوە، و ئەوەش دەرئەکەوێت کە پێویستی وەبەرهێنانی پیشەسازی نەوت لە عێراقدا و دەسبەسەرداگرتنی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییە بێیانیاکانەوە چەندە کاریکردووەتە سەر بژێوی خەڵکی عێراق و چەوساندنەوەی بێسنوری چینی کرێکار و لە هەمانکاتیشدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەودەوڵەتانە و حکومەتی عێراق، کەلەڕێی ئەم کۆمپانیایانەوە بەرژەوەندی زۆریان چنیوەتەوە تا سەرەنجام بە خۆماڵیکردن و دانی پارەیەکی زۆر بەو کۆمپانیایانە پرۆسەکە کۆتایهات.

بە درێژایی مێژوو گرێێ سەرەکی کێشمەکێشە سیاسییەکانی عێراق بابەتی وەبەرهێنان و پیشەسازی نەوت بووە . دەسەڵاتدارێتی حکومەتی بەعس و بوونی عێراق وەک یەکێک لە وڵاتە پلە یەکەمەکانی یەدەگی نەوت، جێی تێڕامان و چاوچنۆکی سەرمایەگوزاریی پیشەسازی نەوت بووە و شوێنی کێشمەکێش و ساغکردنەوەی کێشمەکێشی سیاسی و ئابوری وڵاتانی بۆرژوازیی جیهان بوون، و تەواوی هەلومەرجی ئابوری و سیاسیی عێراق بەو کێشمەکێش و ڕکابەرییانەوە بەستراوەتەوە و ڕوبینا سیاسییەکانیشی لە هەمان چوارچێوەدا پێناسەکراوە.

ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی و بۆرژوازی جیهانی پێویستی زۆرییان بە ووزەیە، بۆ وەبەرهێنان و دوبارە وەبەرهێنانەوە. ئەمریکا کە خۆی ٥% ی دانیشتوانی جیهان پێکئەهێنێت، بەڵام پانزە ساڵ پێش ئێستا پێویستی بە ٢٥%ی وزەی جیهان بووە. عێراقیش یەکێکە لە وڵاتە خاوەن یەدەگییە گەورەکانی نەوت لە جیهاندا ، کە سەرەکیترین فاکتەری جەنگی خەلیج، جارێکی تر، دەسبەسەرداگرتنی پیشەسازی نەوتی عێراق و سەرمایەگوزاری لەم پیشەسازییەدا بووە.

ئەوەی کە لە باری سیاسییەوە بەستراوەتەوە بە دیموکرسی و مافی مرۆڤ و بانگەشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە جیهانییەکانی و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان- وەک ڕێکخراوی دەوڵەتە بۆرژوازییەکان- پەیوەستە بە گرێ کوێرەی بازرگانی پیشەسازی نەوتەوە، و چەقبەستنی تەواوی پیشەسازییەکانی تر و وەبەرهێنانەی سەمایەداری لەدەوری ئەم پیشەسازییە سەرەکیە.

لە هەلومەرجی ئابوری و سیاسی دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس، و پەلاماردانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، وەبەرهێنان و پیشەسازی نەوت سەرەکیترین جەمسەری کێشمەکێشە سیاسی و ئابورییەکانی باڵەکانی بۆرژوازی عێراق بوو، وە هەموو هێزە سیاسییە قەومی و دینییەکانی عێراق و دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەپێێ بەرژەوەندە ئابورییەکانیان و لە ڕێێ ئەم ڕەوت و پارتە دینی و قەومیانەوە خەریکی دواکەوتنی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیان بوون . هەرچی پرۆلیتاریای عێراقیشە لە ماوەی پانزە ساڵی ڕابردووەوە جگە لە سەرکوت و پارچە پارچەکردنی ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆشباوەڕبوون بە ژیانێکی جیاواز و وادارکراون بە گۆڕانکاری لە ژیانیان، و زۆرجاریش بۆ پەردەهەڵماڵین لە ڕوی گەندەڵی و وێرانبوون و کاولکاری ژیانیان هاتوونەتە شەقام و تەنانەت دەخاڵەتیانکردووە و و خوازیار بوون بۆ گۆڕینی ژیان، تەنانەت ڕیفۆرمێک کە ژیانی سەخت و گوزەرانیان چاک بکات بەشێک بووە لە داواکارییەکانیان. بۆرژوازی تەنانەت ڕیفۆرمیشی لە چوارچێوەی هەمان سیستەم بەزۆر زانی و بە سەرکوت و تۆقاندن وەڵامدایەوە، هەر وەک لە بەسرە بینیمان.ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و بازرگانانی نەوتی دونیا بە شکڵ و شێووەی جۆراوجۆر بۆ گەڕاندنەوە و دەسبەسەرداگرتنی بیرەنەتییەکان و بەتاڵانبردنی نەوتی عێراق درێغی نەکردووە، و وەهمی دیموکراسی و ڕزگارکردنی عێراقی نیشاندا بە واقعی.

گەر بێت و باس لە هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراق بکەین بەبێ باسکردن لە پیشەسازی و بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق زۆر کەموکوڕ و بێسەرەوبەرە دەرئەچێت و بەبێ بنەبڕکردنی ئەم دەستبەسەرداگرتنەی ووزەش ناتوانین وەک بزووتنەوە و ڕەوتێکی جدی سۆسیالیستی کاریگرریمان هەبێت لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکاندا.

هەمو کۆمەڵگای چینایەتی لە عێراقدا و دەور و نەخشی چینەکان و تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراقدا خۆی لە دەوری ئەم بابەتە گرێ داووە و چاو لەدەستی پیشەسازی و وەبەرهێنانی نەوتە و تەنانەت بوارەکانی تری وەکو کشتوکاڵ و ئاودێری و سامانی ئاویی و پیشەسازی بچوک و ئاوەدانکردنەوە و ….هتد لە هەمان خزمەت بە وەبەرهێنانی پیشەسازی نەوتدا پێناسە ئەکرێتەوە و بوونەتە کەمالیاتی ” ئابوری نیشتیمانی” و ناتوانن بەرهەڵستی وەبەرهێنانی هیچ جۆرێک لە پیشەسازییەکان و بازرگانی تر بکەن و شوناسی ووڵاتانی وەبەرهێنەری نەوتیان بەسەردا بڕاوە.

ڕەنگە وا بێتە پێش چاو کە لە چوارچێوەی بابەتی پیشەسازی نەوت دەرئەچین بە گوێرەی ئابوری سەرمایەداری و باڵکێشانی تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری لەعێراق لە چوارچێوەی خۆ پێناسەکردنەوەی چینایەتی و دەور و ڕۆڵی چینی کرێکار و سوڕانەوەی لە فەزای وەبەرهێنانی نەوتدا. بەڵام بە بڕوای من ئەگەر بێت و پێناسەی چینەکان و ڕۆڵی چینی کرێکار و تەواوی بێبەشان بە دور لەم کێشمەکێشە جیهانیە هەستیارانە لەسەر کەرتی سەرەکی وەبەرهێنانی عێراق، کە ئەویش نەوت و پیشەسازی نەوتە، کەم و کوڕ و بێسەرە و بەرە دەرئەچێت، و ناتوانین جێگاو شوێن و ڕۆڵی چینی پرۆلیتاریا دیاری بکەین لە جەرگەی کێشمە کێشە قوڵ و بنەڕەتییە سیاسییەکاندا و بەتایبەتی کرێکارانی نەوت و ڕۆڵی نەوت لە ئابوری عێراقدا.

ئیبراهیم عمر

٦/١١/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*