Hi-Viz هێلەک زەردەکان و شەپۆلێکی تازەی ناڕەزایەتییەکان/ فؤاد محمد

بۆ ڕۆژی حەوتەم لەسەر یەک پاریسی پایتەختی فەرەنسا و هەندێ لەشارە سەرەکیەکانی تری، شایەتی بینینی ناڕەزایەتییەکی فراوانی شۆفێری ئۆتۆمبیلەکان بوو لە دژی بڕیاری حکومەتی ماکرۆن، ئەویش لە ئەنجامی زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بە ڕێژەی (٢٣%) کە ( ٤ سەنتی یۆرۆ بۆ بەنزین و ٧ سەنتی یۆرۆ بۆ گازۆیل ) و ئەم زیادکردنەی باج لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە تا ئێستا بە بەرزترین ڕێژەی زیادکردن ئەژمار ئەکرێت.

ئەم ناڕەزایەتیانە دورنەبوو لە  توندوتیژیی پیاوانی پۆلیس، کە لێدان و گرتن و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ بۆ سەرکوت و بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە ، و دوکەس زیاتر کوژران و زیاتر لە ١٠٦ کەس برینداربوون و ژمارەیەکیش لە خۆپیشاندەران زیندانیکران….

خۆپیشاندەران کە “Hi-Viz” هێلەکی زەردیان لەبەرکردبوو هەوڵیاندا بۆ داخستنی ڕێگای خێرا و ئەوڕێگایانەی کە بەرەو گەنجینەکانی سوتەمەنی ئەچون .

یەکێک لە سەرکردەی پارتە چەپەکان بە درووستی ووتی کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەدوور لە دەخاڵەتی پارتە سیاسییەکانڕویانداوە…پارتە ئۆپۆزیسیۆنە ڕاستڕەوەکان و هەندێ لە کوتلەی چەپ هەوڵیاندا بۆ قۆستنەوەی ئەم ناڕەزایەتییە جەماوەریانە و سودلێوەرگرتنیان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی حکومەتەکەی ئیمانۆئیل…لە هەمانکاتیشدا حکومەتی سەرۆک وەزیران ئیدوارد فلیلب هەوڵیدا بۆ دامرکاندنەوەی گڕکانی خۆپیشاندەران بە بەڵێنی هەندێ چاکسازیی و بەخشیش، وەک پێدانی پاداشتێکی نەختینەیی بە ڕێژەی ٤٠٠٠یۆرۆ بەئەو خێزانە هەژارانە تا بتوانن ئۆتۆمبێلە کۆنەکانیان بگۆڕن بە یەکێکی نوێ کە کەمتر سوتەمەنی خەرج ئەکەن.

لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، وا باسی گەلی فەرەنسا ئەکرێت کە گەلێکی شۆڕشگێرە لە نێو گەلانی ئەوروپادا، و لەم دواییانەشدا بەدواداچونێک کراوە جەخت لەوە ئەکاتەوە کە فەرەنسیەکان یەکێکن لەو گەلانەی جیهان کە زۆرترین بەرەنگاری و ڕوبەڕوبوونەوەی هەیە بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەتە خۆجێییەکانی .. سەرەڕای ئەوەی کە گەلە شۆڕشگێڕەکان و گەلە “مەنگەکان” تایبەتمەندیەکی میتافیزیکی نیین، بەڵکو دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕی ئۆرگانیکی نێوان شکڵەکانی خەبات و ناڕەزایەتی و ڕوبەڕوبونەوانەیە، کە ئەبێتە ڕوخساری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕانەکان و هەلومەرجی بابەتی و ماددی گەشە و پێشکەوتنی ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ئەو جوڵانەوانە و مۆرێکی جیاوازیش ئەدا لە هەموو کۆمەڵگەکە.

فەرەنسایەک کە شایەدی بینینی دەیان ناڕەزایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی نێوان نەقابە کرێکاریی و پیشەییەکان و حکومەتی ماکرۆن بووە لەمساڵدا، و دەسپێکردنی بە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینانی فەرەنسا دژبە پلانی ئابوری ماکرۆن و دواتریش ناڕەزایەتییەکانی ناو ویستگەکانی هێڵەکانی ئاسن و ناڕەزایەتی ( ئاهەنگی ماکرۆن ) کە بە بۆنەی ساڵی یەکەمی گرتنە دەستی دەسەڵاتییەوە بوو، هەروەها ڕوبەڕوبوونەوەکانی یاسای خزمەتی مەدەنی (یاسای خەمریی ) ……….و ناڕەزایەتییەکانی کە بەهۆی کەمکردنەوەی دامەزراندنەکانی سەر بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و …هەندێکی تر کە هەموو چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگە و ئەوانەی کە دەسکەوتیان مامناوەند بوو بەشدارییان تیا کرد…ئەو فەرەنسایەی کە ڕێژەی بێکاری زیادبووە تا ڕادەی ١١% لەوەیە ببێتە دەروازەی ئاڵوگٶڕی خوازراو.. پێشبینی ئەوە ناکەین کە ئەوانەی هێرش ئەکەنە سەر ئاسمان کرێکارانی پاریس و فەرەنسا بن… بەڵام ئەوەی کە فەرەنسا و کرێکارەکانی نیشانی ئەدەن پێشبینی ئەکەنە ڕاستیی…

فؤاد محمد

٢٤/١١/٢٠١٨

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*