هێلەک زەردەکان، چۆن حکومەت ئەڕوخێنیت؟

وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد

ئەم بابەتە لەسەر بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانی فەڕەنسا لە ٣٠ نۆڤەمبەردا نوسراوە، بزووتنەوەکە خێراتر هەنگاوی ناوەو چووە پێشەوە، لە ٤ ی دیسەمبەردا سەرباری دانپیانانی حکومەتی ماکرۆن بۆ پاشگەزبوونەوەی لە چوونەسەری باجی سوتەمەنی هێشتا نەیتوانیوە کۆتایی بەم بزووتنەوەیە بهێنێت!
شەممەی ڕابردوو شاهیدی بەفراوانی وشەپۆلی گەورەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی فەرەنسادا بووین
لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەری رابردووەوە تاکو ئێستا بە سەدان هەزار کەس بەشداری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاانیان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان بە گشتی و چوونە سەری نرخی سووتەمەنی بە تایبەت کردووە. ئەم بزووتنەوەیە ئەنجامی قەیرانی ئابوری و سیاسەتە توندەکانی سکهەڵگوشینی ئەم چەند ساڵەی دوایی حکومەتی ئێستایە. لە پاڵ سیاسەتی کەمکردنەوەو خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چوونەسەری باج و چەند هەنگاوی تری لە خۆگرتنەوەو سیاسەتی سکهەڵگوشینی خەڵکی فەرەنسایە، ئێستا ئیتر هێلەک زەردەکان بوونەتە سیمبولی خەبات دژ بە گرانی کالاکان و کەمی مووچە کە پێکەوە بوونەتە هۆکاری خنکاندنی خەڵکی فەڕەنسا.

ڕیۆنیۆن (Réunion ) ، بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕیی
بزووتنەوەکە لە دوورگەی ڕیۆنیۆن کە لە هەرێمە دەریاییەکەی فەڕەنسادایە ئەوەندە گەورە و ڕادیکاڵە کە حکومەت لە ناچاریدا قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە، دوورگەکە هەر لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە ڕوو بە دەرەوە بلۆک کراوە، شەقام و ڕیگا و تەنانەت میناکانیش داخراون، هەموو قوتابخانەو دامەزراوە حکومییەکان داخراون، تەنها ژمارەیەکی کەم لە دوکانەکان لە بەیانیاندا کراوەن، لە نێوان خۆپیشاندەراندا هاوپشتییەکی بێ وێنە هەیە، لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە شەقامەکان بەربەستکراون و پارێزگارییان لێئەکرێت و لە لایەن بەشێکی زۆری خەلکیشەوە پشتیوانییان لێئەکرێت. خۆپیشاندەران لە ڕێگای تۆڕە کۆمەلایەتیەکانەوە ئاگاداری یەکترن و ئەزانن کە چۆن لە ڕووبەڕووبوونەوەی پۆلیسدا خۆیان ڕیکبخەن.
ئەم دوورگەیە هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە دەست قەیرانی ئابوورییەوە ئەناڵێنێت، تاوەکو ئێستا بزووتنەوەکە جەند داواکارییەکی هەیە و ئەنجامی نەبووە، دانیشتوانی دوورگەکە چاوەروانی ئەوەدان کە وەلام بە داواکارییەکانیان بدرێتەوە ئەگەرچی تاکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە بە ناردنی پۆلیسی زیاتر وەڵامیان دراوەتەوە.
جێی سەرسوڕمان نییە کە ئەم بزووتنەوەیەی ڕیۆنیۆن کاریگەریی گەورەتری هەیە ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئاستی بژێوی دانیشتوانی دوورگەکە زۆر سەخترە لە چاو شوێنەکانی تری فەرەنسادا، بە تایبەت کە نرخی کالاکان لە ٣٠% و ٥٠% گرانترن. لە پاڵ ئەمەدا ٤٠% دانیشتوانەکەی لە خوار هێلی هەژارییەوەن ،هەروەها یەک لەسەر سێیان و لە نێویشیاندا ٥٦% گەنجان بێکارن. دانیشتوانی ڕیۆنیۆن هەست بە پلە دوویی خۆیان ئەکەن لە کۆمەڵگا، دوورگەکە کە نوقمی قەیرانی بێکاریی و گرانی بووە لەلایەن سیاسەتمەدارانی دەرەوەی ئیدارە ئەکرێن ، چوونەسەری باجی سووتەمەنی تەنها دڵۆپێکە کە لە جامی پڕبووی قەیرانەکانی ئەم دوورگەیە ئەڕژێت. لە وەلامدانەوەی ئەم بزووتنەوە نارەزایەتیەدا دوورگەکە لە لایەن وەزیری فەرەنسی ئانیک جیراردین ( Annick Girardin ) وەزیری هەرێمە ئاوییەکان سەردانی کرا. سەرباری پەیماندان بە کەمکردنەوەی باجی سەپێنراو، هەروەها دواتر پەیمانی بە دابەزاندنی نرخی کالاکانیش دا ، هێلەک زەردەکان پێشوازییەکی یەکجارگەرمیان لەو وەزیرە کرد و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایانگەیاند کە بەو بۆنەوە ٣٠٠ بەربەستی تریان بە شەقامەکانی دوورگەکەدا زیاد کردووە!
بەلەبەرچاوگرنتی ئاستی بزووتنەوەی ڕیۆنیۆن حکومەتەکەی ماکرۆن جگە لە پاشگەزبوونەوە هیچ ڕیگا چارەیەکی تری لەبەردەستدا نییەو نەماوە، بەڵام تا ئەو کاتەی کە ئەتوانێ و بۆی ئەکرێ لە دژایەتیکردنی کرێکاران و خەڵکی هەژار لە هەولەکانی خۆی بەردەوام ئەبێت . ئێستا بە هۆی قەیرانەکانی سەرمایەدارییەوە دانیشتوانی ڕیۆنیۆن لە هەموان زیاتربێبەشتر کراون ، و وەک یەکەمین قوربانی ئەو قەیرانانە دەرئەکەون.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ڕیۆنیۆن ئەبێت نمونەیەک بن بۆ هاوچینەکانیان لە هەرێمەکانی تری فەڕەنسا ، گۆڕینی دەسەڵاتدارێتی ماکرۆن ئەبێت بکرێتە کارنامەی ئەم بزووتنەوەیە، ئەمەش تەنها بەو مەرجە ئەکرێت کە بزووتنەوەکە بە هەمان شیوەی ڕیۆنیۆن پتەوو بەهێز بێت.

پەیمانە پووچەکانی ماکرۆن
ڕۆژی سێشەممە ٢٧ ی نۆڤەمبەر ماکرۆن گوتارێکی گاڵتەجاڕییانەی لە کۆشکی ئەلیسە پێشکەش کرد، هەرچەندە خۆپیشاندەران داخوازی کەمکردنەوەی نرخی شتومەک و کالاکانن بەڵام سەرۆک باسی ئەوەی کرد کە جیهان لە ساڵەکانی ٢٠٥٠ دا چۆن وچی بەسەردێت. سەرۆک سەرباری قسەوباسە ناڕۆشنەکانی دەربارەی میتۆدێکی نوێتر بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان، بەڵام هیچ جێوڕییەکی کۆنکریتیی لەو ڕووەوە نەخستە ڕوو. باسی هەنگاوە چاکسازییەکانی لە بواری نرخی سووتەمەنی و بەنزین کرد، لێرەدا هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی نەخستە ڕوو و هەنگاوەکانی ئەوەی کەی و چۆن دەست بەو چاکسازییانە ئەکرێن هەربە ناڕۆشنی مانەوە.
ماکرۆن بەڵێنی ئەوەی دا کە لە مانگەکانی داهاتوودا بە ڕاوێژکردن هەنگاوەکانی بنێت بەو ئومێدەی کە بەم بەڵێنە بتوانێت بزووتنەوەکە لەبار بەرێت.
بێزاریی و توڕەیی و بێهوایی خەڵک بە تۆنی چەمانەوە و چەند بەڵێنی پوچ دانامرکێتەوە. لە یەکی دیسەمبەردا ئەمجارەیان ناڕەزایەتییەکان بە هاوکاری نەقابە کرێکارییەکان و لە نێویاندا (CGT ) ڕێکخراوانەتر بەڕیوەچوو. لە چەندین شاری جیاوازدا ڕێپێوانی دەستەجەمعی بەڕیوەچوو . دروستتر و ئایدیاڵانەتر ئەوەیە کە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان بە هاوپشتی و هاوئاهەنگی نەقابە کرێکارییەکان ڕێکبخرێن و یەکگرتووانەتر دژ بە چوونەسەری باج و گرانبوونی نرخی کالاکان و سیاسەتی سکهەڵگوشین خەبات بکەن.
ڕۆڵی نەقابە کرێکاریەکان
بۆچی حکومەت چۆک دانادات؟ لەبەرئەوەی ماکرۆن ئەترسێ وباش لەوە تێگەیشتووە کە چۆکدادانی زیاتر هانی زیاتری جەماوەی خەڵک ئەدات بۆ بەردەوامبوون ، جەماوەی ناڕازی و کرێکاران بە یەکتر ئەڵێن ” بۆ ئەوەی بە ئامانجێک بگەین ئیتر دەبێت لەمەودوا هێلەکی زەرد لەبەربکەین”. تەسلیم نەبوونی زیاتر لە لایەن دەسەڵاتەوە تەنها بەو ئامانجەیە کە بزووتنەەکە زیاتر ڕێکخراوتر و ڕادیکاڵانەتر نەبێت.
تاقیکردنەوەکان ئەوەمان فێر ئەکەن کە حکومەتەکان کاتێک رووبەرووی ئەم کێشانە ئەبنەوە کاتێک کە بێهوایی و ڕووحی شەڕکەرانەی خەڵک بە شێوەیەک بن کە ببنە ڕێگرو بەربەست لە بەردەم تەقینەوەی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتیدا.ئەوەی کە تەقینەوەیەکی کۆمەلایەتی لەو چەشنە روبدات هێشتا لای کەس روون نییە. بەڵام لەم کاتانەدا بزووتنەوەکە بۆی ئامادەیە. لەم ساتانەدا ئیتر ڕۆڵ ئەکەوێتە سەر شانی نەقابە کرێکاریی و پارتە چەپەکان. ئەبێت هەر ئێستا ئەم هەلە بقۆزنەوە، هاوپشتی بزووتنەوەکە بکەن و ناڕەزایەتی خەڵک بەربڵاوانەتر لەدژی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی حکومەتەکەی ماکرۆن ڕابەرایەتی بکەن.
بزووتنەوەکە بێ ڕابەرایەتی مەحکەم و بەرنامەی ڕۆش هێزوتوانایی خۆی لە دەست ئەدات و لە خوێناوی خۆیدا ئەخنکێت. حکومەت لە سەرەتا هەوڵ ئەدات کە بەربەستەکان دانە بە دانە لاببات بەو ئومێدەی کە بزووتنەوەکە لاواز بێت و خۆبەدستەوە بدات. هەربۆیە گرنگە کە بزووتنەوەکە بەرچاوڕۆشنتر و بەهێزتر بنیاد بنرێتەوە. ستراتیژی بەربەستەکان ئەبێت بگۆڕێت بە ستراتیژی مانگرتنی سەرتاسەریی تا بزووتنەوەکە بە سەرئەنجامی سەرکەوتنی کۆتایی ئەگات. ئەم ناڕەزایەتییانە لە لایەن بزووتنەوەکەوە لە کورتماوەدا بە تەنها ناتوانرێت ڕێک بخرێن ، لێرەوە ئیتر ئەبێت ئەرکەکانی نەقابە و ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەست پێبکەن، ئەبێت هەر ئێستا ئەمە بکرێت تا قورساییەکانی سەر بزووتنەوەکە کەم بکرێنەوە.
سەرۆکی نەقابە کرێکارییەکان بە پێچەوانە هەندێکیان دژ بە بزووتنەوەکە هەنگاو هەڵئەگرن و تەنانەت بە دژیشی قسەیان کردووە ( بە تایبەت لەورنت بێرگەر لە یەکێتی CFDT ) زۆر دوژمنکارانە دژ بە بزووتنەوەکە قسەی کردووە. خۆشبەختانە سەرۆکایەتی نەقابەکان بۆ ئەندامەکانیان قسەیان نەکردووە، تەنانەت ئەندامانی کۆنفیدراسینۆنی گشتی کار( CGT ) زۆر بە پێچەوانەی سەرۆکەیەتیەکانیانەوە ئەجوڵێن . فلیب مارتینێز سکرتێری گشتی کۆنفیدراسیۆنەکە( CGT ) لە سەرەتاوە بە پاساوی ڕێپێوان نەکردن لەگەڵ بەرەی نیشتمانی پشتگیری بزووتنەوەکەی ڕەدکردەوە.لێرەوە بانگەوازی ئەندامانی کرد کە لە ڕێپێوانی ٢٤ ی نۆڤەمبەردا بەشدار نەبن. تاکو ئێستاش مارتینێز بە تەواوی نەچۆتە پشت داخوازی کەمکردنەوەی باجی سەر سووتەمەنی و لە جیگەیدا داوای چوونە سەری کرێ ئەکات وەک ئەوەی ئەم دوو داخوازییە پەیوەندییان پیکەوە نەبێ و یەکتری تەواو نەکەن!
لە کاتێکدا کە مارتینێز بە دوای پاساوێکدا ئەگەرێ کە خۆی دوور لە بزووتنەوەکە بگرێت، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆفیدراسیۆن( CGT ) نەک تەنها هاوپشت بەڵکو چالاکوانی ناو بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانن. تا ئەو جێیەی کە ئیمکان هەیە ئەبێت کۆنفیدراسیۆن بزووتنەوەکە ئامۆژگاری بکات بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی ئەبێت تالێرەوە ڕابەرایەتی و سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان بکات. هیچ سەخت نییە کە بزووتنەوەکە بگۆڕیدرێت بە مانگرتنی سەرتاسەریی هەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە کە بزووتنەوەکە لە ژمارەیەکی بەرچاوی کرێکاران پێک دێت.
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی هاوکاری دیموکراسیبوونی بزووتنەوەکەش ئەادت، تا ئێستا کەسانێک بوونەتە دەمڕاستی بزووتنەوەکە بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ئایا بە ڕۆڵی گونجای خۆیان هەڵئەسن و جێگای قبوڵی بزووتنەوەکەن و ئەبن یان نا.
بزووتنوەەکە هەم لەسەر ئاستی ناوچەیی و هەم لە ئاستی سەرتاسەریشدا پیویستی بە ڕابەرانێکی هەڵبژێرداوی کۆبوونەوەکانە کە بتوانن نوێنەرایەتی بزووتنەوەکە و داواکاری و چالاکییەکانی بکەن. پرۆسەی هەڵبژاردنی ناو کۆبوونەوەکان کۆتایی بە قۆرخکاریی و خراپ بەکارهێنانی ڕێکخراوەکانیش دێنێت لەلایەن کەمینییەکی ڕاستڕەوەوە. گومانی تێدا نییە کە هەڵوێستیگریی دژی سەرمایەداریی لە نێو زۆرینەی جەماوە جێ پشتیوان و ڕەزامەندیترە لای هەموان وەک لە دەنگە ناسازە ناسۆیالیست و راستڕەوەکانی نێو بزووتنەوەکە.

ناسیاسیانە!
” نەخێر!” زۆرێک پێیان وایە کە بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان ناسیاسییانەیە، و ئەبێت بەم شێوەیە بمێنێتەوە و دژ بەم تێڕوانینەن. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا بەرپەرچدانەوەی سیستمی سیاسی ئێستایە و لە هەمان کاتدا دژی تێڕوانینی زۆرێک لە سەرکردە سیاسی و لەهەمان کاتدا نەقابیەکانیشە بەڵام ناسیاسییانە نییە. زۆرێک لە داواکاریەکانیان وەک هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی گشتی نەک تەنها سیاسیانەیە بەڵکو زۆر رادیکاڵانەشە و ئەبێت کاریگەری خۆیان لە نێو بزووتنەوەکەدا دابنێن.
بە تایبەت (CGT ) و ئینسۆمیس بزووتنەوەی چەپی (France Insoumise ) ئەبێت لایان ڕوون بێت کە ناتوانرێت تەنها بە خۆپیشاندان و دانانی بەربەستەکان هیچ ئاڵوگۆڕێک بەسەر حکومەتدا بێت ، بەڵکو پێویستیان بە بەرنامەیەکی ڕوونترهەیە بۆ خۆپیشاندانەکان و ڕابەرایەتیکردنیان، ئەبێت هەنگاو بە ڕاستای شکانی سیستمی سەرمایەداریدا بنێن کە هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی کێشە و قەیرانەکانە، بە بێ تێڕوانین و ئامانجی سیاسی بزووتنەوەکە تەسلیم بە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان ئەکرێت کە بەهەر نرخێک بووە ئەبێت ئەمە ڕوونەدات.

سەرچاوە : ڕیڤۆلیوشن – ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی – هۆڵەندا
کۆنفیدراسیۆنی گشتی کار ( CGT ) یەکێکە لە نەقابە کرێکارییەکانی فەرەنسا کە لە ساڵی ١٨٩٥ ەوە دامەزراوە .
کۆنفیدراسینۆنی دیموکراسی کاریی فەڕەنسا (CFDT ) یەکێک لە گەورەترین یەکێتییە کرێکارییەکانی فەرەنسایە

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*