سڵاو لە شۆڕشی بەردەوام لە سودان!

بڵێسەی ناڕەزایەتییە جەماوەییەکانی خەڵکی سودان دانەمرکایەوە، کە زیاتر لە چوار مانگە هەڵگیرساوە لە شاری عەتبەرە لەدژی تاقمە سەربازییە- ئیسلامیەکەی سودان، ڕژێمەکەی عومەر ئەلبەشیر. ئەم ناڕەزایەتیانە لە ٩ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ لە دژی گرانبوونی  نان بۆ سێ ئەوەندەی نرخەکەی دەستیپێکرد، و ئارام نەبووەوە تا کۆتایی بە ڕژێمەکەی عومەر ئەلبەشیری ئیسلامیی- کۆنەپەرست و تاقمە سەربازییە فەرمانڕەواکەی هێنا.

سەرۆک عومەر ئەلبەشیر و پارتەکەی، پارتی کۆنگرەی نیشتیمانی فەرمانڕەوا لەسەر کار لابران، دوای ئەوەی زیاتر لە سی ساڵ لە دەسەڵاتدا بوو، دەسەڵاتێک کە بە سەپاندنی کۆنەپەرستیی ئیسلامی و گیان کێشان و خوێن ڕێژی و لەناوبردنی بەکۆمەڵ لە دارفۆر، و سەرکوتی مەسیحیەکان لە خوارووی سودان ناوبانگی دەرکردبوو، و یەکێکیش بوو لە کۆنەپەرستترین ڕژێمەکانی قۆچەی ئەفریقی”القرن الأفريقي”.

بە درێژایەتی سی ساڵی تەمەنی ڕابردووی ئەم ڕژێمەی سودان، دامەزراوە سەربازییەکەی بەردەوام هەوڵی پاراستنی ڕژێمەکەی ئەلبەشیری داوە و بۆ ڕزگارکردنی درێغی نەکردووە، بەشێوەیەکی دیاریکراویش لە دوای هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ٢٠١٣ لە ڕێی پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنی ستونەکانی دەسەڵاتە سەرکوتگەر و خوێناویەکەی هەوڵیداوە. لەگەڵ بەرەوپێشچونی ناڕەزایەتییە جەماورییەکانی ئەم دوییانە و بێتوانایی دەزگا سەربازییەکان لە هەڵلوشینی هەلومەرجی جۆش و خرۆشی جەماوەریی، سۆپا دەستیکرد بە پینەو پەڕۆکردنی ڕژێمی دەسەڵاتدار و جێبەجێکردنی ” گۆڕانکاری یا کودەتای سەربازیی !!! ” لە ڕێی وەلانانی عومەر ئەلبەشیر و دەستبەسەرکردنی لە جێگایەکی پارێزراو و سەپاندنی فەرمانی عورفی و خۆیانکردە فریادرەس بەهەمان شێوەی فریودان و درۆ و دەلەسەکانی سی ساڵ لەمەوبەر کە ئەلبەشیر خۆی لەڕێی کودەتایەکی سەربازی هاوشێوەوە دژی دەسەڵاتەکەی سادق ئەلمەهدی کۆنەپەرست پێێ گەشتە دەسەڵات، و نەفرەتی جەماوەری ڕاپەڕیوی قۆستەوە بە بەڵێنی درۆ لەڕێی خۆشکردنی ” کەش و هەوایەکی گونجاو بۆ گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات و بەڕێخستنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک “، وەک ئەوەی کە هەموو ئەو کودەتا سەربازیانەی کە کۆمەڵگە عەرەبیەکان بەخۆیانەوە بینیویانە! باس لە شتێکی تر بکات نەک ئەم بەڵێنە هەڵخەڵەتێنەرانانە.

جەماوەی شۆڕشگێڕ لە سودان، دەزگا سەربازییەکانی ناچارکرد بە لابردنی عومەر ئەلبەشیر و هەنگاونانیان بۆ ڕزگارکردنی نیزامە سیاسی و سەربازییەکەی ئێستایان و گۆڕینی چەند مۆرەیەکیان وەک کە هێزێکی سەرەکیی دژە شۆڕش، و وەستانەوەی ڕاستەوخۆیان بەڕوی ئاوات و ئامانجی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی توڕەی سودان لە کۆتایهێنان بە نیزامی سیاسی حوکمڕان و دامەزراندنی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، و ڕوبەڕوکردنەوەی ڕاستەوخۆی دەزگا سەربازییەکان لەبەرامبەر جەماوەری شۆڕشگێر کە ئەتوانن بەربەستی سوپا و دەزگا سەکوتگەرەکانی لایەنگری نیزامی لەناوچوو تێپەڕێنن.

ئەم گەشەسەندنانەی ئێستا لە سودان بە ( کۆتایی عومەر ئەلبەشیری ئیسلامی) ولە جەزائیر بە ( وەلانانی بۆتەفلیقە و حکومەتەکەی ) وا وەسف ئەکرێت کە بەهارێکی عەرەبی تازەیە. گرنگترین تایبەتمەندی ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەریانە خۆی بینییەوە لە بەشداریی چالاکانەی جەماورێکی فراوانی بێبەش و خوازیاری ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی هاوچەرخ، وە بەشداری و ڕۆڵێ چالاکانەی ژنان  بە جۆرێکی بێوێنە و کاریگەر و بەشداری ملیۆنەها لاوی ناو ڕیزی بێکاران و تەواوی ئەوانەی کە کەمدەرامەتن. ئامادەیی سەربەخۆ و کاریگەری ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە خاشکراو و بێبەریکراوانە، سەربەخۆ لە ڕەوت و پارتە دینی و قەومی و لیبرالیەکان و “چەپی ” دابڕاو لە کۆمەڵگە، نەک هەر ڕێگەی داوە بەم بزووتنەوە و هەستانە کە هێزو توانایی بۆ ڕۆشتنە پێشەوە پەیدابکات، بەڵکوو ئەشبێتە سەرەتایەک بۆ دەستەبەرکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بەرەو پێشەوەچوون و دابینکردن و بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی جەماوەری ڕزگاریخواز.

دوای چوار مانگ لە ناڕەزایەتی جەماوەری لە سودان، و ٢٢ هافتەی هێلەک زەردەکان لە پاریس و هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە لە جەزائیر، مژدەی ئەوە ئەدات کە ئەم بەهارە بەهاری عەرەبی نییە لەو جۆرەی ساڵی ٢٠١١، کە لەجیاتی کۆتایهاینان بە سیستەم و نیزامی جیاکاریی و هەژاریی و چەوساندنەوە، بەروبومەکەی لەلایەن ئیسلامییەکان و لیبرالییەکانی لایەنگری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئیمپریالیزمی جییهانی چنرایەوە.

بەهارێک کە بەڕێوەیە نەک هەر بەهاری کۆتایهێنانە بە دامەزراوە ستەمکار و سەرکوتگەر و خنکێنەرەکانی ئازادیی، بەڵکو بەهارێکە لە پێناوی بەدیهێنانی ئازادیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بە هەژاریی و نەبوونی. خۆری بەهاری داهاتوو هەڵدێت لە ڕێڕەوی کۆتایهینان بە سەرمایەداریی، پارێزەری کاری کرێگرتە وخاوەندارێتی تایبەت و جیاکاریی و ستەم و چەوساندنەوە…و هەژاری.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی

١٢ی نیسانی ٢٠١٩

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*