قسەیەکی کۆمیدی و هەم تراژیدییشە ئەگەر بڵێین ئیمپریالیزمی نوێ، شانبەشانی هەناردەکردنی سەرمایە، جەنگ و دیموکراسییش هەناردە دەکات، بەڵام بە پشکنینی تیۆری لینین سەبارەت بە ئیمپریالیزم، باشتر لەم گوزارەیە تێدەگەین. مۆنۆپۆلیی ئۆلیگارشی گەیشتووە بە ئاستێک، کە (گووگڵ) وەک کۆمپانیایەکی رۆژئاوایی بێهاوتا، هەڕەشە لە (هواوی) مۆنۆپۆلێکی تری رۆژهەڵاتی هەسارەکە دەکات، رەنگە ئەمەش دوایین فۆرمی مۆنۆپۆلی بێت، ئەویش گواستنەوە لە قۆرخکاریی کەمینەوە بۆ قۆرخکاریی تاقانە.
لینین لە پاش لێکۆڵینەوەیەکی چڕ سەبارەت بە گەشەی سەرمایەداری و فراوانبوونی دەسەڵاتی نوخبەیەک لە سەرمایەداری قۆرخکار و بانکەکان، کتێبی (ئيمپرياليزم، باڵاترين قۆناغى سه‌رمايه‌دارى) دەنووسێت. ئەگەر بمانەوێت پەیوەندیی ئەم کتێبە بە دۆخی ئێستامانەوە پەیوەست بکەین، ئەوا ناچارین هەمان ئەو گوزارانەی لینین دابنێینەوە کە سەدەیەک پێش ئێستا خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی: “ئومێده‌وارم ئه‌م كتێبه‌م يارمه‌تى خوێنه‌ر بدات بۆ تێگه‌يشتن له مه‌سه‌له‌ى بنچينه‌يى ئابوورى، واتا جه‌وهه‌رى ئيمپرياليزمى ئابوورى، كه به‌بێ ديراسه‌كردنى ناتوانرێت هه‌ڵسه‌نگاندن و خه‌مڵاندن بۆ جه‌نگى هاوچه‌رخ و سياسه‌تى هاوچه‌رخ بكرێت، و لێيتێبگهيت. جه‌نگێك کە له‌پێناو دابه‌شكردن و دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ى موسته‌عميره و ناوچه‌كانى ژێر هه‌ژموونى سه‌رمايه‌داريى دارايى، بەرپا دەکرێت”.
بۆیە گەڕانەوە بۆ لینین به‌ته‌نها گهڕانهوهيهك نييه بۆ مێژوو، هەروەها نۆستالژیایەکی رۆمانسیی نییە بۆ ئەدەبیاتێکی کلاسیکی. به‌ڵكو په‌يوه‌ستبوونه به قوتابخانه‌يه‌كى مه‌زنى خه‌باته‌وه له‌پێناو بهختهوهريى مرۆيى، له‌دواى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر خولانهوهيهكى خێرا به‌سه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ى ژيانى مرۆييدا دێت، و سه‌رده‌مێكى نوێ له مێژووى مرۆڤدا هه‌ڵده‌كۆڵێت، کە چيتر گۆى زه‌وى ده‌بێت به دوو به‌شه‌وه؛ كۆمه‌ڵگاى سه‌رمايه‌دارى و كۆمه‌ڵگاى سۆسياليستى. بەڵام کێشەی سیستەمی سەرمایەداری لە سەدەی بیست و یەکدا، هەر ئەوەنییە کە تاقانە و بێ ڕکابەرە، بەڵکو هەموو ئەو وڵاتانەشی وەک دژە ئیمپریالیزمی ئەمریکی دەردەکەون، خەریکی تەواوکاری و جوانکاریی نەخشەی سیستەمە جیهانییەکەن. ئه‌مڕۆ وڵاتانی وەک (روسیا و چین، کۆریای باکور و ئێران و تورکیا) هێندەی ململانێ‌یان لەسەر سەرکەوتنیانە وەک پاڵەوانی جەنگە ئابووری و نەتەوەیی و ئایینییەکان، هێندە لە خەمی دونیایەکی یەکساندا نین و دژایەتیی ئەوان بۆ ئەمریکا لەپێناو نەهێشتنی چینایەتیدا نییە. رۆژانە دەبینین بەچهندين شێواز خه‌ڵك زياتر و زياتر ده‌چه‌وسێته‌وه، نايهكسانى و ناعه‌داله‌تى له‌وپه‌ڕى ئاستیدايه، به‌ڵام غيابى بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕ و پێشه‌نگ بووه‌ته هۆى په‌رته‌وازه‌يى ده‌نگه ناڕازييه‌كان و توڕهييى جه‌ماوه‌رى به‌شخوراو و چه‌وساوه، بۆیە ئاهـ و ناڵه‌ى به‌شمه‌ينه‌ت و ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره‌كانى جه‌نگ به تونێلێكى تاريكدا ده‌ڕۆن.
لينين پێى وابوو باڵاده‌ستيى مۆنۆپۆلى، سيما و تايبهتمهندييهكى ئيمپرياليزمه، ئه‌مه‌ى دواييش له‌ڕێگه‌ى چه‌پكێك مۆنۆپۆليستهوه ئيستغلالكردن و چه‌وساندنه‌وه‌ى چینی کرێکار و زه‌حمه‌تكێشه‌كان خه‌ستتر ده‌كاته‌وه. خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دواییدا چەند هەوڵێک دراوە بۆ شیکارییکردنی پاڵنەرەکانی جەنگی ئیمپریالیستی، کە گرنگترینیان چاپکردنی کتێبێک بوو لە شاری فرانسیسکۆ بە ناونیشانی (ئیمپریالیزم لە سەدەی بیست و یەکدا: پاش سەدەیەک، نوێکردنەوەی تیۆری لینین)، لەلایەن پارتی سۆسیالیزم و رزگارییەوە (PSL). لەو کتێبەدا پارتی ناوبراو باس لە کێشە هەنووکەییەکانی سوریا و فەنزوێلا و …هتد دەکەن، کە جەنگی هەمیشەیی پەیوەستە بە ئیمپریالیزمی نوێوە، و بڕوایان وایە تاکە دەرچە بۆ ڕزگاریی هەسارەکەمان بریتییە لە وەرچەرخانی سۆسیالیستیانەی کۆمەڵگا، و خەباتکردن لەدژی ئیمپریالیزمی نوێ و نیولیبراڵیزمی هاوشانی.
لە ئەمڕۆدا کە ناوچەکە سکپڕە بە کۆمەڵێک بارودۆخی مەترسیدار، ئایدیاکانی لینین لەمەڕ پرسی ئیمپریالیزم وەک دوایین قۆناغی سەرمایەداری هەنوکەییبوونی خۆی دەسەلمێنێت، هەروەها هانمان دەدات جارێکی تر شیکاریی بۆ ڕیشە ئابوورییەکانی ئەم سیستەمە بکەین. پێشتر لینین وتی ئیمپریالیزم به‌رده‌وام له‌پێناو دابه‌شكردن و دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ى موسته‌عميره و ناوچه ژێرده‌سته‌كانى سهرمايهداريدا جه‌نگ به‌رپا ده‌كات. بۆيه ئيمپرياليزم له قۆناغى سه‌رمايه‌داريى دواييندا سه‌رنجى پرۆليتاريا و چينى چه‌وساوه‌ى به‌لاى شتێكى تردا ڕ‌اكێشا؛ داگيركارى و به‌تاڵانبردنى سامانى وڵاتانى تر، ئاواره‌بوون و ده‌ربه‌ده‌ركردنى مليۆنان كه‌س له سه‌ده‌ى بيستدا به‌هۆى جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كانه‌وه، كه تاكو ئێستاش (سه‌ده‌ى بيست و يه‌ك) درێژه‌ى هه‌يه، واتا چيتر ململانێكه به‌ته‌نها له نێوان سهرمايهدار و كرێكاردا نييه به‌ڵكو له نێوان وڵاتانى زلهێز و گەلانی ژێرده‌سته، گەلانی پاشكۆ و وڵاتانی سهنتهردایە، له‌نێوخۆى هه‌موو وڵاتانى جيهانيشدا ململانێى نێوان چینی چه‌وسێنه‌ر و چینی چه‌وساوه خه‌ستتر بۆته‌وه، بهههژارخستن، بێكارى، كوشتنى به‌كۆمه‌ڵ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش به‌هۆى باڵاده‌ستيى كه‌مينه‌يه‌ك بازرگانى سياسى به‌سه‌ر زۆرينهوەیە. له‌مباره‌وه لينين بۆ پێشه‌كيى چاپى فه‌ره‌نسى و ئه‌ڵمانيى ئەم کتێبە ده‌نووسێت: “ئه‌گه‌ر مرۆ د‌رك به ڕه‌گ و ڕيشه ئابوورييه‌كانى ئه‌م ديارده‌يه نه‌كات. ئه‌گه‌ر خه‌مڵاندن بۆ بايه‌خه سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كه‌ى نه‌كات، ئه‌وا ناتوانێت هيچ هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه پراكتيكيانهى بهاوێت کە ڕووبه‌ڕووى بزووتنه‌وه‌ى كۆمۆنيزم و شۆڕشى كۆمه‌ڵايه‌تيى داهاتوو ده‌بێته‌وه. ئيمپرياليزم له سه‌روبه‌ندى شۆڕشى كۆمه‌ڵايه‌تيى پرۆليتاريادايه. ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستى جيهانى له ساڵى 1917وه سه‌لمێنراوه”.
هاوکات لەگەڵ جەنگی هەمیشەیی ئیمپریالیزم، سەرمایەداری شکڵێکی نوێی وەرگرتووە،کە بریتییە لە پرۆژەی ئابووریی نیولیبراڵیزم، ئەوەش لەڕێگەی قەرزەکانی بانکی جیهانییەوە، بەپێی ڕاسپاردەکانی ئەم دامەزراوە ئایدۆلۆژییە، دەبێت وڵاتانی قەرزوەرگر و پاشکۆ سەرجەم کەرتە گشتی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ژیان (تەندروستی، پەروەردە، هتد) بکەن بە پارە و چیتر خزمەتگوزاریی گشتی و خۆڕایی بوونی نامێنێت، به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگاريشیى حوكمڕانیش لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا (گۆڕەپانی جەنگ)، لەوەدایە ده‌رامه‌ت و سامان به‌شێوه‌يه‌كى نايهكسان له به‌رژه‌وه‌نديى خۆيان دابەشبکەن. بۆیە وەک سەمیر ئەمین دەڵێت “باڵاده‌ستيى به‌رژه‌وه‌نديى ئۆليگارشييه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جيهان، پێويستى به دامه‌زراندن و پاڵپشتى ديكتاتۆريه‌تى ئۆليگارشييه له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، بۆ ئه‌وه‌ى پاشكۆيه‌تى بكات و له دامێنى ئاغاكانى سيسته‌مى جيهانييدا به‌شداريى له به تاڵانبردنى سامانه نيشتيمانييهكاندا بكه‌ن”.
مرۆڤی سۆسیالیست لە ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژووییەوە ڕەخنەی ژێرخانی سیستەم دەکات، چونکە دواجار ژێرخانی ئابووری دەبێتە بناغەیەک بۆ سەرخانی سیاسی، کە خۆی لە کلتوور و دین و یاسا و هتددا دەبینێتەوە. لەم ڕووەوە پێمان وایە هۆشیاریی سۆسیالیستی پێشمەرجی وەرچەرخانی سۆسیالیستییە، هەروەها ڕزگاریی کۆمەڵگەی مرۆیی پەیوەستە بە وەلانانی شوناسی نەتەوەیی و ئایینی، و گرووپ و کۆمەڵەی ئیتنیکی و خێڵەکی و مەزهەبییەوە. چونکە دواجار سۆسیالیزم دەبێتە پارادایمێکی یەکسانخواز و عەدالەتخواز و ئازادیخواز، کە کۆتایی بە ئەنتاگۆنیزم و دوژمنایەتیی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەهێنێت، و تاکەکان لەسەر بنەمای مرۆڤبوون مافیان پێدەدرێت، نەک لەسەر بنەمای چینایەتی و نەتەوایەتی و هتد…
* لەم لینکەی خوارەوە (سایتی ناوەندی کۆمۆن)، چاپی کوردیی کتێبەکە لەسەر شێوازی PDF بەردەستە.
https://nawandikomon.com/wp-content/uploads/2019/05/Imperialism-the-highest-stage-of-capitalism.pdf