ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران/ تاهیر حاجی حەسەن


ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەسەر دۆسییەی ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران چەند چاوپێکەوتنێکیان ئەنجامداوە و ڕای کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی وەرگرتووە و ڕاوبۆچونی جیاوازە و ڕایەکان بۆ خۆیان ئەگەڕێتەوە. بەشی سێیەمی ئەو چاوپێکەوتنانە لەگەڵ هاوڕێ “تاهیر حاجی حەسەن ”ە و زۆر سوپاسی ئەکەین بۆ وەڵامەکانی.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی/ لەئێستادا ئامادەکاری ئەمریکا بۆ جەنگ هەموو دەنگوباسی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و تەواوی مەدیاکانی جیهانی داگرتوە،ئایا بۆچونتان چیە لەم بارەیەوە؟ ئایا ئەگەری ڕودانی ئەم جەنگە هەیە؟

تاهیر حاجی حەسەن؛پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، دەمەوێت سەرنج بخەینە سەر ئەو خاڵەی کە ئاخۆ دەکرێت ئیمپریالیزم بونی هەبێت و جەنگ لەوێدا غائیب بێت؟ یان ڕێی تێدەچێت سیستەمی چینایەتی بونی هەبێت، بەڵام بڵێین بێ چەوساندنەوەی چینایەتیش دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە. ئەم جەنگەی پێش وەختە لەڕێی میدیا جیهانی و ناوخۆییەکانەوە دانی بۆ دەڕێژرێت تاگوێی کۆمەڵگەکانی پێ تێر بکرێت، هەروا لەخۆوە نیە،  بەڵکو بەڕاستی جەنگێک هەیەو ڕۆژانەییە، ئەویش جەنگی بەردەوامی سیستەمی سەرمایەداری و هەیمەنەی کٶ شەریکایەتێکە کە کێبەرکێ و قازانج و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە لەپشتیەوە وەستاوە. ئیمپریالیزمی ئەمریکی مێژوویەکی هەیە لەپەیوەست بەجەنگ و لەژێر پێناسەی بەدیموکراسی کردنی جیهان و هێنانی ئازادی و کۆتایهێنان بەسیستەمی تاک دەسەڵاتی بەناو دیکتاتۆرەکان، ئەوە بێجگە لەو جەنگانەی لەسەدەی بیستدا بەرپای کرد لەدژی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەست بون بەئەزمونی بلۆکی شورەویەوە. هەربۆیەش ئێستا ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەژێر هەیمەنەی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ و هەیمەنەی ناڕاستەوخۆی شەریکاتە زەبەلاحەکانی دەست ڕۆیشتوەکان لەئەمریکادا، لەبەرانبەر هەڵکشانی زیاتری دەوڵەتی چین و ڕوسیە و هیند لەڕوی ئابوری و داهێنانە نوێیەکان لەکۆی بواری سەربازی و داگیرکردنی بۆشای ئاسمان و چونەپێشی بەرهەمهێنانی کاڵا جۆراوجۆرەکانیان و داگیرکردنی بازاڕەکانی جیهان بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکان، پێشترن لەکۆی ئەو بەرهەمانەی کەلەلایەن ئەمریکاوە بەرهەمدەهێنرێن، لێرەدا،جەنگەکە ڕودەدات و ئیمپریالیزمی ئەمریکی بۆ پاراستنی هەیمەنەی خۆی وەک بێ ڕەقیبێک لەجیهاندا، جەنگ و میلیتاریزەکردن و تۆقاندنی گەلان بۆی دەبێتە بارنامەی بەردەوامی . ڕژێمی کۆماری سێدارە، لەساڵی ١٩٧٩ وە تائێستایشی لەگەڵدا بێت، بەجۆرێک لەجۆرەکان هەمیشە بەناڕاستەوخۆ دەستێکی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەپشتیەوە بووە تا بیپارێزێت. چونکە، ئەو ڕژێمە ئیسلامیە شیعیە دڕندەیە بۆیە سەپێنرا بەسەر گەلانی ئێراندا، تا بتوانێت سەرکوتی کۆی ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵی پێبکات و بەهیچ ڕێگەیەک ڕێگەنەدات بەسەرهەڵدانی بزوتنەوە کرێکاری و یەکسانیخوازەکان، لەلایەکی ترەوە، خودی ڕژێمی ئاخوندەکان، بۆ زیندو کردنەوەی جەنگ و ململانێی بۆماوەیی نێوان هەردو مەزهەبی شیعەو سونە لەنێو ئاینی ئیسلامدا، خزمەتێکی گەلێک گەورەی بە برەودان بەڕژێمە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی ئیسلام گەرا و خودی شەریکاتە جیهانیەکان کردوە و لەو ڕێگایەوە ساڵانە بەبڕی ملیردەها دۆلار چەک و تەقەمەنی دەفرۆشرێت بەو وڵاتانەی کەنداوی عەرەبی و باقی وڵاتانی دیکە، لەڕویەکیترەوە، ئەو ململانێیانە بۆ کارێکە کەڕێگری بکات لەهەستانەوەی مەدی هٶشیاری سیاسی چینایەتی چینەچەوساوەکان و سەرکوت کردنیان لەڕێگەی لێکترازانی خەتی چینایەتی و برەودان بەزیندو ڕاگرتنی وەهمی دینی و قەومی و مەزهەبی و خێڵەکی. دیارە ئەو سەرخانەیش ڕەنگدانەوەی ئاستی ژێرخانە ئابوریە تێکشکێنراوەکەیە لەهەر کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتیدا . ئیمپریالیزمی ئەمریکی و خودی ترەمپ خاوەن پرۆژەی بەناو ڕۆژهەڵاتی گەورەن و لەم ماوەی پێشوەشدا ترەمپ پرۆژەی گوژمەی سەدەی ڕاگەیاند، کەتایبەت بەئیسرائیل و جێگەوڕێگەی ئیسرائیلە لەکۆی ناوچەکەدا، ئەو گوژمەی سەدەیە، لەلایەن وڵاتانی عەرەبیەوە دانی پێدا نراوە گەرچی لەڕێی میدیاکانەوە  دژایەتی دەکرێت، ئەوی ڕێگرە لەم نێوەدا، دەوڵەتی ئاخوندەکان و ئەو حزب و میلیشیایانەیە کەسەر بەڕژێمی کۆماری سێدارەن، ئەوە بێجگە لەوەی لەڕوی نێودەوڵەتیەوە، پێناچێت ڕوسیا و چین دل خۆش بن بەو سەفەقەی قەڕنە، کە ناوەکەی بەعەرەبیەکەی ئاوای پێ دەوترێت. هێنانی ئەو کەشتیە جەنگیە جۆراوجۆرانە بۆنێو ئاوی کەنداو، ئەمەیش هەر لەخۆوە نیە، بەڵکو ئامانج لێی سەپاندنی هەیمەنەی ئەمریکایە بەسەر کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتداو گەر ئەو ئامانجەیش پێکرا ئەوا ئەمریکا دەتوانێ جەنگی ئابوری گەورە لەبەرانبەر چین و ڕوسیادا بکات. چونکە، نەوت وەک هەڵسوڕێنەری بێ ڕکابەرە بۆ هەڵسوڕاندنی بەرهەمهێنان و ئەوەی پەیوەستە بەقازانج و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەوە. جەنگەکە پاڵنەرە سەرەکیەکەی ئابوریە، نەک ئەوەی ڕژێمەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریکا دیکتاتۆرن و گەلانی خۆیان سەرکوت دەکەن. خودی کۆی ڕژێمە سەرکوت کارەکان لەپشتەوە، هەمیشە دەستی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیان لەپشتەوەیە. بۆیە، ئەگەری ڕودانی جەنگەکە پەیوەستە بەو خاڵەی ئاخۆ کۆماری سێدارە ئامادەیە بچێتە ژێرباری ئەو گوژمەیەی کە ئەمریکا هەیەتی لەبەرانبەر ئێراندا، کەئەویش چونە ژێرباری دەوڵەتی ئێرانە بەخواست و ئامانجە ئابوریەکانی ئامریکاو تەریک کردنەوەی دەوڵەتی ئێران لەبەرانبەر روسیا و چیندا؟ بێگومان ڕێی تێناچێت دەوڵەتی ئاخوندەکان بچێتە ژێرباری ئیمپریالیزمی ئەمریکی و وازبهێنێت لەو پەیوەندیە ئابوری و سەربازیانەی کە مێژوویەکە هەیەتی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ڕوسی و چینی و کۆریای باکوردا، جالێرەدایە، کەئەگەری جەنگ زیاترە لە بەرپانەکردنی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە. بەڵام هیچ ئاسۆیەکی ڕونیش لەبەردەم سەرکەوتنی ئیمپریالیزمی ئەمریکیدا نیەو ناتوانێت هاوشێوەی جەنگی کەنداو دەوڵەتانی جیهان بخاتە پشتی خۆیەوە و تێچوی جەنگەکەیشیان بەسەردا بسەپێنێت. ئیمپریالیزمی ئەمریکی خۆی سەرچاوەی ئیرهابی جیهانیە، هەربۆیەش جیهانی پڕ کردوە لەدەوڵەتی ئیرهابی و ئەحزابی قەومی و دینی و مەزهەبی و ئیرهابی.

 ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی/ ئایا ئەم جەنگە لەنێوان ئەمریکاو ئێران لەکاتی ڕودانیدا چ کاریگەریەکی دەبێت لەسەر عێراق و ناوچەکەو جیهان؟

تاهیر حاجی حەسەن؛ گەر ئەو جەنگە ڕوبدات، ئەوا جەنگێک دەبێت کۆی جیهان بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات. چونکە، دەوڵەتی ئاخوندەکانی هەم خۆیان ئیمپریالیزمێکی نێودەوڵەتیەو دەستی گەورەی هەیە لەهەیمەنەتی بەسەر، بەشێک لەلوبنان و عێراق و سوریا و یەمەن کەتا ئێستایش جەنگیان تێدایەو ئەو دەوڵەتانە پێنج حوکم ڕانەکانیان بەبەشێک لەوەکیلەکانی خۆیانی دەبینێت وەهەم دو گەورە دەولەتی ئیمپریالیزمی جیهانیشی لەگەڵدایە. بۆیە، هیچ کات وەک جەنگی سەردەمی جەنگی کەنداو یان سوریە و یەمەن و لیبیاو ئەفگانستان نابێت. بەهیوای ڕونەدانی ئەو جەنگە وێران کاریە. یەکێک لەو ئەگەرانەی کەجەنگ تێیدا ڕونەدات،بەئەندازەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ناوخۆی ئێران. چونکە گەلانی ئێران و خودی چینی کرێکار و ژنان و لاوان بەگشتی، لەسەر وەختی بەرپاکردنی شٶڕشێکدان کەلەگەڵ تەقینەوەیدا، بەردەم پێگرتنی کارێکی ئاسان نابێت، وەک سەردەمی بەهاری بەناو عەرەبی یان کاتی ڕاپەڕنی خەڵکی عێراق لەسەردەمی کۆتای هاتنی ڕژێمی بەعسدا. چونکە، هۆشیاری سیاسی چیانەتی لەئێراندا لەسەرەو لانی کەم ئەزمونی شۆڕشی سەرنەکەوتوی ساڵی ١٩٧٩ یان لەبەردەمدایە.لەم ڕوەیانەوە ئەگەری ڕونەدانی جەنگ زیاترە. ئیمپریالیزمی ئەمریکی و جیهانی کاتێک جەنگ بەرپادەکەن، بۆ داگیرکاری زیاتر و قۆرخکردنی بازاڕو هەیمەنەی شەریکاتە زەبەلاحەکانیانە، نەک بۆ هێنانی ڕزگاری و ڕۆشن کردنەوەی ئاسۆی سیاسی جەماوەری ستەم لێکراو، یانی گەر وەرچەرخانەکە لەڕێی جەنگەوە پێویست بکات بۆ کەرتی تاتیبەت و جۆرێک ئاسۆی سەرکەوتنیانی تێدا ببیننەوە لەوەی دەتوانن ڕێگری بکەن لەبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینەچەوساوەکە لە ئێراندا، ئەوا جەنگ دەکەن لەدژی ڕژێمی ئاخوندەکان. تائەوەی ڕژێمی ئاخوندەکان نەبیتە ڕێگری بەردەم ئیمپریالیزمی ئەمریکی و خۆی نەبێتە سەروەر بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا. جاگەر جەنگەکە ڕوبدات، دەتوانم بڵێم پەل دەهاوێت بۆ گشت جیهان و مەیدانی خاڵی کردنەوەی قەیرانەکەشیان زیاتر وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەبێت. چونکە، مەخابن کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان هێشتا بەبەریانەوە ماوە تەحەمولی وەحشیەتی جەنگی دڕندانەی چینەچەوسێنەرە نێوخۆی و نێودەوڵەتیەکان بکەن. پرسیاری

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی/ لە حاڵەتی ڕودانی جەنگدا،ئایا ئەرکی کۆمۆنیست و سۆسیالیستەکان وەک بەشی پێشڕەوی پرۆلیتاریا چیە؟ و پرۆلیتاریا لەناواخنی جەنگێکی کاولکەر چ ئەرکێکی لەسەرشانە؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە ئەم جەنگە بگوێزرێتەوە بۆ جەنگێکی شٶڕشگێڕانە لە دژی بۆرژوازی؟

تاهیر حاجی حەسەن؛بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە هەروا کارێکی ئاسان یان پێشبینیکارانە نیە، لەبەر ئەو هۆیەی، ئێستا قۆناخ وەک سەردەمی هەردو جەنگی کاول کاریانەی یەکەم و دوەمی جیهانی نیەو، لانی کەم ئیمپریالیزم و سەرمایەداری تا ئەندازەیەک، گەیشتونەتە ئەو قۆناخەی کەترسی شۆڕشی کرێکاری جیهانیان نەبێت، وەک ئەوەی ڕویدا لەسەدەی بیستدا لە ڕوسیا و بەشێک لەوڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا، گەرچی تارمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی هەمیشە بەردەوامی دەبیت تائەو ساتەی کۆی سیستەمی سەرمایەداری ڕیشەکێش دەکرێت، لانی کەم بۆ ئەم سەدەیە، وڵاتانی ئەمریکی باشور ئەگەری سەرهەلدانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تیدایە، وەک لەپرسیاری پێشتردا وەڵامم دایەوە، یەکێک لەو خاڵانەی کەئیمپریالیزمی ئەمریکی ترسی لێی هەبێت لەکاتی بەرپاکردنی جەنگی لەدژی ڕژێمی ئاخوندەکان، ئەو تەقینەوە جەماوەریە دەبێت کەدواجار سەردەکێشێت بۆ بەرپاکردنی شٶڕشی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوەی ئاخۆ چینی کڕێکار لەئێراندا تاچ ئەندازەیەک خاوەنی ئاسۆی ڕٶشنی سیاسی سۆسیالیستانەی خۆیەتی یان ئاخۆ چینی کرێکاری ئێران بڕوای بەئەحزابێکی بەناو کرێکاری هەیە کەبچێتە ژێرباریەوە، یان بەڕاست ئێستا حزبێکی کرێکاری لەئێراندا بونی هەیە کەخاوەن قورسای و جێی نفوزی چینی کرێکار بێت لە ئێراندا؟ وادەزانم بڕێک زەحمەتە وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارەم. پرسی ئەوەی ئەرکی کۆمۆنیستەکان چی دەبێت، بێگومان مەگەر لەکاتی خۆیدا وەلامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی/هەواڵەکان سەرەڕای ئامادەکاریەکانی ئەمریکا لە کەنداو و هەڕەشەکانی ئێران وا شیکاری بۆ ئەکەن کە ئەمریکا نایەوێت فشار بخاتە سەر ئێران و ئەمریکاش واخۆی نیشان ئەدات خوازیاری ڕودانی ئەم جەنگە نیە،ئایا لە کاتی بڵێسەسەندنی ئاگری ئەم شەڕە نەگریسە ئێمە لە عێراق چ کارێک بکەین؟

تاهیر حاجی حەسەن/ جەنگی چینە بۆرژواکان یان ئەریستۆکرات و فیودال و ئاینی و مەزهەبیەکان، هەمیشە جەنگی کاول کاریانە بوە لەدژی چینەبەرهەمهێنەرو چەوساوەکان و لە پێناو سەپاندنی هەیمەنەو خواستی بازاڕیان و لەسەر پێ ڕاوەستانی بەهێزترین بوە لەپێناو داگیرکاری و ملەکەچکردنی چینی ژیردەستی ناوخۆیی و ملکەچکردنی ئەو چینی چەوسینەری دەسەلاتدارە کە جەنگی لەبەرانبەردا دەکات. ئەم جەنگەی ئێستایش دەهۆڵی بۆ دەکوترێت، جەنگی بەردەوامی ئیمپریالیزمی ئەمریکیە لەناوچەکەدا. بۆیەش نابێت بیرمان بچێت خودی ترەمپی کاوبۆیی، بۆخۆی لەناوخۆی ئەمریکادا لەنێو ململانێی زۆردایە لەبەرانبەر باڵە جیاوازەکانی نێو ئەحزابی بەرانبەریداو و لەگەل خودی چینی کرێکاری ئەمریکیشدا. ترەمپ وەک ڕەمزی شەقاوەیەکی هیلاک دایە، ئەویش ڕەنگدانەوەی ئابوری ئەمریکاو جێگەو ڕیگەیەک کە هەیەتی لەبەرانبەر ئابوری چین و ڕوسیە و هیند و ئەوروپادا، ئەو کێشمەکێشە ناوخۆییە لەگەڵ کێشمەکێش و ململانێی ئەمریکا لەبەرانبەر ئیمپریالیزمی پیگەیشتوی روسی و چینی، کارێکی وادەکات، کە بڕیاری بەرپاکردنی جەنگ یان نەکردنی نابێتە حاڵەتێک بۆ سەرکەوتنی ترەمپ و خودی پیگەی ئیمپریالیزمیانەی ئەمریکا لەجیهان و ناوخۆدا. بڕیاردانی جەنگ یان نەکردنی، لەهەردوحاڵەتدا وادەزانم کارێکی ئینتیحار ئاسایی بیئت بۆ ترەمپ و ئیدارەکەی. دیارە کۆی مرٶڤی ئازادیخواز دژی جەنگە، بەڵام کارەکە لەدەرەوەی خواست و ئومێدەوەیە. بێگومان گەر جەنگ ڕویدا، ئەوکات دەست بردن بۆ ڕێکخستن و بردنەپێشی کاری شورایی بەئاسۆیەکی ڕۆشنەوە کەهەڵگری ئەڵتەرناتیڤی واقعیانەی سۆسیالیستی بێت، جێگەی دەست خۆشیە. گەرچی پێدەچێت بەرنامەڕێژی کردنەکان، زۆرجار پێچەوانەکەی دەربچێت. دوبارە بەهیوای ڕونەدانی جەنگ، گەرچی چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران ڕۆژانە لەژیر هەڕەشەی برسی کردن و بێکاری و سەرکوتی ڕژێمی دڕندەی ئاخوندەکاندان و خودی گەمارۆی دڕندانەی ئیمپریالیزمی ئەمریکایش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە کە چۆک بە چینی کرێکاری ئێران دابدات و دەستی ڕژیم ئاواڵا بکات لەهەر سەرکوتێکی زیاتری بۆسەر گیان و ژیانی کۆی چینەچەوساوەکان. نەفرەت لە ئیمپریالیزم و جەنگەکانیان و خودی سیستەمی نابەرابەری سەرمایەداری،بەهیوای بەورپاکردنتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەسیستەمی چەوساندنەوەی چینایەتی.

زۆر سپاس هاوڕێ تاهیر بۆ ئەم گفتووگۆیە

٢٤/٠٥/٢٠١٩

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*