ئێستا له زۆر ئاستدا كورد و عه‌ره‌ب و تورك و داعش خه‌ریكی تۆمه‌تباركردنی یه‌كترن به سوتاندنی هه‌زاران دۆنمی زه‌وی و به‌رهه‌می جوتیاران و ته‌قینه‌وه‌كان. داعش ته‌نیا لایه‌نێك بووه ڕایگه‌یاندووه كه له پشتی سیانزه له ئاگر تێبهردانهكانهوه بێت. له ئاستی ده‌وڵه‌تی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستاندا لیژنه دروستكراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه. زۆربه‌ی ئاگره‌كان له ناوچه سنورییه‌كانی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌كاندا كهتوونهتهوه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌شی له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا گرتووه‌ته‌وه كه له سنوری كوردستاندان.
ڕیشه‌ی ئه‌م كێشانه كۆمه‌ڵایه‌تی نین و په‌یوه‌ندییه‌كیان به كێشه‌ی نێوان جوتیاره عه‌ره‌ب و كورد و توركمانه‌كانه‌وه نییه. به‌ڵكو ڕیشه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ململانێی نێو هێزه بۆرژوازییه‌كان خۆیان و كێبڕكێ سیاسی و ئابورییه‌كانیان. حكومه‌تی به‌عس له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌تی به عه‌ره‌بكردنی ناوچه سنورییه‌كانه‌وه به تایبه‌ت كه‌ركوك، گرژی و ناكۆكیی سیاسی له‌نێوان دانیشتووانی ناوچه سنورییه‌كاندا دروستكرد. دوای ڕووخانی به‌عس، هه‌وڵێكی زۆر هه‌بوو له‌ڕێگه‌ی ده‌ستوری نوێی عێراق و ماده‌ی 140ه‌وه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو نه‌ك هه‌ر چاره نه‌كرا، به‌ڵكو قوڵتر كرایه‌وه. سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی و پارتی‌یش له‌و ناوچانه‌دا گرژییه‌كانی قووڵتر كرده‌وه چونكه خه‌می ئه‌وانیش جارێكی‌تر خه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه حیزبییهكانی خۆیان بوو، نه‌ك خه‌ڵك. داعش، مه‌ترسییه‌كی تر بوو كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر وای پیشاندا كه سونه‌كان دژی كورد و شیعه‌ن له‌نێو عێراقدا كه ئه‌مه به قووڵیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه دانا. پاشان، پرسی ڕیفراندۆم، هێنده‌یتر ناكۆكیی و به‌دبه‌ختی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه هێنایه‌وه و تووشی ئاواره بوونی كردن و تا ئێستاش خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه به ده‌ستی لێكه‌وته‌كانی ریفراندۆمه‌وه ده‌ناڵێنن. به ته‌نیشتی ئه‌مه‌شه‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی كه‌ركوكیش به‌ده‌ر نین له‌و ململانێ هه‌نووكه‌ییانه‌ی نێوان ئه‌و هێزانه‌وه. ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌نێو پارتی و یه‌كێتیشدا هه‌یه له‌سه‌ر پارێزگاری كه‌ركووك به دڵنیاییه‌وه كێشه‌كانی خه‌ڵك زیاتر ده‌كه‌ن.
له خاڵێكیتریشدا، هێزه ناسیۆنالیست بۆرژوواكانی كورد ئه‌م سوتاندنانهیان كردووه به ده‌ستكه‌وت بۆ وروژاندنی هه‌ستی ناسیۆنالیستی خه‌ڵك، له كاتێكدا خه‌ڵك ئه‌بێت ئاگای له‌وه‌بێت خودی ئه‌م ئاگرتێبه‌ردانانه به‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییخوازانه‌ی بۆرژوازی تائیفی ناسیۆنالیستییه له عێراقدا.
خه‌ڵك خۆی سه‌دان ساڵه به شێوه‌ی هه‌ره‌وه‌زیی ئاگربڕیان كردووه، ئه‌مساڵیش ده‌بینرێت كه ڕۆڵی خه‌ڵك سه‌دانجار له ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت زیاتره له ئاگر بڕهكاندا. ته‌نانه‌ت خه‌ڵكانی نا-جوتیاریش له‌م ساڵدا گروپی ههرهوهزییان دروستكردووه بۆ ئاگربڕ له‌وانه گروپه هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ و خانه‌قین كه بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و به ڕۆحییه‌تی هه‌ره‌وه‌زییه‌وه هه‌ستاون به ئه‌نجامگه‌یاندنی ئاگربڕهكانیان.
ئه‌وه‌ی كه پێویسته لێی تێبگه‌ین ئه‌وه‌یه كه سوتاندنی ده‌غڵودانی خه‌ڵكی جوتیاری ئه‌و ناوچانه په‌یوه‌ستن به ململانێ سیاسییه‌كانی هێزه‌كانی ناو خودی عێراقه‌وه. به مانایه‌كیتر، ده‌وله‌ت و هێزه سیاسییه‌كانی عێراق به‌رپرسن. كه‌واته، ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ده‌ركه‌وته‌ی ململانێی هێزه بۆرژوازییهكانه و كێشه ئه‌سڵییه‌كه ده‌وڵه‌ت و هێزه بۆرژوازییهكانن. ده‌یان ساڵه نه په‌رله‌مان و نه ده‌ستور و نه ده‌وڵه‌ت و نه تائیفه و نه ناسیۆنالیزم نه‌یانتوانیوه و ناتوانن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو قووڵتریان كردوونه‌ته‌وه.