ناڕەزایەتییەکانی ئیکوادۆر جەنگێکی چینایەتی نوێ!! / فواد محمد

دوای دوانزە ڕۆژ لە ناڕەزایەتی جەماوەریی، کە ناسراوە بە ناڕەزایەتییەکانی     ( دانیشتوانی سەرەکی یا دانیشتوانی ئەسڵی ) ئیکوادۆر، ئەوانەی کە زۆرینەی چینە هەژار و بێبەشەکانی ئیکوادۆرن، ( کرێکارانی گشت بەشە خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە و گەیاندن تا دەگاتە کرێکارانی کشتوکاڵی و جوتیارە هەژارەکان) دژ بە سیاسەتی سکهەڵگوشینی حکومەتەکەی سەرۆک” لینین مۆرینۆ “، وەستانەوە، کە ئەم ناڕەزایەتییانە پاش ئەو پێکهاتنەی کە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی واژۆی کردبوو ڕویاندا، کە بریتی بوو لە قەرزێکی نەختینەی ٤.٢ ملیار دۆلاری کە ناسراوە بە گوژمەی مەرسومی ٨٨٣.

حکومەت بۆ بەڕێوەچونی ئەم پێکهاتنەی لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی؛ دەستیکرد بە دانانی سیاسەتی سکهەڵگوشینی ئابوری، و سەرەتاش دەستی برد بۆ لابردنی پشتیوانیکردنی سوتەمەنی، کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو لاوازییە داراییە بوو لە میزانییەی ووڵاتداکەدا کە تێی کەوتووە. ئەمڕۆ دوای دوانزە ڕۆژ لە ناڕەزایەتی جەماوەری، واتە ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ حکومەت ناچار بە پاشگەزبوونەوە کرا لە سیاسەتی سکهەڵگوشینی ئابوریی.

لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەی ڕابردودا شەقامەکانی پایتەختەکەیان” کیتۆ” و زۆربەی شارەکانی تری ئیکوادۆر، وەک چۆن ئەڵێن، گۆڕدرا بە شوێن و مەیدانی جەنگێکی چینایەتی فراوان : لە لایەکەوە دەوڵەت و دەزگا سەرکوتگەرەکانی، بە پاژنەی ئاسنین و کێبڵ و غازی فرمێسک ڕێژ و فیشەکی پلاستیکی و چەندەها ئامێری داپڵۆسین ڕژابوونە شەقامەکان، و لەلایەکی تریشەوە جمەی جەماوەری کڕێکار و هەژاران، کە ئەوانیش چەکەکانیان بریتی بوو لە بەرد و تێڵای تەختە، و ڕژانە گۆڕەپان و شەقامە سەرەکییەکانی پایتەخت لە دژی سیاسەتەکەی حکومەت و داواکردنی هەڵوەشانەوەی بڕیاری پشتیوانی نەکردنی سوتەمەنی، و داسەپاندنی باجی زیاتر بەسەر دەوڵەمەندەکان و دەست لەکارکێشانەوەی وەزیرەکانی بەرگری و ناوخۆ بە هۆکاری ئەو توندوتیژییەی کە بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی کردویانە.

ئاسمانی شار یەکپارچە بوبوو بە دوکەڵی غازی فرمێسک ڕێژ و شەقامەکان پڕبوبوون لە بەرد و دار و شوێنەواری تایەی سوتاو و ئاگری بچوک . حکومەت ناچار بوو بە هەڵپەساردنی کارەکانی پەرلەمان، ئەویش دوای ئەوەی خەڵکی ناڕازی ئەو بازنەیەی ئاسایشیان تێک شکاند کە بە دەوری باڵەخانەی پەرلەماندا دروستیان کردبوو، وە توانیان بچنە ناوەوە و دەستبگرن بەسەر سەکۆی هۆڵی کۆبوونەوەکان.

ئەم ناڕەزایەتیانە بووە هۆکاری دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سێ چارەک و لە ڕۆژەکانی دوایشدا بۆ نیوەی، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە جەماوەری ناڕازی دەستیان گرت بەسەر سێ لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتدا ” بیتەر و ئەماوەن و ناس”. بەم هۆکارەشەوە حکومەت حاڵەتی تەنگژەی ڕاگەیاند و بارەگای حکومەتی لە پایتەختەوە ” کیتۆ ” گوێزایەوە بۆ شاری غۆیاکای کەنارئاویی.

حکومەتەکەی مۆرینۆ، وەک سەرۆکە بۆرژوازییەکانی تری جیهان، تۆمەتی هۆکاری ئەم ناڕەزایەتیانەی دایە پاڵ دەستی دەرەکی و دەستێوەردانی دەوڵەتەکانی دەوروبەر، و خێرا دەستی تاوانی درێژ کرد بۆ سەرۆکی فەنزویلا کە هەستاوە بە دەستوەردان و پاڵپشتی کردنی جەماوەرە ناڕازییەکە.

هێشتا سیناریۆی درۆ ودەلەسەی پاساو هێنانەوەی دەستێوەردانی دەرەکی لە پشتی ناڕەزایەتییەکانەوە بووە!، تەواو نەبوبوو، خێرا ئەوە ئەبینین کە چۆن ململانێی سەرکردەی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ئەمریکای لاتینی دەستیپێکرد بۆ پاڵپشتیکردنی سیاسەتەکانی مۆرینۆ و دەرکردنی پەیماننامەی پاڵپشتی و هاوکاری…ئەی ئەم پشتیوانییە دەرەکی نییە؟؟ ئەوەش حکومەتەکانی ” ئەرجەنتین و بەرازیل و کۆلۆمبیا و سۆلڤادۆر و غواتیمالا و پیرۆ و پاراغوای ئەوەیان ڕاگەیاند کە بەتەواوەتی پشتیوانی هەر هەنگاوێک ئەکەن کە مۆرینۆ بیهاوێژێت، و ئەوەش ڕەت ئەکەنەوە و ناڕازین کە بشێوی و ناتەبایی بکەوێتە سیستەمەکانی ناوچەکەوە”.

لەم ناڕەزایەتیانەدا زیاتر لە حەوت کەس کوژران و ١٣٤٠ کەسیش بریندار بوون و ١١٥٢ کەسیش ڕاپێچی زیندان کراون.

لە گەڵ کۆتایهاتنی پەیماننامەی نێوان نوێنەری ناڕازییەکان و حکومەتی مۆرینۆ و ڕاگەیاندنی دۆڕاندنی حکومەت لە تێپەڕاندنی سیاسەتی سک هەڵگوشین و برسیکردن، جەماوەری ناڕازیی و ڕاپەڕیو دەستیانکرد بە ئاهەنگ گێڕانی سەرکەوتن لە گۆڕەپانەکانی پایتەخت و شارەکانی تری ئیکوادۆر، و لە پارکی سەرەکی کیتۆی پایتەخت کە ناوەندی سەرەکی ناڕەزایەتییەکان بوو یەکێک لە سەرکردەی ناڕەزایەتییەکان بە ناوی (فارغاس ! ) ڕاوەستا و ووتی: ئێمە ڕاپەڕین بەدوای ئازادیدا ….یەکێک هاواریکرد : ئێمە ئەوەمان کرد.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*