کارەساتی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکانی پەنابەران

کامەران ئەحمەد

ئەمڕۆ ٢ی نیسان پاش هەواڵی ئەرێنی پشکنینی بیست پەنابەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکانی یۆنان، ئەو زەنگە مەترسیدارەی کارەسات کە ڕێکخراوە مرۆییەکان هەر لە سەرەتاوە هۆشدارییان ئەدا ولێ‌ی ئەترسان لێدرا. ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دورگەی لەسبۆس(Lesbos ) ، یەکێک
ل
ەودوورگانەی بەم دواییانە بووەتە لانکەی لەخۆگرتنی هەزاران پەنابەر لە ترسنکاترین و ناتەندروستین بارودۆخی ژیاندا، گەیشتوووە. ئەم هەواڵە هەروا سادەو ڕاگوزەر نییە، و ئەکرێت لە دەیان ڕەهەندەوە مەودای دڕندەیی سیستمی سەرمایەداری پێلێکبدەینەوەو پێبخەینە ژێرپرسیارەوە. ئەگەر چی پێشتر ڕۆژنامەی برۆکسل هەواڵی تووشبوونی ژنێکی تەمەن چل ساڵی بڵاوکردەوە و هیچ دەزگاو ناوەندێکی تر ئەمەی پشتڕاستنەکردەوەو دیزە بە دەرخۆنە کرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە بێدەربەستی تورکیا بۆ لەخۆگرتنی پەنابەران و یاریکردن بە چارەنووسیانەوە لە مامەڵە فریودەرەکانی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوس و ڕۆڵی ئایندەی خۆی و چەتە ئیسلامییەکانیدا لە سوریا و دوو ڕوویی ولاتانی ئەوروپا بۆ بانگەشەی درۆیینەی مرۆڤدۆستی ئەخەنە ڕوو، کە بوونە هۆکاری ڕوولەسەری گرژییەکانی ئەم ماوانەی دوایی نێوان پەنابەران لە لایەک و پۆلیس و دانیشتوانی دوورگەکە لە لایەکی تر. هاوشان لەگەڵ چوونە سەری گرژییەکانی هەردوولا لە هەفتەی رابردوو ژمارەیەک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان بە بیانووی نەبوونی ئاسایش کارەکانی خۆیان لە کەمپەکەدا ڕاگرتووەو بەجێهێشتوووە.

کەمپی ماریۆ لە یۆنان

کارەساتە گەورەکە بەڕێوەیە
لە گرتە ڤیدۆیەکدا د. هیڵدە ڤۆختن (Dr.Hilde Vochten ) لە ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند کە بارودۆخی کەمپی مۆریا ( Moria) لە دورگەی (Lesbos ) تەواو جێ‌ی نیگەرانییە. ، کەمپەکە خۆی بۆ کەمتر لە سێ هەزار پەنابەر ئامادە کراوە بەڵام زیاد لە بیست و دوو هەزار پەنابەری تێدا نیشتەجێکراوە، نزیک بە ١٦٠ کەس تەنها یەک توالێتیان هەیە، زۆر ئاسانە بە قسە باس لە دەستشتن و دوورکەوتنە و گرتنەبەری ڕێکارە تەندروستییەکان بکەین بەلام لە باری پراکتیکییەوە ئەمە چۆن ئەکرێت؟! ڕەوشەکە تەواو ئاڵۆزەو بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشیەکی درمی بە ئاسانی بەهەموو لایەکدا بڵاو ئەبیتەوە و کارەسات ئەخوڵقێنێت.
لەسبۆس تەنها دوورگەی پەنابەران نییە. بەڵکو لە سەرتاسەری جیهاندا زیاد لە ملیۆنان مرۆڤ لە کەمپە قەرەباڵغ و ناتەدروستەکاندا ژیان ئەکەن. بە پێ‌ێ ئاماری ڕێکخراوە جیهانییەکان تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا زیادلە حەفتا ملیۆن کەس بەهۆکاری توندوتیژی و جەنگ وڵات و شوێنەکانی خۆیان لە ناوخۆدا بەجێهێشتووە. تەنها ٦،٨ ملیۆنیان خەڵکی سوریان کە بە درێژایی ساڵانێکە بووتە شوێنی یەکلاکەرەوەی بەرژەوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکانی وڵاتانی سەرمایەداریی.
دکتۆر ماریت ڤان لێنثە (Marit van Lenthe) لە پزیشکانی بێسنوور ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ حکومەتێک باسی لە ئەولەویەتی لەبەرچاوگرتنی رەوشی پەنابەران و چارەسەرکردنی بارودۆخی ئەوان نەکردووە” ئەمە ڕیاکاری و دووڕوویی مرۆڤدۆستانەی حکومەتە سەرمایەدارییەکانە. ئەو کاتانەی کە بازاڕو سەرمایە پێویستی بە هێزی کاری ئەوان هەیە باقوبریقەی مافی پەنابەریی و لەخۆگرتنی هەرزانترینیان گوێ هەموومان کەڕ ئەکات، هەرکاتێکیش کە بنبەستی‌و قەیرانی ئابوری‌و سیاسی بەرۆکیان بگرێت لە ژێرناوی هۆکاری سەرهەڵدانی قەیران و ناجێگیریی و دابەزینی سامانی وڵات دەرگاکانی خۆیان بەسەریاندا دائەخەن و بە توندترین شێوە بەرەو ڕوویان ئەبنەوە. لێرەدا گرنگە ئاماژە بە کاردانەوەی سەرۆکە پێشکەتووخوازەکەی! فەڕەنسا ماکرۆن بکەین کە چۆن لە کاتی سەرەتای قەیرانەکەدا ساڵی ٢٠١٦چەند یەکەی سوپای دەریایی بۆ گێڕانەوەی پەنابەران بۆ کەنار ئاوەکانی ئەفریکا جووڵە پێکرد!

بەم دواییانە ژمارەیەک مرۆڤدۆستی ڕێکخراوەکان لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەند داوای بە هاناوە هاتنی باردۆخەکەیان لە سەرۆک و هاوەڵە ئەوروپیەکانی لە یەکێتیەکە کردووە، ئەوەیان بیرکردبوو کە هەر زوو سەرۆکوەزیران دەرگای کەمپەکانی توند گرت و لەپێش هەموویانەوە داخستنی سنورەکانی بە ڕووی هەموو پەنابەراندا ڕاگەیاند. سەرباری ئاماژەدان بە باردۆخی سەخت و دژواری ناو کەمپەکان نیگەرانی خۆشیان لە چوونەسەری کارەساتی مرۆیی کە لە ئاستی پێشبینیکردنیشدا نین دەربڕیوە. سەرباری ئەمە ئاماژە بە ئاگرکەوتنەوەی کەمپەکە لە١٦ی مارس و سوتانی ژمارەیەک پەنابەرو لە هەمان کاتدا گیانلەدەستدانی منداڵێک کردووە. واژۆکەران خواستی خوازیاری داخستنی خێرای کەمپەکەو گوێزانەوەی پەنابەران بۆ شوێنێکی گونجاو وشایستەتر بە مرۆڤ کردووە. پێمان بڵێ سەرباری نەبوونی ئاوی گەرم و سابوون لە کاتێکدا کە هەر ١٣٠٠ کەس تەنها یەک بەلوعەیان هەبێت چۆن باس لە گرتنەبەری ڕێکارە تەندوستیەکان بکەین!
حکومەتەکان لە ژێرناوی گرتنەبەری ڕێکارو و داخستنی سنوورەکان تەنانەت چاویان لە ئاست پەیماندانەکانی ڕابردوو و گوێزانەوەی منداڵان و ئاگاداربوونی زیاتر لە کەسانی پیرو پەککەوتە کە پێشتر بانگەشەیان بۆ ئەکرد نوقاندووە.
پانتایی کارەساتێک کە بەرێوەیە لە نەبوونی کەمترین هەلومەرجێکی شایستە بە ژیانی مرۆڤێکی ئاسای چ جای هاوچەرخ و تەنانەت لەدەستدانی ژیانی منداڵان کە پێشبینی ڕوودانی ئەکرێت لە کەمپەکانی پەنابەراندا سەروو هزرو بیرکردنەوەی هەموومان ئەبن. بە پێ‌ی لێکۆڵینەوەیەکی تەندروستی پرۆفیسۆری سۆسیۆلۆژ تەریە ئەندریاس (Terje Andreas Eikemo ) کە لە شەش کەمپی یۆناندا ئەنجامدراون ڤایرۆسەکە ئەبێتە هەڵوەرینی گیانی منداڵانیش، چونکە بەرگری لەش بەهۆی بارودۆخی ناتەندروستی ناو کەمپەکان و کەمخۆراکییەوە ڕووی لە دابەزین کردووە، تەنانەت ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە مەترسی هەڵکشانی نەخۆشییە درێژماوەکان لە ناو کەمپەکانیش ئەدات.
سەرباری نەبوونی کیتی تێست ( testkit) بۆ پشکنینی ڤایرۆسەکە، تەنها شەش قەرەوێلەی نەخۆش لە هەموو کەمپی ماریۆدا هەن!

خێمەهەڵدانی ژمارەیەک پەنابەر لەسەر سنوری تورکیا یۆنان

سەرمایەداری خۆی هۆکارەو چارەسەری پێنییە.
ئەوە سەرمایەدارییە کە ژیانکردنی لەهەر شوێنێک و لە هەرجێیەک لەسەر گۆی زەوی بۆ مرۆڤەکان و زیندەوەران تاڵکردووە، لەگەڵ یەکەمین شەپۆلەکانی پەنابەرانی نوێی ولاتی سوریاو عێراق لە ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٥ ، فرمێسکی تیمساحانەی ولاتانی ئەوروپای مرۆڤدۆست هەرزوو دەرکەوت، هەر ئەو کاتانەی کە ڕاگەیاندنی مرۆڤدۆستانەیان بۆ لەخۆگرتنی پەنابەران و وانەدانی دیموکراسیانەی ئێمە ئەکرد ، لە ژێر ناوی مافی پەنابەرێتی بەیتوبالۆرەی دنیایان کرد. بەڵام هەرزوو دەستیان بە گرتنە بەری کۆنترۆڵی توند لەسەر سنورەکان و تا ڕاددەی داخستن، دانانی دیواری دەروونیی لەسەر بنەمای جیاوازی نەژاد، گرتنەبەری ڕێکاری ئیداری و پۆلیسی توند ، تەنانەت تاڕاددەی ترسچاندن لەدەروونی خەڵکی ئەوروپا بە داگیرکردنیان لە لایەن پەنابەران، فۆبیای پەنابەریی و فوودانی میدیاکان لەم ڕاستایەدا هەروەک بانگەشەی بۆ ئەکرا. فەرەنساو ئیتالیا، بەمدواییانەش یۆنان یەکەکانی سوپایان بۆ دوورخستنەوەی پەنابەران خستە جووڵە. هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر توندکردنەوەی ڕێگاکانی پەنابەریی و گرتنەبەری ڕێگای سەخت و مەترسیداتر لە لایەن پەنابەرانەوە تاقیکرانەوە ، کەم نین ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی گوێبیستی چیرۆکی لەناوچوون و خنکانیان بووینەوە. تەنها لە نێوان ساڵی ٢٠٠٠-٢٠١٤ ژمارەی پەنابەرە خنکاوەکانی دەریای ناوەراست زیاد لە٢٢٥٠٠ قوربانی بووە، جگە لە ونبوونی سەدانی تریان کە لە هیچ شوێنێکەوە دەنگیان نییە. هەموو هەنگاوێکیان گرتەبەر لەم پێناوەدا و تەنانەت پرۆژەی هاوکاریرکردنی دارایی تورکیا هاتە بەرباس بۆ ڕێگاگرتن لە هاتنە ناوەوەی پەنابەران و کیسەی پارەی خەیاڵییان لەو پێناوەدا هەڵڕشت.
بە دوای جەنگی جیهانی دووەمدا هیچکات مرۆڤایەتی ئەوەندە ئێستا قوربانی دەستی نەژادپەرستی نەبووە. زیندووکردنەوەی سڵاوەکانی هیتلەر لە ناو یەکەکانی سوپای ئەڵمانیا تا ڕاددەی سەماکردن لەسەر ڕیتمی موزیکەکانی سەردەمی جەنگی جیهانیی. ئەمە ئەو داهاتوویە کە سەرمایەداری پێمان نیشان ئەدەن.
مێژووی ئەم ساڵانەی دوایی مێژووی هەڵکەندن و ناچارکردنی ملیۆنەها مرۆڤ بە بەجێهێشتینی شوێنی ژیانیان بووە. ناجێگری داڕمانی ئابوری و سیاسی، برسێتی و هەژای، ناکۆکی و ململانێ‌ی هێزە سیاسی و ئابورییە گەورەکانی جیهان لەسەر زامنکردنی زۆرترین دەسەڵاتی ڕەها بە سەر بازاڕ، جەنگە بێکۆتاو نەبڕاوەکانی باڵکان، ئەفریکا، ئەفغانسان، عێراق، سوریا و یەمەن …لەسەر تاڵانیی سامانە سروشتییەکان، دڕندەیی حکومەت و دەسەڵاتدارە ناوخۆییە بۆرژوازییەکان، دەستگرتنی زلهێزەکان بە ڕەوت و دەسەڵاتە دیکتاتۆری و دواکەتووەکان ، شەرو ململانێ‌ی تۆڕی مافیاکانی نەوت و مەوادی بێهۆشکەر، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، گۆڕانکارییەکانی ژینگە … هتد تەنها چەند نموونەیەکی کەمی دەرهاویشتەکانی دەسەڵاتی سیستمی سەرمایەدارین و هەریەکەیان بە جۆرێک بڕێکیان خستۆووەتە سەر خەرمانەی ژمارەی پەنابەران و کۆچکردووان.
تورکیا سەرباری خوڵقاندنی بارودۆخی سەخت و دژوار بۆ پەنابەران لە ناوخۆی وڵات لە کەمی کرێ، کاری تاقەتپڕوکێن و ماوەدرێژ، و بردنە سەری گیانی فاشیزم و ڕەگەزپەرستی تورکیی و یاریکردن بە چارەنوسی پەنابەران، فشارهێنان بۆ گەنجانی سوریا بۆ چوونە پاڵ ڕەوت و چەتە ئیسلامییەکان، بۆ یەکلایکردنەوەی ئامانجە سیاسی و چڵێسییەکانی لەسوریا لە دواینجاردا دەستی بردووە بۆ بەکارهێنانی کارتی پەنابەران لە وتووێژەکانی لەگەڵ ولاتانی ئەوروپا.
یۆنان ساڵانێکە دەرگیری پشێوی و قەیرانی سیاسی و ئابورییە، هەڵکشانی بێکاری و کەمبوونەوەی کرێ و چوونە سەری نرخی پێداویستییەکان کۆمەڵگایەکی تەواو ماندووی ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداریمان پیشان ئەدەن. تەنها لە ماوەی هەشت ساڵدا لە ٢٠١٠ ەوە تا ٢٠١٨ بڕی ٢٧٣،٧ ملیارد یورۆی کۆمەک (قەرز) پێگەیشتووە. سالانێکە هەوڵی وێناکردنی پەنابەر بە سوودمەند لە بارودۆخەکە و بەرپرس لە خراپکردنی ژیانی کرێکارانی ناوخۆ ئەدرێت. بانگەشەی فاشیزم و زاراوەکانی بە ئاشکرا بوونەتە زمانی فەرمی دامەزراوەکانی دەوڵەت. لە سایەی میدیای فریودەر و پەروەردەکردنی ئەم ساڵانەی دواییدا زمانی خەڵک هەمان زمانی فاشیزمی دەزگاکانە ، بە ئاشکرا باس لە دروستکردنی دیوار لە ئیڤرۆس(Evros) ، جێگیرکردنی سوپای ئەوروپا لە ئیجە، دەستبردن بۆ دیپۆرتی بە لێشاوی پەنابەران ئەکەن. دەوڵەت و دامەزراوەکانی بە زیندووکردنەوەی گیانی نەژادپەرستی سالانێکە ئەیانەوێت ڕووی گەندەڵی و شکستی ئابوری و سیاسی سیستمەکەیان خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن.لە جەرگەی بارودۆخێکی وادا کە جیهان دەرگیری قەیرانی ئابووری و هێرش بۆ سەر ماف و دەستەکەوتەکانی خەڵک لەوپەڕی دڕندەیی خۆیدا بوو لە ماوەی داڕمانەکانی سالانی ٢٠٠٨ودواتر کەچی لە هەمان کاتدا سەرمایەگوزاری و بازرگانیکردن بەچەکەوە ئەگاتە ترۆپکی خۆی، خەرجیەکانی بواری سەربازی نەک هەر کەم نەکرانەوە بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ چەند دەیەی رابردوودا رووی لە هەڵکشانی بێئەندازەش کرد. فرانک سلایپەر لە کۆمیتەی دژ بە بازرگانیکردنی چەک لە نامیلکەی(چەک، قەرز، گەندەڵی) بە ڕوونی باس لە چوونە سەری خەرجیەکانی بواری سەربازی لەو ماوانەدا ئەکات لە کاتێکدا کە جیهان دەرگیری قەیرانی ئابوری و نەبوونی ئەبووەوە. ” له‌ کاتێکدا که‌ موچه‌و هه‌قده‌ست، بیمه‌کانی خانه‌نشینی ئه‌بڕدرێن، پیشه‌سازی سه‌ربازی ومانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کان به‌ کراوه‌یی له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ چه‌ند داواکاری (ئۆرده‌ر)ی نوێ به‌رده‌وامن‌. راستی داچڵه‌کێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می ده‌ستگرتنه‌وه‌دا (تقشف) سه‌رجه‌م ١٩٤ بلیۆن یورۆ له‌ ساڵی ٢٠١٠دا خه‌رج کراوه‌ که‌ ئه‌کاته‌ کۆی سه‌رجه‌م قه‌رزه‌کانی وڵاته‌کانی یۆنان، ئیتالیا و ئیسپانیا پێکه‌وه‌”. لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە نزیک بە ٤٠% کۆمپانیا هەرە گەورەکانی بواری چەک، و زیاد لە نیوەی کۆمپانیا لوتکەکانی ١٠ ڕوویان لە سەرمایەگوزاری بواری چەک لە تورکیا کردووە.
سەرباری ئەفغاستان و عێراق ، شەڕو جەنگە ناوخۆیی‌یەکانی سوریا ماوەی دەساڵ و یەمەن بە درێژایی پێنجە ساڵە بەردەوامیان هەیە، تەنها بەهۆی گەمارۆی ئابوریی دەریایی کە ولاتی سعودیە خستویەتیە سەر یەمەن نزیک بە ١٧ ملیۆن مرۆڤ هەڕەشەی لە برسا مردنیان لێئەکرێت.
کاریگەرییە مەترسییەکانی جەنگ، نەک تەنها کوشتن‌و ماڵوێرانکردن و لەناوبردن و بەهەدەردانی سامان و بودجەی ولاتەکان بۆ چەک و تەمەقەنی هەڵئەڕژێنێتە قوڕگی کۆمپانیاکانی چەکەوە بەڵکو کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییەکانی بۆ دەیان نەوە دوای خۆیان ئەمێنن. جێ‌ی بە بیرهێنانەوەیە ئاماژە بەو بەدواداچوونانە بکەین کە باس لە دیاردەکانی وەک نەزۆکیی، لەبارچوونی بەردەوام، و لەدایکبوونی منداڵی مردوو، چوونەسەی ڕێژەی شێرپەنجە و لەدایکبوونی ناتەندروست و منداڵی شێواو بکەین کە بە دوای جەنگی یەک و دووی عێراق سەریان هەڵداوە.
ئەمە ئەو چارەسەری و ڕێگایەیە کە سەرمایەداری لە کاتی کێشەو قەیرانەکان ئەیگرێتەبەر، کەمترین خەرجی لە بواری تەندروستی و داڕمانی ژێرخانی یەکێک لە گرنگترین کایەکانی ژیان کە بەردەوامی بە ژیانی مرۆڤایەتی بدات لەسەر هەسارەکە.

سەرچاوەی زانیاری و داتاکان
– ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپەکانی یۆناندا- بۆمبێکی تەوقیتکراو ماڵپەڕی VRT
– چی رووئەدات ئەگەرڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە کەمپەکانی پەنابەران – ڕۆژنامەی TROUW
– بانگەواز بۆ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەند ، پەنابەران لە کەمپەکانی یۆنان بگوێزەرەوە. ٢٠٢٠
– نامیلکەی ( چەک، قەرز، گەندەڵی ) نوسینی فرانک سلایپەر ٢٠١٣
– ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاری ڕۆژئاوا لەسەر بڕەودانەکانی سەربەخۆی چەکی تورکیا ٢٠١٩
– فیلمی دۆکیومێنتەری کەناڵی بی بی سی لەسەر لەدایکبوونە شێواوەکان لە عێراق ٢٠٠٣

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...