تاهیر حاجی حەسەن: سیستەمی سەرمایەداری بەهەموو لێکدانەوەیەک بووە بە سیستەمێکی پیرو بێچارەسەر

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای  ڤایرۆسی کۆڤید-نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا … 

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەداتبە بەرچاومانەوە چییە؟ کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟و چەند درێژە ئەکێشێت؟
تاهیر حاجی حەسەن : ئەوەی ڕودەدات پراکتیکردنەوەی فلیمە شێتانەکانی هۆڵیۆدە، لەلایەن نووسەران و دەرهێنەرانێکەوە کە بریتین لە بەڕێوەبەرانی ئەم سیستەمەی ناوی سەرمایەداریە.
ڕۆژگارێک لەم بیست ساڵەی سەدەی بیستویەکدا مرۆڤایەتی تێیدا ژیان دەگوزەرێنێت، ڕۆژگارێکە جیاواز لە قۆناخی سەدەکانی پێشوو، یانی هیچی لەسەدەی هەژدەو نۆزدەو بیست ناچێت، بەجیاوازیەک، لەو سەدانەدا کاتێک بۆرژوازیەت پێدەنێتە نێو لەدایک بونی خۆی، زیاتر لەگەڵ پەلامارو هەڵپەکانیشیدا بۆ کۆتای پێهێنانی کۆی مێژووی دەرەبەگایەتی و سەرلەنوێ دیزاین کردنی ژیانێکی جیاوازتر لەو قۆناخانەی دەرەبەگایەتی پێیدا تێپەڕ بوو، ئەم خاوەن، جۆش و خرۆشێک بوو، کەوا دەهاتە بەرچاو کە خۆشەویسترو داهێنەرتر بێت و بشتوانێت مەیلی گشت کۆمەڵگە بۆلای خۆی ڕاکێشێت، بێگومان لەڕێی بێزاری و توڕەییە بێ ئاسۆکەی چینەچەوساوەکان لە نیزامی کۆن، ئەم چینە خۆی کرد بەقوربانی و چووە نێو جەنگێکەوە کە نەک لە دوژمنی کۆنی ڕزگاری بوو، بەڵکو لەگەڵ لەگۆڕنانی دوژمنە کۆنەکەی، ڕێک دوژمنێکی ترسناکتری لەسەر خۆی کرد بەماڵ، یانی سیستەمی نوێی سەرمایەداری. سیستەمێک کە هەموو شتێکی کردە کاڵاو ڕزگاری زۆرینەکەیشی بەستەوە بەوەی ئیتر هیچ دەرچونێکی لەبەردەمدا نیە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەو زۆرینەیە کە چینە چەوساوەکانە، دەبێت بەناچاری و بگرە زۆر ملهوڕانە جارێکیتر ژێردەستەی سیستەمی سەرمایەداری قازانج پەرست قبوڵ بکات و هەر ڕۆژە هێزی کاری خۆی بفرۆشێت بە خاوەنکارو سەرمایەدار.
مێژووی سیستەمی سەرمایەداری لەم سێسەد ساڵەیدا، هێندەی کۆی مێژووی مرۆڤایەتی ئازار بەخش بوە بۆ زۆرینەکە. داهێنان و زانستەکان لەبوارە جیاجیاکاندا بە کۆ کرانە مۆڵکی دەوڵەتی سەرمایەداران و لەو ڕێگەیەشەوە ئاستی بەرهەمهێنان و کاڵاکان بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی،کە لە وەها ساتێکدا، خودی هەیمەنەی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ساغکردنەوەی کاڵاکانی و دیسانەوە وەگەڕخستنی خۆی و سیستەمەکەی پێویستی بەبازاڕ دۆزینەوەو داگیرکاری زیاتر هەبو،
تا بتوانێت بوونی خۆی بەزیندوی بپارێزێت، بێگومان لەم نێوەیشدا، هەڵخراندنی جەنگ دەبووە پێویستیەکی ژیانی بۆ سیستەمی کێبەرکێی دژ بەیەکی سەرمایەداری و دەوڵەتە دژبەیەک و یان هاوشەریکەکانیان، هەروایش بوو،دوو جەنگی نێونەتەوەی گەورەیان بەرپاکردو جیهانیان لەنێوان زلهێزاندا دابەش کردەوەو ملیۆنان مرۆڤیشیان لە کوشتارگاکانیاندا لەناوداو کاریشیان لەسەر ئەو هەیمەنە دڕندانەیە کرد لە کۆی ئەو پایە جۆراوجۆرانەی کە سیستەمەکەیانی بۆ ڕاگرتوون، تا لەم ڕێگەیەشەوە ببنە لەمپەرێکیش لەبەردەم هەر ڕوودانی ڕاپەڕین و شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکاندا کە دەبوا خواست و ئامانجی چینە چەوساوە زۆرینەکە بەدەست بهێنێت، تاکۆتای بە مێژووی زوڵم و چەوساندنەوەی چینایەتی بهێنێت.
خاڵێکی دیکە، خودی سیستەمی سەرمایەداری لەساڵی 1825 وە تائێستا لەنێو قەیرانی کورت ماوەو قەیرانی درێژ ماوەدا بووەو هەر جارناجارێک گەر پێویستی چارەسەرنەکراوی قەیران خواستبێتی ئەوا دەستیان بۆ بەرپاکردنی جەنگی گەورەو جەنگی بە وەکالەت کردووە، لەڕێگەی بەرپاکردنی جەنگەکانیشیانەوە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا،کاریان کردووە لەسەر خامۆشکردنەوەی هەر هۆشیاریەکی سیاسی چینایەتی لای بزووتنەوە کرێکاریەکان و دواجار ڕامکردنەوەی زۆرینەکە تا خۆی بە هەرچ کوێرەوەری و پەرتەوازییەک بووە،خۆی ڕابێنێت لەگەڵ خواست و ئامانجێک کە سیستەمی دڕندەی سەرمایەداری بە شوێنیەوە بووە.
ئێستایش لە پڕ دەرکەوتنی وەیشومەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە ئەندازەیەک مرۆڤایەتی توشی شڵەژانێک کردووە کە پێدەچێت ئازارە دەروونی و کاریگەریە جۆراوجۆرەکانی هیچی کەمتر نەبێت لەو ساتەوەختانەی جەنگەکانی تێدا بەرپاکراوە.
ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەم سەدەیەدا،چەند ڕووە، خودی قەیرانی ساڵی 2008 کە لەئەمریکا سەری هەڵداو کۆی جیهانی گرتەوە،کە بە قەیرانی دارای ناسێنرا، تا ئێستا ئەو قەیرانە بەکۆتا نەگەشتووە، وا جیهانی سەرمایەداری پێی دەنێتە نێو قەیرانێکی گەلێک قوڵترەوە، کە قەیرانی پێشتر زۆر ئەهوەنتر دەبینرێت لەچاو ئەم قەیرانەی ئێستادا. سیستەمی سەرمایەداری لەکۆی پێشوەچوونێک و کۆنترۆڵ کردنی کۆی سەرزەمین و بۆشای ئاسمان و تەنانەت دەریاکانیش. ئیتر نەمانی جێگایەکی نوێ بۆ داگیرکردنی و کۆنترۆڵی بازاڕی زیاتر بۆ فرۆشی کاڵاکانی و لەڕێیەوە کەڵەکەی سەرمایەو قازانج و زێدەبای پەرەپێبدات، وا دێتە پێش چاو کە ئەم سیستەمە چینایەتیەی لەلایەن چینێکی زۆر کەمایەتیەوە قۆرخی تەواوی ژیانی زۆرینەیان کردوەو ئامادەیش نین ژیان هاوسەنگیەک پێک بێنن لەنێو چینە کۆمەڵایەتیەکان و خودی کێبەرکێیەک لەنێوان دەوڵەتانی جیاوازدا هەیانە، ئیتر چی نەماوەتەوە، بەغەیری دروستکردنی ئاوا گێژاوێک کە هیچ ئاسۆیەکی لێنابینرێت کەی و چۆن کۆتای بەڤایرۆسی قەیرانەکەیان دەهێنن.
کەرەنتینەکردنی کۆمەڵگەکان لە ماڵەوە و بێکار کردنی ملیۆنان لەمرۆڤی زەحمەتکێش و نەگەیشتن بەهیچ ئاماژەیەک کەبتوانن لەم قەیرانە مرۆڤایەتی ڕزگار بکەن،بێگومان لەگەڵ درێژە کێشانیشیدا، مرۆڤەکان تا ئەندازەیەک دەتوانن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، ئیتر نەبوونی ژیان و نەتوانینی زۆرینە بۆ دەست گەیشتنیان بە پێداویستیە ڕۆژانەیەکانیان، ئەوکات پێدەچێت دەرگاکان بخرێنەوە سەرپشت و مرۆڤەکان وەدەربکەون بۆ نێو شەقام و کوچەو پەلاماردان و پشێوی دەست پێدەکات، دواجار ناشزانرێت لە کوێدا دەوەستێتەوەو یان مل بەرەو کام ڕێگا دەنێت.
ئێمە لەسەدەیەکی تەواو نادڵنیایدا دەژین و سیستەمی سەرمایەداری بەهەموو لێکدانەوەیەک بووە بە سیستەمێکی پیرو بێچارەسەر، بۆیە ئەوەندەی هەیەو هێشتا لەشانسی ئەم دێوە دڕندە پیرە دەشکێتەوە، بێ ئاسۆیی سیاسی چینە زۆرینەکەیە لە کۆمەڵگەدا، کە بتوانێت دەست ببات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و وەک ئەو ئەرکە مێژووییەی لەسەر شانیەتی، گۆڕەکە هەڵکەنێت و پیرە سەرمایەی تێبخات و بۆ هەمیشە مێژووە ڕەشەکەیشی لەگەڵدا بنێژێت.
تەنها ئەم بێ ئاسۆییە سیاسیە چینایەتیەیە لای چینی کرێکاری جیهانی کە مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بەم کۆ مێژووە پڕ لە جەنگەیشیەوە هێشتۆتەوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنوورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستەی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن، ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کامانەیە؟
تاهیر حاجی حەسەن: ئەو یەکتر تۆمەت بار کردنانە، لەنێو مێژووی چینەچەوسێنەرەکان و خودی چینی سەرمایەداریدا شتێکی نامۆ نەبووەو نامۆیش نیە. چونکە ئەم سیستەمە لەسەر فرت و فێڵ و خەڵەتاندنی زۆرینەکە هەمیشە خۆی و مێژووەکەی پاراستووە. سیستەمی سەرمایەداری سیستەمی جەنگ و قەیران و هێنانەوەی پاساوی بێ مانا بووە، لەهەردوو سەردەمی جەنگە نێو دەوڵەتیەکەداو کۆی جەنگە پچڕ پچڕەکانیش کە بەرپایان کردووە، پێشتر کاریان لەسەر کۆمەڵێک پلان کردوە کە چۆن بتوانن گەلانی ژێردەستیان لەڕووی دەروونی و هەست وروژاندنەوە بێننە سەر خەت و دوژمنێک گەر وەهمیش بێت دروستی بکەن، تائەو کاتەی پێویستیەکانیان وای خواستووە دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی جەنگەکانیان.

لەڕێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مرۆڤایەتی پێدەنێتە نێو قۆناخێکی تەواو جیاوازەوە، ئەویش دەرکەوتن و ئامادەیی دەوڵەتێکی زەبەلاحی وەک دەوڵەتی چینە، کە ئیتر لە کۆی ڕووە سەربازی و بەرهەمهێنان و بەرهێنەریەوە ئامادەیەو کاریشی لەسەر کردوە کەجیهان قۆرخ بکات و بێ هیچ کەموکورتیەک کەوتۆتە بەرانبەر زلهێزێکی وەک ئەمریکاو کۆی وڵاتانی ئەوروپاو تەنانەت ڕوسیاو یابانیشەوە. لێرەدایە، ئەم ژانی لەدایکبوونە نوێیە، پڕ لە نادڵنیایی و پڕ لە مەرگەساتیەو وەک گڕکانێک وایە کە چۆن دڵی زەوی شەق پێدەکات و سەری خۆی لێوەدەردەکات و کۆمەڵێک جێگای زۆریش دەسوتێنێت تا هێزی گڕکانیەکەی خاو دەبێتەوە.
کۆی دەوڵەتانی زلهێزو خاوەن پیشەسازی گەورە لە جیهاندا بوونەتە خاوەنی چەکی وێران کاری ئەتۆمی و گازی کوشندە، جابۆیە گەر جەنگ ڕووبدات هیچکات ناتوانێت جەنگی درێژ ماوە بێت وەک جەنگەکانی تائێستا بوونی هەبووە، بەڵکو جەنگی کورت ماوە دەبێت یان جەنگ پێدەچێت هەر ڕوویش نەدات، لە ئەگەری بەرپاکردنی جەنگدا، بێ سێو دوو چەکی نەوەوی تێدا بەکار دەهێنرێت، کاتێکیش ئاوا جەنگێک ڕووبدات، هیچ گەرەنتیەک نیە تا خودی پارێزەرانی ئەم سیستەمە بتوانن مانەوەی خۆیشیانی تێیدا بەپارێزراوی بپارێزن و لە هەر ئەگەری ڕوودانی ئاوا جەنگێکیشدا گەر سیستەمی سەرمایەداری بۆی بکرێت وەک ئێستا زۆرینە کەرەنتینە بکات، ئەوا دەبێت بڵێین زۆرینە پێگەو بوونەکەی هەر هێندەی پێگەو بوونی ئاژەڵە مەڕێک دەبێت، بەڵام دڵنیام لەگەڵ هەر جەنگێکدا جەنگی ناوخۆی و تەقینەوەی گەورەی جەماوەریش ڕوودەدات لەگشت جیهاندا.
بەهیواین ئاوا جەنگێکیش بوونی نەبێت،بەڵام تائەم سیستەمەیش بوونی مابێت، هەر چرکەیەکی بۆزۆرینەکە جەنگێکە و بێکاری و برسێتی دەهێنێت بۆ ملیۆنان لە مرۆڤی زەحمەتکێش.

من سەدەی بیستویەک بەسەدەیەک نابینم کە بۆ چرکەیەکیش هەم خاوەنانی سیستەم و هەم کۆمەڵگایش بتوانن بەدڵنیای وبەدوور لەنادڵنیایی بتوانن ژیان بگوزەرێنن. بەو هۆکارەی کە ئاستی پیشەسازی و بەرهەمهێنان و کێبەرکێی وێرانکاریانەی نێوان شەریکات وبلۆکە جیاوازەکانی نێو دنیای سەرمایەداری بەشوێنێک گەیشتوە، گەر ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی تێدا دروست نەبێت، ئەوکات دوور نیە، دەست ببەن بۆ یاساکانی ماڵتۆسیەت و بە هەرچ پلانێک بۆیان بکرێت مرۆڤایەتی بەشێکی زۆری لێ قڕ بکەن.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوەبەناوە هەر جارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی نێوان ولاتەکان و تاقیگەجیاواەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟
تاهیر حاجی حەسەن: بائێمە بە وردتر ئاستی دڕندەی ئەم سیستەمە ببینین، ئاخۆ چەند جۆر چەکی وێرانکاریان دروست کردوە کە زیرەکترین و دوا جۆری تا ئێستای زانستیان تێدا بەکار هێناوە؟ ئاخۆ چەن جۆری ڕاکێتیان درووست کردوە کە دەتوانێت بۆشایی ببڕێت و ڕوو لەسەر ئەستێرەکانیتر بکات؟ ئاخۆ چەند جۆر کەشتی زەبەلاحی دەریای دروست کراوەو شیاوترین جۆری داهێنان و زانستیان تێدا بەکار هێنراوە؟ ئاخۆ تا ئێستا چەند جۆری کامێراو سەتەلایت دروستکراوە کە توانای کۆنترۆڵی کۆی جووڵەی مرۆڤەکانی هەیە لەسەر زەوی؟ ئاخۆ تا ئێستا چەند جۆری کەرەستەی پزیشکی دروستکراوە کە لەڕێی ڕۆبۆتەکانەوە توانای نەشتەرگەری بۆ شوێنە هەستیارەکانی نێو لەشی مرۆڤی هەیە؟ کەوایە، ئاخۆ بڵێین ئێمە لەسەردەمی پەتای کۆلێرای زەمەنە پێشوەکاندا دەژین کە ئاستی زانستی پزیشکی لەو پەڕی لاوازیدا بو، کە وا ناتوانرێت چارەسەرێکی زانستیانەی پزیشکی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای کۆتای ساڵی 2019 بدۆزرێتەوە؟  شتی وانیە، خودی بوونی ڤایرۆسەکە، جا درووستکراو بێت یان سروشتی،بۆ خودی ئەم سیستەمە دوو سەرەیە، لەلایەک توانیویانە قەیرانەکانیانی پێبشارنەوە و بە کۆمەڵگە بڵێن ئەوە خەتای ڤایرۆسەکەیە بۆیە ئێمەیشی بەرەو قەیران بردوەو خەتاکە لە بوونی سیستەمەکەدا نیە، لەلایەکیتر لەڕێی ئەم ڤایرۆسەوە، بەتایبەتیش لەوڵاتانی ئەوروپادا پێدەچێت بەئانقەستیش بێت دەست ببەن بۆ بەرپاکردنی کوشتاری بەساڵاچووان و کەمئەندامان و ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە، زۆر پێشتر کەرتی تایبەتی سەر بەتەئمینی تەندروستی هاتووهاواریانە لەوەی کە مرۆڤ تەمەنی درێژ بووەو نامرێت، دیارە گەر بۆیشیان گونجاو بێت، تائەو کاتە ڕێگادەدەن کە مرۆڤە کرێکارو بەرهەمهێنەرەکان بژین کە تەمەنی کارکردنیان هەیەو دەتوانن ببنە مایەی هێنانی زێدەبایی بۆ ئەم سیستەمەو دواتر لە کاتی خانەنشینکردنیاندا لەناویان بدەن. ئێمە لە سەردەمی هەنگاو نان بەرەو بەڕۆبۆت کردنی پێگەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی و زانستەکاندا دەچین،کەکارێکی وا دەکەن، مرۆڤ لە بەردەمیان بێ بەها بمێنێتەوە، جا لەوەها قۆناخێکیشدا ژیان تەنها مایەپوچبوونی خۆی دەڕەخسێنێت نەک هێنانی بەختەوەری بۆ زۆرینە. هەروەک ئەوەی مارکس ئاماژەی پێکردوە، پێموابێت لە مانیفێستی کۆمۆنیستیدایە کە تا ئاستی تەکنەلۆژیا لە سەردەمی هەیمەنەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بچێتە سەرەوە، بەو ئەندازەیەش ژیانی زۆرینەی چینی کرێکار بەرەو قورسترو تاقەت پڕوکێنتر دەڕوات. ئێمە ئێستا لەو قۆناخەدا دەژین و لای ئەم سیستەمەو ئاستێک کە پلەی داهێنانەکان پێی گەیشتون ئیتر لەساتە وەختێکدایە، پێدەچێت لایەک ئەویتر نابووت بکات. بەڵام پرسیار ئەمەیە ئاخۆ ڕێی تێدەچێت سەرمایەداری بەبێ بوونی کۆمەڵگە بتوانێت بژێت و بوونی هەبێت؟ بێگومان ڕێی تێناچێت، بۆیەش قۆناخێک تێیدا دەژین، قۆناخی تەنها لەناوبردنی سیستەمی سەرمایەداریە گەر مرۆڤایەتی شانسێکی وا بەخۆی بدات کە کۆتای بەم سیستەمە دڕندەو ملهوڕە بهێنێت و ژیان سەرلەنوێ و بەشێوازێکی گەلێک دادپەروەرانە دابڕێژێتەوە لەنێوان کۆی مرۆڤەکانی ئەم سەرزەمینەدا.

دۆزینەوەی ئاوا ڤاکسێنێک دژی ڤایرۆسی کۆلێرا کارێکی زەحمەت نیە،بەڵام جارێکا نایانەوێت پێگەی قۆرخکاری و قازانج وەدەستخستنی زۆرتریش کە بۆ کام شەریکە دەبێت، بەشێکە لەو ململانێیانەی ئێستا لە نێوان هەریەک لە شەریکاتە جیاوازەکانی نێو وڵاتی چین و ئەمریکاو ئەوروپادا هەیە. وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئیشیش لەسەر ئەو ساتە دەکەن بزانن ئاستی توانای ڤایرۆسەکە تا کوێ بڕ دەکات لە کوشتنی مرۆڤەکان و لە بوونی وەرزە جیاوازەکانیشدا، هەربۆیەش زۆرجار گوێمان لێدەبێت دەڵێن پێدەچێت هەشت مانگ تا ساڵێک کاتی بووێت تا ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەمدەهێنرێت، لە لایەکیتریشەوە بوونی خودی قەیرانەکەو ئاستی ململانێیەک لە نێوان دەوڵەتی چین و ئەمریکاو گشت جیهاندا هەیەو ناشزانرێت ئاستی وەرچەرخانەکە چۆن دەبێت، بۆیە پێدەچێت ڤایرۆسی کۆرۆنا بەم نزیکانە کۆتای پێ نەهێنرێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەویی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانە ئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟
تاهیر حاجی حەسەن: حکومەتی نێو بەرەی کوردایەتی، هەمیشە شانسی مانەوەکەی پەیوەست بووە بەبوونی چوار دەورێکی پڕ لە گێژاو وە گەندەڵ و دیکتاتۆریەوە، نمونەی دەوڵەتانی چواردەوری هەرێم وەک نمونە، لەلایەکیتریشەوە هەرچ شتێک و هەرچ پلانێک ئەو حکومەتە چینایەتیەی سەر بە بازرگانانی سیاسی بەرەی کوردایەتیە خواستبێتی دەستی بۆ بردووەو کۆمەڵگەی لەسەر ڕاهێناوە، هەر لە کاتی هاتنە سەر حوکمیانەوەو ڕاهێنانی چینوتوێژە موچەوەرگرەکان ،کە هەر تاو ناتاوێک موچە بڕینیان و لە ژێر ناوی وروژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی و بردنە پێشی مەدی شۆفێنیستی لەگەڵ عێراقدا، ئێستایش لەم کاتەدا، چۆن ئاسۆی گشت دنیای سەرمایەداری لەئاستێکی وندا یان وەستاودایەو ڕێگاچارەکانیان بۆ دەرچونیان لەم قۆناخە زۆر ئاڵۆزو نادیارە،حکومەتی کوردیش ئاوا فرسەتێک بۆی بەخراپ نابینێت،تاجارێکیتر خۆی بدزێتەوە لەسەر بەرپرسیاریەتی بۆ دابین کردنی ژیانی سەدان هەزار لەمرۆڤی موچەخۆرو سەدان هەزار مرۆڤی زەحمەتکێش کەژیانو گوزەرانیاان لەگەڵ بونی کراوەیی بازاڕدا بوە. هەڵنەگرتنی هیچ بەرپرسیاریەتیەک و فرۆشتنی نەوتیش لەڕێگەی بۆری و تەنکەرەوە بەردەوامی هەیە،گەرچی بۆ ئەم ساتەوەختە نرخی نەوت بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام حکومەت گەر خاوەن بەرپرسیاریەتی بێت، حەتمەن دەبێت خاوەن زەخیرەی مادی و خۆراکیش بێت بۆ ڕوودانی هەر ساتێکی لەناکاوی چاوەڕوان نەکراودا کە دێتە پێشەوەو یەخە بە کۆمەڵگە دەگرێت. حکومەتی کوردی لەگەڵ حزبە جۆراوجۆرەکانی نێو بەرەی بۆرژوا قەومی و دینی و مەزهەبیەکاندا هەمیشە بەرپرسیاری ژیان و مەرگەساتیەکانی نێو کۆمەڵگەن، ئەوان زۆر بەوریایانە کۆی پێگەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دەست نەبردنیشیان بۆ پێشخستنی پیشەسازی و وەگەڕ خستنی سەدان هەزار مرۆڤ لەو بوارانەدا بۆ ئەوە بووە تازۆرینە بەرچاو شۆڕ بکەن لەخزمەت کردنێکی کۆیلە ئاسایانە بۆ حزب و حکومەت و کەسایەتیە تایبەتەکانی نێو ئەو بەرەیە، هەربۆیەشە لەڕێگەی قۆرخکردنی سامانی نەوت وڕێگەی مەرزەکان و ناوخۆیشەوە، باج و سەرانەو گومرکی زۆریشەوە، کۆی سامانی کۆکراوەی ئەو داهاتانە لە نێو حزبە سەرەکیەکان و شەریکاتەکانی دنیاو دەوڵەتانی چواردەورەوە دەدزرێت و بەشێکی زۆر کەمیشی پچڕ پچڕ دەدەن بەو چینەی کەپارچە پارچەیان کردوەو هەر پارچەیەکیش بەپێی شوێن و پێگەکەی بڕێک و ڕێژەیەکی جیاواز لەموچەیان پێدەدەن،جالەئاستی داماڵێنراوی پێگەی بەرهەمهێنان لەزۆرینەو بەستنەوەیان بەپێگەی حزبەکانەوە، ئەوکات کۆمەڵگەیەکی بێ‌ئیرادە دەخولقێنرێت کە حکومەت و حزبەکانی بەرەی بۆرژوازی دەیخوازن، هەر ئەمەیشە تائێستا وایکردوە کە حکومەتی کوردی خۆی لەسەرپێی خۆی ڕابگرێت و بمێنێتەوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵکو لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟
تاهیر حاجی حەسەن: وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێداوە، هەبوونی کۆمەڵێک هەلومەرج بوونەتە پارێزەرێکی باش بۆ نێو پاساو هێنانەوەکانی حکومەت لە هەرێمدا، ئەوەی تائێستا حکومەتی کوردی کاری لەسەر دەکات،چۆنیەتی خۆ دزینەوەیەتی لەدانی موچە یان کەم کردنەوەی،دابەزینی نرخی نەوتیشی هاتوەتە سەر، جاپێدەچێت لە سبەینێدا حکومەتی عێراقیش دەست ببات بۆ کەمکردنەوەی موچە و یان بەچەند مانگ جارێک دانی بڕێک لەو موچەیە و هەر قۆناخێکیش بە ڕشتەیەک بدرێت. هەلومەرجی هەرێم و وڵاتانی ناوچەکە ئەم جارە پێدەچێت خراپتر لەقەیرانی ساڵی 2008 کاریگەری بکات لەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەفریقاو ئاسیای ناوەڕاست و بگرە کۆی جیهانیش، بەڵام لەو وڵاتانەی کە سیستەمێکی تێدا نیە بۆ چوونە ژێرباری پێدانی لانی کەمی هەقی مەعیشەت، بێگومان تەقینەوە جەماوەریەکان زۆر چاوەڕوان کراو دەبێت،بەڵام ئاراستەکەی چۆن دەبێت،ئەوە ناتوانین فاڵ گرەوەیانە خوێندنەوەی بۆ بکەین.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالسیتی: لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران ڕێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەێ باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟
تاهیر حاجی حەسەن: ڕاستی کۆی جیهان لەبەردەم ناڕۆشنترین سیناریۆدایە، و هەرچ ڕودانێک و لێکەوتەیەک تێیدا بێتە کایەوە، هەروەک چۆن قەیران و ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهان داگرن، ئەو لێکەوتانەیش هەروا دەبێت. جیهان لەبەردەم وەرچەرخانێکدایە، کە پێدەچێت هاوشێوەی مێژووی پێش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبینینەوەو ئایندەکە لەبەردەم ئاسۆداری یان نەبوونی ئاسۆی سیاسی کۆی بزوتنەوەی کرێکاریە لەجیهاندا. بزوتنەوەی کرێکاری گەر خاوەن پێگەو ئاسۆی ڕوونی سیاسی سۆسیالیستی خۆی نەبێت و بە شێوەیەکی زیندوو بوونی نەبێت لە نێو ڕێکخستنی چینی کرێکاردا، مەبەستم جیهانە بەگشتی، ئەوکات لەکاتی بونی قەیرانێکیشدا ناتوانێت فریا بکەوێت و هەلەکە لەبەرژەوەندی خۆی و چینی کرێکار بشکێنێتەوە. سەردەمی شۆڕشی بۆلشەویکی،سەردەمی قورسترین جەنگ و وێرانکاری و سەرهەڵدانی دابەشکاری جیهان و وەرچەرخانێک بو،هەربۆیەش شۆڕش خۆی لەدەرگای دەدا،لەهەر وڵاتێکدا،تاخاوەن شۆڕشی خۆی بدۆزێتەوەو کاری خۆی جێبەجێ بکات. ئەم زەمەنە،لەزۆر ڕویەوە لەو سەردەمانەی پێشو پێدەچێت قورسترو لەهەمان کاتیشدا جیاوازترەو، ئەرکی گەورەیش لەبەردەم مرۆڤایەتیدایە، کەتاچ ئەندازەیەک ئامادەیە تەحەمولی کۆی وەحشیەتی خواست و ئامانجەکانی ئەم سیستەمە بکات،یان بەپێچەوانەوە دەست دەبات بۆ خستنەڕوی ئەڵتەڕناتیڤی سۆسیالیستی و جیهانیش بەدوا ئەڵتەرناتیڤی خۆی ڕەنگڕێژ دەکات.
ئاخۆ ڕێی تێدەچێت سەرمایەداری جیهانی و بازاڕی ئازادی نیولیبراڵیزم دەست لەقازانج و کێبەرکێی قۆرخکاریانەی و کەڵەکەی سەرمایە، هەڵبگرێت و دەست ببات بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەو هێز هاوسەنگی جیهانی و چینایەتی و پەرەپێدانی خۆشگوزەرانی بۆ گشت لایەک، لەکاتێکدا ئاستی پێگەی بەرهەمهێنان لەم سەدەیەدا لەگشت بوارەکاندا، لەشوێنێکدایە کە کۆی مرۆڤایەتی بتوانێت بێ نادڵنیایی تێیدا بەختەوەر بێت و چیتر بیر لەقەیران و بەرپاکردنی جەنگ نەکاتەوە؟ من بەنەخێر دەیبینم و پێگەی سیستەمی سەرمایەداری لەقۆناخێکدایە هەرچۆن هەنگاو بنێت ناتوانێت بەبێ بوونی پێگە بەربەریزمیەکەی درێژە بەبوونی خۆی بدات،گەر پێچەوانەی خۆیشی ببێتەوە،کەوایە سەرمایەو سەرمایەداری چ مانایەکی دەبێت؟

مرۆڤایەتی لەبەردەم وەرچەرخانێکدایە ژانی لەدایک بوونەکەیشی مژدە بەخش نیە، گەر هەلومەرجەکە وەرنەچەرخێت بۆ دەست بردنی کۆمەڵگەکان بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەسیستەمی سەرمایەداری.
لە کوێی مێژووی دەسەڵاتی چینەچەوسێنەرەکان و بەتایبەتیش مێژووی سیستەمی سەرمایەداریدا، بوونێک بەمانای بوونی واقعیانە هەبووبێت کە پێگەی هێزی کاری کرێکارو پێگەی کەسێتی ژن و پێگەی هونەرو ئەدەب و بەپێگەی بونی وەرزشەوە، نەخستبێتە نێو کایەو پێگەیەکەوە کە نەبووبێتنە مایەی قازانج و سەرمایەگوزاری و نەبووبێتنە کاڵایەک وەک هەر کاڵایەک لەبازاڕەکاندا دەست بۆ کڕینیان نەبردرێت؟ کەوایە، لەکوێدایە ئێمەی زۆرینە خۆش حاڵ و بون خۆش بین لەپێگەی بونەکەمان لەنێو ئەم سیستەمەدا!؟ هەرکاتێک پێگەی پارەو پێگەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بوونە پێگەیەک بۆ مایەی هێنانی بەختەوەری و یەکسانی بۆ زۆرینە، ئەوکات پێگەی مرۆڤ بێ جیاوازی ڕەگەزی وپێگەی هونەرو ئەدەب و وەرزشیش، بەها ڕاستەقینەکەی خۆیان بەدەست دەهێننەوە. ئاواخەونێکیش خەیاڵ نیە هێندەی لە نێو واقعەکەماندایەو دەتوانین بەکۆ دەستی بۆ ببەین، بەو مەرجەی هەریەکەو لەخۆپەرستیە بودەڵەو خەیاڵ پڵاویەکەی خۆمان ببورین کەبە هەڵە بەسەر پێگەی بوون و هۆشیاریەکەماندا سەپێنراوە.
تا نەنتوانین ئەمڕۆ مسۆگەر بکەین بۆ خۆمان و کۆتایی بهێنین بە کۆی پێگەی ترس و چەوساندنەوەیەک سەپێنراوە بەسەرماندا، هیچکات ناتوانین سبەینێیەکی ئارام و پڕ لەگەرەنتیش بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین.

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...