عەزیز شەیف: ئەوەی لەپشتی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە ئەزمەی ئابووریە . دنیای سەرمایەداری بێبەش نیە لە کێشمەکێش و زلهێزەکان و دەوڵەتەکانیان دەیانەوێت بەکەمترین زەرەر لێ‌ی دەربچن

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای  ڤایرۆسی کۆڤید-نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا … 

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەدات بە بەرچاومانەوە چییە؟  کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ و چەند درێژە ئەکێشێت؟

عەزیز شەریف : بەڵێ با سەرەتا لەوێوە دەستپێبکەم ئەوەی لەپێش چاوی زیاتر لە حەوت ملیارد ئینسان لە دنیادا دەیبینین سەرەتای ئەزمەیەکە کە سیستەمی سەرمایەداری تووشی هاتوە و بەڵام لەژێر ناوی سیناریۆی کۆڤید ۱۹ دا بەڕێکەوتووە . لەلایەکیتر بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووریەوە پێویست بوو زیاتر لەنیوەی هێزەکانی بەرهەمهێنان بنێرنەوە ماڵەوە و لەم ڕێگەیەوە بەرهەمێنان ڕابگرن چونکە ڕێژەی سود و قازانج زۆر لەخوارەوە بوو ، لەلایەکی تریش توانای ئینسان بۆکڕینی کاڵا کان بەهۆی حەق دەستی کەم و گرانی کاڵاکانەوە زۆر هاتبوە خوارەوە . ئەمەش زۆر بە ئاشکرا لە بوارەکانی ئەلکترۆنیات و ئۆتۆمۆبیل (سیارە) سازیدا خۆی دەنواند . ئەوەی چەند درێژە دەکێشێت هێشتا ڕۆشن نیە چونکە درێژە کێشانەکە بەستراوە بە سەرکەوتنی هێرشێکەوە کە بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی بۆسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگەی کردوە و ئەم هێرشەش لەیەکەمین هەنگاویدا ناردنە ماڵەوە و بێکار کردنی چینی کرێکار بووە . وەختێکیش ئینسان بۆ ماوەیەکی زۆر بێکار دەبێت ئەوا لە درێژماوەدا ئامادە دەبێت بەکرێیەکی کەمتر لەوەی پێش لە ڕوودانی ئەزمەکە کاربکات . ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە بۆرژوازی لێیەوە هێرشی خۆی بۆسەر چینی کرێکار و کۆمەڵگە دەستپێکردوە . بەکورتی من چاوەڕوان دەکەم کە کەمتر لە ساڵێک بخایەنێت و سەرانی دەوڵەتە گەورەکانیش لێرەو لەوێ ئیشارەتیان بەمەکردوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن، ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ‎کامانەیە؟

عەزیز شەریف : تۆمەتبارکردنی یەکتری دەوڵەتەکان و گەورە نیشاندانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها بۆ ئەوەیە لەیەکەمین هەنگاودا فەزای ترس و تۆقاندن بەسەر سەرجەم خەڵکی کۆمەڵگادا بسەپێنن و لەم ڕێگەیەشەوە سەرنجی گشتی خەڵک لەسەر ئەسڵی مەسەلەکە (ئەزمەی ئابووری ) بگوازنەوە . هەربۆیە ئەوەی لەپشتی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە ئەزمەی ئابووریە . دنیای سەرمایەداری بێبەش نیە لە کێشمەکێش و زلهێزەکان و دەوڵەتەکانیان و دەیانەوێت بەکەمترین زەرەر لەم ئەزمەیە دەربچن هەر بۆیە هەریەکەیان لەهەوڵی گرتنەبەری هەر ڕێگەیەکدان کە بەشیاوی بزانن. من لەسەر ڤایرۆسەکە تەنها قسەی دکتۆرێکی ئەڵمانی بەناوی (ڤۆڵفگانگ ڤوداک) دێنمەوە کەبە شێوەیەکی زۆر سادە و ساکار باس لە ڤایرۆس و ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، دکتۆر ڤۆڵڤگانگ ڤوداک دەڵێت زیاتر لە سەد جۆر ڤایرۆس لەدنیادا بوونیان هەیە و لەسەدا پێنج تا پانزەی ڤایرۆسەکانی پەتا وەرزیەکان ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەگەڵدایە، ساڵانە لەسەرەتای وەرزی سارد و سەرمادا شەپۆلی هێرشی ڤایرۆسەکان بۆ سەر ئینسان دەست پێدەکات، ئەم ڤایرۆسانە وەک ئەو هەموو جۆرە ئۆتۆمۆبیلانەن کە لەسەر جادەیەکی خێرا دەیانبینین، ئەگەر کۆمەڵێک ئینسان بەچاوی بەستراوەوە بەسەر جادە خێراکەدا بپەڕنەوە ئەوا بەشێکی زۆر لەو ئینسانانە لەلایەن چەند جۆرێکی ئۆتۆمۆبلەوە دەبن بەژێرەوە و بەشیکیشیان دەمرن، هێرشی ڤایرۆسەکانیش لەوەرزی سەرمادا ڕێک وەکو ئۆتۆمۆبیلەکانی سەرجادە خێراکە وایە کەبەشێکی زۆری ئینسانی چاو بەستراوە لەلایەن چەند جۆرێکی ئۆتۆمۆبیلەوە دەبن بەژێرەوە و بەشێکیشیان دەمرن، بەڵام بەشی زۆری ئەو ئینسانانەی لە ئێستادا دەمرن تەنها لەسەر یەک جۆر ڤایرۆس حساب دەکرێن ئەویش کۆڤید ۱۹ یە

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوبەناوە هەر جارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی ‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە  بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی  نێوان ولاتەکان و تاقیگە جیاوازەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟

 عەزیز شەریف : ئەم سیستەمە یەکێک لە سیفاتەکانی سیستەمی بازاڕی بەرانبەرکێ و منافەسەی ئابووریە، ئالێرەشەوە ئەگەر بەشی تەندروستی سەیر بکەین دەبینین لەبەشی زۆری ئەو وڵاتانەی لەبواری دەرمان دروستکردندا خاوەنی شەریکاتی گەورەن لە پێشبڕێکدان بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک هەتا بتوانن بازاڕی فرۆشتنی ڤاکسینەکە بۆ خۆیان (قۆرغ) داگیر بکەن ، لێرەشەوە دەبینین سیستەمی تەندروستی لەئاست پێداویستیەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەدانیە و ئەگەر لە جیاتی سیستەمی سەرمایەداری سیستەمی سۆسیالیستی مەوجود بوایە ئەوا بە پێچەوانەی حاڵی حازرەوە بۆ دروستکردنی ڤاکسینێک هاوئاهەنگی لەسەرتاسەری جیهاندا بوونی دەبوو، بەڵام هەتا سەرمایەداری مەوجود بێت ئەم هاوئاهەنگیە بوونی نابێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانەئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟

عەزیز شەریف : سەرەتا دەبێت بڵێم ئەم دەسپێشکەرییانەی حکومەتی هەرێم بە فەزڵ بەخەڵک دەفرۆشرێتەوە بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە ! ڕەنگە بپرسن چۆن ؟ ئەگەر چاو لەبەشی زۆری ئەو وڵاتانە بکەین کە سیستەمی سۆسیال و حەقی بێکاری بۆتە یاسا و دەوڵەت بەرپرسیارە لەدانی حەقی کرێیەکی مەمرە و مەژی ئەوا حکومەتی هەرێم بە توندکردنەوەی هەرڕۆژەی زیندانیکردنی خەڵک لەماڵەکانیاندا خۆی لە ئەرکێک دەدزێتەوە کە لەسەر شانێتی، نەک هەر ئەمە بەڵکو مووچەی کرێکاران و کارمەندانیش لەکاتی خۆیدا نادات و هەموو ئەو ئینسانانەی ڕۆژانە نانی شەویان لەڕێگەی کرێکاری و دەستفرۆشیەوە پەیدا دەکەن خزاندۆتە ژورەوە و ڕێگە لە پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیان دەگرێت و خۆشی لەهەموو بەرپرسیارێتیەک دزیوەتەوە. من لە وتارێکی تردا کەلەم بارەیەوە نوسیومە و لێرەشدا دووبارەی دەکەمەوە دەسەڵاتێک بەبیانوی ڕێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئینسانەکان لەکونجی ماڵەکانیان تووند دەکات ئەوا بەرپرسیارە لەدابینکردنی بژێوی ژیانیان بەدانی کرێی خانوەکانیشیانەوە. ئەگەر بێمە سەربەشی دووهەمی پرسیارەکەش ئەوا دەبێت بڵێم بەئیعترافی خۆیان ئیمکاناتێک و بودجەیەک ئەم حکومەتە و سەرجەم حکومەتەکانی دنیا بۆ کەرتی تەندروستی تەرخانیانکردوە لە ئاستی جوابدانەوە بەپێویستیەکانی ئینساندا نیە . بۆ نمونە لەشاری سلێمانی تەنها ۱٥٠ جیهازی هەناسەدانی هەیە ، وڵاتی ئەڵمانیا کە بەحساب یەکێک لەباشترین سیستەمی تەندروستی هەیە، بۆ زیاتر لە هەشتاو سێ ملیۆن ئینسان ۲۸٠٠٠ئامێری هەناسەدانی هەیە. بەڵام هێز و توانایەک بۆ سەرکوت و لەناوبردنی ئینسان هەیانە لەژماردن نایەت . لەڕێگەی تەنها ئەم دوو نمونەیەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم سیستەمە لەئاست پێداویستیەکانی ئینسانی ئەم سەردەمەدا نیە

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵکو لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟

 عەزیز شەریف : زیاتر لە پێنج ساڵە ئەم حکومەتە لەهێرشی بەردەوامدایە بۆ کەمکردنەوەی کرێی کرێکاران و مووچەخۆران هەر ڕۆژەی بەبیانوویەک، ڕۆژێک بەغدا مووچەنانێرێت، ڕۆژێک لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی ناکۆکیان هەیە، ڕۆژێک داعش و رۆژێک نرخی نەوت لەخوارەوەیە و ئەمڕۆش ئەزمەی کۆرۆنا، سەرەتا ویستیان مووچەی ئەم مانگەش دوابخەن یان وەک ئەو مووچانەی خواردیان ئەمیش بخۆن، بەڵام مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانیان دا و هەندێکی تریان دیارنیە کەی دەیدەن، یان هەربەڕاستی ئامادەن بیدەن؟ لەسەر بەشی دووهەمی پرسیارەکەشتان وەک لەسەرتاوە وتم ئەوەی لە حاڵی حازردا لەژێر ناوی ئەزمەی کۆرۆنادا دەیبینین لەڕاستیدا ئەزمەی ئابووریە بەڵام لەژێر سەرپۆشی ئەزمەی کۆرۆنادا بەڕێوە دەچێت. ئەزمەی ئابووری سەرمایەداریش پەیڕەوی لە یەک یاسای سروشتی دەکات ئەویش بێکاری و تووندکردنەوەی هەلومەرجی کار و کەمکرندنەوەی کرێ. ئەم حکومەتەش لەم یاسایە بەدەر نابێت و لەبەر ئەمە من چاوەڕوان دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم کارانەبکات (ئەگەرچی هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی ئەزمەکەوە بەشێک لەم کارانەی کردوە ) بەڵام لەئایندەدا بە شێوەیەکی مونەزەمتر ئەم کارانە دەکات. بۆ کاردانەوەی خەڵکیش بەلامەوە باشە لە کۆتایی پرسیارەکاندا وەڵام بدەمەوە

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی:  لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران رێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەی باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟ 

عەزیز شەریف : مێژووی تەواوی بەشەریەت جگە لە مێژووی خەباتی چینایەتی شتێکی تر نیە (مانیڤێستی پارتی کۆمۆنست ) ئەم پەرگرافە هەتا ئەمڕۆش واقیعەتی خۆی هەیە، لەکاتێکدا بۆرژوازی بۆ دەرچوون لە ئەزمەکانی هێرش بۆ سەر چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا دەکات و لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگا نوقمی هەژاری و مەحرومی فراوان دەکات، تۆ ناتوانی لەبەرانبەردا دەستەوەستان دابنیشیت، بەڵکو بەهەمان ئاراستەی پێچەوانە لە خراپترین حاڵەتدا دەکەویتە دیفاع کردن لەخۆت و لەباشترین حاڵەتیشدا دەکەویتە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر دامودەزگانی دەوڵەت و خاوەن کار . لەم نێوەشدا هەرلایەک لەلایەکانی ئەم کێشمەکێش و بەرانبەرکێیە ڕیزەکانی ڕێکخراو و یەکگرتوو بێت ئەوا ئەو براوە دەبێت !

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...