كۆرۆنا ڤایرۆس لە گۆشەنیگای ڕەخنەی ئابووری-سیاسییەوە

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بە گرنگی زانی لە ساتێكی وا چارەنوسسازدا كە جیهان لەبەردەم مەترسی كۆرۆنا ڤایرۆسدایە و قەیرانی سەرمایەداریدایە، لە ڕەهەندی ڕەخنەی ئابوری-سیاسییەوە لە شێوازی چاوپێكەوتندا كۆمەلێك پرس لەگەڵ چەند كەسایەتییەكدا بوروژێنین.
ئەم چاوپێکەوتنە بە زمانی عەرەبی لە ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەبەرواری ٤ی مارتی ٢٠٢٠ بڵاوبووەوە و ئێستاش بە زمانی کوردی بڵاوی دەکەینەوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئایا پێتوایە بڵاوبونەوە و تەشەنەکردنی کۆرۆنا ڤایرۆس و ئەوە مەترسییە جیهانییەی دروستیکردووە، پەیوەندی بە قەیرانەکانی سەرمایە و سەرمایەدارییەوە هەیە؟
صادق عزيز: ئەو قەیرانە جیهانییەی کە سیستەمی سەرمایەداری زیاتر لە دەساڵە دەرگیری بووە و پاشانیش، بە یەکێک لە توندترین و قوڵترین ئەو قەیرانانە ئەژمار کراوە کە ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە چینایەتییە پێیدا تێپەڕیوە، تەنیا هۆکاری بەڵا و کارەساتی پەتای جیهانی و بڵاوبونەوەی نەخۆشی و هەندێ شتی دیکەی لەم بابەتانە نییە، وەکچۆن ناشکرێت بەشێوەیەکی میکانیکی و فۆڕماڵ وای بدەینە قەڵەم کە ئەم پەتا و کارەساتە جیهانیانە دەرئەنجامی ئەم قەیرانانەیە کە نیزامی سەرمایەداری جیهانی پێیدا تێپەڕدەبێت. جگەلەوەی دیاردەکانی پەتا و دەرد و کارەساتە سروشتییەکان بە شێوەیەکی گشتی لەلایەن نیزامی سەرمایەداری جیهانییەوەدەقۆزرێتەوە بۆ سوککردنی بارگرانی قەیران نەک ڕزگاربون لێی، کە ئەمەش شتێکی نوێ نییە و هەمیشەش نیزامی سەرمایەداریی هەوڵی داوە و هەوڵدەدات پەتا و نەخۆشی و کارەساتەکان بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگی چینایەتی بە قازانجی نیزامە چەوسێنەرە قێزەونەکەی؛ جارێک لە ڕێگای پاساوی سیاسیی و پلانی ئابوریی برسیکردن و سک هەڵگوشینەوە و جارێکی دیکەش بۆ ڕزگاربونی لە پێشکەوتنی توخمەکانی شۆڕش و دانانی بەربەستەوە لەبەردەم گەشەکردنیاندا و هەندێ جاری دیکەش، تا ڕادەی ئیفلیج کردنی شۆڕش و جێگیر کردنی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانیان لە شوێنیاندا، یان بە هەر هۆکارێکی دیکەبێت لە پێناو بەردەوامیدان بە نیزامی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ئینسان.
شاردنەوەی ڕاستییەکان دەربارەی کاریگەریی و پاشهاتەکانی جەنگی سەربازیی و ئابوری لەسەر گەلان، جگە لە شاردنەوەی سەرچاوەی کارەسات و پەتا و کاریگەریە کاولکارییەکانی، بووە بە بەشێک لە میتۆد و مەنهەجی چالاکیی ڕاگەیاندنەکانی نیزامی سەرمایەداریی و بەشێکی تەواوکەری درۆ و دەلەسەی بانگەشەی سەرکەوتنی ئازادیی و مافی مرۆڤ و بەرقەرارکردنی دیموکراتی!. سەرەڕای بڵاوکردنەوەی درۆ و شاردنەوەی ڕاستییەکان کە بوونەتە بەشێک لە ڕاگەیاندنی ڕۆتینی بۆ سیستەمی سەرمایەداریی و بەشێک لە پێگەکەی بۆ پڕوپاگەندەی باو، کە بۆتە گرنگترین ئامراز بۆ هەژمونکردن بەسەر فیکر و ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی گشتیدا، لە پێناو هێشتنەوە و پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەدا، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناش پەیدابوو، لە یەکێک لە گەورەترین جەمسەرە جیهانییەکانی سەرمایەداریی و دووەمین دەوڵەتی زلهێزی بازرگانی جیهانیدا، و بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر کاریگەر ی دانا لەسەر ئابوری ئەو وڵاتە و ئاشکراشە کە کارئەکاتە سەر سەرجەم بەرهەمهێنان و بازرگانی لە جیهاندا.
هەندێک پێیان وایە کە ڤایرۆسی کۆرونا قورسایی قەیرانی جیهانی سیستمی سەرمایەداری سوکتر ئەکات! پێم وایە هەلومەرجەکە بەتەواوەتی بە پێچەوانەی ئەم تێڕوانینەوەیە، لە کاتێکدا ئەبینین جیهانی سەرمایەداری توشی داکشانێکی ئابوری و بازرگانی و بانکی توندبووەتەوە، بە لانیکەمەوە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا. ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە ئەکەن بە وەستانی خێرای چالاکیی کارگەکان لە چین بە شێوەیەک کەلە کاتی قەیرانی ٢٠٠٨ چین پیا تێنپەڕی،وەلە ساڵی ٢٠٠٣ لەکاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی سارس” هۆنگ کۆنگ ” دەرگیری نەبوو، وەنیشانەکانی کڕین لە چین پاشەکشەیەکی کەم وێنەی بەخۆیەوە دیوە تا ئاستی دابەزینی ٧.٣٥ بۆ ٥٠،٠٠ تەنها لە مانگی شوباتدا، و چالاکی خزمەتگوزاری گەشتوگوزار و گەشتکردن و گواستنەوە وەستانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیووە،ئەم وەستانە کاریگەری داناوە لەسەر ئابوریی وڵاتانی ئاسیایی و ئەوروپایی و دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێودانگەی کە هەمویان لە هاوبەشییەکی گەورەدان لەگەڵ چین و لە هاوردەکردندا پشتیان بەو بەستووە. یەکێک لە پاشهاتەکانی ئەم قەیرانە، وای لە ئۆپێک کرد کاربکات بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا ڕێگریلە دابەزینی نرخی نەوتی خاو بکاتکە دەرگیری کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. هەروەها بۆرسەی جیهانی و بازاڕی دراو پاشەکشە و دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە ئەویش لە دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی هەندێ لە پرۆتۆکۆل و گرێبەستە ستراتیجییەکان لەگەڵ چین، کە ئەوانەش کار ئەکەنە سەر بازرگانی جیهانی. بەگشتی لە کاتی ئەم جۆرە حاڵەتانەدا، خواستی سەر ئاڵتون و کانزا بەنرخەکان ئەچێتە سەرەوە، لە کاتێکدا ڕێژەی خواست بەربەستی ٤% ی تێپەڕاندووە.
ئەگەر پرۆسەی گەورەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان کەمکردنەوەی کاریگەریی و مەترسییەکانی ڕاگەیاندنانە بێت، ئەواسیستمی سەرمایەداری بە قۆناغێکی تەنگژە و قەیرانێکی خنکێنەردا تێئەپەڕێت کە چاکبوونەوەی هەروا ئاسان نییە یا لانی کەم لە کورتماوەدانییە، سەرباری هەوڵەکانی ئەمریکا و چین، هەریەکەیان لەلای خۆیەوە بۆ بەتاڵکردنەوە و قۆستنەوەی دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە. شاردنەوەی ڕاستی و سەرژمێرییەکان لە هەر لایەکیانەوە بێت مەودای لەدەستدانی باوەڕ بە سیستمە کۆمەلایەتییەکە قوڵتر ئەکاتەوە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەو گۆڕانکارییانە کامانەیە کە بەسەر خەبات و ململانێی چینایەتیدا هاتوون لە سەردەمی هەژموونی زۆرجەمسەریی هێزە سەرمایەدارییەکان و دەسەلاتیان(ئەمریکا، روسیا، چین،ریی یابان، ئەڵمانیا ، و ..هتد) و لە ژێر سایەی بوونی ترسەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەوتۆمیی و بایۆلۆجی و هایدرۆجینیی و زانیاری،و لەبەردەم پێشبڕکێ‌ی سەرسوڕهێنەرانەی بازاڕەکان و کێبڕکێی بانک وناوەندەکانی دارایی وکۆمپانیاکان؟
سادق عزیز: یەکێک لەو سیما بنەڕەتیانەی کە لە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا دەرئەکەوێت، تەنها لە غیابی تاک جەمسەری هەژمونداردانییە، بەڵکو لە دەرکەوتنی ڕۆڵی کاریگەری سندوقی نەختینەی نێو دەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتیانەی تر کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە ئابوری جیهاندائەبینن. بەم جۆرە وایلێهاتووە کە کرداری سەرلەنوێ گەڕاندنەوەی ڕۆڵ و پێکهاتەی دەوڵەت و دامەزراوەکانیان لەسەر خواستەکانی گەشەی سەرمایەداری جیهانی ببێتە ئەرکێکی جیهانی و دەستبەجێ.لە ژێر سایەی سیاسەت و میتۆدی نیو لیبرالیزم و ئابوری بازاڕ و ئەوانەی لەگەڵ خۆیدا لە گۆڕانی ئایدیۆلۆجی و سیاسی و پڕوپاگەندە هێنای کە بوونە پێداویستی نیولیبرالیزم و ئەنجامی سیاسەتە ئابورییە تێکدەر و خنکێنەرەکانی لە ئاستی جیهاندا دەستپێکرد کە تێکشکێنەرتر بوون لە شێوازەکانی تری سەرمایەداری جیهانیی. هەژمون و وێرانکردن و لەسەرکار لابردنی ملیۆنەها کرێکار و کارمەند لە ژێر سایەی سیاسەتی بەتایبەتیکردن و هێنانە خوارەوەی ئاستی ژیان و گوزەران، پایە بناغەی و مادییەکانی بۆ خەباتی نێونەتەوەیی و جیهانی نوێ کردووەتە پێویستی دژی ئەم سیاسەتە کوێرانەیە.
لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابرددو ئەبینین کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دژی جیهانگیریی (عەولەمە) دەرکەوتووە ( منتەدای کۆمەڵایەتی) کە کۆنگرە جیهانییەکانی دەوڵەتە پیشەسازییە گەورەکان و منتەدای دەوڵەتە پیشەسازییەکان، و دامەزراوە بازرگانییە جیهانییەکان، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی کردبووە ئامانج، لە یەکێک لە جوانترین ڕوبەڕوبوونەوەکان و ناڕەزایەتییەکان، کە ئەم بزووتنەوانە بوونە هۆکاری دەردانی چالاکی تری وەکو پارێزگاریکردن لە ژینگە لە پیسبون و کاولکاری و پارێزگاریکردنی ئاژەڵ و بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان و بزوتنەوەی مافگەرێتی کە بەرەوڕوی دەوڵەتە پیشەسازییەکانی G7و مۆرەکانی لە مونتەدای دافۆس و کۆنگرەی سیاتل ١٩٩٩ و جنوی ٢٠٠٠ و براغ و ئەوانی تریش . لەگەڵ چڕبونەوەی قەیرانی ئابوری سیستمی جیهانی سەرمایەداری و هەژمونی ئابوری بازاڕ کە ئەویش هەڵگیرسانی جەنگی لەگەڵ خۆیدا هێنا و داگیرکاری لە ناوچەی جۆراوجۆر بە بیانوی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر( بۆنمونەش عێراق و ئەفغانستان ) و هەژمونی سەربازیی ڕۆژئاوا قەیرانی ئابوری جیهانیی سەرمایەداریی خستە قۆناغێکی تر کە ئەنجامەکەی شەپۆلێک لە شۆڕش و جوڵانەوەی جەماوەی بوو (بەهاری عەرەبی ) کە لە بناغەوە سەرچاوەیان گرتبوو لە داخوازی ئابوری و گوزەرانکردن و مافەکانیان و بووە هۆکاری گۆڕانکاریی هەندێ لە سیستمە دەسەڵاتدارەکانی ژمارەیەک لە دەوڵەتەکانی جیهانی عەرەبی… و لەگەڵ گەشەسەندنی ڕۆڵ و هەژمونی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانکی نێو دەوڵەتی لە قوڵکردنەوەی بەتایبەتیکردن و بێکارکردنی ملیۆنەها کرێکار و فەرمانبەر و کەمکردنەوەی زیاتر و زیاتری کەلێنی نێوان چینی مامناوەند و پرۆلیتاریا تا وایکرد زۆرینەی جەماوەر ببنە قوربانی ئەم سیاسەتانە و ئەم ڕێگاگرتنە ئابورییانە و داسەپاندنی مەرجی توندوتیژ بۆ کار دیاریکرابۆزۆربەی حاڵەتەکان لەلایەن ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتیانەوە و داسەپێنرا بەسەر ئەو وڵاتانەی کە داوای قەرزیان ئەکرد یا قەرزاربوون، و ئەمانە هەموی وایکرد کە گەندەڵی و گەندەڵکاریی سیاسیی ببێتە سیمای تایبەتمەندی ئەو ڕژێمانە…ئەم حاڵەتانە لانکە و ئەرزییەتی بابەتی هەڵگیرسانی جوڵانەوە ناڕەزایەتییە فراوانەکان بوو کە زۆرێک لە وڵاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتینی و فەرەنسای گرتەوە. لەو کاتەی کە جوڵانەوەی هێلەک زەردەکان بەرپا بوو، جیهان بینەر و شایەدی شێوازێکی نوێی خەباتی سیاسی و چینایەتی بوون، کە لە شکڵ و شێوازی سیاسی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی پێشودا بەس نەبووە بۆ ڕوبەڕوبونەوە . گۆڕانی شێوازی خەبات و ئامرازەکانی تێکۆشان دۆزێکی سیاسی هەڵقوڵاوە لە سروشتی ڕوبەڕوبونەوە چینایەتییەکان و ئالییەتییەتی نەک هەڵبژاردەیەکی شوێن و جێگا و هەنوکەیی.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئایا دەبێت خەباتی سیاسی و مۆدێرنی خەڵكی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕان لە ئاستی جیهاندا لەگەڵ ئەم هەموو گۆڕان و ئاڵوگۆڕانەدا چۆن بگۆڕێت بۆ هێرشی زیاتر بۆسەر سەرمایە؟
صادق عزيز: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی چیینی زەحمەتکێشی پرۆلیتاریا بابەتیانە لە پلەی گەشەی ململانێی چینایەتی و میکانیزمەکانی، و خودییانەش لە ئامادەیی چینەکە و جەماوەری خۆنیشاندەر بۆ دەسپێکی خەبات و بەرەوڕوبونەوە هەڵئەقولێت. ئەو شێوە مەدەنییە بێ وێنانەی بزوتنەوە ناڕەزایەتییەکان کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی هێناویانە لەگەڵ خۆیاندا، و بەتایبەتیش لە بزووتنەوەی هێلەک زەردەکانەوە لە فەرەنسا ( سودان، لوبنان، عێراق، سلفادۆر، ئیکوادۆر…هتد ) ئاوێنای پلەی گەشەی خەباتی جەماوەری چینە پشتگوێ خراوەکانە و سەردەمیانە ئەم خەباتە بە شێوەیەک وەڵامدەرەوەیە بە گەشەی جوڵانەوەکە. ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە کاریگەری خۆی داناوە لەسەر بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تریشکە بانگەشەی مافی مەدەنی یابزوتنەوەی فیمینیزم و لایەنگرانی ژینگە و سروشت ئەکەن. شکڵی ناڕەزایەتییەکان و شێوازی خەبات و ( هونەر و مۆسیقا و سەما بەڕێوەبردن و بینا ) نەک هەر تەنها وێنایەکی بزوتنەوەکەیە، بەڵکو گیانێک و جوانییەکی وەهای پێ بەخشیوە کە هیوای ژیانێکی بەرز ئەگەڕێنێتەوە، و شکڵی خەباتی رادیکاڵی – میلیتانتی ڕابردووی کردووە بە شکڵێکی خەباتی لەناوچوو کە خزمەت ناکات بە ئامانج و گەشەی جوڵانەوەکە، نەک هەر ئەمەش، بەڵکو خەباتی کۆمەڵایەتی ئێستا ئاسۆیەکی تازەی کردوەتەوە لەبەردەم شکڵێکی تازەی ڕێکخراوبوون و ئامادەکاریکردن کە خۆی ئەگونجێنێت لەگەڵ سەردەم و داواکارییەکانی بزوتنەوەکە و بەجێهێشتن و وازلێهێنانی خەباتی جەماوەری سیاسی و ڕێکخراوەیی پێشوو کە خاونی ئاسۆیەکیبەرتەسک بوو کە وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی جوڵانەوە جەماوەریی شۆڕشگێڕانە نەبوو،

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی : ئایا هیچ شتێكی دیكەی گرنگ هەیە بتەوێت بیڵێی؟

صادق عزيز: قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا جەختئەکاتەوە لەسەر ببێتوانایی سیستمی سەرمایەداریی، نەک تەنها هەر لە دابینکردنی نزمترین ئاستی گوزەران و ژیانی مرۆڤی سەردەمیانە، بەڵکو دەرکەوتووە، و بە ئاشکرا کە تواناییان نییە ڕووبەڕووی پەتا و کارەساتە سروشتییەکان ببنەوە. ئەم سیستمە لە ڕێگەی دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە و لە ڕێگای هێزی ووزە و سوتەمەنی دەرهێنانی نەوت و کانزا گرانبەهاکان و کانزای ئەم هەسارەیەوە بە شێوەیەک چاو داناخات بۆ هیچ شتێک جگە لە دزیکردن و تاڵانیکردن و ڕکابەریکردن و دەسبەسەراگرتن، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە بەکارهێنانی ئەم هەسارەیە بۆ لەگۆڕنانی پاشماوەی ئەتۆمی و بەڕێوەچوونی ئەزمونکردنی بایۆلۆجی لە سەر زیندەوەران و پیسکردنی ئاوی ئۆقیانووسەکان و دەریاکان… ئەم جیهانەی خستووەتە بەردەم کاولبوون و مەترسی لەناوچوون، تا ئەو جێیەی کە گەیشتووەتە دەستبردن بۆ بەکارهێنانی قێزەونترین جۆرەکانی جەنگی بایۆلۆجی لە نێوان ڕکابەرەکانی لە ڕەوت و جەمسەرەکانی سەرمایەداریدا، ئەمانەش وایکردووە کە مانەوە و بەپێوە وەستانی ئەم سیستمە کۆمەڵایەتییە ببێتە کارێکی ماندووکەر و ترسناک.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

عومەر خەتات: سەرمایە لە ئاست دنـــیادا فەلەج بووەو کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی بە جۆرێکی تر بیر لە بارودۆخی کار و ژیــان و ئازادی و دابەشکردنی سەروەتی کۆمەڵگە بکاتەوە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...