ئەکرەم غەریب: کێشەی تەکنەلۆژیا و زانست لەسیستەمی سەرمایەداریدا هەمان کێشەی وەهم و خۆش خەیاڵی و دین و ئایدۆلۆژیاکانە

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای  ڤایرۆسی کۆڤید-نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا … 

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەداتبە بەرچاومانەوە چییە؟ کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟و چەند درێژە ئەکێشێت؟
ئەکرەم غەریب: سەرەتا ڕێز و سڵاوم بۆ ئێوە و خوێنەران دەستان خۆش بۆ ئەو دەسپێشکەریە چاوپێکەوتنە زنجیرەییە، هیوادارم لەکۆی باسەکان چەند سەرخەتێکی کارا بخرێتە بەرچاو کەریگەری هەبێت لەسەر تێڕوانینەکان هەمووان لەبەرژەوەندی کێشە گشتیەکەداین ، دوور لە گیانی سکتارستی، ڕەنگە ئەوە پێویست بێت بخرێتە ڕوو کە پرسیارەکانی ئێوە گەلێک چڕو پڕن و پێویستی بە لێکدانەوەی زیاتر هەیە کەلەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بڵاو ببێتەوە چونکە باس و خواس و لێکدانەوەی زیاتری دەوێت و خوێنەریش زیاتر ماندوو دەکات بۆیە منیش لای خۆمەوە هەوڵ دەدەم وەڵامەکان زیاتر چڕ و پڕبن.
سەرتا دەمەوێ لەو وتەیەوە دەست پێ بکەم کە دەڵێت (ڕووداوەکانی مێژوو هیچ کات وەک خۆی دووبارە نابێتەوە جارێک گاڵتەجاڕ و جارێکیش تراژیدیایانەیە) ڕووداوە ڕاستەقینەکانی ئێستای بەرچاومان لەو وەحشەتەی کۆرۆنا نامۆ نین کە دیوە تراژیدیاکەیەتی هەموو جیهانی توشی شۆک کردووە کارەساتێکی ڕاستەقینەی مێژووی دروست کردووە ، کاریگەری لەسەر تەواوی جومگەکانی ژیان هەیە، هەر لەمەرگی بەرچاوەوە هەتا ژینگە و ڕاوەستانی پرۆسەی کار و پەیوەندیە خێراکانی بازرگانی و ئاڵۆگۆڕی کاڵا بەرهەم هاتوەکان و بێکاری و برسێتیەکی ترسناک لەسەر تەواوی ژیان.
دیوە گاڵتەجاڕیەکەشی هەرئەوەبوو کە هەموان ئەو ڕووداوانە لە فلیمەکانی هۆڵیودەوە دەرخواردمان دەدرا وەک هەژمونی ودی سیستەمەکە و داهاتوی چارەنوسی ئەم گۆی زەویە، کە هەمووان جگە لە فلیمێکی سادە زیاتر بۆیان نەدەڕوانی، سیناریۆ گاڵتەجاڕیەکانی هۆڵیود دیوە تراژیدیاکەی نیشاندا و کۆرۆنای وەک تارماییەک ژیانی ڕاوەستاند ، پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە لەسیناریۆکانی هۆڵیودیشەوە دەبینرێ کە کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان لەپێناو قازانج و بەرهەمەکانیاندا کاراکتەرەکان دروست دەکەن.
بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەوهەموو ناڕۆشنیەیەوە ڕۆشنایی ئەوە دەخەنە ڕوو کە قەیرانێکی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی بەرۆکی سیستەمەکەی گرتوە، بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە پێویستیی قەیرانێکی گەورەتر دێتە ئاراوە هەروەک چۆن ئەم قەیرانە ئابوریەی ئێستادرێژکراوەی قەیرانەکانی ساڵی 2008ە هەرواش قەیرانی کۆرۆنا درێژکراوەی قەیرانە ئابوریەکەیە.
بەڵام پەردە پۆشێکی ناسک و شەفافە چونکە خودی وتەبێژەکانی خاوەن سەرمایەکان هەر سەرەتا هاواریان لێ هەستا کە %30 ئابوری جیهان ڕکودی کردووە، هەتا ئەو قەیرانەش درێژە بکێشێ ئەو ڕێژەیەش زیاتر دەچێتەسەرەوە ، درێژە کێشانی ئەم پەتا کوشەندەیە پەیوەستە بە درێژەکێشانی قەیرانەکەوە ، هەرکات خاوەن سەرمایەکان ڕێگە چارەیەکیان دۆزیەوە بۆ قەیرانە ئابوریەکەیان ئەوا پەتای کوشندەی کۆرۆنا کۆتایی هاتوە.
هەر لێرەشەوە پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو کە خودی ئەم سیستەمە ڤایرۆسە کوشندەکەیە، نەک ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆیە گرنگە خودی سیستەمەکە لەناو بچێت تا هەموو ڤایرۆسەکان لەناو بچن (ئەویش پەیوەستە بە بزوتنەوە کرێکاریەکانەوە) جار جار لێدوانی دەوڵەتەکان و کۆمپانیاکان بۆ چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لە هێورکردنەوەی خەڵک و پاراستنی هەژمونی خۆیان هیچی دی نیە، هەوڵێکی نەزۆرکە بۆ پاراستنی زیاتری شکستە ئابوریەکان ، درێژکردنی پەنجەی تاوان لەنێو زلهێزەکان بەهەمان شێوە بەخشینەوەی وەهم و خۆشخەیاڵی و تیژکردنەوەی ڕەگی ناسیۆنالستی و پەردەپۆشی شکستەکانی خۆیانە ، تاوان خستنە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر تەنها دوژمنە وەهمیەکانە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستەی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن. ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کامانەیە؟
ئەکرەم غەریب: من پێم خۆشە لێرەوە ئاماژە بەوە بکەمەوە کە زلهێزەکان یەک جەمسەرن و چەند جەمسەری لەگۆڕێدا نیە ، ئەوەی کە هەیە دابەشکردنی کاری کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکانەو هیچی تر، لە مێژوی سەدەی ڕابردودا شاهیدی ئاڵۆگۆڕەکانی جەمسەرەکان بووین هەر لەپیاوە نەخۆشەکەوە هەتا بەڕیتانیای مەزن و جەمسەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەڵام لە ئەنجامی بەجیهانی بونەوەی خودی سەرمایە هیچ جەمسەرێک نەما ئەویش بە پشک پشکێنەی کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان، هەرئەوەی کە باس لە زەبەلاحی ئابوری چین دەکرێت وەکو جەمسەر ئەوا توند بونەوەی پرۆسەی کارە لەو ناوچەیەدا لە دابەشکردنی کاری کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان لەبەر هەرزانی هێێزی کارو مەوادە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنان، لەولاشەوە ئەمریکا وەک میلیتاریزەکردنی بەسەربازگەکردنی جیهان ئەرکی پاراستنی پشکی کۆمپانیاکانە نەک جەمسەری بەرهەمهێنان .
بێگومان لەسەر خوێن و ئارەقی کرێکارانی ناوچە بەمیلیتاریزەکراوەکان هەر لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا دەبینین چۆن هێزە میلیتاریزەکانی ئەمریکا کەوتونەتە جوڵە بۆ پارێزگاری لە خاوەن پشکەکانی سەرمایە لە ناوچە جۆراو جۆرەکان لە ترسی ڕوبەڕوبونەوەی بزوتنەوە کرێکاریەکان، نەک جەنگ لەگەڵ دوژمنە وەهم و خەیاڵیەکان. هێزە میلیتارێزەکانی ئەمریکا لەپێناو پاراستنی شکۆی دۆلار و شاردنەوی قەیرانەکان و بەرز ڕاگرتنی نرخی دۆلار دەیانەوێت وا نیشان بدەن ئێستاش جەمسەرێکن لە جەمسەرە گرنگەکان، بێگومان ئەویش بەشێکە لە بەخشینەوەی چەواشەکاری و فریودەریەکان .
قورسی ئەم قەیرانە بێگومان وابەستەیە بە قەیرانەکانی پێشوو ئەوەی کە بووە پاڵپشتی ڕاوەستان و بەپێوەمانەوەی قەیرانەکانی ساڵی 2008 بەدواوە ئەو تەوژمە ئابورەیە بوو کە کۆمپانیاکان لە چین قۆستیانەو لەبەر زۆری دانیشتوان و هەرزانی هێزی کار، بەڵام سەرەنجامی ڕەقابەت و ململانێی کۆمپانیاکان ئەو تەوژمە ئابوریە چینیشی گرتەوە لە مێژووی یەک جەمسەربونی سەرمایەوە یان بەواتا گشتیەکەی لەمێژوی جیهانگیری نوێوە هەموو خاوەن سەرمایەکان کاریان پەکخستنی کەرتە خزمەتگوزاریەکان وکۆکردنەوەی زیاتر و زیاتری قازانج بووە، هەموو ئەو بەرهەمە کاڵاییانەش لەو مێژووە بەدواوە ئەو کاڵایانە بوون کەلەپێناو بازاڕ و فرۆشتندا بووە، نەک دامەزراوەو بنیاتنان و پرۆژەی هەمیشەییەکان.
هەر بەواتای درێژەدان بە قەیران و ژیان لەسەر قەیران چونکە خودی سیستەمەکە لەسەر قەیران دەژی نەک چارەسەری قەیران (هەر لێرەشەوەیە کە سیستەمەکە چاکسازی هەڵناگرێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوبەناوە هەر جارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی نێوان ولاتەکان و تاقیگەجیاواەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟
ئەکرەم غەریب: کێشەی تەکنەلۆژیا و زانست لەسیستەمی سەرمایەداریدا هەمان کێشەی وەهم و خۆش خەیاڵی و دین و ئایدۆلۆژیاکانە، چونکە ئەم سیستەمە جیهانێک دەخوڵقێنێ کە هاوشێوەی خۆی بێت، بەداخەوە زانست و تەکنەلۆژیاش سەربەخۆ نین و وابەستەی هەمان پرۆسەی کار و بەرهەمهێنانن (هەر ئەوەندە بەسە ئاماژە بەو هەموو دکتۆرا و پرۆفیسۆرانە بکەین کە چۆن لە خزمەت سیستەمەکەدان) ئەوەش کە چارەسەری نەخۆشیە کوشندەکان بۆتە تەوتەم پەرستی، بەڵگەی شکستی خودی خۆیان و ئاماژەیشە بە قوڵی قەیرانەکان و ڕێگا چارەسەرکانی خودی قەیرانەکان پاشان نەخۆشی و ڤایرۆسەکان.
ئێمە باس لە ڤایرۆسێکی کوشندە دەکەین (دەشزانین خودی سستەمەکە باوکی هەموو ڤایرۆسەکانە) لە پێناو پاراستنی هێزی مرۆیی ڕێگاچارەی کەرەنتینە کردن و قەدەغەی هاتوچۆی لەسەرجەم ناوچەکانی جیهان گیراوەتەبەر ، سەرەتا ڕەنگە ئەوە گرنگ بێت ئاماژە بەخێرایی بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە بەگشت جیهاندا بکەین، بەبڕوای من هەمان هۆی ئابوریە کە هەموو کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان پشکیان لە چین هەبووەوە لەگەڵ هەموو ئاڵ و گۆڕو پەیوەندیە خێراکانی بازرگانیدا بەزوترین کات بەگشت جیهاندا بڵاوبویەوە، پاشان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێکارانەی دەوڵەتەکان لەبەرچاویان گرتوە دەکرێ بکرێتە سەنگی مەحەک بۆ دەسەڵاتداران ئەویش لە ئەنجامی پێویست بوونی هەرچی زیاتری هێزی کارەوەیە ، تا چەندە دەوڵەکان پێویستیان بەهێزی کاری هاوڵاتیانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەیە؟
ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانەئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟
ئەکرەم غەریب: هەرێمی کوردستانیش بێبەش نیە لەو هاوکێشەیە خاوەن سەرمایەکانی ئەم هەرێمە کە کەمترین هێزی کاریان پێویستە لەبەر ئەوەی سەرمایە گوزاری ئەمانە تەنها سامانە سروشتینەکانە بەتایبەتیش نەوت، کە زۆرینەی هێزی کارەکەی دەرەکیە بۆیە باکیان بەژیان و گوزەرانی خەڵکدا نایە، هەربۆیە بەدرێژایی حاکمیەتیان وەک هێزێکی میلیتارستی لەبەمبەر خەڵکدا وەستاونەتەوە هەموو ڕەنگ و دەنگێکی جیاوازیش خامۆش دەکەن، هەر ئێستاش کە زیاتر ترسیان لێنیشتوە لەژێر بیانووی جەنگ لەگەڵ ئێران دەیانەوێت هێزە میلیتارستەکانی ئەمریکاش بهێننە هەوڵێر بۆ پارێزگاری لە خۆیان و هەڕەشەی جەنگێکی خوێناوی تر لە ناوچەکە، هەتا زیاتر پاڵەپەستۆ بخەنە سەر هاوڵاتیان و شکستەکانی خۆیان بهاوێژنە ئەستۆی هاوڵاتیان .

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵکو لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟
ئەکرەم غەریب: من پێشتر ئامەژەم بەوەدا کەئەم سیستەمە چاکسازی هەڵناگرێ ، (چاکسازی واتا:پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خاوەن سەرمایەکان و دەستگرتن بەسەر کەرتی گشتی و خزمەتگوزاریەکاندا لەژێر بیانوی جەنگ و هەڕەشەی پەتای کوشندەی ئەم ڤایرۆسەدا، دەسەڵات زیاتر دەستی ئاوەڵا دەبێت کە هێرش بکاتە سەر خەڵکی زەحمەتکێش…

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران رێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەی باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟
ئەکرەم غەریب: ئەرکی (سۆشیالست خوازەکانە) هاوشانی بزوتنەوە کرێکاریەکان بوەستنەوە و پاڵپشتی و پشتیوانی و گواستنەوی ئەزمونی ناوچە جیاجیاکان بۆ بزوتنەوە کرێکاریەکان بگوێزنەوە، کە گرنگی خۆی هەیە، و داکۆکیکردن لە ناڕەزایەتیەکانی هێلەک زەردەکانی فەرەنسا داکۆکی کردنە لە ناڕەزایەتیەکانی بەغداد ، تاران ، هۆنکۆنگ ، وە ئێرەش .
سەرکەوتنی هەرلایەک سەرکەوتنە بۆ ئەوانی دیکەش، چونکە تەواوی ناڕەزایەتیەکان لەهەر شوێنێک دەرهاویشتەی توندبوونەوی پرۆسەی کارە بۆیە هەموو خواستەکان و داحوازیەکان خود بەخود خۆیان نێونەتەوەین هەروەک چۆن سەرمایە نێونەتەوەییە.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...