ستاری چیمەنتۆ: دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم، لەماوەی نزیک بە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش خەریکی دزینی پارووە نانی دەمی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بووە

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید-نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا …

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەداتبە بەرچاومانەوە چییە؟ کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟و چەند درێژە ئەکێشێت؟

ستاری چیمەنتۆ: زۆرسوپاس بۆ ئێوە، ئەلتەرناتیڤی سۆسیالیستی، کە ئەم فرسەتەتان ڕێکخستووە تا منیش بتوانم لەم گفتوگۆیانەدا بەشدار بم. سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لە دنیای بازاڕی سەرمایەداریدا ئەو فیلمانەی هۆلیوودیش کە ئێوە باسی دەکەن و جیهانێکی سەرشێتانە نیشان دەدەن هەروا بە بێ ئامانج بەرهەم ناهێنرێن و بێگومان جگە لەو قازانجە خەیاڵییە ی کە لێیان دەست دەکەوێ ناوەرۆکی پڕ لە وەهم و ترس و تۆقاندن یان شەڕوئاژاوەو کارەساتەکانیشی دەکەنە بەڵگەی پێشبینییە درۆیینانەکان، یاخود بەرنامە داڕێژراوە پێشوەختەکانی خۆیان و تەبلیغاتە خەتەرناکەکانیان، کە ڕۆژانە مێشکی ئینسانی پێدەشۆنەوە و بەوهۆیەوە ڕێگە ئاسانتر دەکەن بۆ باوەڕ پێهێنانی خەڵکی بەو دنیا ئاوەژووەی دروستیان کردووە
بە بڕوای من ئەمەی ڕوودەدات ڕێک بەکردەوە، ئەو سیناریۆی واقیعییانەیەی فیلمە هۆلیوودەکانەو جیهانێکی سەرشێتانەیە و ملیاردەها لە خەڵکی سەر ئەم گۆی زەوییە لەسەر دەستی سەرمایەداری و سیستەمەکەیدا بێکارو برسی لە ماڵەکانی خۆیاندا زیندانیی دەکرین بەناوی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە و ئەمە لە کاتێکدا کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانی ماڵەکانمانەوە دەبینین کە خاوەن کۆمپانیاکان و سیاسەتمەدارانیان ڕۆژانە لە هۆڵە داخروەکانیاندا بۆ داڕشتنی پلانە بۆگەنەکانیان بەدەستەجەمعی لە کۆبوونەوەدان و هیچ کامێکیشیان نەبوونە یەکێک لە قوربانییەکانی پەتای کۆرۆنا !!!
بۆیە من تاکە هۆکاری هەم پەتاکەو هەم ئەم هێرشە جیهانییەش بە خودی ئەو سیستەمە دڕندانەیە دەزانم کە هیچ شتێکی سەر ئەم گۆی زەوییەی بە سروشتیی نەهێشتووەتەوەو هۆکاری سەرەکیی پیسکردنی تەواوی ژینگەو کشتوکاڵ و بە کیمیاویکردنی خواردنەکانە لە پێناو قازانجی زیاتری بازاڕەکانی خۆیدا، ئەمە جگە لەو هەموو شەڕو ماڵوێرانیی و ئاوارەییەی کە دروستیان کردووە و بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی زۆرترین نەخۆشی و پەتا خەتەرناکەکان هەوڵێکی پووچمایەی هەر ئەو سیستەمەشە بۆ خۆدەربازکردنیان لەو ئەزمەیەی کە لەساڵی ٢٠٠٨ ەوە تێیکەوتوون!

ئایا چەندە ئەم دۆخە درێژە دەکێشێ؟! ئەوەیان هەرچی پەیوەندی بە پەتاکەوەیە بە بڕوای من درێژە ناکێشێت وحەتمەن لە کورتماوەدا کۆتایی دێت، ئەوەش قسەی زۆربەی توێژەرە زانستییە پزیشکییەکانە نەک من، چونکە ئەو جۆرە ڤایرۆسانە تەمەنی چەند مانگێکیان هەیە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا نامێنن و لەوانەیە لەدوای ساڵێک یان چەند ساڵێکیتر هەر ئەوە یان لە شێوازی تردا سەردەربهێننەوە، بەڵام ڕزگاربوونی سەرمایە و سیستەمەکەی لە ئەزمەیەکی خنکێنەر کە تێی کەوتووە هەروا ئاسان لێی دەرباز نابێت و ساڵانێکی دوورو درێژتر دەخایەنێت، وخێرا کۆتایی پێهێنانیشی بۆ ئەوەی بە قازانجی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بشکێتەوە ، ئەوە لە گرەوی هاتنەمەیدانی ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتییەکای ئەو خەڵکەدایە بە دژی ئەم دڕندەییەی سەرمایە.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستەی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن. ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کامانەیە؟

ستاری چیمەنتۆ: کۆڤید نۆزدە یان پەتای کۆرۆنا ئەو مەسەلە ڕیشەییە ترسناکە نییە کە وا زلهێزەکان گەورەیان کردووە، هەروەک پێشووتریش باسم کردووە و ئەمەش قسەی من نییە بە تەنها و بەڵکوو قسەی زۆرێک لە شارەزایانی ڤایرۆس و نەخۆشییەکانی هەناسە و سییەکانیشە و تازەترینیشیان ئەو چاوپێکەوتنەی دکتۆرڤۆدارگ Dr.Wlfgnag Wodargکە دەڵێ ئەم پەتایە ئەو ترسناکییە گەورەیەی نییە کە باس دەکرێت و لە وەڵام بە قسەکەی (ئەنگێللا مێرکلی ڕاوێژکاری ئەڵمانیادا( کە وتی لەوانەیە لە سەدا حەفتای خەڵکی ئەڵمانیا تووشی کۆرۆنا ببێت، ئەو دەڵێ بەپێی پرۆسەیەک کە ساڵانە خەڵکیی تووشی ئەنفلۆنزا دەبێت، بێگومان ڕێژەیەکی زۆر دەبیستی کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا ئەنفلۆنزایان گرتووە، و چاک بوونەتەوەو دووبارە تووشی بوونەتەوەو خەڵکانی تریش هەربەوشێوەیە گرتوویانە وبەوشێوەیە ئەو ڕێژەیە بێگومان لەبەرزبوونەوەدا دەبێت و تا کۆتایی ساڵ لەوانەیە بگاتە لە سەدا حەفتای کۆی هەموو خەڵکی ئەڵمانیا و لەو ڕێژەیە بەشێکی کەمی لە فەحسەکاندا کۆرۆنا دەردەچێت و ئەوەی تریش کە دەمێنێتەوە زۆرێکی چاک دەبنەوە و ئەوانەی گیانیش لەدەست دەدەن بێگومان ئەوانەن کە بە سەختیی گرتوویانە .هەروەها ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ساڵەهای ساڵە لە نەخۆشیی ئەنفلۆنزادا و ئەو ڤایرۆسەی کە تووشی کەسەکان دەبێ تەنها بە ڕێژە ی لە سەدا پێنج تا لە سەدا پانزەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.
کەواتە بە بڕوای من ئەو ڕێکارانە لە ڕووکەشدا وای پیشان دەدەن کە لە بەرژەوەندیی خەڵکیدایە، بەلام لە ڕاستیدا ئەوانە هەوڵێکن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ئەزمە قووڵەکانی نێوان خۆیان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دنیا، لە نێوان چین و ئەمریکا وە یان سێکوچکەی چین ئەمریکا ڕوسیا کە دەیانەوێ سیستەمێکی نوێی بازاڕ و بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان وسەرچاوە نەوتی و کانزاییەکانی تری جیهان سەرلەنوێ دابڕێژنەوەو لەو نێوەدا کۆمەڵێک لەوان لەناو بچێت و ئەوبەشەی کە دەمێنێتەوە جیهان ببات بەڕێوە و بۆ ئەمەش ئەو زلهێزانە پێویستییان بە جۆرێک لەم سیناریۆیە هەبوو وە تەنیا لایەنێک کە زەرەرمەندی سەرەکیی دەبێت ئەوە تەنها خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی جیهان دەبێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوبەناوە هەر جارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی نێوان ولاتەکان و تاقیگەجیاواەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟
ئەوە دروستە کە تاقیکردنەوە بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێک لە نزیکەی پەنجا ووڵاتی سەرتاسەری جیهاندا بەڕێوە دەچێت .بەڵام ئەوەی کە بۆچی ناتوانن پێکەوە هاوکاریی ناکەن و بە ئەنجامێک ناگەن ئەوە بەهیچ شێوەیەک شکستی تەکنەلۆژیی نییە، بەڵکوو هەمان ئەو هۆکاری کێشمەکێش و پێشبڕکێیەیە کە لە نێوان تاقیگە و کۆمپانیاکانی دەرمانسازیدا هەیە هەر یەکەیان دەیەوێ خۆی ببێتە خاوەنی ئەو ڤاکسینەو بازاڕی جیهانی پێداگیر بکات و ملیاردەها قازانج بۆ خۆی ببات نەک ملیاردەها ئینسان لە خەتەری پەتاکە ڕزگار بکات ئەوە ئەسڵی کێبڕکێکەیانە!.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانەئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟

ستاری چیمەنتۆ: حکومەتی هەرێمیش وەک هەموو حکومەت و دەسەڵتەکانی تری جیهان دەبێت پابەندی ئەو بڕیارانە بێت کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییWHO دەریدەکات چونکە ئەوە بڕیاری کۆمپانیا گەورە تەندروستی و دەرمانسازییەکانی جیهانە بۆیە کارەکانی دەچێتە هەمان چوارچێوەوە، و لە کاتێکدا ئەم دەسەڵاتە خۆی لە هەموو خزمەتگوزارییەکی خەڵکیی داتەکاندووە و سی دانە ساڵە نەیتوانیوە و نایەوێ کێشەی نەبوونیی ئاوو کارەباش کە سەرەتایی ترین مافی خەڵکییە چارەسەر بکات، ئەوا ئێستاش بە دڵنیاییەوە خۆیان لە گشت خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەشارنەوەو هەر بەند وبەستێکی بازرگانی و قاچاخچێتییەکی ژێربەژێر هەبێت دەیکەن، وە ئەم کەرەنتینە زۆرەملێیەش بۆ ئەو دەسەڵاتە باشترین وەسیلەیە تا جارێکیتر خۆیان لە مووچە پێدان و بژێویی خەڵکی کوردستان بدزنەوە.
لەم نێوەدا بە بڕوای من دەبێت خەڵکی کوردستان وە بە تایبەت ئەوانەی کە لە شوێنە کاریگەرەکانی وەک خەستەخانە و پاککردنەوەی شار و بەڕێوەبەرایەتییەکان کە تا ئێستا لەسەر کار ماون لە وێنەی کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ دەبێت هەڕەشەی مانگرتن بکەن و ڕێگە نەدەن کە ئەو پلانەی دەسەڵات ببرێتە سەر.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵک و لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟

ستاری چیمەنتۆ: ئەم دەسەڵاتەی کە پێی دەڵێن حکومەتی هەرێم، لەماوەی نزیک بە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار و بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش خەریکی دزینی پارووە نانی دەمی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بووە، و خۆشیان تاهاتووە زیاتر زیاتر سەرمایەکانیان کەڵەکە کردووە، و ئێستاش دیسان دەیانەوێ بەناوی ئەزمەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و کەمیی بازاڕەوە جارێکیتر دەست بکەنەوە بە بڕینی مووچە و دزینی ئەو بژێوییە کەمەی کە خەڵکیی هەیبوو، بەڵام ئەگەرچی هێزەکانی دەسەڵات ئێستا لەجاران زیاتر یەکدەست ترە، و زۆربەی هەرەرە زۆریان و بەشێکی گەورەی باڵەکانی یەکێتییش بە هەژموون و دەسەڵاتە ئابووری و سەرکوتگەرییەکەی پارتی هەڵدەسوڕێن و بڕیارەکانی پارتی جێبەجێ دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسێکی گەورەیان لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکان هەیە و بە بڕوای من ئەو دەسەڵاتە بە فرت وفێڵ و شێوازێکیتر دەست بۆ بڕینی مووچە دەبات و هەروەک ئەوەی ئێستا کردوویەتی مانگ لە سی ڕۆژەوە دەکاتە چل وپێنج ڕۆژ و ئەوەش گەر مووچەی تەواوی مانگێکیش بدات کەواتە نیو مووچەی داوە ! بۆیە لەبەرانبەردا دەبێت خەڵکی کوردستان زور ئاگاهانەتر و ڕێکخراوانەتر بێتە مەیدان و ئەمجارە تەواوی ئەو ڕشتانەش کە مووچەیان وەرگرتووە بچنە پشتی کرێکاران و فەرمانبەرانێک کە مووچەکانیان دزراوە و پێکەوە گەر ناتوانن لەم بارودۆخەدان بڕژێنە سەر شەقامەکان ئەوا بڕیاری مانگرتنی گشتیی بدەن تەنانەت دوکان و بازاڕەکانیش ببنە پشتیوانیی چونکە گەر خەڵکی کوردستان مووچەی نەبێت دیارە هێزی کڕینیشی نابێت و کرێکارانێکیش کە لە بازاڕەکاندا کاردەکەن بێکار دەکرێن

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران رێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەی باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟

ستاری چیمەنتۆ: بۆ وەڵامی دواهەمین پرسیارتان من دەڵێم لە پاڵ ئەم جۆرە لە کاری ماندوو نەناسانەی ئێوەدا لە پێناو هەرچی زیاتر هێنانە قسەی هەڵسوڕاوان و کەسانی سۆسیالدست وهەوڵدان بۆ هوشیاریی پێدانی زیاتر سەبارەت بە و هەوڵانە ی بۆرجوازی کە لەسەرەوە باسم کردوو هەموو ئەوانەش کە من لێرەدا ئیشارەم پێنەداوە و تەواوی ئەو کارانەش کە ڕۆژانە لە سۆسیال میدیا و لە ئاست تەبلیغاتیی کۆمەڵایەتیدا لەلایەن گشت هەڵسوڕاوانی کۆمونیست و ڕێکخراوەو حیزبە چەپ و کۆمونیستییەکان دەیبیستین و دەیبینین هەر هەموویان دەکرێت یەک بخرێت و لە ئاستێکی بەرزدا ڕێک بخرێن و پێکەوە کاری جیددی لەسەر بکرێت تا لانیکەم ببێتە بنەمای کارێکی هاوبوشی هەمەلایەنە لە پێناو ڕێکخستنێکی باڵاتر و بەرزتری بزوتنەوەی کرێکاریی سۆسیالیستیدا .چونکە کاتێک دەبینین کە سەرمایەداریی هیچ کات لە مێژووی هاوچەرخدا هێندەی ئێستا لە ئەزمەی قووڵ و خنکێنەردا گیری نەخواردووە دەبێت ئێمەش واتە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمونیستی ئەم هەلە و ئەم بۆشاییە بقۆزێتەوەو بەوپەڕی تواناوە هێزەکانی خۆی یەکگرتتو و یەکدەست بکات و ئەم دۆخە بە قازانجی بەسەکەوتن گەیاندنی شۆڕشی کرێکاری وکۆمونیستیدا بشکێننەوە و وە من هیوایەکی گەشم بەو شەپۆلە کۆمونیستییە تازە چەکەرە گرتووەی سەرتاسەری جیهان هەیە
دەستی ئێوە و هەمووئەوانیتریش لەو پێناوەدا بەگەرمی دەگوشم

Dr. Wolfgang Wodarg

پزیشکی تایبەتی سییەکان
1947
لەدایکبووە
ساڵانێکی زۆرە لە بوارەکانی تەندروستیی و پزیشکیاریی پەتاکان و ئابووریی تەندروستیدا کار دەکات و ڕەخنەگرێکی توند ناسراوی بەرنامە و سیاسەتەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییە و پێیوایە کە ئەو ڕێکخراوەیە هەم ترس دروستکەرە لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا لەجیاتیی هوشیاریی ڕاستەقینەی پزیشکیی و هەم بە دوای سەرمایەگوزاریشەوەیە!

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

عومەر خەتات: سەرمایە لە ئاست دنـــیادا فەلەج بووەو کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی بە جۆرێکی تر بیر لە بارودۆخی کار و ژیــان و ئازادی و دابەشکردنی سەروەتی کۆمەڵگە بکاتەوە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...