کاتێک نادادپەوەریی ئەکرێتە یاسا، هاوپشتی چارەسەرو دادپەروەریی پێکوتەیە!

کامەران ئەحمەد

هاوشان لەگەڵ ڕێژنەی ئامۆژگاریەکانی دەزگاو میدیا حکومیی و بۆرژوازییەکان لەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، و ڕاهێنانی کۆمەڵگا لەسەر سەپاندنی باردودۆخ و کەشوهەوای دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازیی، جار جارە مقۆمقۆی ناوەندە دارایی‌یەکانی هەرێم لەسەر ئایندەی مووچە ودەستکاریکردنی و دانی بە گوێ‌ی خەڵک لێرەولەوێ دەستیپێکردووە. ئاماژەدان بە دابەزینی نرخی نەوت، و خراپی بارودۆخی نێوخۆیی عێراق و کەڵەکەی قەرزی دەرەکی،و باردودۆخی وڵاتە پیشەسازییە گەورەکان کە دەرگیری قەیرانێکی ئابوری خنکێنەرو داڕمێنەر بوونەتەوە ،خاڵی کۆک و جەوهەری هەموو میدیا بۆرژوازییەکانە تا لە ڕێگەیەوە بارودۆخێک سازو ئامادە بکەن و بتوانن بەهانەکانی دەستبردن بۆ مووچە و شکاندنەوەی هەموو شکست و قەیرانەکانیان بەسە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لە ئایندەدا بسەپێنن. هێشتا زروفی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ‌ی عێراق چڕنوکی خۆی لە دەسەڵات گیرنەکردووە لە ٤ی نیسان ڕایگەیاند ” عێراق بە کارەساتێکدا تێئەپەڕێت و لەوانەیە حکومەت نەتوانێت مووچەی هەموو فەرمانبەران دابین بکات، ئابوری داینەمۆی بنەرەتی حکومەتی داهاتووە و مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانێک کە ئەیانەوێت سەرمایەگوزاری ئابوری بکەن ئەولەویەتی هەیە”. جگە لە پەیماندانەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا، وهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و ڕوون لە داهاتوو!
حکومەتەکەی مەسروریش کە هەموو هیوای خۆی بە چوونەسەری نرخی نەوت و هاتنی گەرمای هاوین بۆ لەناوچوونی ڤایرۆسەکە بەستووەتەوە، ئەگەرچی دواین ڕاپۆرتی ( ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانست- ئەندازەسازیی- دەرمانسازیی ) کە لە ٧ی نیساندا بڵاوکراوەتەوە زۆر هیوابەخش نابن چونکە پسپۆرەکان لە ئەنجامی چەند تاقیکردنەوەیەک گەیشتوونەتە ئەم ڕاستیانە کە ڤایرۆسەکە لە پلەی ٥٦ پلەی سەدیدا هێشتا بۆ ماوەی نیو سەعات و لە پلەی ٧٠ پلەی سەدیدا بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمێنێتەوە. هاوکات وابەستەیی خۆی بە عێراق دووپات ئەکاتەوە هیچ کات لەتوانییدا نییە سەربەخۆیانە هەنگاوبنێ و خۆی بکاتە پاڵەوانی فریادڕەسی چینی بۆرژوازیی. بێگومان بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە حکومەتەکان هیچ کاتێک کێشەکانیان لە کرۆکەوە چارەسەر نەکردووە، بەڵکو ڕواڵەتیانە بۆ دەربازبوون لێ‌ی دەستیان بۆ یاساداڕشتن بردووەو پاساوی هەر یاسایەکیشیان بۆ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ناسک و خواستراوو مێژوویی گەڕاندووەتەوە. ئەوە ململانێ‌ی نێوان چینی بۆرژوازیی(کەمینەیەکی یەکجار کەمی دەسەڵات و سیاسەت و بازرگانیی ) پێکئەهێنن و چینی کرێکار(جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار، مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆرانی تر) دواین مەیدانی یەکلاکەرەوەی هەر دەستبردنێکی حکومەتە وەک نوێنەری چینی بۆرژوازی بۆ بڕین، دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی مووچە، بەڵام چەند فاکتەری سەرەکی کاریگەرییان لە ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەیدا هەیە وەک ئاستی ئامادەیی و توانایی بەرەنگاربوونەوە، بەرچاوڕۆشنی، ناپەرتەوازەیی ویەکگرتوویی و ڕێکخراوبوون.


هاوپشتی چارەسەرە، دادپەرەوەریی پێکوتەیە!
بە گشتی کرێی کار(هەقدەستی ڕۆژانە یان مووچەی مانگانە) لە سیستمی ئابوری ئازاددا بۆ خودی جیهانبینی سیستمەکە و تێڕوانینی بۆ ئەو سروشتی پەیوەندیە کە لە نێوان خاوەنکار( تاک بێت یان دامەزراوە، یان دەوڵەت) و کرێکاردا هەیە ئەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای سوود و قازانجی خاوەنکار بە پلەی یەکەم دامەزراوە. . کرێ و مووچە ئەو تێچوونەن کە لە پرۆژەیەکی خزمەتگوزای یان بەرهەمهێن بە خەرج ئەدرێن بۆیە کەم و زۆریی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بڕی قازانجی خاوەن کار هەیە. تا بڕی مووچە و کرێ زیاد بن، تێچووی بەرهەم زیاتر و بەو پێیەش قازانج کەمتر ئەبێت. تا بڕی مووچە و کرێ کەم بن، واتە تێچووی بەرهەم کەمتر و بەو پێیەش قازانج زۆرتر ئەبێت. عێراق و کوردستانیش بەدەر لەم هاوکێشەیە نین.
جەنگە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و ململانێ‌ خوێناویەکانی باڵ و ڕەوتە جیاوازەکانی بۆرژوازیی لەسەر دەسەڵات بەو پێیەش سەرمایەو سەرچاوەکانیی، بارودۆخی کارکردن و مووچەی بە ئاستێکی یەکجار نزم گەیاندووە. کەمی مووچە کە بەشی ژیانێکی خوار ئاستی ئاسایی ئەکات هاوشانە لەگەڵ زۆرترین کاتی کارکردن، نەبوونی گرێبەستی کار لە زۆرترین حاڵەتەکاندا، سەختبوونی هەلومەرجی کار لە ڕێگای توندکردنەوەی کێبڕکێ‌ی نێو بازاڕی کارو نەبوونی سەلامەتی کار، و …هتد ئەمانەو سەرباری ئەوەی کە کوردستانی ژێر سایەی حزبە بۆرژوازییەکاندا(کە لە چەند تۆڕی مافیای دەستەوتاقمی بنەماڵەییدا خۆیان ڕێکخستووە)خاوەنی چەند تایبەتمەندی ترە، ئینفلیجکردنی تەواوی سەکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و دەستگرتن تەنها بە پیشەسازی نەوت لە رێگای کۆمپانیا بیانییەوە، چڕنوکگیرکردنیان لە بازرگانیی هەموو کایەکان ژیانی خەڵک لە پێداویستیەکانی ڕۆژانەوە بگرە تا کەرتی تەندروستی، داخستنی هەموو دەروازەکانی دامەزراندن بۆ خەڵک بە گشتی و تایبەتکردنی تەنها بە ئەندامانی حزبی و هەڵگرانی تەزکیەی حزب( پشک پشکێنەی حزبە دەسەلاتدارەکان و هاوبەشەکانیان لە حوکمرانیی) بەمەش دروستکردنی تۆڕێک لە خەڵکانی بەرژەوەندخواز لەگەڵیان، داخستنی هەموو دەرگای بوارەکانی کار وتەنها کردنەوەی دەرگای دامەزراندنی بەلێشاو لە دەزگا ئەمنی، سەربازی، و سیخوڕییەکان. هەریەکەیان بە جۆرێک لمۆزی خۆی لە سەرچاوەو داهاتی ناوچەیەک بە شێوازێک گیرکردووە . تەنها تێڕوانین لە بەندەکانی یاساکانی چاکسازی دڕندەیی و چڵێسی و پانتایی دزییەک نیشان ئەدەن کە بەدرێژایی دەیان ساڵە هەرخۆیان یاسایان بۆ داڕشتووە و ئەنجامیان داوە.
بازرگانی و سیاسەتی بۆرژوازیی دوو ڕووی یەک دراون، مێژووی ئەم چەند ساڵە رێگاخۆشکردنی سیاسییە بۆرواژییەکان بووە بۆ ئاسانکردنی بازرگانیی و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەی چەندەها بازرگان کە خۆیان بەشێک بوون لێ‌ی، دەستگیرۆیی دەیان بازرگانی ملیاردێر تا جارێکی تر بە دەوری خۆیان هەڵسن تا دەنگیان بۆمسۆگەر و پێمسۆگەر بکەنەوە بۆ دارشتنی ئەو یاسایانەی کە ئاسانکاری بازرگانییان بۆ ئەکاتەوە. ئەمە لووپێکە لە بەرژەوەندخوازی هاوبەش و بەردەوامی سیاسەتی بۆرژوازیی و بازرگانیی. ئەو بازرگانە گەنجانەی (کە لە سایەی گەندەڵیی حزبە دەسەلاتدارەکان خۆیان و سەرمایەکانیان هەڵتۆقین ) لە ژێر قەرز یان بێبەشکردنیان لە قەرزی زیاتری حکومەت پرۆژەکانیان دووچاری شکست و ڕێگری ئەبووەوە هەرزوو بۆیان ڕوون بووەوە لەم جەنگەڵستانەی کێبڕکێ‌ی بازاڕی ئازاددا تەنها دەستگرتن بە حەبلی سیاسەت و هەڵبژاردنی پەرلەمانەوەیە خۆیان و پرۆژەکان لە نوقمبوونی دەریای قەیرانی ئابوری و مایەپووچی ڕزگار ئەکات. ڕۆژانە لە میدیاکانیانەوە بە نیشاندانی چەند پاڵەوانی جیهانی کە لە سفرەوە دەستیان پێکردووە و ئێستا لە پێشەنگی ملیاردێرەکانی جیهاندا قەراریان گرتووە ئەفسانەی خۆشبژێوی وهەلومەرجی یەکسانی ژیانی تاکمان لە سایەی سەرمایەداریدا بیر ئەخەنەوە. بەلام لە ئاست نیشاندانی ئاماری قوربانییەکانی هەر ئەم بازاڕو کێبڕکێ ئازادەی کە ڕۆژانە دەهۆڵی بۆ ئەکوتن، سالانە نزیک بە یەک ملیۆن و نیو تەنها گیان لەدەستدانی نەخۆشی سیل دەرئەنجامی پیسوونی هەوا بەهۆی کارگاکانی پاڵەوانەکانیان! و نزیکە بە ٨٠٠ هەزار گیان لەدەستدان بەهۆی پیسبوونی ئاوەوە چاو دائەخەن!
لە جەرگەی بارودۆخێکی وادا مووچە نەک هەر هاوتابوونێکی لەسەر ئاستی گشتی کۆمەڵگا نەبووە، بەڵکو بۆ هەمان کار و بۆ هەمان کەرت و هەمان پلەی وەزیفیی جیاوازی بێئەندازە بەدی ئەکرێ. هەریەکەیان بە جۆرێک دەستئاوەڵا کراون لە دیاریکردنی مووچە، لەگەڵ هەر داخوازێکی چوونەسەری مووچەدا بۆ خوڵقاندنی کێبڕکێ و کەمکردنەوەی، نوسینگەکانی هێنانی کرێکارانی بیانییان خستووەتە گەڕ بە کەمترین بەرپرسیارێتی لە ژیان و مووچە و تەندروستی کرێکارانی بیانی دوای هاتنیان . لە کاتێکدا کە بۆ دامەزراندن یان بۆ ڕزگارکردنی کۆمپانیاکانیان قەرزی سەدان ملیۆنی هەڵئەڕێژن بەڵام کە دێتە سەر مووچە کە تاکە سەرچاوەی بژێوی سەدان هەزار خێزانە بەزیاد و بە ناڕەوای لە قەڵەمی ئەدەن و داوا لە خەڵک ئەکەن کە لە پێناو نیشتمان و ڕزگارکردنیدا لەو کارەساتانەی کە هاتووتە ڕێی بەرگەی سەختیەکانی کۆمەڵگا بگرن و لە مووچە و دەرماڵە خۆش بن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەژێر لێوەوە باس لە وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیاکان ( کە هەر خۆیانن یان شەریکن تیایدا) کە نزیک بە ٨٠٠ ملیار دینارە و هەندێکیشتیان باس لە تریلیۆنێک دینار ئەکەن. ئەمە سەرباری ئەوەی کە نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار قەرزاری خەڵکن. سیناریۆکانی دەستبردن بۆ مووچە، بڕین یان دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی هەرچییەک بن، لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە حکومەت نوێنەری چەند بانک و سەرمایەداری چاوچنۆک و چینێکی مشەخۆرە کە نزیک بە سێ دەیەیە لەهەر قەیرانێکدا کە ئەیهێننە بەردەم کۆمەڵگا پەمپی پارە بە کۆمپانیا و دامەزراوەکانیان ئەکەن بەڵام لە ئاست لە ژیانی خەڵکدا بێدەربەستەو کەمترین بەرپرسیارێتیش نانوێنێت ،چاویان لە گیرفان و مووچەی خەڵکانێکە تا بە کەمترین زیانەوە لێیدەربچن و شکستەکانی خۆشیان بە زۆرینەی کۆمەڵگا بژمێرن. ئەوەی کۆمەڵگای دووچاری قەیران یەک دوای یەک کردووە و بەم بارودۆخە گەیاندووە نادادپەرەریی سیستمێکە کە بەرژەوەندی و سوودی کەمایەتیەک ئەخاتە پێش بەرژەوەندی و تەندروستی خەڵکەوە.
هەموو ئەم نادادپەروەرییانە و کردنیان بە یاسا لە باردودۆخی نەبوونی هۆشیاری و بەرچاوڕۆشنی خەڵک بە ماف و بەرژەوەندییەکانیان، پەرتەوازەیی و ناڕێکخراوبوونیاندا ئەچنە پێش. ئێمە هێشتا لە سەرەتای قەیرانێکی خنکێنەرداین کە باسکردن و دەستبردن بۆ مووچەی بژێوی خەڵک هێشتا سەرەتای هێرشەکەیەو دواین پەلاماردانی بۆرژوازیی نابێت. هەربۆیە پێویستە کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری بەرچاوڕۆشنتر هەر لە ئێستاوە قۆڵی خۆڕێکخستن و یەکگرتویی لێهەڵماڵن تا خۆیان و چینەکەیان سازو ئامادە بکەن. تەنها هاوپشتی و یەکێتی و یەکگرتوو و رێکخراوبوونی کرێکارانە کە شکست بە هەموو پیلانێکیان دێنێت.

 

ڕاپۆرتی ( ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانست- ئەندازەسازیی- دەرمانسازیی )

ئەفسانەی ژیانی تاکەکەس لە ژێر سایەی سەرمایەداری

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

مه‌رگی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی و زه‌روره‌تی له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵی خه‌ڵك له‌ كوردستاندا – وەرگیراو/ کارزان عەزیز

وتارێك به‌ كوردی ده‌رباره‌ی:مه‌رگی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی و زه‌روره‌تی له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵی خه‌ڵك له‌ كوردستاندا هه‌روه‌ها ...