وەستا جەلال: سەرمایەداری لە سالی ٢٠٠٨ وە توشی داڕمانی ئابوری بووە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید- نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا …لەگەڵ وەستا جەلال

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەداتبە بەرچاومانەوە چییە؟ کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟و چەند درێژە ئەکێشێت؟
وەستا جەلال: ئەوەی کە دەیبینین هەمووخەلکی دنیای بەیەک شێوە توشی ترس و نیگەرانی کردوە، دیارە تەنها ترس و نیگەرانی لە خودی ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە، ترس ونیگەرانی سەرەکی لە سیستەمی ئابوری، سیاسی و کۆمەلایەتی سەرمایەداریە، سیستەمی سەرمایەداری هەمیشە مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ و تێکدانی ژینگە و لەناو بردنی سروشت، بۆیە ئەوەی ئێستا ئێمە وەکو فلیمێک دەیبینین بەرهەمی واقعیەتی بازاڕی ئابوری سیستەمی سەرمایەدارییە، سەرمایەداری لە هەموو هەلومەرجێک بەدوای بەدەست هێنانی سود و سەرمایەی زیاتری خۆیەدا دەگەرێت، لە روانگەی بەرژەوەندی مادی خۆیەوە، دەڕوانێتە ژیان و گوزەرانی کرێکارو خەلکی زەحمەتکێش، داخستنی کارگە، دوکان، قاوەخانە، هوتێل، چێشتخانەو شوێنە گشتیەکان، تەنها لەبەر بلاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەندورستی ژیانی هاولاتیان نیە، بۆرژوازی ئەگەر بەتەنها مەبەستی پاراستنی تەندروستی ژیانی مرۆڤ بێت، دەبێت دەست لە و هەموو شەرە هەلبگرێت کە رۆژانە هەزاران مرۆڤ لەژێر بۆمببارانی فرۆکەکانیان گیان لەدەست دەدەن و دوکەڵەکەشی سروشت لەناو دەبات، دەبێت ئەو هەموو کارگانە دابخات کە دەبنە هۆی پیس بونی ژینگەو دروست بونی هەزاران نەخۆشی، دەبێت ئەو هەموو کۆمپانیایە دابخات کە قاچاخی بە دەرمانی خراپ و ماوە بەسەرچوو دەکەن، کە بۆتە هۆی کوشتنی بەملیۆن مرۆڤی سەر گۆی ئەم زەویە. سەرمایەداری لە سالی ٢٠٠٨ وە توشی داڕمانی ئابوری بووە، بۆ دەرچون لەم قەیرانە پێویستی بە رێکخستنەوەی بازاری ئابوری، و پەیوەندی کۆمەلاتی و دەسەلاتی سیاسی لە ناوەخۆو دەروەی ولات هەیە، ئەم پەتایە بۆتە هەلێک بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەست بە ئەو ئالوگۆرە ئابوری و کۆمەلایەتییە بکات. بۆرژوازی لەئێستادا دەیەوێت بە دوو شێوە کەلک لەم پەتایە وەربگرێت، یەکەم: داسەپاندن و تازەکردنەوەی هەژمونی دەسەلاتی سیاسی خۆی بەسەرخەلکدا. دووەم: سەرمایەداری لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای زیرەک لە جیاتی کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری کرێکار، توانیویەتی لە رێگای تەکنۆلۆژیای زیرەک سەرمایەکی زۆر بەدەست بهێنێت و خەرجیەکانیشی کەم بکاتەوە، بەبیانوی ئەم پەتایە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و خەلکی زەحمەتکێش بێکار دەکەن، تاکو ئێستا چەندین کارگەی بچوک، کاری خزمەتگوزای و بزنس داخراوە، زۆرێک لە کاری دلیفەری، هاتوچۆ و خوێندنی زانکۆکان لە رێگای تەکنۆلۆژیای زیرەک ئەنجام دەدەن، کە دیارە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی پەیوەندی کۆمەلایەتی وهاوپشتی رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکانیش داناوە. لە ئێستادا سەرمایەداری لەبەردەم مێزی دادگادی کۆمەلگەدایە، درچون و رزگار بونی لەم دادگایە پەیوەندی بە ئاستی هوشیاری و رێکخراوبونی چینی کرێکار و خەلکی زەحمەتکێشەوە هەیە، من پێم وایە بەهۆی ناهوشیاری و رێکخراو نەبونی چینی کرێکار و خەلکی زەحمەتکێش بۆرژوازی ئەم جارەش دەتوانێ بۆ ماوەیەک بەسەر ئەم قەیرانەدا زاڵ بێت و لەم دادگایی کردنە رزگاری بێت، بەلام لەبەر ئەوەی ریشەی سەرەکی قەیرانی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری پەیوەندی بە بەرهەم هێنان، دابەشکردن و خەرج کردنەوە هەیە، ناتوانێ بەم شێوەیە درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستەی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن، ئەمە چەندە ڕاستە؟ ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کامانەیە؟
وەستا جەلال: ناکۆکی وڵاتانی سەرمایەداری بەتایبەتی ناکۆکی نێوان ئەمریکاو چین لە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نیە، کە پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتر درێژ دەکەن، لەسەر خۆشەویستی، یان لەسەر باشتر کردنی ژیان، تەندورستی، کار و ماڤی هاولاتیان نیە، بەلام ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتە بەهانەیەک بۆئەوەی بازاری ئابوری خۆیان لە دارمان پێ بپارێزن، بەڵام دیارە کێشەی نێوان ئەمریکاو چین، زۆر گەورەتە لە کێشەی ئەو پەتایە، هەڕەشەکردن لەیەکتری لەبەر بەرژەوەندی ئابوری و باڵادەستی بەسەر بازاڕی ئابوری جیهان. داڕوخانی ئابوری سیستەمی سەرمایەداری سەرتاپای وڵاتانی دونیای گرتۆتەوە، پەیوەندی بە چەند ولاتێکەوە نیە، بەڵام دیارە کاریگەری لەسەرهەندێک وڵات زیاترە. چین لە مەیدانی تەکنۆلۆژیای زیرەک لە ئەمرکاو روسیا زۆر لە پێش ترە، ئەوەش وایکردەوە ئابوری چین لە بەرامبەر بازاڕی ئابوری ڕوسیا و ئەمریکا زیاتر گەشە بکات، بەپێێ ڕاپۆرتیکی چین کەلە گوگل بلاو کراوەتەوە، بریارە تاکو ساڵی ٢٠٣٠، ٣٠٠ جۆری تەکنۆلۆژیای زیرەک لە بواری پزیشکی بە ڕوسیا بفرۆشێت، کەدیارە زیاتر گەشە بە بازاری ئابوری چین دەدات.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوبەناوە هەر جارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی نێوان ولاتەکان و تاقیگەجیاواەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟
وەستا جەلال: تا کو ئێستا، هیچ وڵاتێک نەیتوانیوە ڤاکسینگێک بۆ ئەم ڤایرۆسە بدۆزێتەوە، لەبەر بێ توانایی مادی، تەکنۆلۆژی و پزیشکی وڵاتە زلهێزەکان نیە، سەرمایەداری لە پێناو بەدەست هێنانی سود و سەرمایەیی زیاتر، لە رێگای تەکنۆلۆژیای زیرەکەوە توانیویەتی باشترین ئامێری شەڕکرن بۆ ئاسمان، سەرزەوی و ژدێر دەریا دروست بکات، باشترین ئامێری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت دورست بکات، ئامادەن بە ملاین دۆلار لە و مەیدانانە خەرج بکەن، بەڵام ئامادە نین بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی هاولاتیان، بەشیک لە بودجەی نەوت، سامانی سروشتی و پارەی کۆمپانیاکان، خەرجی کەرتی تەندروستی گشتی بکەن، بۆیە نەدۆزینەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندی بە توانایی تەکنۆلۆژیا و نەبونی سەروەت و سامانی مادیەوە نیە. لەبەر گرنگی نەدانە بە کەرتی گشتی و خزمەت گوزەرانیەکان لە لایەن سەرمایەداریەوە، بەتایبەتی گرنگی نەدان بە کەرتی تەندروستی گشتی. ئامادەن بۆ کردنەوەی بازاڕی ڕەشی کرین و فرۆشتنی دەرمانی خراپ و بەسەرچوو، لە پیناو قازانجی کۆمپانیاکانی سەر بەخۆیان، بە هەزاران کەس توشی نەخۆشی بکەن، بەلام نایانەوێت پێشترئامادەکاری بۆ دۆزینەوی پەتای کوشندە و کارەساتێکی سروشتی بکەن، کە دەبێتە هۆی کوشتن و مردنی هەزاران مرۆڤ.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوییی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانە ئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟
وەستا جەلال: تاکو ئەو کاتەی هیچ چارەیەک بۆ ئەم پەتایە نەدۆزراوەتەوە، باشترین رێگا بۆ پاراستنی تەندروستی گیانی هەموو کەسێک کەرەنتینە کردنە، دانیشتن لەمالەوە، نەچونە دەرەوە و دورکەوتنەوە لە شوێنە گشتیەکانە. جێبەجێ کردنی رێکاری کەرەنتینە، بە تەنها ئەرکی حکومەت نیە، بەلکو خەلکیش دەبێت خۆیان هەست بەو بەرپرسیارەیەتیە بکەن و تەندورستی ژیانی خۆیان پێ گرنگ بێت، مەسەلەی شێوەی توندکردنەوەی رێکارەکانی کەرەنتینە کردن لە هەر ولاتێک لێک جیاوازە، بەشێکی پەیوەندی بە ئاستی وشیاری کۆمەلایەتییەوە هەیە، بەشێکیش پەیوەندی بە بەرپرسیارەتی دەسەلاتداران وحکومەت هەیە. جێبەجێ کردنی رێکارەکانی کەرەنتینە لە هەندێک ولات وهەرێمی کوردستانیش لە رێگای بریاری و حکومەت و توندوتیژی پۆلیس و هێزی چەکدار جێبەجێ دەکرێت، لەبەر ئەوەی پەیوەندی حکومەت بە خەڵک لەسەر بنەمای بەرژەوەندی مادیە، حکومەت داوا لە خەلک دەکات خۆیان کەرەنتینە بکەن، بەلام ئامادەنیە پێداویستی ژیانی رۆژانەو خزمەت گوزاریەکانیان بۆ جێبەجێ بکات، کرێکار وخەلکی زەحمەتکێش، چۆن دەتوانن لە ماڵەوە دابنیشن ئەگەر حکومەت ژیانی مادی رۆژانەیان بۆ دابین نەکات. ئەرکی حکومەت دابین کردنی ژیانی خەلک و پێداویستیەکانی کەرتی تەندورستی یە، هەر حکومەتێک ئەگەر پێداویستیەکانی ژیانی خەلک دابین نەکات، خەلک گوێ لە ڕێنمایەکانی حکومەت ناگرێ، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەجبورە لە رێگای توندوتیژی و بریارەوە کەرەنتینە بەسەر خەلک داسەپێنێ.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵکو لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟
وەستا جەلال: حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە حکومەتێکی لیبرالیە، نە ناسیٶنالیستیە، نە ئاینیە، دەسەلاتێکی مافیایی حیزبی وبنەماڵەیە، ئەم دەسەلاتە لە ماوەی ٣٠ سالی ڕابردویدا هەر خەریکی دزی و بەتالان بردنی سەروەت و سامانی هەرێمی کوردستانە، سەرەتاییترین خزمەت گوزاری کە ئاو و کارەبایە بۆ خەلکی دابین نەکردوە، سەرەرای ئەوەیش بە بیانوی جۆراوجۆر موچە و قوتی خەلک دەبڕ، ئێستاش بە بیانوی ئەم پەتایە لە جیاتی یارمەتیدانی مادی و دابینکردنی پێداویستیەکانی تەندروستی خەلک، دەیانەوێ موچەی کرێکار و کارمەندان ببرن، برینی موچەی خەلک لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە نەناردنی پارە لەلایەن بەغداو کەمی بوجەی هەرێمەوە نیە، ئەگەر بەغداش موچەی هەرێم ڕەوانە نەکات، هەرێم دەتوانێ بە پارەی گومرگەکان و فرۆشتنی نەوتی سەر سنورەکان، موچە و ژیانێکی باش بۆ خەلکی هەرێمی کوردستان دابین بکات. برینی مەچەی خەلکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە هوشیاری و یەکگرتویی خەلکەوە هەیە، هەرچەند خەلک یەکگرتو رێکخراو بن، لەسەر بەدەست هێنانی داواکاری و وەرگرتنی موچەکانیان، ئەوەندە دەتوانن پاشەکشە بە حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی بریارەکانی حکومەت دژ بە خەلک بکەن. حکومەت هەر بریارێک دەربکات، کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە هەبێت، پێش جێبەجێکردنی بڕیارەکە، چاوەروانی هەڵوێستی خەلک دەکات کە ئایا بریارەکە قبوڵ دەکەن یان نا، ئێستاش حکومەت چاوەروانی هەڵوێستی خەڵک دەکات، ئەگەر کرێکار وخەلکی زەحمەتکێش هیچ هەڵوێستێکی جدی لە بەرامبەر بڕینی موچەکانیان دەرنەبڕن، ئەوە من پێم وایە موچەکانیان دەبڕن.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران رێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەی باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟
وەستا جەلال: بۆرژوازی هەمیشە لە بەرامبەر کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش خەریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ بەهێزکردنە، هەر ئەوەشە بۆتە هۆی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداری، سەرەرای گەشەی سەرمایەداری بەرەوپێش چونی تەکنۆلۆژیا، شکستی وڵاتانی بەناو سۆشیالیست، کاریگەری خراپیان لەسەرلاوازبونی خەباتی چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکاریەکان داناوە، کۆمۆنیستەکان بەبێ چینی کرێکار ناتوانن کاریگەریان لەسەر هەلومەرجی سیاسی، ئابوری و کۆمەلایەتی، یان ئالوگۆرەکانی ئێستای دنیای سەرمایەداری هەبێت، لەبەر ئەوەی جێگاو رێگای چینایەتی ئابوری و کۆمەلایەتی کۆمۆنیستەکان گۆڕاوە، کۆمۆنیستەکان لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لە بەرامبەر سەرمایەداری دورکەوتونەتەوە. کرێکاران و خەلکی زەحمەتکێش لەبەر مەسەلەی سکتاریستی و خۆپەرستی، باوەڕیان بە حیزبە کۆمۆنیستەکان نەماوە. ئەرکی کۆمۆنیستەکان لە ئێستادا، گەرانەوە بۆناو خەباتی رۆژانەی چینی کرێکار دژ بە سەرمایەداریە، تێکشکادنی بیری خۆداسەپاندن و سیکتارستیە، کۆمۆنیستەکان پێویستیان بە هەلسەنگاندن و لێکدانەویەکی زانستی سەردەمیانە هەیە لە بەرامبەر چینی کرێکار و سەرمایەدار، ئەرکی کۆمۆنیستەکان رێکخستن و وشیار کردنەوەی چینی کرێکار و خەلکی زەحمەتکێشە.
دەستی ئێوە خۆش بۆ رەخساندنی ئەو گفتوگۆیە.

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

عومەر خەتات: سەرمایە لە ئاست دنـــیادا فەلەج بووەو کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی بە جۆرێکی تر بیر لە بارودۆخی کار و ژیــان و ئازادی و دابەشکردنی سەروەتی کۆمەڵگە بکاتەوە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...