چەند ڕاستی و وانەیەک لە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە

کامەران ئەحمەد

1. سیستمی سەرمایەداریی سەرچاوەی پەتاکانە

پەتا دوای پەتاو قەیران دوای قەیران، سیستمی سەرمایەداری ژیانی کۆمەڵگای خستۆتە بەردەم کێبڕکێ‌ی  بازاڕی ئازادو قازانجپەرستی، هەرجارەی لە شوێنێک و بە شێوازێک مرۆڤایەتی دەرگیری دەردو بەڵایەک ئەکات. ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی چەندەها پەتا کە لە مێژووی سەدان ساڵەی خۆیدا دووچاری مرۆڤایەتی کردووە. ئیفلەونزای ئیسپانی، سارس و مێرس و ئیبۆلا و ئایدز و زیکا و… هتد، هێشتاش ڕوون نییە کە ئاخۆ دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەش‌و هەواو ناهاوسەنگی ژینگە، و شکاندنەوەی قەیران و کێشە ناوخۆییەکانی سیستمەکە  لە داهاتوودا مرۆڤایەتی چەند جار و چەند بارتەقای تر دووچاری پەتای کوشندەتر ئەکاتەوە.

2. شاردنەوەی ڕاستییەکان

سەرمایەداری لە کاتی سەرهەڵدانی هەر ڕووداوێکدا هیچکات ئاماری ڕاستەقینەی ڕانەگەیاندووە، شاردنەوە یان خستنەڕووی زانیاری وەک بەرهەمێک تەنها لە پێناو بەرژەوەندی سەمایە، قازانج و کەڵەکەبوون و لابردنی بەربەستەکانی بەردەمی چاوی لێکراوە. سەرمایەداری لە هەر جێیەک بە پێ‌ی ویست و قازانجی خۆی لەو ناوچەیە مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەکەدا کردووە. لە جێیەک لە ژێر ناوی نەشکاندنی شکۆی وڵات و لە جێیەکی تر بۆ بەردەوامی چەرخی بەرهەمهێنان، و لە شوێنێکی تر بۆ ڕاهێنانی کۆمەڵگا لەسەر فەزای سەرکوت و عەسکەرتاریی مامەڵە لەگەڵ پەتاکە و وەڵامدانەوەیدا کراوە.

3. قازانج لە پێشترە

لە سیستمی بازاڕی ئازادا مرۆڤ کاڵایە وژیانی تەنها لە چوارچێوەی بەرهەمدا لێ‌ی ئەڕوانرێت. سەرمایە و بەرهەمهێنان تا ئەو جێیەی ئیمکانی هەیە بیگوێندانە تەندروستی مرۆڤ ئەبێ هەر بچەرخێ، لە شاری ووهان سەرچاوەی سەرهەڵدانی پەتاکە، کار ڕانەگیرا تا ژمارەیەکی زۆری خەڵک توشبوون. لە ئیسپانیا و ئیتالیا تا دواین ساتەکان لە ژێر فشارو ناڕەزایەتی کرێکاراندا کارگەکانی بەرهەمهێنان ڕاگیران بەڵام ئەو کات هەزاران کەس تووشبوون و بە هەزارانیش گیانیان لەدەستدا. لە ئێران لە بارودۆخێکدا کە هیشتا کۆمەڵگا دەرگیری ڤایرۆسەکەیە و بە دەیان هەزار توشبووی هەیە بۆ بەرگرتن لە شکستی زیاتری ئابوری بێگوێدانە تەندروستی خەڵک کارگاو کارخانەکانیان بەگەڕخستەوە.

4. زیادکردنی سەرمایە و پشکەکانیان ئامانجی تاقیگەو کارگەکانی دەرمانسازییە

کارگەکانی بەرهەمهێنانی دەرمان و تاقیگەکان ژیانی مرۆڤەکانیان بەلاوە گرنگ نییە، داینەمۆی سەرەکی هەڵسورانی لێکۆڵینەوەو چارەسەرەکانیان تەنها بۆ زیادکردن و کۆکردنەوەی زیاتری سەرمایەکانیانە،  ژیان‌و تەندروستی مرۆڤ نەک تەنها بە بنەما وەرنەگیراوە بەڵکو دواین ئامانجە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا . نزیکەی ١٥ کۆمپانیا لە کۆی ١٨ کۆمپانیا کە سەرقاڵی دەستنیشانکردن و چارەسەری جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون  وازیان لە تویژینەوە ولێکۆڵینەوەکان هێناوە چونکە تێچووی زۆر و کەم قازانج بەخش بوون.

5. کەرتی تەندروستی بە تەواوی فەرامۆشکراوە

ڤایرۆسەکە پەردەی لەسەر فەرامۆشکردن و بێبایەخی کەرتی تەندروستی و چاودێریی لە هەموو جیهانی سەرمایەداری هەڵماڵی. دەوڵەت و حکومەت لە بەرپرسیارێتی تەندروستی گشتی کۆمەڵگا چاوپۆشی کردووە و ژیانی مرۆڤەکانی کردووەتە پارووی کێبڕکێ‌ی بازاڕی کۆمپانیاکانی تەندروستی و دڵنیایی. کەمبوونەوەی نەخۆشخانەکانی حکومی، بایەخپێنەدان و فەرامۆشکردنیان سەرباری کورتهێنانی ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی،ڕووپۆش، دەستکێش، دەمامک، ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد، هاوکات بووە لەگەڵ کردنەوەی چەند نۆرینگەو نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت کە کاریان داتەکاندنی گیرفانی کۆمەڵگا بووە. لە کۆیی ٢٧ وڵاتی گەورەترین یەکێتی ئابوری ئەوروپا جگە لە بەلجیکا، ئەڵمانیا ، نەمسا تەنها ٤ تا ١١ قەرەویڵە لە بەشی چاودێری چڕ بۆ سەد هەزار نەخۆش هەیە. لە کۆی نزیک بە چل ملیۆن دانیشتووی عێراق وەک دووەمین وڵاتی یەدەکی نەوت لە ئاستی جیهان بە سەرجەم پارێزگاکان تەنها ٥٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکردو تەنها ٢٥٠٠ قەرەوێڵە لە بەشی چاودێری چڕ هەیە.

6. کەمی مووچەو دەرماڵە لە کەرتی تەندروستی

داینەمۆی بەردەوامی ژیانی کۆمەڵگا بە کەرتی تەندروستی، پاککردنەوە، چاودێری منداڵ، پەروەردە و خوێندن‌ەوە بەندە. ئەمڕۆ گەورەیی و مەزنی ڕۆڵێک کە کەرتی تەندروستی و پەروەدە لە کۆمەڵگا لەهەر کات زیاتر بەرجەستە کرا. لە کاتێکدا کەمترین مووچەیان لە چاو کەرتی ئەمنی و سەربازیدا هەیە، دەرماڵەکانی مەترسی هاوشێوەی ئەوان نین. هەرئێستا خواستی چوونەسەری مووچە، زیادکردنی کارمەندانی تەندروستی، زیادکردنی دەرماڵەکانیان ئەبێت یەکەمین خواست و داواکاری کرێکاران و کارمەندانی ئەم کەرتانە بن.

7. هەموو دینەکان یەک ناوەرۆکی گەمژەکردن

سەرجەم دینەکان کە ژمارەیان لە چوار هەزار باوەڕ زیاترە بە جیاوازی جیهانبینی و خواکانیانەوە بەهۆی ترس لە تەشەنەکردنی خێرای ڤایرۆسەکە‌و نەدۆزینەوەی پێکوتەو ئاستی داماوی خۆیان لە ئاست زانست هەموویان بە یەک گفتار بەدوای گەرمکردنی بازاڕی خۆیانەوە بوون. لە ژمارەیەک ولاتی ئەوروپا مەسیحیەکان بە سزای خواوەندیان وەسف کرد، ئیسلامییە توندڕەوەکان بە ڤایرۆسەکەیان بە سەربازی خوا ناساند، جولەکەکان بە بەرەدوامیان بە نوێژی بەکۆمەڵدا تا بەخشندەیی خوا بەدەستبهێنن، و لای هیندووەکان تا خواردنەوەی میزی مانگا هەنگاوی نا. دین زۆر لەوە داماوترە کە لە گەڵ ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنەکانیدا بێتەوە.

8. هەڵوەشاندنەوەی سیستمی موڵکدارێتی تایبەتی ئەرکی ئێمەیە

ڤایرۆسی کۆرۆنا ناوەرۆکی دڕندانەو ناتەندروستی سیستمی سەرمایەداری جارێکی تر پیشانی هەموو مرۆڤایەتی دایەوە، ئەرکی لەناوبردنی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسییە کە لەسەر بنەمای موڵکدارێتی تایبەتی بنیات نراوە ئەرکی هەرئێستای ئێمەیەو بە کۆرۆنای ناسپێرین. سەرمایەداری لەم پەتایەشدا لە دەرفەتێکی گونجاو ئەگەڕێت تا باجی هەموو قەیرانەکان بە زۆرینەی کۆمەڵگا بژمێرێت. تەنها هۆشیاربوونەوەو هاتنەمەیدانی بەلێشاوی خەڵکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی سیتسمەکە ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە ئەکاتەوە و کۆتایی بە سیستمی کاری بەکرێ دێنێ و لە جێگەیدا ژیانێکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە بۆ هەمووان بنیاد ئەنێت.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...