عەلی مەولود: ژیان و تەندروستی و خۆشگوزەرانی، ئەولەوییەت و کاری لەپێشینەی ئەم سیستەمە نین!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوراوی بزووتنەوەی کرێکاریی و سۆسیالیستی دەربارەی پەتای ڤایرۆسی کۆڤید-نۆزدە و باردوخی ئابوری و سیاسی سیستمی سەرمایەداری و ئەرکەکانی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیستی لەم بارودۆخەدا. لەگەڵ هاوڕێ عەلی مەولود

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ئەوەی ئەمڕۆ بە بەرچاومانەوە ئەگوزەرێت لە جیهانێکی سەرشێتانەی فیلمەکانی هۆلیود ئەچێت، ڕۆژانە گوێبستی توشبوون و گیانلەدەستدانی هەزاران کەس بە پەتای کۆرۆنا ئەبین. ژمارەیەکی زۆری کارگاو کارخانەکان داخراون، ملیۆنان خەڵک بێکارکراون، یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە نزیک بە بە سێ ملیارد مرۆڤ لە ماڵەکانی خۆیاندا بەندبکرێن؟ ئەمەی ڕوو ئەداتبە بەرچاومانەوە چییە؟ کێ هۆکارەو لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟و چەند درێژە ئەکێشێت؟

عەلی مەولود: سەرەتا سوپاس بۆئەوەی رای منتان پرسیوە، سەبارەت بەوەی ئەمڕۆ لەجیهاندا رووئەدات یان بڵێین روویداوەو هێشتا بەردەوامی هەیە، زۆری لەبارەوە وتراوەو نوسراوە، رای جیاوازو جۆراوجۆریش هەیە لەسەری، هەندێک وەک جەنگی بایۆلۆژی نێوان زلهێزەکانی سەرمایەداری و جێگرەوەی جەنگی جیهانی سێهەم و هەندێک وەک پەتایەکی سرووشتی و لە ئاکامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی لێدانەوەی بۆ دەکەن و هەندێکیش وەک بەرهەمی چاوچنۆکی سەرمایەداری و نابەرپرسیارێتی ئەو سیستەمە بەرامبەر سروشت و ژینگەو ژیان چاوی لێدەکەن کە دەکرێت هەموو ئەوانە بەشێک راستییان تێدابێت، بەڵام کێشەکە لەروودانیدا نیە، لە لەمێژوودا زۆرجاران پەتای نەناسراوی لەمجۆرە تووشی کۆمەڵگای مرۆڤ بووەو تێشپەڕیوە، کێشەکە بەردەوامی و تەنینەوەی پەتاکەیە ئەویش نەک لەبەرئەوەی چارەسەری نیە بەڵکو لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی و ئابووری حوکمڕان دەیەوێت هەلپەرستانە کەڵکی لێوەربگرێت بۆ ئامانج و سیاسەتەکانی خۆی. سەرەڕای ئەوە من پێموانیە ئەو پەتایە پڕاوپڕ رووداوێکی سروشتی بێت، ئەگەر بەتەواوی لە سروشتیشەوە هاتبێت و درووستکراویش نەبێت ( کە گومانی زۆر لەوبارەیەشەوە هەیە) هێشتا بەمانای ئەوە نیە کە تاوانی مرۆڤایەتی تێدا نیە، سیستەمی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری زەمینەی سەرهەڵدانی ئەمجۆرە نەخۆشیانەی فەراهەم کردووەو بەدڵنیایی ئەگەر کۆمەڵگا چینایەتی نەبووایە مەرج نەبوو رووبدات، تەنانەت ئەگەر کۆمەڵگایەکی ئیکۆلۆژیکمان هەبووایەو ژیان و ژینگەو سروشت نەکرانایەتە بارمتەی قازانجپەرستی و کۆمپانیاکانی سەرمایەداری وەک دڕندەی چاوبرسی هەموو شتێکی کۆمەڵگایان نەکردایەتە نێچیری راوی خۆیان و دەوڵەتانی دنیاو دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان ئامرازی بەرژەوەندی گشتی بوونایە، ئەگەری زۆری هەبوو رووینەدایەو لەحاڵی روودانیشیدا، بەئاسانی دەتوانرا کۆنترۆڵ بکرێت. ئەوەی کە تاچەند ئەمە درێژە دەکێشێت پەیوەستە بەو ڕێکارانەی دەگیرێتەبەر، ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت بەگشتی جدییەت کەمە لە رووبەڕووبوونەوەی پەتاکەداو لەزۆربەی وڵاتان خاوەخاوو کەمتەرخەمی هەیەو ئەوەندەی لە خەمی قەرەبووی زیانی کۆمپانیاکان وتەرخانکردنی پارەو سامانی گشتی بۆ بەردەوامی کاری ئابووری و بازرگانی و قازانجی ئەواندان، ئەوەندە لەخەمی ژیان و گوزەرانی خەڵکدانین و بێدەربەستی زۆر دەبینرێت بەرامبەر برسی بوون و ژیان لەدەستدانی هاوڵاتیان، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەزۆربەی وڵاتان ئەم پەتایە کراوەتە بیانووبۆ هێرشکردنە سەر کۆمەڵگا، بۆ بێکارسازی ملیۆنی، بۆ ترساندن و تۆقاندن، بۆسەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی و بۆرۆکراسی، بۆ سەندنەوەی دەسکەوتەکانی رابردوو کە بەخەبات و تێکۆشان بەدەست هاتوون، بۆ خاوکردنەوەی خەبات و بەرەنگاری و ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو سیستەمە چەوسێنەرو ستەمکارە، کە دەیەوێت ژیانی ئاوارتەو نائاسایی بکات بە ژیانێکی جیگیرو هەمیشەیی داهاتوو، ئەم رێکارانە دیارە کە بۆ چارەسەرنین بەڵکو بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵگای دەستەمۆ و ترساوە، بۆ زەمینەخۆشکردنی ئەوەی سەرمایەداری جارێکی تریش خۆی ببێتەوە بە ئەڵتەرناتیڤی خۆی. وە تەنانەت ڕێگەی کەرەنتینەو لەماڵ پەستاندنی زۆرەملێ و دابڕینی خەڵک لەیەکتر دیسان رێگای چارەسەر نیە، رێگای چارەسەر ئەوەیە ئیمکاناتی مادی و دارایی و زانستی و تەکنەلۆژی بەتەواوی بخرێتە خزمەتی ژیانی خەڵک و رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، کە ئەوان نایکەن.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: زلهێزەکان هەرزوو پەنجەی تۆمەتیان لە بواری سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بۆ یەکتر درێژکردو وڵاتەکانیش بە دوای یەکدا دەرگای سنورەکانیان توندکرد؟ هەموویان هاتوهاواری داڕوخانی ئابوری و ڕووکردن بە ئاستی قۆناغێکی دژوارو مەترسیدار ئەکەن، ئەمە چەندە ڕاستە؟ ئایا ڕێکارەکانی تا ئێستا لە چوارچێوەی پاراستن و بەرژەوەندییەکانی کێدا ئەکرێن؟ دەرهاویشتەکانی ئەم ڕەوشە بۆسەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کامانەیە؟

عەلی مەولود: ئەوان بۆخۆیان یەکتر باش دەناسن و دەزانن لەپێناوی قازانجدا سڵ لە هیچ ناکرێتەوەو هەموو خراپەکارییەکیان لەدەست دێ، سەرمایەداری نوقمی رکابەری و ملبەملانێیە لەسەر زاڵ بوون، زاڵبوون بەسەر سروشت، زاڵبوون بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤ، تەنانەت بۆ زاڵبوون بەسەر یەکتر هەوڵی هەموو کارێک دەدەن، ئاینەکان خستوویانەتە مێشکی مرۆڤەوە کە ( سید الکائینات) گەورەو سەروەری هەموو بوونەوەرو گیانلەبەرو زیندەوەرانە، ئەمە بەسەر خۆیشیدا جێبەجێ دەکات، ئێستاش کە ئەم پەتای کۆرۆنایە بڵاوبۆتەوە بە جیهاندا، بەگشتی دەوڵەتانی سەرمایەداری هەوڵدەدەن باری قەیرانەکە بەسەر شانی خەڵکی کرێکارو نەدارو بێکاردا بشکێننەوەو باجەکەی بەوان بدەن، لەمەش واوەتر وڵاتە بەهێزەکان دەیانەوێت بارگرانی قەیرانەکە بخەنە سەر وڵاتە بێ هێزەکان و ئەمە بۆ دەستشکانەوەی نێوان دووگرووپی کۆمپانیاکان و تەنانەت دوو سەرمایەداریش راستە. یەکێک لە لایەنە خراپیەکانی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، هەوڵی لۆکاڵی دەوڵەتەکانە هەریەکە لەوڵاتی خۆی وهاوکات لەگەڵ ئیدیعای گڵۆباڵیزمەکەیان، هەموویان دەرگای سنوورەکانیان بەرووی یەکدا کلیلدا، لەکاتێکدا کێشەکە نەک هەر لەڕووی تەندروستیەوە بەڵکو لە رووی سیاسی و ئابووریشەوە تەنگژەیەکی جیهانیەو دەبوایە لەسەر ئاستی جیهان بەرپرسیارێتی هەڵبگیرایە، ئەمە نیشاندەری ئەو راستیەیە کەقازانجپەرستی ئەم سیستەمەی داغان کردووە، تەنانەت لەبەرامبەر خۆیشیدا کردوویەتی بە یەکپارچە لە خۆپەرستی و بەشەکانی لەکاتی تەنگانەدا پێ لەسەر سەری یەکتریش دادەنێن بۆ سەرکەوتن. دیارە ئەوانەی باسکران، هێشتا تەواوی وێنەکە نیە، دیوی مەترسیدارتری کێشەکە سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی قوڵترە، کە تاڕدەیەکی زۆر ژیان و ئایندەی کۆمەڵگاکان دەخاتە مەترسیەوە و زیانی گەورە بەشوێن خۆیدا دێنێت، بێکاری و نانبڕینی دەیان ملیۆن کەس و کەمکردنەوەی داهاتی کرێکاران و فەرمانبەران و کەمدەرامەتەکان بەڕێوەیە، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری ( ساردو گەرم) کراوەیە کە هەمیشە قەیرانی ئابووری و سیاسی بزوێنەری بووە، کە ئەمانە لە پەتاکە مەترسیدار ترن و مەترسیەکانی پەتاکەش زیاتر دەکەن.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: ناوبەناو هەرجارەی لە شوێنێکەوەو بە جیا لێدوانی داهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسینێک لە لایەن وڵات و تاقیگەیەکەوە بەرگوێ ئەکەوێت، ڕاستی‌و دروستی ئەمانە تا چەندە؟ لە کاتێکدا ڤایرۆسەکە دەرگیری هەموو مرۆڤایەتی بووە بۆچی چاومان بە هاوئاهەنگی نێوان ولاتەکان و تاقیگەجیاواەکان لەمڕووەوە ناکەوێت؟ ئەوەی ڕوو ئەدات لاوازی و شکستی تەکنەلۆژیایە یان هۆکاری تری لە پشتەوەیە؟

عەلی مەولود: هەڵبەت ئەگەر(تەنانەت کەمتر لەوەی بۆ دامودەزگا بۆرۆکراسی و سەرکوتگەرە سەرووخەڵکیەکان خەرجدەکرێت) بودجەی پێویست بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی و دۆزینەوەی ڤاکسینی ڤایرۆسەکە تەرخان بکرایە، ئێستا چەند قۆناغ لەپێشتر دەبووین نەک هەر بۆ وەستاندنی تەشەنەکردنەکەی بەڵکو بۆ چارەسەریش لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا چاوچنۆکی و قازانجپەرستی سیستەمەکە ڕێگای بەوە نەداوەو ئەو هەوڵانەی لەوبارەیەوە لەئارادان، جگە لەوەی لەڕووی کات و لەرووی کەمایەتییەوە لەئاستی پێویستدا نین، هاوکات بۆ چارەسەری گشتیش نین و لەم تەنگانەیەشدا لەپێناوی قازانج و پەیداکردنی بازاڕدان، لەکاتێکدا دەبووایە چارەسەری نەخۆشیەکان بەگشتی بەخۆڕایی بووایە. وە من باوەڕم نیە ئەم کورتهێنانە لە پەیداکردنی ڤاکسینەکەو چارەسەری نەخۆشیەکە بۆ لاوازی زانست و تەکنەلۆژیا بگەڕێتەوە، بەڵکو بەدڵنیاییەوە بەوە پەیوەستە کە ژیان و تەندروستی و خۆشگوزەرانی، ئەولەوییەت و کاری لەپێشینەی ئەم سیستەمە نین و تەنانەت لەدۆزینەوەی چارەسەری پەتایەکی مەترسیداری جیهانداگری لەمجۆرەش بەدەستهێنانی قازانج و هەستانەوەو بوژانەوەی ئابووری سیستەمەکە و چارەسەری قەیرانی حوکمڕانی مەبەستە گەورەکەیە. ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: حکومەتی هەرێم هەرزوو هاتوچۆی مرۆڤەکانی ئەم ناوچانەی کە لەژێر قەڵەمڕەوی ئەودان سنوردارکرد و کەرەنتینەی کردن، ماوە ماوەش ڕێکارەکانی توندتر و درێژتر ئەکاتەوە؟ ئایا لە بەرژەوەندی خەڵکەوە ئەمانەئەکرێن یان لە چوارچێوەی خۆدزینەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی تەندروستی خەڵک و بە کەمترین تێچوونەوە دەستی بۆ ئەم هەنگاوانە بردووە؟ عەلی مەولود:رەنگە حکومەتی هەرێم لەریزی پێشەوەی خراپترین دەسەڵاتەکانی دنیا بێت بۆ هەڵگرتنی بەرپرستارێتی و لەم بڵاوبوونەوەی پەتایەشدا تەنها رێنمایی و فەرمانی دەرکردووە و لەبەرامبەر ژیانی نەداران و بێکاربوون و وەستاندنی کارو کاسپی خەڵکدا هیچ بەرپرسیارێتیەکی هەڵنەگرتووەوهیچ بەرنامەیەکی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دۆخە نائاساییە دانەناوە و بەکاری خێرخوازی سەر بە بنەماڵەکانی دەسەڵات، کە ئەویش لەخەڵکی کۆدەکەنەوە،دەیانەوێت ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، تەنانەت موچەی موچەخۆرانیشی راگرتووە و لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە بەبیانووی سزای دەرچوون لە ڕێکارە سەپێنراوەکان کەوتۆتە ڕاوە پارەو لەماوەی یەک مانگی کەرەنتینەدا چەند ملیار دیناری کۆکردۆتەوە بەبێ ئەوەی یەک دیناری بۆ خەڵک خەرجکردبێت و یەک ئامێری هەناسەدانی دەستکردی زیاتری دەستەبەر کردبێت، و هیچ بڕە دەرمانێکی بۆ ئەو مەبەستە کڕیبیت. بەپێچەوانەوە خزمەتگوزارییە تەندرووستیەکانی تریشی تاڕادەیەکی زۆر راگرتووە. وە حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و کۆمپانیاکانیشیان ئامادە نەبوون لەو پارەو سامانە گشتیەی ٣٠ ساڵە بەتاڵان دەیبەن بەشێکی بگێڕنەوە بۆ خەڵک. کە خەڵکی کوردستان هەرگیز ئەمانە لەیاد ناکات و لەکاتی خۆیدا لێپرسینەوەیان لەسەر دەکات. من ئەوەندە بێ ئومێدو رەشبینم بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە وەک هاوڕێیەکم نوسیبووی ” ئەگەر نوقڵیش دابەش بکات بۆ شکاندنی ددانی خەڵکە” و زۆر جاری تریش وتومە گیانمان بەوەیە کە خەڵکی کوردستان وەک دەسەڵاتەکەی خراپ و بەدکارو خۆپەرست و بێدەربەست نیەو هەستکردن بەبەرپرسیارێتی تیایدا زۆرە، لەم سۆنگەیەشەوە پزیشکەکان و کارمەندانی تەندرووستی و دەستەو گرووپەکانی هاوکاری رۆڵی گرنگیان گێڕاوە و خەڵکیش بەگشتی بەتەنگەوە هاتوون بۆ خۆپارێزی و بەوهۆیەوە پەتاکە پێشی پێ گیراوە. بەراستی ئەم پەتایە خێروبەرەکەتێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، لەپەنای ئام ڤایرۆسەدا هەم خۆیان لە کۆمەڵێک ئەرک دزییەوەو هەم زیاتر خۆیان لە کۆمەڵگادا قایمتر کرد. مەسەلەکەیان لە بابەتێکی تەندرووستیەوە بەتەواوی گۆڕی بۆ بابەتێکی ئەمنی و حوکمی سەربازییان سەپاند، رێگایەکی تریان ئەزموونکرد بۆ سەرکوت و داپڵۆسین، ترس و تۆقاندنیان کرد بەبەشێکی گرنگ لە سیاسەت، بەبێ ئەوە بازرگانی و بزنس و نەوتفرۆشتنی خۆیان بوەستێت.

ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانەکەدا، حکومەتی هەرێم دەستی کرد بە دواخستنی موچەی خەڵکو لێرەولەوێش جارجارە بەرپرسێکیان باسی دەستکاریکردن و پەیڕەوکردنی چاکسازیی وکەمکردنەوەی مووچە ئەدەن بە گوێی خەڵکدا ؟ پێتان وایە لە داهاتوودا چی ئەکەن ودەست بۆ چی ئەبەن؟ کاردانەوەی خەڵک لەبەرامبەریدا چۆن ئەبێت؟

عەلی مەولود: هەموو ئەگەرێک لەبەردەم حکومەتی هەرێم کراوەیە، ئەم حکومەتە دوو بنەماڵە بەڕێوەی دەبەن و ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەموو رێگایەک بە مەشروع دەزانن، دەسکاری کردنی موچە، ئەگەرچی لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری لەسەر نەدرا و وا بڵاوکرایەوە کە تەنها دەرماڵەکان رێکدەخەنەوە، بەڵام گومانی تێدا نیە کە دەست بۆ موچە دەبەن، ئەم دەسەڵاتە فێری حیلە شەرعی بووە، ئەگەر راستەوخۆش لەموچەکان نەبڕێت، ئەوا بە مانگ و نیوێک یان بە دوومانگ جارێک موچە دەدات، کە هەر دەکاتە بڕین. ئەوەی کە کاردانەوەی خەڵک چی دەبێت کەوتۆتە سەر ئەوەی تا چەند لەسەر ئەم پرسە کاردەکرێت و هێزی بۆ رێکدەخرێت و ئامادەکاری بۆ دەکرێت، بەداخەوە خەڵکی ئەم ناوچەیە بەگشتی فریادڕەس لە خەیاڵدان و بیرکردنەوەیاندا هەیە، ئەگەر جوڵانەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی نەیەتە بوون، دوور نیە ئەم ستەمکاریە بەبێ کێشە درێژەی هەبێت، کەوایە قسەی ئەصڵی ئەوەیە کە چۆن دەتوانین جوڵانەوەیەکی لەو بابەتە بەرێ بخرێت، ئەگەر نا من پێموانیە خۆبەخۆ شتێکی ئەوتۆ بکرێت. ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی: لەو کاتانەی کە حکومەت و سەرمایەداران رێکارەکانی خۆیان توندتر ئەکەنەوەو ئەیانەوەی باجی ئەم بارودۆخەش لە لایەن خەڵکەوە بدرێت پێتان وایە کە ئەرکی سۆسیالسیتەکان لەم کاتانەدا چییە؟ عەلی مەولود: خۆی ئەمە یەکێک لە پرسیارە گەورەکانە کە بەردەوام دەبێت بکرێت، حکومەت و سەرمایەداران خەریکی چین و ئێمە خەریکی چی دەبین؟ ئەوان قازانجیان لەچیدایەو چ شتێک لە قازانج و بەرژەوەندی ئێمەیە، لەیەک دۆخی دیاریکراودا ئەوان بۆ قازانج دەکەن و ئێمە بۆ زەرەر؟ ژیان و گوزەرانی ئەوان و ئێمە بۆ وەکیەک نین؟ بۆ کاری ئەوان ناوەستێت و ئێمە بێکار دەبین؟ و ….. ئەوانخەریکی ستەمکارین ئێمە دەبێت خەریکی نەهێشتنی ئەوە بین، خەریکی چەوساندنەوەو درووستکردن و گەورە کردنی جیاوازیەکانن ئێمە دەبێت خەریکی نەهێشتنیان بین. بەم واتایە سۆسیالیستەکان دەبێت خەریکی رێکخستنی دەنگی ناڕەزایەتی و بەرخۆدان و بەرەنگاری بن دژی سیستەم و دەسەڵاتدارێتیەکەی، پشتئەستوور بە ئیرادەو وشیاری و ئەزمونەکان بزووتنەوەیەکی دژبەر سەر ڕێ بخەین بۆ دەرهێنانی کۆمەڵگا لە چنگی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان. ئەمە هەر لە رێکخستنی رووبەڕووبوونەوەی سەربەخۆییانەی نەخۆشی و پەتاکان و تیمەکانی هاریکاری و بەهاناوەچوونەوە بگرە تا دەگات بە دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەرێتیەکان وبەڕێوەبردنی گشتی کۆمەڵگا، ئەوە بەرپرسیارێتی و خۆبەخاوەن زانینە، بنەمایە بۆ دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ، کە سەروبن جیاوازە لەمەی ئێستا.

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

عومەر خەتات: سەرمایە لە ئاست دنـــیادا فەلەج بووەو کاتی ئەوە هاتووە کە خەڵکی بە جۆرێکی تر بیر لە بارودۆخی کار و ژیــان و ئازادی و دابەشکردنی سەروەتی کۆمەڵگە بکاتەوە!

چاوپێکەوتنی ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی لەگەڵ ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سۆسیالیستی دەربارەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی کار لە بارەی چوونەسەری ...