کاریگەرییە زیانبەخشەکانی نەوەی پێنجەم ( 5G) جێ‌ی مەترسین!

کامەران ئەحمەد

لەگەڵ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید-نۆزدە مشتومڕ لەسەر تەکنەلۆژیای ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم (5G)و بەستنەوەی بە سەرهەڵدانی پەتاکە و چەند دەرهاویشتەی تر توندتربووەتەوە، لە چەند شاری بەریتانیا و هۆڵەنداو بەم دواییانەش بەلجیکا ژمارەیەک بورجی ناردنی داتا (transmission tower )سوتێنران و شکێنران[١]. ناڕەزایەتیەکان لێرەو لەوێ سەبارەت بە کاردانەوە نێگەتیڤەکانی نەوەی پێنجەم لەسەرتێکدانی ژینگە، تەندروستی مرۆڤ، زیادبوونی تووشبوانی شێرپەنجە تا ڕاددەی بەستنەوەی بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تا دێن گەورەتر ئەبن. مەودای کاریگەرییەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێ‌یە تا چ ڕادەیەک بن لە ڕاستییە ناگۆرێت کە کۆی ژیان و مرۆڤایەتی بەبوونی تەکنەلۆژیای لۆگاریتم و زانیاری لە دەستی چینێکی قازانجپەرست و نامتمانەدا لە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی لەناوچووندایە، هەموو ئەگەرەکان بۆ نەخۆشخستن و کۆیلەکردنی مرۆڤایەتی بە شێوازی نوێ کراوەن.

نەوەی پێنجەم و زیرەکی دەستکرد

کۆمپانیای ئەریکسۆن پێ‌ی وایە کە تا چوارساڵی داهاتوو لانی کەم نزیک بە نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی ببنە بەکارهێنەری ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم. کە بە خێرایی بێوێنە لەبڕی گەیاندنی داتا(زانیاری) لەماوەیەکی کەمدا ئەناسرێتەوە. خێرایی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم ئەگاتە ٢٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا لە کاتی دابەزاندن(download ) و ١٠ گێگابایت لە کاتی بارکردن(upload).کە بە پێ‌ی پێشبینیەکان لە داهاتوودا ئەگاتە پەنجا ئەوەندەی خێرایی ئینتەرنێتێک کە ئێستا لە نەوەی چوارەم (G4)بەردەستە. ئەم ساڵانەی دوایی کێبڕکێ‌ی وڵات و کۆمپانیاکان لە سۆنگەی قازانچ و کەڵەکەی زیاتری سەرمایەو کێبڕکێی یەکتر لە بازاڕ نەک سوودگەیاندن بە ژیانی مرۆڤ وەک بنەما بۆ بەدەستخستنی دەستی پیکردووە.

ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم بە بەکارهێنانی کایەی موگناتیسی لەرەلەری بەرز ( ٧٠٠ مێگاهێرتز، ٣.٥ گێگاهێترتر، و دواتر ٢٦ گێگاهێرتر) بۆ گەیاندن و وەرگرتنی زانیاری ناچار بە زیادکردنی تاوەرەکانی پەخشکردن(ئامێری پەخشکردن)ئەکات. لەبەر ئەوەی توانای ناردن و گەیاندن لەگەڵ بەرکەوتنی ئەم شەپۆلانە بە بینای بەرز، دارو درەخت کەمتر ئەبنەوە بۆیە لە دووری هەر ٢٠٠ مەتر ناچار بە دانان و جیگیرکردنی تاوەرێکی پەخشکردن ئەکات. ژیانکردن لە ناو کایەیەکی مۆگناتیسیدا بە بێ بوونی ئاماری دروست، لیکۆڵینەوەو بەرنامەی نەخشە بۆ  داڕێژراو ڕوون(ناشاراوە) لەبەرچاوی کۆمەڵگا لەسوود و زیانەکانی نەوەی پێنجەم تا ئێستا بە شیوەیەکی ڕوون و شەفاف بەردەست نییە. ئەوەی ئەبینرێ تەنها پەمپدانی ئەم پرۆژەیەیە لە لایەنگرانی وەک بیڵ گەیتس و کۆمپانیاکانی سوودمەند لێ‌ی.

لە ساڵی ٢٠١٧ ژمارەیەک زانا و پسپۆڕی بواری پزیشکی ناچار کرد کە یاداشتنامەیەک ئاراستەی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی نەوەی پێنجەم بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ پێشکەش بکەن. دەرهاویشتەکانی ژیانکردن لە تیشکدانەوەکانی کایە موگناتیسیەکان ئەگەرەکانی سەرئیشەی بەردەوام، کارکردی نێگەتیڤ لەسەر مێشک و بیرچوونەوە، کێشەی زیادبوونی شێرپەنجە تا کاریگەرییەکانی تر لە سەر ئاژەڵ و ڕووەک لە نەبوونی توێژینەوەیەکی کراوەدا زیاتر ئەبن.[٢]

چوونە پێشەوەی نەوەی پێنجەم ناچاری خێرا وەڵامدانەوەی کارکردنی ئامێرە تەکنەلۆژیەکانی نوێ‌یە کە بە زیرەکی دەستکرد ( AI) ناسراون، کە نەک تەنها لەسەر بنەمای ڕێڕەو و بەرنامەی لە پێشدا داڕێژراو کارئەکەن بەڵکو خۆیان بە پێ‌ی پێداویستی و چوونەسەری شارەزاییان دووبارە توانای بەرنامەداڕێژی و بیرکردنەوەو جێبەجێکردنیشیان هەیە. ژمارەیەک پێیان وایە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا تەکنەلۆژیا بەڕاددەیەک ئەچێتە پێش لە دروستکردنی ڕۆبۆتەکان کە توانایی هەندێکیان لە مێشکی مرۆڤ کاراتر ئەبن، ڕۆبۆتەکان بە بەکارهێنانی ئاستی تەکنەلۆژیای بەرز لە ناسینەوەی دەموچاو، دەنگ، تەنانەت ویست وحەزە تایبەتەکانی مرۆڤ لە موزیک وفیلم، تا ڕاددەی کایگەریدانان لەسەر بیرکردنەوەو هەڵسوکەوتی مرۆڤ بەشداری ئەکەن. چوونە پێشەوەی بنەڕەتی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد پەیوەستە بە خێرایی وەڵامدانەوە و پێشبینیکردنی لەسەر بنەمای داتایەکی لە پێشدا پاشەکەوتکراو، لێخوڕینی ئوتومبیلی بێ شوفێر یان بوونی سکرتێرو یاریدەدەری زۆر زیرەک و خێرا کە چەند کاری گرنگ ئەنجام بدەن کە لە توانایی یەک مرۆڤ زیاتر بەدەر بن.

ئەوەی مرۆڤایەتی لەناو ئەبات چوونەپێشەوەی تەکنەلۆژیا و زانست نییە بەڵکو خودی سەرمایەدارییە، ستیڤن هاوکینگ ( ١٩٤٢- ١٩١٨) زانای تیۆری فیزیایی و گەردونناسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر پرۆسەی گەشەی پیشەسازی تەکنەلۆژیای ئۆتۆماتیک و زیادبوونی بێکاری ڕایگەیاند کە ” ئەکرێ هەموومان لە بارودۆخێکی ئاسودەو خۆشبژێویدا ژیان بکەین ئەگەر سامانی بەدەستهاتووی ئامێرەکان بەسەر هەموواندا دابەش بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر خاوەن ئامێرەکان لەم پرۆسەیە بوەستن ئەوا نایەکسانی و بێدەرەتانی ڕوو لە زیادبوون ئەکەن”. ئەوەی بە بەرچاومانەوە ڕوو ئەدەن ڕێک ئەمەیە. قۆرغکردنی بەرهەم و قازانجی زۆر بۆ کەمینەیەکی کەم و زیان وکاریگەرییە نێگەتیڤەکانی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا.

تا ئێستا نەوەی پێنجەم و ئامێرە زیرەکە دەستکردەکان لە چوارچێوەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدایە کە لەسەر بنەمای سوودو قازانجپەرستی دامەزراوە. لەهەر بڕگەیەکی مێژوویی سەرمایەداریی تەکنەلۆژیایەکی نوێ بڕەوی پێدراوە،شۆڕشی پیشەسازی چەند سەدە لەوەوبەر تا گەیشتە داهێنانەکانی دروستکردنی کارەبا و ئوتومبیل و فڕۆکە و میترۆ و لە چەند دەیەی ڕابردووشدا تا ئامێرە ئۆتۆماتیکیەکان، مۆبایڵی زیرەک و ڕۆبۆت و دەستڕاگەیشتن بە سنوری هەسارەکانی تر …هتد هەنگاویان ناوە بەڵام هەموو ئەمانە لە دەستی سەرمایەداری ماونەتەوەو مرۆڤایەتی بە ئەندازەی پێویست و پێداویستی و ویستی گەشەکردنی خۆی سوودی لێنەبینوە، بەکارهێنان و سوودوەرگرتنەکان لە ڕاستای زیادکردنی بەرهەم، زیادکردنی سەرمایە و کەڵەکەکردن لە کێبڕکێ‌ی بازاڕدو پارێزگاریکردن لێ‌ی چاوی لێکراوە، ئەم تەکنەلۆژیایانە کۆتاییان بە چەوساندنەوەی مرۆڤ نەهێناوە و دەردە دژبەیەک و بنەرەتییەکانی سیستمی سەرمایەداریشیان چارەسەر نەکردووە. جیاوازی و ناکۆکی هەردوو چینی سەرمایەدار و کرێکار لەسەر شێواز و دوائامانجی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان ڕیشەیین. دوو جیهانبینی جیاوازن بۆ بەکارهێنان و سوودلێوەرگرتنیان. چینی کرێکار کە خۆی بەرنامەداڕێژەرو دروستکەرو خوڵقێنەری تەکنەلۆژیای نوێیە هیچ کات بە دژی نەوەستاوە بەڵکو لە سایەی سیستمێکدا کە لەسەر بنەمای سەرمایەو قازانج پایەی داکوتاوە هەمیشە ترس و گومانی واقیعیانە و ناکۆکی بنەڕەتی لە شێوازی بەکارهێنانی هەبووە. پرسیار بەسادەیی ئەوەبووە کە ئایا پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیی بۆ زیادکردنی کەڵەکەی سەرمایە و پارێزگاریکردن لێیانن یان ئاسانکاری ژیان و بردنەوە سەری ئاستی خزمەتگوزاری و بەوپێیەش خۆشبژێوی خەڵک بەکارئەبرێن؟

سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی جارێکی تر پەردەی لە سەر ناڕێکی و شێواوی سیستمی ئابوری و سیاسی جیهان هەڵماڵی. توێژینەوە زانستییەکان، تەکنەلۆژیا ئەگەر ملکەچی بازاڕو یاساکانی موڵکدارێتی وبەرهەمهێنانی تایبەت نەبوونایە ئەکرا کاریگەری و داڕمانەکان بەو ڕاددەیە نەبن. نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەگەر زانست و تەکنەلۆژیا لە ڕێڕەوی چوونەپێشەوەی خۆیاندا لە جیاتی بڕەودان بە هونەرەکانی چەکی ناوەکی، بایۆلۆجی، و کۆکوژیی بە ئاراستەی بڕەودان وداهێنانەکانی خزمەتگوزاریی زەوی بکرایە گومانی تێدا نییە مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی تردا ئەبوو.

ناڕەزایەتییەکان ڕوو لەسەرن

تاکو ئێستا سەدان لێکۆڵینەوە و زیاد لە ٢٥٠ زانا و پسپۆڕی بواری پزیشکی لە ئەوروپا کاریگەریە نێگەتیڤەکانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم و شاردنەوەی توێژینەوەکان لە لایەن حکومەتەکان و کۆمپانیا گەورەکانەوە پشتڕاست ئەکەنەوە. کاریگەرییە زیانبەخشەکان بۆ سەر ژینگەو زیندەوەران لە جێگیرکردنی هەزاران سەتەلاتی تر لە ئاسمان و دروستکردنی ملیۆنان وێستگەو بنکەی نەوەی پێنجەم ،ملیۆنان ئامێری پەخشکەرەوە و دروستکردنی بلیۆنەها ئامێری تری کارکردوو لەسەر لەرەلەری نەوەی پێنجەم تەوای هەسارەکە بە بەردەوامیی ئەخاتە ژێر سایەو کایەی شەپۆلەکانی کارۆموگناتیسی، کە کاریگەرییەکانی بریتین لە تێکدانی (DNA)، و خانەکان، و ژمارەیەکی زۆری ڕووەک و ئاژەڵان، سەرباری کاریگەرییەکانی لەسەر نەخۆشییەکانی وەک دڵ، شێرپەنجە، شەکرە.[٣]

ناڕەزایەتی تا سەر ئێسک و بەردەوامی ئەمڕۆو چەندین ساڵەی چین وتوێژەکانی خەڵک دژ بەم سیستم و بەرێوەبردنە کە دەرگای هەموو توێژینەوە کراوەکان بە ڕووی کۆمەڵگا دائەخات، هەموو جوانییەکانی گۆی زەوی بە زانست و تەکنۆلۆژیاوە کردووەتە کۆیلەی بازاڕ بە دیوێكی تردا بە مانای گەڕان بە دوای ئەڵتەرناتیڤێکدایە، ئێمە پێمان وایە کە ئەبێت ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی بێت، کەلەسەر بنەمای تواناو بەردەستییەکانی ئێستا سەرجەم مرۆڤایەتی لە کۆتوبەندی بازاڕ ئازاد ئەکات و کۆمەڵگا لەسەر بنەمای پێداویستیەکان و فەزای یەکسانیخواز و دادپەروەرانە دائەڕێژێتەوە. پێمان وایە کە زانست و تەکنەلۆژیا لە کایەی بەرژەوەندی گشت زیندەوەرانی گۆی زەوی ئەتوانن مانای ڕاستەقینەی خۆیان وەرگرنەوە.

 

[١] ئاگرکەوتنەوەی چەند تاوەرێک

[٢] کاریگەرییەکانی شەپۆلی رادیۆیی

[٣] یاداشتنامەی زانا و پسپۆڕانی بواری پزیشکی و تەندروستی

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

مه‌رگی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی و زه‌روره‌تی له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵی خه‌ڵك له‌ كوردستاندا – وەرگیراو/ کارزان عەزیز

وتارێك به‌ كوردی ده‌رباره‌ی:مه‌رگی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازیی و زه‌روره‌تی له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕادیكاڵی خه‌ڵك له‌ كوردستاندا هه‌روه‌ها ...