ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ٢٠٢٠

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مانای خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژوودا. ئابوری جیهان شکست دوای شکست بە دوای خۆیدا دێنێت.  سیستمی چاودێری تەندروستی لە وڵاتە پێشکەتووە سەرمایەدارییەکاندا لە دەرئەنجامی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ سەر ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە تەواوەتی پاشەکشەیان کردووە. کاراکتەری لێنەهاتوو و قێزەونی سەرمایەداری لە ڕۆژئاوا واتە ئەو وڵاتانەی کە بۆ ماوەیەک لانی کەم لانکەی ئاستێک لە خۆشبژێوی بوون دەرئەکەون، بەڵام لە ئەفریکا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین دەرهاویشتەکانی تەشەنەسەندنی ئەم ڤایرۆسە بە تەواویی کارەساتبارن.

دەرهاویشتە کارەساتبارەکانی کۆڤید – نۆردە لە ئەفریکا پێشبینی کراون. لەو کیشوەرەی کە زۆربەی وڵاتەکانی لە چاودێریەکی تەندروستیی گونجاو بەهرەمەند نین. ملیۆنان کەس لە لێوای برسێتیدان، لە چەندین ناوچەی چڕی هەژارنشین و کەمپەکانی پەنابەراندا بەبێ بوونی خانەو لانەی گونجاو، دەستشۆر، و ئاوی پاکی خواردنەوە ژیان ئەکەن. سەرباری ئەوەش کارەساتێکی ئابوری هەیە کە ئەکرێت لە ڤایرۆسەکە خۆی زۆر کوشندەتر بێت،و ببێتە هۆکاری برسێتی بەکۆمەڵی دەیان ملیۆن کەس.

ئەم بارودۆخە کارکردی ڕاستەوخۆی ئیمپیریالستییە. چەوساندنەوەی داگیرکارییەکانی ئەفریکا و مێژووی چەندین سەدەی دزین و بەتاڵانبردنی کیشوەرەکە لە لایەن وڵاتانی ئیمپریالیستی مۆدێرن هۆکاری ڕاستەوخۆی دواکەوتنەکانی پێکهاتەو داڕشتەی کیشوەرەکەیە. بەرپرسیارێتی کارەساتی دواتر ئەبێت بخرێتە ئەستۆی چینی دەسەڵاتدار لە پاریس، لەندەن، بروسل، و لیسبون، نیویۆرک و بیجینگ، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدار و سیستمە سەرمایەدارییانەی ناوخۆ کە پارێزگاری لێئەکەن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوئەبێتەوە

هەرچەندە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێ‌ی ناوەتە کیشوەرەکەوە بەڵام هێشتا نزیک بە ١،٢ ملیار دانیشتووەکەی، ئاکامە مەترسیدارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نابینن. هۆکاریش ئەوەیە کە تاکو ئێستا ولاتانی ئەوروپا و چین بەهۆی بەهرەمەندبوونیان لە ئامێری ناسێنەری ڤایرۆسەکە و زانیاری ڕاستەقینە ژمارەی توشبووی زیاتر لای خۆیان راپۆرت ئەکەن . بەوهۆکارەی کە لە ئاستێکی بەربڵاودا تێستی توشبوونی خەڵک بە ڤایرۆسەکە ناکرێ ئامارە ڕاستەقینەکان جێ‌ی بایەخ نین.

باشووری ئەفریکا کە سیستمێکی چاودێری تەندروستی باشتری هەیە لە چاو وڵاتانی تری کیشوەرەکە هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە لە سێ هەفتەی یەکەم ٦٠ هەزار تێستی ئەنجام داوە. خزمەتگوزاری تاقیگەی تەندروستی نیشتمانیی پێ‌ی وایە کە توانایی تێستکردنی لە کۆتایی مانگی نیساندا بکاتە ٣٦ هەزار تێست لە ڕۆژێکدا[ تێبینی: ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە رۆژانە بتوانن ٣٦ هەزار تێست ئەنجام بدەن].  ئەم ژمارەیە بە بەراوردکردنی لەگەڵ ولاتە سەرمایەدارییە پێشکەتووەکان لە ئاستێکی نزمدایە بەڵام لە چاو وڵاتەکانی تری کیشوەری ئەفریکا زۆر بەرزە. لە هەمان ماوەی سێ هەفتەی یەکەمدا لە نایجیریا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیک بە دووسەد ملیۆن کەسە کەمتر لە پێنج هەزار تێست ئەنجام دراوە. لە کینیا  کەمتر لە پێنج هەزار تێست ، لە هەردوو وڵاتی زیمبابۆی و نامیبیا هەریەکەیان نزیک بە سێ سەد تێست ئەنجام دراون.

” زۆر بە سادەیی ژمارەیەکی بەرچاوی وڵاتانی ئەفریکا لە توانایاندا نییە کە توشبووانی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە چارەسەر بکەن”.

زۆر بە سادەیی ژمارەیەکی بەرچاوی وڵاتانی ئەفریکا لە توانایاندا نییە کە توشبووانی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە چارەسەر بکەن. کینیا کە دانیشتووانەکەی نزیک بە پەنجا ملیۆن کەسە تەنها ١٣٠ قەرەوێڵەی لە بەشی چاودێری چڕ و تەنها دووسەد پەرستاری لەو بەشەدا هەیە . مالی تەنها ٣٧ قەرەویڵە  و سۆماڵ تەنها پانزەی قەرەوێڵەی هەیە. حەڤدە وڵات کە هەریەکە لە ئەنگۆلا، کەناری ئیڤۆر، مۆزەمبیق، و باشووری سودان بەشداریان تێداکرد ڕێخکراوی تەندروستی جیهانییان ئاگادار کردەوە کە لە توانایاندا نییە توشبووە قورسەکانی کۆڤید نۆزدە چارەسەر بکەن. بارودۆخەکە لە زۆرێک وڵاتی تریش لەهەمان ئاستدایە. سیرالیۆن تەنها خاوەنی سیانزە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە. کۆماری ناوەندی ئەفریکا و لیبریا هەریەکەیان تەنها سێ ئامێری هەناسەدانی دەستکردیان هەیە. ئەم ژمارانە هاوشانە لەگەڵ کەمی نەخۆشخانە و دەستشۆری گونجاو کە ستراتیژی ڕاستکردنەوەی هێڵە چەماوەکە لە زۆربەی ولاتانی ئەفریکا ئەکەنە شتێکی پووچ و بێمانا.

کڵۆڵی و پەژارەیی ڕوو لەسەرە

پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا هیچ شتێلکی تازە بۆ کیشوەرەکە ناهێنێت. پێش هاتنی ڤایرۆسەکە ساڵانیکە ئەفریکا دەرگیری  تۆمارکردنی بەرزترین ئاستە لە نەخۆشییە کوشندەکانی هەوکردنی درێژخایەن. سالانێکە ملیۆنان خەڵک لە کاتی چارەسەرکردنەکانیان بە نەخۆشیەکانی نەبوونی بەرگری لەش، سیل، مەلاریا، سورێژە و کۆلێرا گیان لەدەست ئەدەن.

بەرزترین ڕێژەکان لە باشووری بیابانی ئەفریکایە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی پێی وایە کە ٦٢% ڕێژەی مردنەکان بەهۆی نەخۆشیە گوێزراوەکان و کێشەی کەمخۆراکییەوەیە. لە کاتێکدا ئەمانە ٢٣%  هۆکاری مردنەکانە لە سەرتاسەری جیهان. ئەم ئامارانە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئەفریکامان پیشان ئەدات لە کاتێکدا کە ڕێژەی تەمەن بە بەراورد لەگەڵ شوێنەکانی تری جیهان گەنجترن بەڵام دەرگیری لاوازیی بەرگری لەش وگرفتە تەندروستییە بەردەوامەکانن. ئەمە بە شێوەیەکی نەگونجاو ئەبێتە هۆکاری مردنی گەنجانێکی زۆر لە ئەفریکا لە چاو وڵاتانی تری جیهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید –نۆزدەوە.

لە ساڵی ٢٠١٥ لە سەرتاسەری جیهان ٢١٢ ملیۆن کەس تووشی مەلاریا بوون و لەو ژمارەیە ٤٢٩ هەزاریان بەوهۆیەوە مردن، کە ٩٠% لە حالەتەکان و ٩٢% مردنەکان لە کیشوەری ئەفریکا بوون. لە ئەمریکا کەس بەهۆی پەتای سکچوونەوە گیان لەدەست نادات. بەڵام لە ئەفریکا یەکێک لە هۆکارەکانی مردنە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە ئەفریکا هەوکردنی بەشی خوارووی بۆری هەناسەدانە، هەوکردنی سیەکان، ئەنفلونزا، سیل. پەتای هەوکردنە بەکتریایی و ڤایرۆسییەکانی هۆکاری دووەمی مردنەکانن لە باشووری بیابانی ئەفریکا.

ساڵانە بە ملیۆنان خەڵکی ئەفریکا بەم پەتایانە گیان لەدەست ئەدەن. لە کاتێکدا کە توانای ڕێگریکردن لە هەموویان هەیە. پەتاکانی سکچوون بە هۆکاری خواردنی پیس و ناپاکژی ئاوەوە ڕوو ئەدەن.  مەلاریا ئەکرێ لە ڕێگای بەکارهێنانی پەردەی مێشوولەو لەناوبەری مشەخۆرەکانەوە ڕێگری لێبکرێت. دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرییەکانی پەتای مەلاریا ئەکرێت ملیۆن گیان لە مردن ڕزگار بکات. بەڵام کۆمپانیاکانی دەرمانسازیی کە گرێدراوی قازانجپەرستین رێگرە لەوەی کە دەرمانەکە بگاتە ئەم هەژارانە لەبەر ئەوەی وەک بازاڕێکی قازانجبەخش چاوی لێناکرێت.  لە بارێکدا کە بەشێکی زۆری کیشوەرەکە لە لایەن ئیمپریالسیتەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بارودۆخ  بۆ زۆرینەی خەڵک بریتییە لە نەبوونی پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیان وەک ئاوی پاکژ بۆ خواردنەوە، خواردن و حەمام و دەستشۆری گونجاو. دەرئەنجامی ئەمانە بریتییە لە مردنی ملیۆنان خەڵکی کیشوەرەکە بە چەند نەخۆشی و پەتایەک کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بوونیان هەر نییە.

لە سایەی بارودۆخێکی وادایە کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بلاو ئەبێتەوە و کڵۆڵی و پەژارەیی خەڵک ڕوو لەسەر ئەکەن.  بۆ نمونە هەر ئێستا کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیی دەرگیری بڵاوبوونەوەی ئیبۆلایە(ebola) . تەشەنەسەندنی ئیبۆلا وڵاتەکەی داڕووخاندووە، بڵاوبوونەوەی لە ئێستادا دووەمین وێرانکارییە لە مێژوودا، ئەمە سەرباری ئەوەی کە کۆنگۆ دەرگیری بڵاوبوونەوەی پەتای سورێژەشە کە زۆر کوشندانەیە. تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڤید نۆزدە، تەنانەت ئەگەر ژمارەی توشبووەکان کەمیش بن ئەوا سیستمی چاودێری تەندروستی کە خۆی لە بنەرەتدا وەک نەبوو وایە ژێرەوژوور ئەکات. نرخی گیانلەدەستدانی مرۆڤەکان زۆر سەرسوڕهێنەر ئەبن. 

یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بڵاوبوونەوەی هێواش و لەسەرخۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا بە سادەیی بریتییە لە کەم و کورتی لە هاتوچۆی نێونەتەوەیی ئاسمانی و ئەرزی بە بەراورد بە شوێنەکانی تری جیهان. خەڵک لێرە کەمتر لە جوڵەو هاتووچۆدان. تەنانەت ئەگەر ڤایرۆسەکە دەست بە بڵاوبوونەوەش بکات ئەوا هێواشترە. لەبەر ئەوەی بەهەمان شێوە هاتووچۆ لە نێوان شارو شارۆچکەو دێهاتەکاندا بە بەراورد لەگەڵ باقی شوێنەکانی تری جیهان زۆر کەمترە.  زۆرێک لە ولاتەکان بۆ نمونە کۆماری ناوەندی ئەفریکا هاتووچۆی ئاسمانی ناوخۆییان هەر نییە، هیڵی شەمەندەفەر و تەنانەت تۆڕی هاتووچۆی پاسی نێوان شاروشارۆچکەکانیان نییە. هەرچەندە ئەمانە لە سەرەتادا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هێواشتر ئەکەن بەڵام پرۆسەیەکەو تەنها دواکەوتنێتی و ناکرێت لێ‌ی دەربازبێت. ڤایرۆسەکە شوێن و ناوچە چڕ و ناتەندروستەکانی ژیانکردن بە تەواویی وێران ئەکات. بەڵام بە هێواشی و لەسەرخۆ لە شارو شارۆچکەو دێهاتەکاندا بڵاو ئەبێتەوە. لە ڕاستیدا ئەمە بە مانای ئەوەیە کە پەتاکە بۆ ماوەیەکی زۆر زیاتر لە کیشوەرەکەدا ئەمێنێتەوە. زیانە گەورەکان ئەو کاتانە سەرهەڵئەدەن و دەرئەکەون کە لەوانەیە لە شوێنەکانی تری جیهان کۆتاییان پێهاتبێت.  ئەم بارودۆخە هەڕەشەی ئەوە ئەکات کە گیانی ملیۆنەها مرۆڤ ساڵ دوای ساڵ هەڵوەرێت لە کاتێکدا ئەوانی تر هەستی پێنەکەن.

ڕاسیزم و ئەژمارکردنە کوشندەکان

سەرنجەکانی دوو زانای بەناوبانگی فەڕەنسی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا کە” ئەفریکا باشترین ناوچەی نمونەیی‌یە بۆ تاقیکردنەوەی پێکوتەکان(ڤاکسین) بە هۆی خراپی ژێرخانی چاودێری تەندروستییەوە” بووە جێگای توڕەیی و نارەزایی لە تەواوی کیشوەرەکە.

جان-پۆل میرا (Jean-Paul Mira) بەڕێوەبەری بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی کۆشین (Cochin ) لە دیبەیتەکەدا وتی: ” ئەگەر لوتبەرزانە بدوێم، نابێت ئێمە ئەم توێژینەوەیە لە ئەفریکا ئەنجام بدەین ، لەو شوێنەی کە هیچ دەمامک و چارەسەرو ئامێرێکی هەناسەدانی لێنیە؟…  تۆزقاڵیک بە هەمان ئەو شێوازەی لە هەندێک شوێندا کە بە دوای توێژینەوەی ئایدزدا ئەگەڕێن ؟ ئێمە چەند توێژینەوە لەسەر لەشفرۆشەکان ئەنجام ئەدەین لەبەر ئەوەی کە خۆیان ڕووت ئەکەنەوەو هیچ خۆیان ناپارێزن”.

جەمیلە لۆکت (Camille Locht) بەڕێوەری توێژینەوە لە پەیمانگای تەندروستی نیشتمانیی (Inserm) هاوڕا بوو لەگەڵ جان-پۆل :

” تۆ ڕاست ئەکەیت ، ئێمە هەر ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەیەکی ترین لە ئەفریکا لەسەر هەمان ڕێڕەو”.

کاردانەوەکان لە بەرامبەریدا، بێزاری و توڕەیی هەموو ئەفریکا بوو. ” ئەفریکا تاقیگە نییە” و ” ئەفریکیەکان مشکەکانی تاقیکردنەوە نین” بووە جێ‌ی قسەو باسی دوو ڕۆژەی لەسەر یەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. کاردانەوەکان بەڕێوەبەری تەندروستی جیهانیی تێدرۆس گیبریسۆس (Tedros Ghebreyesus) ناچار کرد کە سەرکۆنەی ئەم بانگەوازە ڕەگەزپەرستییانە بکات.

بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی قێزەونی تاقیکردنەوەکانی داوودەرمان لە کیشوەری ئەفریکا لە سەدەی رابردوودا، کاردانە توندەکانی ئەفریکییەکان جێ‌ی سەرسوڕمان نییە. دەیان ساڵە وڵاتەکانی ئەفریکا بوونەتە جێگای تاقیکردنەوەی دەرمانەکانی کارگەکانی دەرمانسازیی کە دەرئەنجامێکی کوشندانەیان هەبووە، لێرەدا چەند نمونەیەکیان باس ئەکەین:

لە ساڵانی نەوەتەکاندا کۆمپانیای (Pfizer) دەرمانی ترۆڤانین ( Trovanin ) لە تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی دژ بە هەورکردنی پەردەی مێشک(meningitis) تاقیکردەوە لە کانۆ(Kano )، نایجیریا(Nigeria )، دەرئەنجامەکەی بریتی بوو لە مردنی ١١ منداڵ، کوێرکردن، کەڕو ڵاڵکردن، تێکدانی مێشکی چەندەها منداڵی تر. دواتر لە لێکۆڵینەوەیەکدا وا پیشاندرا کە بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی نایجیریا و ڕوخسەت وەرگرتن لە باوکان و دایکان دەرمانەکە تاقیکراوەتەوە. دەرئەنجامی هەڵسوکەوتی تاوانبارانەی ئەم کۆمپانیا نێونەتەوەییە بووە زیادبوونی چەند نەخۆشی تر وەک ئیفلیجی مندالان لە کانۆ. لەبەر ئەوەی خەڵک بە سادەیی متمانەیان بە سیستمی چاودێری تەندروستی نەما و ئامادەی لێدانی پێکوتەی دژ بە ئیفلیجی منداڵەکان نەبوون.

لە حاڵەتێکی تردا لە ساڵی ١٩٩٤، بە سپانسۆری ناوەندی ئەمریکا بۆ خۆپارێزیی و بەگژداچوونەوەی پەتاکان تاقیکردنەوەی دەرمانی ئەزیدۆتیمیدین (AZT) بۆ ١٧ هەزار ژنی توشبوو بە ئایدز ئەنجامدا لە زیمبابۆی بە بێ ڕوونکردنەوەی مەترسییەکان و کاریگەرییە لاوەکەییەکانی دواتر. دەرئەنجامەکە بەوە کۆتایی هات کە هەزار منداڵی ساوا توشی ئایدز بوون، لە کاتێکدا کە چەند شێوازی تر هەبوون بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی.

بە گەڕانەوەمان بۆ ڕابردوو چەند تاقیکردنەوەی خاوێنکردنەوە لە لایەن دکتۆری ئەڵمانی ئاوگن فیشەر (Eugen Fischer) ئەنجام دران بۆ ژنانی هیریرۆ لە نامیبیا بۆ ڕێگەگرتن لە تێکەڵبوونی ڕەگەزەکان. دواتر پەیوەست بوو بە نازییەکانەوەو تاقیکردنەوەکانی لە کەمپەکانی دەستگیرکردنی جولەکەکان درێژە پێدا. چەند تاقیکردنەوەی هاوشێوە هەبوون لە کیشوەری ئەفریکا لە سەدەی ڕابردوودا.

هەروەها چەند ڕێنماییەک هەبوو لە لایەن دەیڤد ماڵپاس(David Malpass) سەرۆکی بانکی جیهانیی، کە دژی لێخۆشبوون لە دانەوەی قەرزی وڵاتە هەژارنشینەکان بوو، و بەستنەوەی بە پێشمەرجی پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابوری بازاڕی ئازاد وەک وازهێنان لە دەستێوەردانەکانی حکومەت و کۆمەک و دەرماڵە. تەوس و گاڵتەجاڕییەکە لەوەدایە کە وڵاتەکانی ئەوروپا پەنا بۆ دەوڵەت ئەبەن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکەدا، لە کاتێکدا کە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان پەنا بۆ سەیروسەمەرەکانی بازاڕی ئازاد ئەبەن کاتێک بە تەواویی ئەشکێن! بەڵام بە تێڕوانین بە مێژووی بانکی جیهانیی ئەم پێشنیارە جێگای سەرسوڕمان نییە. ئەمە یەکەمین دامەزراوەی جیهانییە کە ئەبێت لە کیشوەرەکە مۆری لێبدرێت!

داگیرکاریی ئیمپریالیستی هۆکاری کارەساتەکانی ئەفریکایە

لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا بە مانای خەبات دژی ئیمپریالیزمە. وێرانکاری لە دەرئەنجامی چەند سەدەی داگیرکاریی وڵاتە ئیمپریالیستەکانەوە کیشوەرەکەی دووچاری بارودۆخێکی کوشندانە کردووەتەوە.

لە قەیرانی ئابوری جیهانیی ساڵانی ١٩٧٤ و دواتردا و کارکردەکانی لە دابەزینی نرخی زۆربەی کاڵاکان، داڕمانێکی ئابوری ڕووی کردە زۆربەی وڵاتان و قەرزەکانیان چەند بەرابەر بوونەوە. سیاسەتی ئەو کاتەی پشتگیریکراو لە لایەن تاتشەر (Thatcher)لە بەریتانیا و ڕیگان (Reagan) لە ئەمریکا بریتی بوو لە هاندانی ڕووکردن بەرەو سندقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و پەیڕەوکردنی ” بەرنامەی خۆگونجاندنی پێکهاتەو داڕشتەی دەوڵەت” کە خۆی تەنها سیاسەتێکی ئابوری بوو بۆ زیاتر ئازادکردنی بازاڕ لە قازانجی کۆمپانیا چەندنەتەوەییەکان.

 لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەرنامەی خۆگونجاندنی پێکهاتەو داڕشتەکانی دەوڵەت کە لە لایەن دامەزراوە جیهانییەکانەوە بەسەر حکومەتەکاندا سەپێنرا، کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی حکومەت لەم وڵاتانە دانا. بڕێکی کەم ئەمایەوە بۆ خەرجیەکانی ژیانێکی گونجاوتر بۆ نمونە وەک چاودێری تەندروستی. ئەم وڵاتانە لە بەرامبەر دانەوەی قەرزەکاندا ناچارکرابوون بە ژیانکردن لە باردوخێکی سەخت و دژوار، و بە گرتنە بەری سیاسەتی لەخۆگرتنەوەی زۆر توند و تایبەتکردنەوەی زۆرێک لە دامەزراوە نیشتمانییەکانی دەوڵەت ( فرۆشتنی بە کەرتی تایبەت). مەرجەکانی ئەم دامەزراوە چەند نەتەوەییانە، وڵاتەکانی ڕووەو تەڵەی قەرز پاڵپێوە ناوە کە تا سەرمایەداری لەناو نەچێت هەر لە ژێر باری قەرزدا ئەمێننەوە.

زۆربەی کات پرۆگرامەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانیی چەند مەرجێک دائەنێن بە دیاریکردنی کات لە کەرتی گشتی، کە حکومەتەکان ناچار بە گرتنە بەری لێگرتنەوە لە کرێ و کار لە کەرتی تەندروستی ئەکات. هەربۆیە کەمکردنەوەی کرێکاران و کەمی دەرماڵەکانی مەترسی، مووچەخۆرو کرێکارەکانی ناچار بە وازهێنان لەم کەرتە و کۆچکردن کردووە. کە پێ‌ی ئەوترێت “کۆچکردنی ئەقڵەکان”. ئەو ڕێکارانەی کە گیراونەتە بەر کاریگەرییان داناوە لەسەر بواری چاودێریی تەندروستیی و هەروەها کاریگەریی خراپی لە ژمارەو کوالێتی ئەم بوارە کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی وەک داننان بە کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم رێکارە، دیاریکردنی کاتی دانەوەی قەرزەکانی گۆڕیوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە بەرنامەکانی ئەم دواییانەدا دووبارە بە شیوازی تر دەرکەوتوونەتەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەی پاشەکشەکردن لە کەرتی چاودێریی تەندروستی پیشاندا یان بە شێوازێکی تر بڵێین کە دەوڵەت ناچار کرا بە بەجێهێشتنی کەرتی تەندروستی و سپاردنی بەو قەوارانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵ و ڕکێفی ڕۆژئاوادان. بەڕێوەبردنی چاودێریی تەندروستی لە لایەن چەند رێکخراوی ڕۆژئاوایی ناحکومی و ڕێکخراوە کۆمەککار وفریاگوزارییە جیهانییەکان، کە حکومەتە ناوخۆییەکان ڕۆڵێکی یەکجار کەمتری تیا ئەگێڕن. بەڵام ئەوەی کە زۆر جار بە کۆمەک و یارمەتی ئەفریکا ئەناسرێت لە ڕاستیدا دەورەیەکی متمانە بەخشینەوەیە بە ئیمپریالیزم. جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆگونجاندنی پێکهاتەو دارشتەی دەوڵەت لە ساڵەکانی هەشتاکاندا ، پێشمەرجێک بوون بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکان لە ئەفریکا و ئەمریکای لاتین.

لێکەوتە وێرانکەرەکان

نمونەیەکی روونی ئەم بەرنامە وێرانکارییانەی ئیمپریالیستەکان لە ئەفریکا بریتی بوو لە سەرهەڵدانی پەتای کوشندەی کۆلێرا لە ساڵی ٢٠٠٨.

لەسەرەتا پەتاکە لە کۆمەڵگەی چیتنگویزا(Chitungwiza) نزیک هیراری سەریهەڵداو بڵاوبووەوە. بە شێوەیەکی خێرا بە دێهات و ناوچە شارستانییەکاندا لە زیمبابۆی بڵاوبووەوە پیش ئەوەی پەل بهاوێت بۆ باشووری ئەفریکا، بۆتسوانا،زامبیا و مۆزەمبیق. تەنها لە ماوەی دە مانگدا لانی کەم ٩٨ هەزار کەس تووشی پەتاکە بوون کە هەزارانیان گیانیان لەدەستدا. بەوپێیەش ڕێژەی مردن بە پەتای کۆلێرا لە ساڵی ٢٠٠٨ گەیشتە لوتکە، کە لە مێژووی ئەفریکادا بێوێنە بوو.

پەتای کۆلێرا یەکێک لەمەترسیدارترین نەخۆشییە گوێزراوەکانە لە ئەفریکا. کە پەتایەکی بەکتریاییە و ئەبێتە هەوکردنی کۆئەندامی هەرس بەهۆی خواردن و ئاوی پیسبوو بە جۆرێکی بەکتریای (vibrio cholera ). نەخۆشییەکە بە سکچوون و ڕشاندنەوەی زۆر توند ئەناسرێتەوە. لە زۆربەی حاڵەتە توندەکاندا بەهۆی وشکبوونەوەی خێراوە کوشندەیە. ئەگەر نەخۆشەکان بێچارەسەر بەجێ بهێڵرێن ئەوا رێژەی مردن تیایاندا ٥٠% دەبێت.

بڵاوبوونەوەی پەتاکە کارکردی ڕاستەوخۆی پرۆگرامی خۆگونجاندنی پێکهاتەو داڕشتەی دەوڵەتە کە لە لایەن سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پێشنیارکراو لە لایەن حکومەتەکەی مۆگابی‌یەوە لە ساڵانی نەوەتەکانەوە جێبەجێکرا. چاکسازییە ئابورییەکانی ساڵانی نەوەتەکان بوونە داڕمانی زیاتری باردودۆخ و گوزەرانی خەڵک، بەهۆی بێکاری بەلێشاو و سیاسەتی لەخۆگرتنەوە توندەکانەوە، هیراری پایتەخت بووە لانکەی چڕی لەخۆگرتنی زۆری خەڵک کە بۆ دەربازبوونیان لە هەژاریی کوشندە پەنایان بردە بەر بازرگانییە نافەرمییەکان، تێکچوون و داڕمانی پێوانە تەندروستییەکان، و زۆربوونی خانووە قەرەباڵغەکان، و قورسی و کەمی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک و دەستشۆری گونجاو بوونە سیمای ژیانکردن لە شارە گەورەکان. داڕمانێک لە دەستەبەرکردنەکانی ئاوی پاک و بەوپێیەش لە بنەماکانی پاکوخاوێنی ڕوویاندا. بەهۆی کەمی کارمەند و ریکخراوی کارکردوو لەگەڵ پەتاکە، ژێرخانی چاودێری تەندروستی داڕووخاو بووە هۆکاری بڵابوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەک کە تاکو دە مانگی دواتر توانای کۆنترۆڵکردنیان نەبوو. بە دوایدا شەپۆلی دووەمی پەتاکە سەری هەڵدا و تاکو مانگی شەشی ٢٠١١ درێژەی کێشا.

بەربەستدانان و ڕێگریکردن لە توشبوون و مردنەکان لە توانادا هەن. لە ڕێگای جێگرتنەوەی بە کارای شلەمەنی و ئەلەکترۆلیت. بە بەکارهێنانی لە ڕێگای دەمەوە ئەکرێ ڕێژەی مردنەکان بۆ کەمتر لە ١% کەمبکرێنەوە. بەڵام بەتایبەتکردن و ڕێکخستنی ئاو و دەستشۆرەکان پێویستییان بە نرخێکی زۆرە بۆ بەدەستهێنانیان، هەربۆیە خەڵکە هەژارەکان ڕوو لە ئاوە پیس و زیانلێکەوتووەکان ئەکەن. هەرەسهێنانەکانی دەستراگەیشتن بە ئاوی پاک و کەرتی تەندروستی لە سایەی سیاسەتەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەردەوامی هەیە.

جەنگ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە مانای جەنگ دژی ئیمپریالیزمە

هەژموونی زاڵ و تێکشکێنەرانەی ئیمپریالیزم بە مانای زیاتر چەوساندنەوەی وڵاتانی کیشوەرەکانی ئەفریکا، و ئاسیا و ئەمریکای لاتینە. کە خۆلادان لە چەند مەسەلەی وەک پەتاکان، جەنگ و کوشتار، کارەساتەکانی ژینگە، برسیەتی ئەکەنە شتێکی مەحاڵ. سامانێکی زۆروزەبەندی ئەم ولاتانە بەرەو ولاتە ئیمپریالیستییەکان بەتاڵان ئەبرێن. هەژموونی ئێستای ئیمپریالسیتەکان زۆر لە ڕابردوو بەرفراوانترە. دەسەلاتی سەربازی بیرۆکراتی کۆن گۆڕدراون بە چەند دەسەلاتێکی مەدەنی زۆر وابەستەی ولاتە ئیمپریالسیتییەکان لە بازاڕی جیهانیدا.

تەنها ڕێگای ڕزگاربوون بۆ جەماوەری ١،٢ ملیارد خەڵکی ئەفریکا لەم کابوسە بەربەریە خەباتکردن دژی ئیمپیریالیزمە. بەڵام خەباتکردن دژی ئیمپریالیزم هەمان خەباتکردنە لە دژی سەرمایەداری بە گشتی.  لەئەفریکاو شوێنەکانی تری جیهانی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەر ڕووی راستەقینەی سیستمەکە ئەبینین و ئەبێت لە ڕێڕەوی شۆڕشێکی سۆسیالیستانەدا بڕوخێنرێت. ئەم ئەرکە ئەکەوێتە سەر شانی چینی کرێکار لە باشووری ئەفریکا، نایجیریا و میسر.  بەهۆی ڕۆڵ و جێگاورێگای کرێکاران لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتیدا، تەنها چینی کرێکارە کە ئەتوانێ سەرکردایەتی خەبات بەرەو سۆسیالیزم بکات.  چینی بۆرژوازی لاوازو تێکشکاوی کیشوەری ئەفریکا تەنها چاوی لە سەرمایەی دەرەکی و ئیمپریالیزمە بۆ  پاڵنانی کۆمەڵگا رووەو پێشەوە . ئەو نەک تەنها وابەستەیە بە سەرمایەی دەرەکی بەڵکو بە هەمان شێوەش بە توێژێکی خاوەن زەوییەکان وابەستەن کە ئەیانکاتە بلۆکێکی دواکەوتوو و پەیگیر دژ بە پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

ئیمکانی زۆر هەیە کە پرۆلیتاریای وڵاتێکی ئەفریکی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لە ڕێگای دەستپێکردن بە چەند ئەرکی دیموکراتی-بۆرژوازی و دواتر بە ڕاستەوخۆیی گۆڕینیان بە چەند ئەرکی سۆسیالیستی. لە کۆتاییدا، مەرجی پێداویستی مانەوە لە دەسەڵات بریتییە لە درێژەدان بە شۆڕش ڕووەو ولاتە پێشکەتووەکان.  قەیرانی سەرمایەداری لە ئێستادا بارودۆخێکی بەرفراوانبوونی شۆڕشی لە سەرتاسەری جیهان خوڵقاندووە. لە کۆتاییدا سەرکەوتن بەسەر ئیمپریالیزم بە بێ سەرکەوتن بەسەر سەرمایەداریدا لە ولاتە ئیمپریالیستییەکان ئیمکانی نییە.


ڕوونکردنەوە:

ئەلەکترۆلیت ئەو کانزایانەن لە جەستەی مرۆڤدا کە هەڵگری بارگەی ئەلەکترۆنین، پارێزگاری لە هاوسەنگی ئاو ئەکەن لە جەستەدا.

 

تێبینی وەگێڕ : ئەوەی بۆ من گرنگ بوو لە وەرگێرانی ئەم بابەتە نیشاندانی بارودۆخی چەوساندنەوەو پڕ لە کوێرەوەری وڵاتانی کیشوەری ئەفریکا لە ژێر سایەی سیستمی سەرمایەداری کە بۆ خەڵکی کوردزمان تا ڕاددەیەک زانیاریمان کەم بووە لەمڕووەوە، و مەرج نییە بەکارهێنانی چەند زاراوە و لێکدانەوەی بارودۆخەکان هاوڕابوونی من یان ئەو ماڵپەرەی کە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەگرێتە ئەستۆ، بگەیەنن لەگەڵ نوسەری بابەت.

سەرچاوە : دەفۆنک

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

بیتهۆڤن، مرۆڤ و ئاوازدانەرو شۆڕشگێڕ

نوسینی: ئالان ودز،  وەرگێڕانی : ڕۆز جەمال ئەگەر ئاوازدانەرێک شایانی ئەوە بێت بە شۆڕشگێڕ ناوزەدبکرێت ...