ملیۆنان کرێکاری جلوبەرگ و ڕستن وچنین لەبەردەم هەڕەشەی بێکاری و برسێتیدا!

کامەران ئەحمەد

شەقامەکانی ئەمستەردام ،لەندەن، بۆن و بروکسل کە تا درەنگانی شەو لە جووڵەی هاوڵاتی و گەشتیار جمەیان ئەهات ئێستا بە داخستنی سەرجەم ناوەندەکانی بازرگانی و گەشتیاری بوونەتە چەند شەقامی چۆڵ و تاریامییەک لە تاسان و ترس. بەدوای داخستنی چێشتخانەو کافتریا و کۆگاکانی جلوبەرگ و پێلاو ، و دەیان ناوەندی تر سیمایەکی تۆقێنەر بە داهاتووی کار و پەیوەندی و ژیانی مرۆڤەکان باڵی بەسەر هەموو شارەکاندا کێشاوە. لەم شەقامانە کە ڕازاوەترین مۆدەکانی جلوبەرگ تیایدا نمایش ئەکران ئێستا لە سایەی مردنی هەزارەها هاوڵاتی، ڕووتێنەکردنی گەشتیاران و داڕمانی ئەو کەرتە سەدەهاو هەزارەها کرێکاری خستووەتە بەردەم هەڕەشەی بێکاری. بەڵام زۆر دوورتر لەوان، لەو ولاتانەی کە هێزی کاری هەرزان و کارگەکانی ڕستن و چینین و بەرگدرووی جلی مۆدە و فاشیۆنەکان کە بازارەکانی ڕۆژئاوایان گەرم ئەکرد، بارودۆخ زۆر ترسناکترو دەیانجار کاریگەرترە. سەدان کارگای ڕستن و چینین و جلوبەرگ دادەخرێن و ملیۆنەها کرێکار بێکار ئەبن. کارگەکان نەک لەبەر قەدەغەی هاتووچۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا( ئەگەرچی لە هەندێکیان کار هەر ڕانەگیران) بەڵکو لەبەر پەشیمان بوونەوەی کۆگاکانی بازرگانی جلوبەرگ و فاشیۆنە مۆنۆپۆلەکانی بازرگانی وەک زارا (Zara) و پوڵ ئاند بیەر (Pull&Bear) و ئێچ&ئێم (Hennes & Mauritz ) ، پریمارک (Primark ) و گاپ (Gap) و سی&ئەی (C&A ) لە داواکارییەکانیان و داخستنی لقەکانیان لە دەیان وڵات و سەدان شار، و کەمکردنەوەی زیانەکانیان چیتر توانای خەرجکردنیان لەسەر هێنانی مۆدێلی تازەو بەرهەمهاتووی پیشەسازی جلوبەرگ نییە.

کۆیلایەتی نوێ

ساڵانێکە کە هەلومەرج و بارودۆخی کارکردن لە کارگەکانی ڕستن‌و چنین، و جلوبەرگ لە وڵاتە هەژارنشینەکانی وەک بەنگلادش، کەمبۆدیا، میانمار، سیریلانکا بوونەتە جێگای سەرنج و بایەخی ڕێکخراوە مرۆییەکان. نەبوونی مەرجە سەرەتاییەکانی خۆپارێزی لە کارگەکان، کاری سەخت و تاقەتپڕوکێن، سەعاتکاری زۆر تا راددەی (٥٠-٦٠) کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، کەمی کرێ بە بەراورد لەگەڵ کاری بەرهەمهاتوو( ٨٥ دۆلار تا ٢٥٠ دۆلار) لە مانگێکدا. نەبوونی بیمە و هەڕەشەی دەرکردن و تۆمەتهەڵبەستن لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین، …هتد لە دیاردە ناسێنەرەوەکانی پرۆسەی کارو بەرهەمهێنانن لەم وڵاتانە.

هەموومان تراژیدیای دڵتەزێنی باڵەخانەی ڕانا پلازا (Rana Plaza)مان لە نیسانی ٢٠١٣ لە یادە کە چۆن بەهۆی داڕمانی باڵاخانەکەوە ، زیاد لە ١١٠٠ کرێکار گیانیان لەدەستدا و نزیک بە ٢٥٠٠ کرێکاریش برینداربوون. چۆن بە هۆی ئاگرکەوتنەوەی کارگەی فاشیۆنی تارزین (Tazreen Fashions )  ١١٢ کرێکار بە سووتان گیانیان لەدەستدا. سەرباری هەنگاونان بۆ توندکردنەوەی پێشمەرجەکانی کارگاکان و توندوتۆڵکردنەوەی گرێبەستی کارگەکان بە دەستپیشکەری چەند ڕێکخراوی ناحکومی وەک فیدراسیۆنی یەکێتییەکانی پیشەسازیی جیهانیی (IndustriAll Global Union ) و کەمپەینی جلوبەرگی خاوێن(Clean Clothes Campaign)  لە توندکردنەوەی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کار، پشکنینی شوێنی کار، مە‌شقپێکردن لەسەر سەلامەتی و خۆپارێزی بەڵام بەهۆی گەندەڵی حکومەتی ناوخۆیی و خۆزدینەوەی خاوەن کارگەکان کە زۆربەیان سەرمایەگوزاری دەرەکی رۆژئاوان نەیانتوانی لە جێبەجێکردنی مەرجەکان کۆتایی بە تراژیدیای کوشتن و لەناوچوونی کرێکاران بهێنن. لانی کەم بە دوای ئەم تراژیدیایانە نزیکە بە ١٠٩ ڕووداوی کوشندەی تر سەریانهەڵداوەتەوە کە بوونەتە کوشتن و بریندارکردنی دەیان کرێکار.

سەرباری کارکردن لە دوو شفت و لە شوێنی گەرم و زۆربەی کات بێ هەواکێش، کارکردن لەگەڵ ئامێری مەترسیدار، بەڵام مەسەلەکە هەر بوونی شوێنی گونجاوی کارکردن نییە، بەڵکو بارودۆخی ئەو کرێکارانەی کە تیایدا کارئەکەن بەهەمان ئاست گرنگە، بەڵام گەندەڵی ناوخۆیی و چاوچنۆکی بۆ هێزی کاری هەرزان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بوای داوە بەسەخترین هەلومەرجی کاکردن.

بەکارهێنانی منداڵان لە کارکردن، یەکێکی تر لە مەیدانەکانی چەوساندنەوەی کارە.  بە پێ‌ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کاری جیهانی نزیک بە ١٧٠ ملیۆن منداڵ خەریکی کارکردن لە کارگەکانی ڕستن و چنین، جلوبەرگدروستکردن کە کارئەکەن کە تەمەنیان لە نێوان ٥-١٧ سالاندایە. خێزانەکان بەهۆی سەختی گوزەران و کەمی کرێ ناچارن کە منداڵەکانیان بخەنە بازاڕی کارەوە. 

سەعاتکاری زۆر سیمایەکی تری چەوساندنەوەیە لەم کەرتەدا. بەپێ‌ی ڕاپۆرتی کەمپەینی جلوبەرگی خاوێن (Clean Clothes Campaign) سەعاتکار لە نێوان ١٠-١٢ سەعاتدایە لە ڕۆژێکدا، لە زۆربەی کاتەکاندا و بەتایبەت لە کاتی ئۆردەری تازە و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کڕیار لە دواین کاتەکانی دەستهەڵگرتن لەکار کرێکاران ناچار بە کاری زیادە ئەکرێن و بەمەش سەعاتکار ئەگاتە ١٦-١٨ سەعات لە ڕۆژێکدا. شەش ڕۆژ لەهەفتەدا و لەهەندێک جاردا بە پێ‌ی ئاستی داواکارییەکانی کڕیارەکان ٧ رۆژ لە هەفتەدا.  ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەی کرێکارەکان ژنن و ئەرکی نێوماڵ و بەخێوکردنی منداڵانیشیان کەوتووەتە ئەستۆ. بەڵام بەهۆی کەمی کرێ کە بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان ناکات کرێکاران ناچارن کە مل بە سەعاتکاری ئیزافی بدەن.  ژنانی کرێکار سەرباری هەلومەرجی سەختی کار وەک ژنیش لە کاتی پلەبەرزکردنەوە یان زیادکردنی کرێ ئازاری دەروونی و  دووچاری گێچەڵی سێکسی(sexual harassment )  ئەبنەوە.

کرێی کار بەشی ژیانێکی سەرەتایی ودابینکردنی پێداویستییەکان ناکات.  کرێکاران ئەگەرچی هەمان کار ئەکەن و هەمان بەرهەم ئەهێنن بۆ هەمان کۆگاکانی بازرگانی فاشیۆن بەڵام کرێکانیان لە ولاتێکەوە بۆ ولاتێکی تر جیاوازە.

لە بەنگلادش پیشەسازی جلوبەرگ و ڕستن و چینین زیاد لە ٨٠% کۆی ناردنە دەرەوەکانی بەرهەم لەو ولاتە پێک ئەهێنێت و زیاد لە چوار ملیۆن کرێکار لە پێنج هەزار کارگە کار ئەکەن، ژنان نزیک بە ٨٥% کرێکاران پێک ئەهێنن.  ڕاستەوخۆ دوای کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هێشتا مەترسییەکە بە تەواوی نەڕەویوەتەوە و بۆ کەمکردنەوەی زیان و ڕێگرتن لە مایەپووچی زیاتر، ژمارەیەکی زۆریان بە هۆی داخستنی کارگەکانەوە یان کەمکردنەوەی کرێکارانەوە ڕەوانەی ماڵەکانیان کرانەوە. بۆ زۆربەیان کرێ‌ی مانگانە ١١٠ دۆلارە کە تەنها سەرچاوەی داهاتی خێزانەکانیانە. حکومەت پاکێجێکی فریاگوزاری ڕاگەیاند لە مانگی مارس و ئەپڕڵ، بەڵام بیرمان نەچێت ژمارەیەکی زۆری دەسەڵاتدارانی حکومیی خۆیان خاوەنی کارگەکانن! و چیتر ئامادە نین ٦٠% کرێ‌ی کرێکاران لە کاتی داخستنی کارگەکان دابین بکەن، لە دواین ڕۆژەکانی مانگی ئاپڕڵدا ژمارەیەک کارگە سەرباری بوونی قەدەغەی هاتووچۆ و نەڕەوینەوەی ترسەکانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیان کردەوە بە کارکردن.

تەنها لە کەمبۆدیا، نزیک بە حەوت سەد هەزار کرێکار هەن،  بڕی ناردنە دەرەوە ٧ بلیۆن دۆلار بووە لە ساڵی ٢٠١٩ کە ئەکاتە ٩٠% زیاتری سەرجەم بەرهەمە نێردراوەکانی ئەو وڵاتە لەپیشەسازی جلوبەرگ و پێڵاودروستکردن. نزیکەی لە ٩٠% خاوەنکار و ٨٠% ی بەڕێوەبەرەکان خەڵکی ئەو وڵاتە نین و سەرمایەگوزاری چین و مالیزیا، کۆریای باشوور، ئەوروپایین. مانگرتنەکانی ٢٠١٤ بۆ زیادکردنی کرێ لە ٨٠ دۆلارەوە بۆ ١٦٠ دۆلار لە مانگێکدا بەلام زیاد کران بۆ ١٠٠ دۆلار، بەم دواییانە نزیک بووەتە لە ١٥٠-١٩٠ دۆلار.

ڤێتنام نزیک بە سێ ملیۆن کرێکار،  شەش هەزار کارگەی ڕستن و چینین و جلوبەرگ دروستکردن.  دووەمین  ولاتی دابینکەری کاڵاکانی  H&M  و زارایە، کرێکارەکان لانی کەم پەنجا سەعات لە هەفتەیەکدا کارئەکەن. کرێ‌ی کرێکار لە نێوان ١٢٥-١٩٠ دۆلارە لە مانگێکدا.

میانمار کە هەمیشە بازاڕێکی هەرزانی براندە جیهانییەکان بووە خاوەنی ٥٠٠ کارگای دروستکردنی جلوبەرگە ، کرێ نزیک بە سێ دۆلار- تاکو سێ دۆلارو نیوە لە ڕۆژێکدا. پاش زریانی (Cyclone Nargis)  لە ساڵی ٢٠٠٨  کە بووە گیانلەدەستدانی ١٣٨ هەزار کەس و ئاوارەیی، زیانلێکەوتن و لە ناوچوونی٣٧ شاروشارۆچکە. ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە شارە گەورەکان کرد و ئامادەی کارکردن بە کرێ‌ی کەم بوون. لە کۆتایی مانگی مارسدا هەزاران کرێکار لە ناوچەی پیشەسازی یانگۆن دژ بە بڕیاری دەرکردن و بێکارکردنیان دەستیان دایە مانگرتن .

نەک هەر تەنها کارگەکان و ململانێ‌ی نێوان براندەکان بەڵکو هەندێک لە حکومەتەکانیش بە مەبەستی هاندانی سەرمایەگوزاری دەرەکی  و نەڕۆیشتنی کۆمپانیاکان، لەسەر هێزی کاری هەرزان،  ئاستی کرێیان لەم وڵاتانە  بە کەمی ڕاگرتووە و نایەنەوێت زیاد بکرێت.

 لە کەمبۆدیا لانی کەمی کرێ نیوەی کەمی کرێیە لە بەنگلادش پاش نارەزایەتی هەزاران کرێکاری ئەم بەشە دەستیان دایە مانگرتن بۆ زیادکردنی کرێکاکانیان، بەڵام لە بەرامبەریدا ژمارەیەک لە کارگەکان لە ساڵی ٢٠١٧  بۆ بەدەستخستنی هێزی کاری هەرزان ڕوویان کردە ئەسیوبیا و میانمار.

هیندوستان بارودۆخ لەمانی تر باشتر نییە، لە هیندوستان دوای کشتوکاڵ دووەمین کەرتە کە گرنگی هەیە، نزیکە ٤٥ ملیۆن کرێکار کارئەکەن تیایدا بە شێوەی فەرمی و بە نافەرمیش ٦٠ ملیۆن.

بیرمان نەچێت هێشتا ئەمانە ئاماری ڕاستەقینەی کرێکاران و تراژیدیای بارودۆخی کارکردنیان بە تەواوی ناخەنە ڕوو.   ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژنامەی ئۆبسێرڤەر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە فێڵکردنەکانی ئەمازۆن کرد کە چۆن بێئاگادارکردنەوە ژمارەیەکی زۆری کرێکارانی خستووەتە سەرکار لە دروستکردنی بڵندگۆو ئامێری خوێندنەوەی کندڵ(kindle) و سەعاتکاری ئیزافی بۆ نەژماردوون، یان هۆڵەندا لە سەرەتای ڕووتێکردنی کرێکارانی پۆڵەندی و پورتوگالی لە ساڵانی ٢٠٠٧ بە دواوە گرێبەستەکان لە ولاتی دایک ( پورتوگال و پۆڵەندا) بە شێوەیەک بوون بەڵام هەلومەرجی کارکردن لە کاتی گەیشتنیان بە هۆڵەندا بە شێوەیەکی تربوون تا ئەو کاتەی کە ڕۆژنامەنووس ماریا ( Maria do Céu Neves) پەردەی لەسەر درۆی گرێبەست و  بارودۆخەکان هەڵماڵی.

بێکاربوونی ملیۆنان کرێکار

براندی بازرگانی ( Zara) زارا  چوار هەزار کۆگای داخستووە. پریمارک (Primark )  ٣٧٦ کۆگا لە ١٢ ولات، (h&m) زیاد لە دوو هەزار کۆگا، ژمارەیەکی زۆری کارگەکانی جلوبەرگ دروستکردن لە لایەن براندەکانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە پەشیمان بوونەتەوە لە داواکاریەکانیان و ئامادەی کردنەوەی کۆگاکان نین بە هەمان ستایڵی ڕابردوو لە نەبوونی کڕیار و ترس لە ئایندەی بێکاری و لێکەوتە سامناکەکانی قەیرانی ئابوری.

ئێمە لە سەرەتای قەیرانێکی خنکێنەرداین وهێشتا ڕوون نییە کە ماسییە گەورەکان چەند لە بچووکەکان هەڵئەلوشن بەڵام بە بەرچاومانەوە ڕووئەدەن!  هەر لەسەرەتای ساڵ کۆگاکانی (Steps en Promiss) داخران و لە سەرەتای مانگی فێبریوەری کۆگای بازرگانی دیدی(DiDi ) لە هۆڵەندا مایەپووچی خۆی راگەیاند و سەدان کرێکار بێکارکران. بەهەمان شێوە لە ناوەڕاستی مانگی ئاپرڵدا کۆمپانیای بازرگانی (MQ)ی سویدی بەهۆی کەمی فرۆشییەکانیەوە مایەپووچی ڕاگەیاند، سەرباری ئەوەی کە کۆمپانیاکە لە بنەڕەتدا خۆی قەرزارە. بۆرژوازی بۆ پارێزگاری لە سەرمایەو شکست ئەوەندە بێمۆراڵە کە لە کاتی قەیرانەکانیشدا ئەیانەوێ بە دەرفەت وەرگرتن سوود لە پاکێجەکانی هاوکاری دەوڵەت بە هۆی ڤایرۆسەکەوە وەرگرن.

پانتایی کاریگەرییە ئابوری و سیاسیەکان لە جیهانی دوای کۆرۆنا زۆر مەترسیدارو کوشندە ئەبن، بێکاربوونی ملیۆنەها کرێکارو هەژاربوون و برسیکردنی ملیۆنەهای تر بەدوای خۆیدا دێنێت. ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک نمونەیەک جارێکی تر ڕاستییە شاراوەکانی جیهانی ژێر سایەی سیستمی بازاڕ و سەرمایەی پیشان هەموومان دایەوە. پەردەی لەسەر ڕووی ڕاستی سیستمێک هەڵماڵی کە ژیانی مرۆڤەکانی خستووەتە بەردەم بەرداشی سوودو قازانج و کەڵەکە و کێبڕکێی بازاڕ. مێژوویەکە مرۆڤایەتی بە مۆدێل و شێوازە چەند ڕەنگەکانی هەمان سیستمی ئابوری خوێنی لێئەچۆڕێت، هەربۆیە چوونەسەری ئاگاهی و هۆشیاری بە مافی ژیانێکی باشتر جارێکی تر بەهەمان ئەندازەو بە‌ هەمان دڕندەیی ئێستا، هەروا بە ئاسانی چینی کرێکار دەستەمۆی بازاڕو پەیوندییە کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریی ناکاتەوە.

سەرچاوەکان

Textile Industry Amid Lockdown

Indonesia’s Textile and Garment Industry

Working hours and overtime: 96-hour workweeks

STOP KINDERARBEID

The true cost of Myanmar’s growing garment industry

Loonsverhoging voor Bengalese textielarbeiders

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ملیۆنان کرێکاری کۆچکردوو لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە ژێر هەڕەشەی کەمکردنەوەی مووچە و بێکاری و دیپۆرتکردنەوەدان!

کامەران ئەحمەد پاشەکشەی ئابووری لە دەرئەنجامی ڕاگرتنی ناوەندە پیشەسازی وبازرگانییەکان، دابەزینی نرخی نەوت لە کێبڕکێ ...