ملیۆنان کرێکاری کۆچکردوو لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی لە ژێر هەڕەشەی کەمکردنەوەی مووچە و بێکاری و دیپۆرتکردنەوەدان!

کامەران ئەحمەد

پاشەکشەی ئابووری لە دەرئەنجامی ڕاگرتنی ناوەندە پیشەسازی وبازرگانییەکان، دابەزینی نرخی نەوت لە کێبڕکێ ی بازاڕ ، بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێئاسۆیی بۆرژوازی لە هەنگاونان ڕووەو کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە،و ڕاگەیاندنی پاکێجە فریاگوزارییەکانی هاوکاری وکۆمەک بە سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکان، و باردودۆخی دەیان ساڵەی دژوارو داڕماوی ئابوری وڵاتەکانی وەک فلیپین، نیپاڵ، بەنگلادش، هیندوستان، سیریلانکا، ئەسیوبیا، کینیا،ئۆگەندا، سودان ، و میسر کارو ژیانی ملیۆنان کرێکارانی کۆچکردووی ئەم ولاتانەی لە وڵاتەکانی کەنداوی عەرەبی خستۆووەتە بەردەم هەڕەشەی بێکاری و کەمکردنەوەی کرێ، بەوپێیەش خێزانە هەژارو کەمدەرامەتەکانی لە لێواری برسیەتی و لە برسامردن ڕاگرتووە.

کرێکارانی کۆچکردوو لە  دورگەی عەرەبی

لەسەرجەم شەش وڵاتەکەی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو (GCC) کە هەریەکە لە کوەیت، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، عومان، قەتەر لەخۆئەگرێت،  نزیکەی سی وپێنج ملیۆن کرێکاری کۆچکردوو کارئەکەن واتە ١٠%ی کۆی کوچکردووانی هەموو جیهان پێکئەهێنن. لە قەتەرو ئیمارات بە تایبەت لە سەدا هەشتای دانیشتوانەکەی کرێکارانی کۆچکردوون، لە بواری کاریشدا ٩٩%ی کرێکاران کۆچکردووەکانن. لە ساڵی ٢٠١٧  نزیک بە ٢٣ ملیۆن بوون کە ٣٩% واتە نزیکەی نۆ ملیۆن زیاتریان ژن بوون. سەرجەمیان لە کەرتی خزمەتگوزاری و بیناسازی کار ئەکەن، لە کاری کارکردنی نێو ماڵەکانەوە بگرە تا کاری پاککردنەوەی شەقام و شوێنەکان، کارکردن لە ڕێستۆرانت و کافتریاکان، ئوتێل و شوێنی مانەوە، و شتنی ئوتومبیل ژمارەیەکی یەکجار کەمیشیان (بە تایبەتی میسرییەکان) لە کوەیت لە کەرتی پەروەردەو خوێندن کارئەکەن.

کرێکارانی کۆچکردوو لە هەمان ڕێچکەی ئەو ڕێکارە یاساییە بیرۆکراتییانەی سیستمی کەفالەت لەلایەن خاوەنکار کە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو ئەکرێت ، مافی مانەوەی یەک ساڵی یان زیاتر بە ئەندازەی پێداویستی پرۆژەکان بە کرێکاران بەدەست دێنن. بە پێ‌ی سیستمی کەفالەت هیچ کرێکارێک مافی گوێزانەوەی بۆ کارێکی تر بە بێ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خاوەنکاری کەفالەتکردووی یەکەم نییە. زۆربەیان مووچەکانیان لە نێوان ١٥٠- ٢٠٠ دۆلاردایە لە مانگێکدا.

سەرباری یاساو ڕێکەوتنە نێونەتەوەییەکانی پارێزگاریکردن لە کۆچکردوان و خێزانەکانیان بەڵام مۆدیلی کۆچکردن و مانەوە بەکەفالەت کرێکاران بە دوور لە بوونی یاسایەکی گشتی پارێزگاری لە مافەکانیان خستووەتە بەردەم بەرژەوەندی تاک تاکی خاوەنکارەوە، هەربۆیە هەلومەرجەکانی کارکردن وابەستەیە بە پێ‌ی ویست وخواستی خاوەنکار بەجیا. بەڵام بە گشت یەک سیمای هاوبەشیان هەیە کە بریتین لە سەختی هەلومەرجی کارکردن، سەعاتکاری زۆر، کرێ‌ی کەم، دوورخستنەوەیان لە شوێنی ژیانی دانیشتوانی وڵات بەتایبەت کریکارانی بیناسازیی و پاککردنەوە. جگە لە بێڕیزییەکانی بانگکردنیان لە شوێنە گشتییەکان و لە جەرگەی کلتورێکی دواکەتووی دوورگەکەدا بە ” سەگ” ، “گوێدرێژ”. یان نەدانی کرێ و زەوتکردنی لە لایەن خاوەنکارەوە یان گێچەڵکردن بە ژنان ، ترس و تۆقاندن بە بەندکردن، بێکارکردن و نەدانی کرێ و دیپۆرتکردنەوە…هتد.  تەنانەت ژمارەیەک لە ژنانی کرێکار ناچار بە مانەوەی دائیمی لە ماڵەکان و ڕێگرتن لە پەیوەندگرتن بە دنیای دەرەوە ئەکرێن. ژمارەیەکی بەرچاوی ڕاپۆرتە ساڵانەی رێکخراوە مرۆییەکان و رێکخراوی کاری جیهانیی هەن کە هەموو ئەم بێمافییانە پشتڕاستئەکەنەوە.

بەهاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی لە نێو کرێکارانی کۆچکردوو بارودۆخەکە خراپتر بووە، ئەگەرچی بەهۆکاری ڕانەگرتنی کارو پرۆژەکان، ڕێکارەکانی خۆپارێزیی درەنگ دەستیان پێکرد، بەلام دواتر لە ژێر فشاری تەشەنەکردنی زیاترو بەرزبوونەوەی رێژەی توشبووان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەنرا. هەرئێستا ژمارەیەکی زۆریان بە هۆکاری مانەوەی نایاسایی لە ولاتدا ترسیان لە چوونە پێشەوە بۆ تێستکردنی کۆڤید نۆزدە هەیە نەبا دەستگیربکرێن و دیپۆرت بکرێنەوە. زۆربەیان مووچەیان وەرنەگرتووە کە تەنها سەرچاوەی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیانە. ژمارەیەکیان هەرلەئێستاوە بێکارکراون.

کرێکارانی کۆچکردوو کە خۆیان بەهۆکاری برسیەتی و بێکاری و بارودۆخی خراپی ولاتەکانیان ڕوویان لە کەنداو کردوووە ماوەیەکە بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و داخستنی کارگەو شوێنە گشتییەکان بێمووچە کراون و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوایان لە حکومەتەکانی هاوپەیمانێتییەکە کردووە کە بەرپرسیارێتی زیاتر بنوێنن لە بەرامبەر ژیان و مافەکانی کرێکارانی کۆچکردوو چونکە ساڵانێکە ئەم کرێکارانە بوونەتە داینەمۆی هەڵسوڕانی ژیان و کار لەو ولاتانە و ڕۆڵی گەورەو مێژوویان لە جووڵەی ئابوری و ئاوەدانکردنەوەیان گێڕاوە.

زۆربەی ڕێکخراوەکان بەهۆی هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت و داخستنی ناوەندە پیشەسازی و بازرگانییەکان مەترسیی بێکاربوونی ملیۆنان کرێکار،  کەمکردنەوەی کرێیان لێنشتووە . بە تایبەت ژمارەیەک لە ولاتەکان ئامادەیی لە وەرگرتنەوەی بەلێشاوی کرێکارەکانیان نییە بەهۆی داڕمانی ژێرخانی تەندروستی و نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ کەرەنتینەکردنیان لەکاتی گەڕانەوەیان. جگەلەمەش زۆربەیان بەهۆی راگرتنی کارەوە و بێبەشبوونیان لە کرێ هاوکارییەکانیان بۆ ماڵەوە ڕاگرتووە کە تەنها سەرچاوەی ژیانی خێزان و منداڵەکانیانە.

ژمارەیەک لە کرێکارەکان بەهۆی بەسەرچوونی مافی مانەوە و تازەنەکردنەوەیان بەهۆی دەستنەکەوتنی گرێبەستی نوێ بە شێوەیەکی نایاسایی لەو ولاتانە ماونەتەوەو لەچەند شوێنی تر کارئەکەن و بە  ڕەزامەندبوون لە هەلومەرجی سەختی کارکردن و کەمی کرێ کارئەکەن، ئێستا بەهۆی پەتای کۆرۆنا و بێکاربوونیان بێ مووچە ماونەتەوەو توانای گەڕانەوەی وڵاتەکانیشیان نییە.  ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەترسی برسیەتی و بەدخۆراکی ئەم کرێکارانەیان ڕاگەیاندووە. لە ڕاستیدا هەر ماوەجارێک لە کاتی قەیرانی ئابوری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لەنێو کرێکارانی ناوخۆ، بەر هەڵمەتەکانی دیپۆرترکردنەوە ئەکەون و پاش دەستگیرکردن و ئازاردانی دەروونی و  جەستەییان بەزۆر ڕەوانەی وڵاتەکانیان ئەکرێنەوە. تەنها لە ماوەی شەش مانگدا لە ٢٠١٣ سعودیە ٤٢٧ هەزار پەنابەری دیپۆرتکردەوە. تەنها لە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ئاپڕڵی ٢٠٢٠ نزیکەی سێ هەزار کرێکاری کۆچکردووی ناردەوە بۆ ئیسیوپیا.

شاری ئاڵتوونی!

ژمارەیەکی زۆری کرێکارانی بیناسازیی و پرۆژەی ناوەندە بازرگانییەکان لە کەمپەکاندا ژیان ئەکەن ، دەسەڵاتدارە نەوتفرۆشەکانی ئیمارات دیوی تاریکەکەی دوبەی لە گەشتیاران و جیهان ئەشارنەوە. کرێکاران نەک هەر مافی خۆڕێکخستن و نەقابەو مانگرتنیان نییە بەڵکو پاش چەندین ساڵ لە مانەوەشیان لە مافی هاوڵاتیبوون بێبەشکراون. شوێنی حەوانەوەی کرێکاران بەدوور لە شوێنی ژیان و حەوانەوەی هاوڵاتیە ئیماراتیەکانن.  لە دەرەوەی شارە گەورەکان کەمپەکان هەن کە نەک وەک شوێنی مانەوەو پشووو بەڵکو زیاتر بە کۆمەڵگەی دەستگیرکردن و سەربازگە ئەچن. ئەم شوێنانە چەند ناوچەی قەدەغەکراون بۆ گەشتیاران ( Restricted area) و مافی وێنەگرتنیان نییە. ڕوو بە جیهانی دەرەوە شاراوەن و لەژێر پاسەوانیدان.

یەکێک لەو کەمپانە ناوی سۆناپوور(sonapur) ە کە بە زمانی هیندی بە مانای شاری ئاڵتوونی دێت. نزیک بە ١٥٠ هەزار کرێکاری کۆچکردووی تێدا ئەژی. زیاد لە ٦٦%ی کرێکارانی کارکردووی دوبەی خەڵکی باشووی ڕۆژهەلاتی ئاسیان  بەتایبەت پاکساتان و هیندوستان. کرێکاران بە پاس پێکەوە ئەبرێنە سەرکار بۆماوەی دوانزە سەعات ، بۆ پشوو و نوستن ڕووئەکەنەوە کەمپەکە. کاتی کارکردن زۆرە. لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیدا چەندین ژوور هەن، هەر ژوورێک قەرەویڵەی چەند قاتی تێدایە و ٦-٨ و هەندێک جار تا ١٠ کرێکار پێکەوە لە هەمان ژووردا ژیان ئەکەن، سوود لە خواردنگە و حەمام و دەستشۆرە گشتییەکان وەرئەگرن. کرێکاران باس لەوە ئەکەن کە لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕینان بە شوێنی ژیان یان کارکردنیان لە لایەن ئیدارەی کەمپەوە ئاو و کارەبایان لێئەبردرێت.

هەندێک لە کۆمپانیاکان مووچەی چەندین مانگانەی کرێکارانیان لایە، هەندێک لە کۆمپانیا و خاوەنکارەکان کرێ و مووچە نادەن تا ئەو کاتەی ژمارەیەک لە کرێکاران ئەچنە بارودۆخی نایاساییەوە و لە لایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی مانەوەی نایاسایی، بێ وەرگرتنەوەی ماف دیپۆرت ئەکرێنەوە. لە سالی ٢٠١٨ کریکارانی بەنگلادشی و هیندی لە کەرتی بیناسازی دەستیان دایە مانگرتن لەبەر دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی دە مانگ. بەهۆی ناڕەزایەتی کرێکارانەوە، بالوێزخانەی هیندوستان داوای مافی مووچەی دە مانگی ٩٠٠ کرێکاری کردەوە.

بەهۆی هەلومەرجی سەختی کار و ژیان بۆ کرێکارانی کۆچکردوو ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ باس لە چوونە سەری ڕێژەی خۆکوشتنەکان ئەکات لە سەر کارو لە کەمپەکان، بەلام وەک ڕووداوی ئاسایی کار تۆمار ئەکرێن و کەس باسیان لێوە ناکات  تەنها لەسالی ٢٠٠٥ زیاد لە ٩٥٠  حاڵەتی رووداوی کاربۆ کرێکارانی هیندوستانی تۆمارکروان. ١٧% ی نیپاڵیەکان تووشی ڕووداوی کاربوون.

ژیان و کارکردنی کرێکارانی کۆچکردوو لە ولاتانی کەنداوی عەرەبی گۆشەیەکی تر لە پانتایی زوڵم و چەوساندنەوەی سیستمی ئابوری و سیاسی سەرمایەداریمان پیشان ئەدات. زیادبوونی ڕۆژ دوای رۆژی لەشکری بێکاریی هەرڕۆژەی لە جێگایەک، لە جەرگەی داڕمانی ژێرخانی تەندروستی ئابوری ئەمانخاتەوە بەردەم بەرپرسیارێتی و وەڵامدانەوەی پرسیارە بنەڕەتییەکە. ئایا ملدان بەهەمان بەربەریەت و هەلومەجی سەختی کار و ژیان و دڵنیانەبوون لە ئێستا و ئایندە یان هەوڵ و تێکۆشان بۆ داڕشتنەوەی ژیان لەسەر پایەی سیستمێکی سۆسیالیستی کە هەمووان بێ جیاوازی و وەک یەک بەهرەمەند بن لە سەرچاوەو داهاتەکانی؟  

سەرچاوەکان

Dubai construction workers pursue employer over 10 months unpaid wages

ETHIOPISCHE MIGRANTEN IN SAOEDI-ARABIË: ‘SOMS LIG IK ’S NACHTS TE HUILEN

Saoedi-Arabië zet hardhandig arbeidsmigranten uit

The plight of migrant workers in Dubai and the UAE

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ملیۆنان کرێکاری جلوبەرگ و ڕستن وچنین لەبەردەم هەڕەشەی بێکاری و برسێتیدا!

کامەران ئەحمەد شەقامەکانی ئەمستەردام ،لەندەن، بۆن و بروکسل کە تا درەنگانی شەو لە جووڵەی هاوڵاتی ...