خێرخوازی وەك ئەبەدیكردنەوەی دەوڵەمەندی و هەژاری

کارزان عەزیز

ڕۆژانە ئەو ڤیدیۆ و هەواڵانە دەبیستین و دەبینن كە هەژارێك، كرێكارێك، بێ ماڵێك، خاوەن پێداویستییەكی تایبەت و هی تر، كتوپڕ لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆن و كۆمپیوتەر و مۆبایلەكانمان دەردەكەون و دەستدەكەن بە گێڕانەوەی چیرۆكی نەهامەتی و هەلاهەلابوونی ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان بەدەست هەژاری و نادادییەوە. پاشان چەند پرسیارێكیان لێدەكرێت و لەناكاو دەست بە گریان دەكەن. یەكسەر و بە خێرایی ڕووناكی، سەرمایەدارێك یاخود نوێنەری سەرمایەدارێكی لەلا دەردەكەوێت و هەوڵ دەدات هێوری بكاتەوە و دەڵێت فەرموو ئەمە جانتایەك پارەیە، ئەمە ماتۆڕێك، ئەمە موچە و كرێ خانوی ئەم مانگەت، ئەمە خانویەك، ئۆتۆمبیلێك، مزگەوتێك بۆ گەڕەكەكەتان، خوێندنگایەك بۆ گوند و شارەكەتان، و سەدانی دیكە. ئەمیش لە خۆشیدا هێندەیتر دەگری و فرمێسك بە چاوانیدا دێنەخوارەوە، وە ناكۆكیی نێوان هەبوون و نەبوون، گۆڕانی كتوپڕ و لەناكاوی نێوان دەستكورتی و دەست پڕی وایلێدەكات توشی ترۆما ببێت و كاریگەرییەكی زۆری ئەو دژیەكییە لەسەر بیر و زمان و جوڵەی جەستەی هەست پێبكرێت.
زۆرێك لە مانەش لە ڕێگەی كامێراكانەوە تۆمار دەكرێن و پاشان بە ئیفێكت و باكگراوند و دیزاین و دەستكارییەوە وا لە ڤیدیۆكە دەكرێت كە مرۆڤێكی نورانی و وشە قورئانییەكانی خودا تێكەڵ بەیەكدەكرێن و وێنەی بەهەشت لە بوونێكی میتافیزیكییەوە دەهێنرێتە سەر زەوی و پاداشتەكانی بەهەشت لێرەوە و لە دەستی سەرمایەدارێكەوە دەبەخشرێت بە كەسێكی نەدار و هەژار.

لە هەموو ئاینەكانیشدا هەژاری و دەوڵەمەندی دوو بونیاد و دوو چینی هەمیشەیی كۆمەڵگاكانن و بە ئەمری ئاسمانی و سروشتی هەژاران هەن و هەر دەبێت بمێنن. لێرەشەوە، خەبات و تێكۆشان بۆ كۆمەڵگایەك كە بتوانێت ڕێگری لە چینایەتی بكات لەناو بڕوادارێتییەكی لەم شێوەیەدا سەختە ئەگەر ئاگایی ئایینیانە ڕەخنەییتر نەبێت. نموونەكانی ئەمانە لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا زۆرن و دوا دیمەنی یەكێك لەم دیاردانە لە وڵاتێكی دیكەوە گەشتە ناو شاری هەولێریش؛ بەو هۆیەشی ئەمانە بەشێكن لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و خولانەوەی سەرمایەی جیهانی، بۆیە لەوێوە پێویستە بگەن بە زۆرترین جێگا وەك گەشتی سەرمایە و بزنزەكانیان.

لە جیهانی ئەوروپی و ڕۆژئاواییشدا، دیاردەكە لە جەوهەردا هەڵگری هەمان ناوەڕۆكە بەڵام لە ڕوكەشدا بەرگی سەرمایەداری ڕۆئاوایی لەبەركردووە. بیڵ گەیتس بە یەكێك لە گەورەترین خێرخوازەكانی جیهان دەژمێردرێت و لێرەشەوە زۆر كات وەك مرۆڤێكی میهرەبان و هەژاردۆست تەماشا دەكرێت و بە جۆرێك تاكو ئاستی دیاردەیەكی گەورەی خێرخوازانە لێیدەڕوانرێت. با تۆزێك وردتر ببینەوە لەم پرسە. سەرمایەكەی بیڵ گەیتس یازدەهەمین گەورەترین ئابوریی جیهانە. سەرمایەكەی لە هەر چركەیەكدا (500) دۆلار زیاد دەكات. لە هەر شەوێكدا كە ئەو خۆی خەوتووە و سبەینێ خەبەری دەبێتەوە، 26 ملیۆن دۆلاری زیاتر چووەتە سەر سەرمایە و سامانەكەی. هەمووشمان ئەو داتایانەمان بیستووە كە داهاتی 1% جیهان زیاترە لە داهاتی زیاتر لە نیوەی مرۆڤایەتی كە سێ ملیار و نیو مرۆڤە. ئەو ڕۆڵەی كە میدیا لە وڵاتانی ئاسیایی و ڕۆژهەڵاتیدا دەیگێڕێت لە گەورەكردن و بە میهرەبان پیشاندانی ئەم سەرمایەدارانەدا بچووكترە لەوەی كە میدیای ڕۆژئاوایی گێڕاویەتی لەو بوارەدا. لە هەمانكاتیشدا، ئەو سیستمە جیهانییەی ئێستا جیهان بەڕێوە دەبات هەر بڕوای بە هەمان بونیادی پێشتری چینایەتییە و پێیوایە كە هەژاری و دەوڵەمەندی دوو دیاردەی سروشتی و كۆتایی نەهاتوون. نەك هەر ئەمە، بەڵكو لەبەرئەوەی جەوهەری سەرمایەداری خۆی هەر ئەمەیە و لەسەر ئەو بونیادە چینایەتییەی كۆمەڵگا دەژی، بۆیە ئامادەیە لە ڕێگەی سوپا و سەرباز و ئاسایش و پۆلیسەوە پەلاماری هەر گروپ و ڕێكخراو و حزبێك بدات كاتێك ئەو گروپە دەیەوێت لە ڕیشەوە خەبات بۆ نەهێشتنی كۆمەڵگای چینایەتی بكات، چونكە هیچ جۆرێك لە خەبات هێندەی ئەو خەباتە لە جەوهەر و بونیادی سەرمایەداریی نادات كە ئامانجی نەهێشتنی كۆمەڵگای نادادپەروەر و نایەكسانی چینایەتییە. ئەمە تا ڕادەیەك ڕۆشتووە كە خەبات و شۆڕشێك لەپێناو نەمانی چینایەتی و كۆتاییهێنان بە هەژاری و دەوڵەمەندی ببێت بە یوتۆپیا و بە خەیاڵپڵاویی لێیبڕوانرێت. مەترسییەكەش ئەوەیە كە ئەمە لەلایەن ئەو چینەوە قبوڵ بكرێت كە خۆی هەژارە و دەچەوسێنرێتەوە و ببێت بە بەشێك لە ئاگاییان، بۆیە بەشێك لە خەباتەكە هەمیشە بریتییە لەوەی كە ئەو تارمایی و ناڕۆشنییەی سەر چاوی چینە چەوساوەكان لاببەین: ئایدۆلۆژیا.

هەچەندە وەك جیمسنی فەیلەسوف جەختی لێدەكاتەوە لە ساتێكی وادا دەستگرتن بە تێزی یۆتۆپیاوە گرنگییەكی یەكجار گەورەی هەیە گەر ئەم پرسانە تەنانەت بە یۆتۆپیاش لێكبدرێنەوە، بەو مانایەی ئەگەر یۆتۆپیاكان نەبن، ئەی ئەم واقیعە بێزراو و نادادە چی مانایەكی هەیە. بە تەنیشتی ئەمانەشەوە، دەوڵەتان و حكوومەتەكان كۆمەڵێك دەزگای گەورە و بچوكیان دروستكردووە لەوانە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و لۆكاڵییەكان تاكو لە ڕێگەیانەوە نییەت و نیازپاكیی خۆیان پیشان بدەن لەوەی كە ئەو سەروەت و سامانەی لە ڕیشەدا هی هەمووانە و ئەوان لە ڕێگەی چەوساندنەوە و دزینی زیادەی كار و وزە و ماندوێتیی چینە چەوساوەكانەوە دەستیان بەسەردا گرتووە، ئەوەتا دابەشی دەكەنەوە. ئەم ڕێكخراوانە بە زۆری لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەمەوە سەریانهەڵدا. كوردستانیش بەدەر نییە لەم سێ ڕەهەند و بونیادەی ئەم دیاردە جیهانی و لۆكاڵییەی خێرخوازی وەك ئەوەی لەلایەك لەسەر بونیادی حكومەت و حیزب كۆمەڵێك دەزگای وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی و كۆمەڵێكی دیكەیان لەسەر داهاتی خەڵك دروستكردووە و لە هەمانكاتیشدا لەسەر بونیادە ئاینییەكە سەرباری نەبوونی بڕوا بەوەی كە ناكرێت هەژاری و دەوڵەمەندی و چینایەتی نەمێنن، بەڵام بۆ جێگە و پێگە و ناوبانگی كۆمەڵایەتی و پاداشتی ئایینی دەستیان بە هەمان نەریتی كۆمەككردنی هەژارانەوە گرتووە و مۆدێرنیزەیان كردووە بەهۆی كاریگەرییەكانی تەكنەلۆژیای نوێوە. هەروەها نموونەكانی تاكە سەرمایەدارەكانیش هەمیشە بەشێك بوون لەم پڕۆسەیە كە نامەوێت ناویان بهێنین.

لە هەموو ڕووەكانەوە، كۆن و نوێ یاخود لەسەر بونیادە ئاینی و سەرمایەدارییەكان، دیاردەی خێرخوازی بۆ ئەوە بوونی نییە كە كێشەی هەژاری و دەوڵەمەندی چارەسەر بكات؛ بە مانایەك بڕوادارێتی بە كۆمەك بە هەژاران بریتییە لە ئەبەدیكردنەوەی هەژاری و دەوڵەمەندی یاخود مانەوەی كۆمەڵگای چینایەتی بۆ هەمیشە. لەبەرامبەر ئەمەشدا، گەر ئاگاییمان بە ڕادەیەكە كە پێمان دەڵێت هەژاری دیاردەیەكی مەترسیدارە، گەر بڕوامان بەوە هەبێت كە نابێت سەروەت و سامانی زۆرینەی زۆری مرۆڤایەتی لە چنگی كەمینەیەكی زۆر كەمدا بێت، گەر پێشبینی دەكەین كە ویست بۆ كەڵەكەی زیاتری سەرمایە خەریكە هەموو هەسارەكەمان دەخاتە مەترسییەوە، ئەوە دەبێت لە ڕیشەوە خەبات بكەین بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردانە یاخود ئەم تایبەتمەنییانەی كۆمەڵگا كۆن و نوێكان. لێرەوەیە، خەبات دژ بە هەموو فۆرمەكانی چینایەتی، نایەكسانی و نەبوونی ئازادیی پێویستە ببێتە خەباتێكی ڕادیكاڵ و ڕیشەیی بەو ئاڕاستەدا هەموو چركەیەك لە خەبات و تێكۆشانەكە هەم لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆمەڵگا چینایەتییانەی ئەمڕۆ نزیكمان بكاتەوە و هەمیش لە دروستبوونی كۆمەڵگایەكی ناچینایەتیدا لە داهاتوودا.

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

لە ڕۆمانی تاعونەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەربارەی پەیوەندیی ئەدەب و کارەسات حەمەی مەلا

لە-ڕۆمانی-تاعونەوە-بۆ-ڤایرۆسی-كۆرۆنا-1Download