ئایا کرێکاران توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایان هەیە؟

جۆن مۆلینۆکس ، وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد   ١ی مەی ٢٠٢٠

یەکێک  لەو پرسانەی کە بەهۆی پەتای کۆڤید نۆزدەوە سەلمێندرا ئەوەبوو کە کرێکارە بنەڕەتییەکان کێن. لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا جۆن مۆلینوکس پرسیار ئەکات کە  ئایا کرێکاران گەر زۆر لەوە زیاتر هەنگاوبنێن –توانای بەڕێوەبردنی جیهانیان هەیە؟

کرێکارە بنەڕەتییەکان وەک بلیۆنێرەکانی دەنیس  ئۆبراین Denis O’Brien ، ڕیتچاردی ڕزگارکەر، ‘bail me out’ برانسۆن ، جێف بیزۆس Jeff Bezos، یان پێشکەکارێکی مووچەبەرزی وەک ڕیان توبردیدی Ryan Tubridy نین، نە لەکەسایەتییە بەناوبانگ و کاریگەرەکانن، یان لە سەرۆک، سەرۆکوەزیران و تاوسیجەکانیشن(Taoisigh.).

کرێکارە بنەڕەتییەکان ئەو خەڵکە سادانەن کە کرێ‌ی زیادە وەرناگرن، زیاد لە ڕاددە کارئەکەن، بە شێویەکی ڕێکخراو خوار بەهای کەسە سادەکانن کە لە نەخۆشخانەکاندا کار ئەکەن، چاودێری خەڵکە بە تەمەن و منداڵەکانمان ئەکەن، هۆکاری گواستنەوە بەڕێوەئەبەن، بەرهەمێن و فرۆشیاری خواردەمەنییەکانمانن، شەقامەکانمان پاک ئەکەنەوە و چاودێری وێستگەی وزەکانمانن، ئەوان کە هەزارو یەک ئەرکی تر ئەنجام ئەدەن و پارێزگاری لە مانەوەی هەڵسوڕانی کۆمەڵگا ڕۆژ بە ڕۆژ ئەکەن، و هەر دواکەوتن و شکستێک لە ئەرکەکانیان بە کاژێر و تەنانەت بە خولەک هەستی پێئەکرێت.

بەڵام ئایا ئەم خەڵکانە ئەتوانن کۆمەڵگا بە ڕێوە ببەن؟

ئەتوانن وڵات بەڕێوە ببەن؟

ئەتوانن جیهان بەرێوە ببەن؟

سەرەتا ڕێم بدەن ئەوە بڵێم ئەگەر کرێکاران سوارچاک مەیدانەکە بوونایە و کلیلە بڕیاریان لە چنگدا بووایە ئێستا وەڵامدانەوەیەکی زۆر جیاوازترمان لە چاو ترامپ و جۆنسۆن و ڤارادکارەکان بۆ ئەو کێشەو گرفتانە ئەبوو.

یاریمان بە بیرۆکەی قڕکردنی خەڵکانی بەتەمەن، و دوورخستنەوەیان لە شوێنی چاودێری تەندروستی و قاچڕاکێشانیان بە ئامانجی پاشەکەوتکردنی کەلوپەلی خۆپارێزیی بۆ کارمەندانی تەندروستی لە بەرەی پێشەوە و دەمامک بۆ دانیشتوان نەئەکرد. پێویستیمان بە دوو جۆر ئاستی چاودێری تەندروستی (Two-tier healthcare) نەئەبوو کە تیایدا ئاستی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەریی تەندروستی بە قەبارەی گیرفانتەوە پێوانە بکرێت وبەم شیوەیە.

بێگومان ئەوەی من قسەی لەسەر ئەکەم ئەوەیە جەماوەری چینی کرێکار کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دەستەجەمعی بەڕێوە ئەبەن ، نەک تاک تاک یان دوو کەسێک بە پێشینەیەکی چینی کرێکارەوە. ئەمە چۆنیەتی کارکردنی سیستمەکە ناگۆرێت بەوەی گەر سەرۆکوەزیرانێکی ژنت لە بەریتانیا هەبێت زیاتر یەکسانتر ، یان سەرۆکێکی ڕەشپێستت لە ئەمریکا هەبێت کەم ڕاستسترو ئیمپریالیستر بێت.

بەداخەوە چینی کرێکار ناتوانێت کۆمەڵگا لە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە بەڕێوە بەرێت. بە ئاشکرا ئەوە باشە کە چەند هەڵبژێردراوی پەرلەمانتاریی سۆسیالیستیت هەبێت کە بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار خەبات ئەکەن. وەک  پارتی خەڵک پێش قازانج (People Before Profit) و (TDs) لە ستۆرمۆنت  و دەیڵ(Dail). بەڵام ئەگەر ئەم سۆسیالیستانە تەنانەت زۆرینەی پەرلەمانیش پێك بهێنن هێشتا چینی کرێکار بە واقعی لە دەسەڵاتدا نابێت.

هەموو ناوەندەکانی هێز لە کۆمەڵگا – هێزەکانی سوپا، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هەموو یەکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت، حاکمەکان و کارمەندانی  پلەیەکی شار، سەرۆکەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بانک و  پیشەسازیییە بنەڕەتییەکان ئەکەونە دەرەوەی پەرلەمان و لە لایەن کەسانێکەوە بەڕێوە ئەبرێن کە لایەنگرییان بۆ چینەکەیان و سیستمی ئێستایان هەیە. ئەو خەڵکانە هەموو هێزو سەرچاوەکانی خۆیان بەکارئەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە پەرلەمانتارە سۆسیالیستەکان.

ئەگەر جێرمی کۆربین(Jeremy Corbyn ) لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی بەریتانیا سەرکەتوو بوایە کە سۆسیالیستەکان ئاهەنگیان بۆ ئەگێڕا بەڵام چینی کرێکار هەر لە دەسەڵاتدا نەئەبوو و هەموو ئەو هێزو لایەنانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد هاوئاهەنگییان ئەکرد و ڕێگرییان لە جێرمی ئەکرد لە چەسپاندنی سیاسەتەکانی سۆسیالیستەکانی کە ڕاستگۆیانە بانگەوازی بۆ ئەکرد. کەوایە کرێکاران چۆن ئەتوانن دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن؟ ئاماژەکردن بە هەندێک لە مێژوو سوودمەندە لێرەدا.

کۆمۆنەی پاریس (The Paris Commune )

بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا کە چینی کرێکار دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە گرت لە کۆمۆنەی پاریسی ساڵی ١٨٧١ بوو.  لە ١٨ی مارسی ئەو ساڵەدا ڕاپەڕینێک لە لایەن کرێکارانی پاریسەوە سەریهەڵدا و بەسەر ئەو سەربازانەدا کە بە دژیان نێردرابوون سەرکەوتن. لە سەنگەرەکانی خۆیان گردەکانی (Montmartre and Belleville ) داگەڕان  بەرەو شارەوانی پاریس و کۆمۆنەکانی پاریسیان ڕاگەیاند.

کۆمۆنە تەنها ٧٤ ڕۆژی خایاند تا کۆتایی هەفتەی مانگی مەی، کاتێک لەلایەن هێزەکانی سوپاوە لە هەفتەی خوێناوی تێکشکێندران نزیک بە ٣٠ هەزار کرێکار لەسەر شەقامەکان گیانیان لەدەستدا. بەڵام کۆمۆنە تەنها لەو ماوە کەمەدا چەند کاری پێشکەوتووخوازانەی ئەنجامدا، وەک جیاکردنەوەی کڵێسا لە دەوڵەت و بە نیشتمانیکردنی شوێنکارە جێهێڵراوەکان.  لەوانەش گرنگتر مۆدێلێکی(نمونەیەکی) لەوەی کە حوکمڕانی هێزی کرێکاران چۆن ئەبێت بەجێهێشت.

 هەژمارکردنی کلاسیکانەی کۆمۆنە بریتییە لە شەڕی ناوخۆ لە فەڕەنسا (On the Paris Commune ) کە لە لایەن کارڵ مارکسەوە لە کاتی خۆیدا نوسرا. مارکس سێ کلیلە وانەی تیادا دەستنیشانکردووە کە لە چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆمۆنەدا لێوەی فێربین. یەکەم، ئەڵێت، کۆمۆنە ئەوەی سەلماند کە چینی کرێکار هەروا بەسادەیی ناتوانێت ماشێنی دەوڵەتێکی سازکراو بەدەستەوە بگرێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت.

ئەم خاڵە یەکجار گرنگە چونکە بەدەستەوەگرتنی ماشێنی دەوڵەتی سازکراو ( لە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە) ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆری سۆسیال دیموکراتەکان و ڕیفۆرمیستەکان بە درێژایی سەدساڵی ڕابردوو و زیاتریش بە هەموو لێکەوتە دژوارەکانییەوە هەوڵیان بۆ داوە. لە جیاتی ئەوە مارکس پێ‌ی وایە و لە لایەن لینینەوە بە درێژی لە دەوڵەت و شۆڕش(The State and Revolution) باسی لێکردووە ئەوە گرنگە کە چینی کرێکار دەزگای دەوڵەتی ئێستا هەڵوەشێنێتەوە و تێکبشکێنێت و لە جێگەیدا دەوڵەتی خۆیان بنیاد بنێن.

دووەمین وانە کە مارکس وێنەی کێشا بریتییە لە گرنگی دووبارە گێڕانەوەی(بانگکردنەوەی) نوێنەرە هەڵبژێردراوەکان. لە پەرلەمانی سەرمایەداریدا هیچ توانایایەکی بانگکردنەوە بەدەر لە هەڵبژاردنی گشتی کە لە ماوەی پێنج ساڵدا لەسەر خواستی حکومەت پێکدێت نییە.

لە بارودۆخێکی وادا هەڵبژێردراوەکان وەک چەند تاکی ئەتۆمیزەکراو کە هەرگیز وەک کۆمەڵەیەک کۆنابنەوە دەرئەکەون و ئەمێننەوە. لە دەرئەنجامدا سیاسییەکان پەیمانی هەڵبژاردن ئەدەن و بێ هیچ سزایەک ئەیشکێنن. بەڵام لە دەوڵەتی نوێ‌ی کۆمۆنەی کرێکاراندا نوێنەرەکان وەک بریکارێک لە لایەن کۆمەڵەکانەوە وەک ناوەندەکانی کار، کۆمەڵەکانی چینی کرێکار و دامەزراوەکانیان توانای پێکگەیشتن و بانگکردنەوەی  بریکارەکانیان هەیە ئەگەر وەستان لە نوێنەرایەتیکردنی خواستەکانی ئەو خەڵکانەی کە هەڵیانبژاردوون.

بیرلەوە بکەرەوە ئەمە چ جیاوازییەکی دروست ئەکرد هاوشێوەی فنە گەیڵ (Fine Gael) و پارتی کرێکاران(the Labour Party) لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١١ ، کاتێک بە خێرایی پەشیمان بوونەوە لە هەموو پەیماندانەکانی هەڵبژاردن.

وانەی سێیەم ئەوە بوو کە هەموو نوێنەران و کارمەندانی دەوڵەت هەمان کرێ‌ی کرێکاراێکی ئاساییان ئەبوو. ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە سیاسیەکان و کارمەندانی دەوڵەت بۆ ئەوەی ببنە توێژێکی جیاوازتر لە کرێکاران و ئەو خەڵکانەی کە نوێنەرایەتییان ئەکەن. ئەم پرنسیپە هەڵهێنجراوی ڕاستەوخۆی کۆمۆنەی ١٥٠ساڵ لەمەوپێشە، و هێشتا کارایە لە لایەن چەپی سۆسیالیستی ئیرلەندا وچەند لایەنی ترەوە وەک جێری کارۆڵ (Gerry Carroll) و پارتی خەڵک پێش قازانج(PBP) کە تێکرای کرێیەکی ئاسایی وەرئەگرن و باقی مووچە زیادەکەی خۆیان پێشکەش بە پرسەکە ئەکەن.

ئەبێت ئەوەش زیادبکەین کە کۆمۆنەی پاریس تاکە ڕووداو نییە. چەندین جاری تر ئەو کاتانەی خەڵکی کرێکار هەوڵیان بۆ بەرەنگاربوونەوە یان توڕهەڵدانی سەرمایەداریی داوە دایانمەزراندووە یان دەستیان کردووە بە دامەزراندنی ئەنجومەنە جەماوەرییەکان.

هێزی ئابوری

بەناوبانگترین نمونە سۆڤیەتەکانن کە لە شۆڕشی ڕوسیادا دەسەڵاتیان گرتە دەست. سۆڤێتەکان- شووراکانی کرێکاران، سەربازان، و کەشتیوانان، و بریکارەکان لە پترۆگراد (Petrograd) دەستپێکرد و بە سەرجەم وڵاتدا بڵاوبووەوە و بووە بنەمای حکومەتی شۆڕشگێڕییەکەی لینین لە ساڵی ١٩١٧دا.

هاوشێوەی هەمان شووراکانی کرێکاران لە شۆڕشی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٩ و لە ئیتالیاش لە کاتی داگیرکردنی کارگەکاندا لە’ دوو ساڵی سور’ لە ١٩١٩-١٩٢٠دا دامەزران. جارێکی تر لە چیلی لە ساڵی ١٩٧٢ لە شێوازی پشتێنەکان یان پشتێنەکانی پیشەسازی سەریانهەڵدایەوە. یان لە شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا وەک شووراکان، هەروەها هەوڵدان بە هەمان ئاراستە لە شۆڕشی میسری ساڵی ٢٠١١دا سەریهەڵدا.

خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە هەموو ئەم شێوازانەی ڕێکخراوبوون ئەتوانن بە شێوەیەکی ئۆرگانیکی، بەهۆی پێداویستی هاوئاهەنگی تێکۆشانەکان لە ئاستێکی بەرفراوان و دەستبەسەرداگرتنی شوێنەکانی کارکردندا گەشەبکەن و دواتر لە درێژەی بەردەوامبوونیان ببنە کرۆکی هێزی سیاسی چینی کرێکار.

بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە. کرێکاران بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگا بەڕێوە ببەن نەک تەنها هێزی سیاسی بەڵکو پێویستیشیان بە هێزی ئابوری هەیە. بە بێ هێزی ئابوری هەموو شتێک کە دەوڵەتی/حکومەتی کرێکاریی هەوڵی بۆ بدات لاواز ئەبێت.

بۆ گەیشتن بە هێزی ئابوری کرێکاران، ئەبێت دەوڵەتی کرێکاریی بانکەکان و کۆمپانیا گەورەکان بخاتە ژێر ڕکێفی خاوەندارێتی گشتییەوە. نەک هەموو دوکانێکی سەرسووچ و گەیەننەری نێوخۆیی بەڵکو کارگا پیشەسازیی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. دواتر ئەبێت لە ژێر کۆنترۆڵکردنی کرێکاراندا بەڕێوە بچن، نەک لەژێر سایەی هەمان خاوەنئیمتیازو لایەنگرانی دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە کە لە ئێستادا کۆمپانیاکانی دەوڵەت ڕێکئەخەن بەڕێوە ببرێن.

جەیمس کۆنۆلی(James Connolly) پێش ١٢٠ ساڵ لەمەوپێش پێداگری لەسەر ئەم خاڵە کردووە کاتێک یاداشتی کرد کە :

” سۆسیالیزم بە شێوەیەکی گونجاو بە مانای لەسەروو هەموو شتەکانەوە کۆنترۆڵكردنی هەرەوەزیی کرێکارانی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانە ، بە بێ ئەم کۆنترۆڵکردنە هەرەوەزییە، خاوەندارێتی گشتی لە لایەن دەوڵەتەوە سۆسیالیزم نییە، بەڵکو تەنها دەوڵەتی سەرمایەدارییە”

ئەمە چەندین جار بە بەردەوامی پشتڕاستکراوەتەوە لە لایەن نمونەکانی ڕوسیاوە بگرە لە سەردەمی ستالین تاکو بە نیشتمانیکردنی پیشەسازییە کۆنەکان لە بەریتانیا، هەروەها لە لایەن ڕادیۆو تەلەفیزیۆنی (RTE) و خزمەتگوزاری تەندروستی (HSE) لە ئیرلەندا. تەنها کۆنترۆڵکردنی پیشەسازیی لە لایەن کرێکارانەوە بوار بە بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانەی ئابوری ئەدات لە بەرژەوەندی خەڵک.

شارەزایی (پسپۆڕیی)

قسەو باسکردن لەسەر کۆنترۆڵکردنی چینی کرێکار بەستراوەتەوە بە چوونەسەری گازندەوناڕەزایی لەوەی کە خەڵکانی کرێکار بەهرەمەند نین لە شارەزایی، شارەزایی تەکنیکی و مەعریفەی زانست پێویستن بۆ بەڕێوەبردنی پیشەسازیی. ئەوەڕاستە زۆرێک لە پیشەسازییەکان پێویستییان بە خەڵکانێک هەیە زۆر تایبەتمەندو شارەزابن بەڵام نەک هەموویان.

نمونەی ئەمانە بریتین لە پیشەسازیی دەرمان کە پێویستی بە چەند زانای ڕاهێنراو هەیە و شارەزای پزیشکیی بۆ دروستکردن و تاقیکردنەوەی دەرمان و پێکوتە نوێیەکان، بەڵام هەمان شت ئەچەسپێت بەسەر پیشەسازیی نەوت یان هەر کۆمپانیایەکی ئەندازیاریی.

ئەمە هیچ بەهانەیەک نییە دژ بە کۆنترۆڵکردنی کرێکاران. زۆر هەڵەیە گەر وا تێبگەین لە سایەی سەرمایەداریدا ئەو کەسانەی کە پیشەسازی و کۆمپانیاکان بەڕێوە ئەبەن کەسانی زانستین(زانان) یان شارەزایانی بواری تەکنیکین. هەرگیز. ئەو کەسانەی کە کۆمپانیاکان بەڕێوە ئەبەن شارەزایانی زانستی نین بەڵکو شارەزای بواری کارگوزارین، شارەزان لە بەڕێوەبردندا، شارەزان لە دروستکردنی قازانج، و زانستخوازان و ئەندازیاران و.. هتد بە کرێ ئەگرن بۆ ئەوەی خزمەتی کارەکانیان و بەشدارەکانیان بکەن لە چالاکی سەرەکیان کە کەڵەکەکردنی سەرمایەیە.

ئێما ۆمسڵی (Emma Walmsley) ئەندامی بۆردی(CEO) کۆمپانیایەکی دەرمانسازییە بە ناوی (GlaxoSmithKline) و کچی بەڕێز ڕۆبەرت ۆمسڵی و خانم کریستین ۆمسڵییە، پلەی ماستەری هەیە لە زمانی مۆدێرن و کلاسیک لە زانکۆی ئۆکسفۆرد. ماوەی حەڤدە ساڵ لە (L’Oreal) کاری کردووە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و مارکێتینگ لە پاریس، لەندەن، نیویۆرک، و لە (GSK) شارەزاو تایبەتمەند بووە لە بەشی فرۆشی کۆمپانیاکە. سەرپەرشتیار بووە لە مارکێتە تازەهەڵکەوتووەکان(وتووێژی کارگوزاری لە باشووری گۆی زەوی ) . هەرەوەه وەک بەڕێوەبەری ناجێبەجێکار لە (Walmart) و (Microsoft) کاری کردووە. بە دڵناییەوە شارەزایە – بەڵام نەک لە بواری دەرمانسازیدا.

بەڵام لە دەوڵەتی کرێکاریی، خاوەندارێتی گشتی و کۆنترۆڵی کرێکاراندا، شارەزایان و تایبەتمەندەکان زۆر پێویستن بەڵام ئەوان کارئەکەن بۆ حکومەتی کرێکاریی و کۆمیتەکانی بەڕێوەبەرایەتی کار لە پیشەسازییەکاندا لە جیاتی کارکردن بۆ ئێما ۆمسڵییەکان لەم جیهانەدا. مەعریفەی زانستی بەرژەوەوندییەکانی کرێکاران ئەبێت نەک بەرژەوەندییەکانی قازانج.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کێشەیەکی دژوارترو قوڵتر لە چاو کەمی شارەزایی تەکنیکی لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی پیشەسازیی و دەوڵەت لە لایەن کرێکارانەوە هەیە کە ئەویش نەبوونی باوەڕبەخۆبوونە. هەر لەسەرەتای منداڵییەوە چینی کرێکارەوە وابەستەی بارودۆخێکی ژیانن بۆ باوەڕهێنان لە بێتواناییان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.

گەورەترین جیاوازی لە نێوان پەروەردەو فێرکردنی وەک لیۆ ڤارادکار و بۆریس جۆنسۆن و مناڵە ئاساییەکانی تری کۆمەڵگا، لە نێوان ئەوانەی ڕوو لە خوێندنگاکانی کلۆنگۆس ود(Clongowes Wood )و کۆلێژی ئیتۆن(Eton) و ئەوانەی کە ڕوو لە خوێندنگای نیشتمانی ئەکەن، بە سادەیی ئەوە نییە کە ئەوان لە خوێندنگە و پۆلێکی شیاوتردا ئەخوێنن یان ئاسانکاری زیاتریان لە بەردەستدایە بەڵکو هەر لە سەرەتاوە وا ڕائەهێنرێن وەک سەرپەرشتیار ڕەفتار بکەن و سەرۆکایەتی بکەن لەکاتێکدا ئەوانی تر فێری پەیڕەوکردن و ملکەچی ئەکرێن.

ئەم بارهێنانە لە هەر وەرچەرخانێکدا لە لایەن بەرینایی کۆمەڵگاوە دووپات ئەکرێتەوە و کاریگەرییەکی قوڵ بەجێئەهێڵێت. ڕاستی ئەوەیە کە زۆربەی کات زۆرینەی چینی کرێکار پێیان وایە کە ناتوانن لەگەڵ هاوەڵەکانیان یەکبگرن و کۆمەڵگا بە دەستەوە بگرن. کەوایە چۆن سەربکەوین بەسەر ئەم بێ متمانەییەدا؟

تێکۆشان

وەڵام لە ڕێگای خەباتی جەماوەرییەوەیە. وا دەرئەکەوێت ناوازە بێت گەر چینی کرێکار کە باوەڕی بە خۆی نییە لەپڕ لە خەباتێکی جەماوەریدا بەشداری بکات. بەڵام کرێکاران لە سەرەتادا بەشدار ئەبن لە خەباتی جەماوەریی بۆ چەند ئامانجی دیاریکراو کە باوەڕیان وایە پێ‌ی ئەگەن. وەک زیادکردنی کرێ، پارێزگاریکردن لە کارەکانیان، بۆ ڕاگرتنی پارەی ئاو یان لابردنی دەسەڵاتدارێکی قێزەون.

لە ڕەوتی خەباتدا هەستکردن بە هێزی دەستەجەمعیمان چنگ ئەکەوێت، ئاسۆکانمان بەرفراوانتر و ئاگاهی سیاسیمان ئەچنە سەر.

وەک نمونەیەک با تاقیکردنەوەی شۆڕشی ڕوسیا لە چوار ڕستەدا چڕ بکەینەوە. لە فێبریوەری ١٩١٧دا کرێکاران ناڕەزایەتییان بۆ نان کرد. کاتێک کە سەربارزەکان پەیوەستبوون پێیانەوە هەستیان کرد کە ئەتوانن دەسەڵاتی سزار(Tsar) وەلابنێن. لە پرۆسەی وەلانانی سزاردا شوراکانی کرێکارا ن ( سۆڤێتەکان)یان دامەزراند. لە ڕێگای شوراکانی کرێکارانەوە هەستیان کرد کە ئەتوانن کۆتایی بەجەنگ بهێنن، خۆیان لە سەرمایەداری ڕزگاربکەن و خۆیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.

مارکس بەهۆی بلیمەتی و دوورتێڕوانینی خۆیەوە هەموو پرۆسەکەی لە ئایدیۆلۆژی ئەڵمانیدا کورتکردۆتەوە:

” هەربۆیە شۆڕش پێویستە، نەک لەبەر ئەوەی کە چینی دەسەڵاتدار بە هیچ ڕێگایەکی تر ناتوانرێت بڕوخێنرێت، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە ڕووخاندنی چینێک تەنها لە شۆڕشدا ئیمکانی سەرکەوتنی هەیە بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە پیسی و چڵپاوی مێژوویەک و ئامادەسازیی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی نوێ”

زۆرینەی چینی کرێکار جگە لە کەمینەیەک هێشتا باوەڕیان بەوە نییە کە ئەتوانن دەست بەسەرکۆمەڵگا بگرن و بەڕێوەبەرن. پێویستە لەسەر ئەم کەمینەیە یەکبگرن و خۆیان ڕێکبخەن. ئەگەر ئەمە بکەن ئەوا ڕۆڵێکی گەورە ئەبینن لە خەبات و پەیوەستکردنی سەرجەم چینی کرێکار پێیەوە.

سەرچاوە

REBEL

 

 

سەرنجێک بنووسە

ئیمەیڵەکەت بڵاوناکرێتەوە. تکایە سەرجەم خانەکان پڕ بکەرەوە *

*

x

Check Also

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەفریکا: بڕوخێت ئیمپریالیزم!

ڕەوتی مارکسیستی جیهانیی- باشوری ئەفریکا/ بێن مۆرکن – وەرگێڕانی کامەران ئەحمەد  / ٢٢ ی ئاپڕڵی ...